رووداو دیجیتاڵ
مستەفا قابیل، ئەستێرەی لاوی یانەی هەولێر بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق دەکرێت و ئەمڕۆ پەیوەندی بە تیپەکەوە دەکات بۆ بەشداریکردن لە جامی کەنداو.
بەپێی راگەیێنراوی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، عەلی حەمادی، هێرشبەری هەڵبژاردەکە بەهۆی پشتی پاژنەی قاچی راستی، لە هەڵبژاردەکە دووردەخرێتەوە و دەستەی هونەری هەڵبژاردەکە بڕیارییدا لە شوێنی ئەو مستەفا قابیل بانگهێشت بکرێت.
هەڵبژاردنی مستەفا قابیل، بۆ پەیوەندیکردن بە هەڵبژاردەی یەکەمی عێراقەوە بەپێی راگەیێنراوی یەکێتییەکە بە هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ بەرێوەبەر و راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی، کە ئێستا هەڵبژاردەکە بۆ کەمپێکی مەشق و راهێنان لە سێربیایە.
چاوەڕواندەکرێت سبەی چوارشەممە، قابیل لە سێربیاوە بگاتە جەددە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هەڵبژاردەی عێراقەوە بکات.
دوای بانگهێشتکردنی مستەفا قابیل، بۆ هەڵبژاردەی عێراق، ژمارەی یاریزانە کوردەکان لە جامی کەنداودا دەبێتە چوار یاریزان، دوای هەریەکە لە ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی و محەممەد دلاوەر.
ئەمە یەکەمجارە مستەفا قابیل، بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق دەکرێت و چاوەڕواندەکرێت یاریزانەکە بۆ یاریی دووەمی عێراق لە جامی کەنداو ئامادەبێت.
هەڵبژاردەی عێراق، رۆژی چوارشەممە لە یەکەم یاریی جامی کەنداودا بەرامبەر عومان یاریی دەکات، دوای سێ رۆژ لەو یارییە بەرامبەر کوێت یاریی دەکات و رۆژی 29ـی ئەم مانگەش رووبەڕووی سعودیە دەبێتەوە.
بە بانگهێشتکردنی مستەفا قابیل، ژمارەی یاریزانانی یانەی هەولێر لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ سێ یاریزان بەرزدەبێتەوە، دوای ئەوەی ئیبراهیم بایش و حوسێن حەسەن بانگهێشتکران.




