كورد پێویستی بە ناتۆیە

24-08-2014
گۆران شێخ مستەفا
A+ A-
 
ئەم بارودۆخە نائارامەی لەعێراق دەگوزەرێت، ئیتر جگە لەرێگەچارەی سەربازی، بەگفتوگۆی سیاسی هیچ بەرهەمێكی نابێت. پێشتر دەگوترا پێویستە لەگەڵ سوننەكان گفتوگۆ بكرێت ئەوجا رووبەڕووی داعش ببینەوە، بەڵام رووداوەكانی ئەم دواییە ئەوەی سەلماند تەنیا رێگای رووبەڕووبوونەوە، سەربازییە.

وەك ئەوەی كە ئامانجی ناتۆ پاراستنی سەلامەتیی وڵاتانی ئەندامە لەو رێكخراوە لە هەر هەڕەشەیەك بە رێگای سیاسی یان سەربازی بێت، ئەوا ئەركێكی ئەخلاقیی كە لە ئەستۆی ئەو رێكخراوەیە، ئەوەیە كە هەرێمێكی گەشەسەندووی وەك كوردستان لە هەر ئەگەرێكی جینۆساید و سڕینەوە بپارێزێت.

گەلی كوردستان خاوەنی هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆ و هێزی چەكدار و دامودەزگای دەوڵەتین. لەكاتێكدا بوونی قەبارەیەكی زۆر لە سەرچاوەی سروشتی نەوت و غاز نیمچە سەربەخۆییەكی بەكوردستان بەخشیوە، هەرێمی كوردستان سەرنجی ملیارەها دۆلاری لە وەبەرهێنانی بیانی راكێشاوە و تەنیا شوێنە لەعێراقدا كە رۆژئاواییەكان هەست بە سەلامەتی بكەن.

وەك سەرۆك ئۆباما دەڵێت،‌ ناتۆ سەركەوتووترین هاوپەیمانییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا‌‌ كە سەلامەتی و ئاسایشی ئەوروپای راگرتووە و هەروەها یارمەتی چەندین وڵاتی دیكەی نائەندامی ئەو رێكخراوەی داوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ناهاوسەنگیدا. لەسەر بنەمای راگەیاندنی 28 سەركردەی ئەو رێكخراوە لە لیشبۆنە،‌ ئەو هاوپەیمانییە بەسەرچاوەیەكی ‌گرنگی پاراستنی ئاسایش لە جیهاندا دەمێنێتەوە. لەبەرئەوە پێویستە ناتۆ هاوكارییەكانی ‌تەنیا بۆ وڵاتانی ئەندامی ‌رێكخراوەكەی نەبێت، بەڵكو پێویستە رۆڵێكی كارا بگێڕێت لە دابینكردنی ئاسایشی و ئارامی بۆ ئەوانی تریش. 

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووەو گۆڕانكارییەكی گەورە لەمێژووی خۆیدا هەنگاو دەنێت، كوردیش لەو نێوەندەدا سەرقاڵی سەربەخۆبوونی خۆیەتی. ئەمەش مانای دامەزراندنی دەوڵەتێكی پشتیوانە بۆ رۆژئاوا لەناوچەكەدا. بەڵام لەسەرەتادا پێویستە ئەو هەرێمە‌ بپارێزرێت و گەشەسەندنەكەی رانەوەستێ كە پێی دەناسرێتەوە. لەڕاستیدا پێویستە هەرێمی كوردستان لەو ئایدیۆلۆجیا ژەهراوییە بپارێزرێت كە جیهان لە دوای 11ی سێپتێمبەرەوە دژایەتی خۆی بۆ راگەیاندووە.

هەتا ئێستا هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارامە لەو ناجێگیرییەی لەمێژە بەتەواوی عێراقی گرتووەتەوە. بەڵام بوونی هەر گرفتێك لە هەرێمی كوردستان، هەڕەشەیەكی جددی بۆ سەر خاكی توركیا، یەك لە ئەندامە كاراكانی ناتۆ دروستدەكات. جیۆپۆڵەتیكی هەرێمی كوردستان گرنگیی زۆری بۆ ناتۆ هەیە، وەك ئەوەی كە هەرێمێكی دراوسێی توركیایە و گەر ئارامییەكەی لەدەستبچێت، رێڕەوێكی ستراتیجییە بۆ گواستنەوەی تیرۆر بۆ ئەوروپا. سەرەڕای ئەوەش بەم نزیكانە گرێبەستێكی پەنجا ساڵەی نەوتی لەگەڵ توركیادا واژوو كردووە كە شایەنی پاراستنە.

بوونی قەبارەیەكی زۆر لە سەرچاوەی سروشتی، گرێبەستی ستراتیژی، كۆمپانیای زەبەلاحی نێودەوڵەتی وا لە رۆژئاوا دەكات لەرێی ناتۆوە هەرێمی كوردستان بپارێزێت. ئەگەر وڵاتانی رۆژئاوا هاوپەیمانێكی تازەی ئابوورییان دەوێت، ئەوا پێویستە وەك ئامانجێكی ستراتیژی سەیری پاراستنی هەرێمی كوردستان بكەن. ئەم جۆرەش لە پارێزگاریكردن پێویستە لەرێگەی بەشداری سەربازیی ناتۆوە بێت. لەڕاستیدا ئەو بەشدارییە سەربازییە نەك تەنیا ساتێكی بەهادارە و ئامانجێكی ستراتیجییە، بەڵكو رێگایەكی راستە كە ناتۆ پێویستە بیگرێتە بەر.

سەرەتای ئەم راستیەش لە تازەترین گوتاری دەیڤد كامیرۆن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاوە دەركەوت كە باس لەگفتوگۆی بەشداری و هاوكاریی ناتۆ بۆ كورد لە دژی داعش دەكات. ئەمەش مانای ئەوەیە كە مەترسیی داعش تەنها بۆ سەر كوردستان نییە، بەڵكو بۆ ئەوروپا و وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆشە.

ناتۆ رۆڵێكی گرنگی هەیە لەیارمەتیدانی گەلان بۆ دیاریكردنی چارەنووسیان. بۆ نموونە یارمەتیدانی گەلی لیبیا لە ساڵی 2011 لەلایەن 17 وڵاتی هاوپەیمانی ناتۆوە بۆ ‌دیاریكردنی چارەنووسیان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی كە عێراق بەرەو پارچەبوون و هەڵوەشانەوە دەڕوات، گەلی كورد پێویستی بە پشتیوانی هەیە بۆ پاراستنی خاكەكەی و دیاریكردنی چارەنووسی. هۆكاری هەڵوەشانەوەی عێراق ئەوەیە كە ئەو وڵاتە بەرەو ئایندەیەكی نادیار هەنگاو دەنێت، بەتایبەتی لەژێر هەژموونی ئێران و بەم دواییەش لەژێر هەڕەشەی داعش بێچارە ماوەتەوە. بەمەش وڵاتێكی تازە دامەزراوی وەك كوردستان دەبێتە هاوپەیمانێكی جددی وڵاتانی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەرەڕای ئەو راستییەی كە گەلی كورد لە رابردوودا لەسەر دەستی رژێمەكانی پێشووی عێراق رووبەڕووی جینۆساید و كیمیاباران بووەتەوە، كورد لەماوەی خودموختاری خۆیدا پەیوەندییەكی تەندروستی لەگەڵ نەتەوەكانی دیكەی عێراقدا هەبووە. بەداخەوە مێژوو لەچەند رۆژی رابردوودا دووبارە بووەوە، كاتێك ژمارەیەك لە ئێزدییەكان لەسەر دەستی داعش رووبەڕووی جینۆساید بوونەوە. بارودۆخەكە وا پێشان دەدات كورد بەڕاستی پێویستی بە پشتیوانیی ناتۆ هەیە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە