رووداو دیجیتاڵ
چوار درۆن لە دۆڵی ئالانە و کەمپی جەژنیکان لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتنەخوارەوە، درۆنێکیش لە ئاسمانی خەلیفان خرایە خوارەوە.
ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر کۆمەڵەی زەحمەتکێشان. ئاماژەی بەوەش کرد، "هێرشەکە کاژێر 12:20ی شەو بۆسەر دۆڵی ئالانە کراوە، بەڵام زیانی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ئەوەشی خستەڕوو، "لە دەستپێکی جەنگەوە بە زیاتر لە 95 مووشەک و درۆن، بنکەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کراونەتە ئامانج."
سەرچاوەیەک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند، "ئەمشەو کاژێر 12:30 خولەک دوو درۆن لەنێو کەمپی جەژنیکان لە رۆژهەڵاتی هەولێر کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە."
کەمپی جەژنیکان شوێنی مانەوەی بەشێک لە بنەماڵە و کەسوکاری پێشمەرگە و کادیرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە لە رۆژهەڵاتی بەحرکە. کەمپەکە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل چۆڵ کراوە.
هاوکات ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو دەڵێت، "لە دۆڵی ئالانە و لە گوندێکی سنووری قەزای خەلیفان لە سێ شوێن بەهۆی خستنەخوارەوەی درۆنەوە، ئاگر کەوتووەتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، چەند پارچەیەکی ئەو درۆنانەی تێکشکێندراون کەوتووەتە حەوشەی ماڵان.



