پێکهاتەکان لە خاڵى بەهێزەوە بۆ مەترسى لەسەر کوردستان

23-03-2024
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
لە مێژووى دوور و درێژى ناوچەکەدا هیچ میلـلەتێک بە ئەندازەى کورد تواناى پەسندکردن و مامەڵەکردنى نەبووە لەگەڵ ئایین و ئیتنیک و پێکهاتەى نەتەوەى جیاوازدا. لاپەڕەکانى مێژوو پڕن لەو رووداوە تراژیدیانەى لە جیهان و ناوچەى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست روویانداوە لە بەریەککەوتن و پاکتاوکردنى جیاوازییەکان لەلایەن گەل و نەتەوە و ئاینزاکانى دیکەوە؛ بەڵام کوردستان شانازیى ئەوەى هەیە لەدێر زەمانەوە لەڕووى ئایینییەوە زەردەشتى و ئێزدی و کاکەیى و جوولەکە و مەسیحى و ئیسلام پێکەوە بە ئاشتى ژیاون. لەڕووى ئیتنیکى و پێکهاتەى نەتەوەییشەوە هیچ کات ئەو کەمایەتییانەى لەناو جوگرافیاى کوردستان ژیاون، لەلایەن کوردەوە مەترسییان بۆ دروست نەبووە.
 
لە مێژووی نوێ و هاوچەرخیشدا، کە کورد خۆى گەورەترین قوربانیى سیاسەتى پاکتاوکردنە لەلایەن دەوڵەتانى نەتەوە داگیرکەرەکانى تورک و عەرەب و فارسەوە، نکوڵى لە بوون و مافى دەکرێت، بەڵام لەدواى راپەڕین و رزگارکردنى بەشێک لە جوگرافیاى باشوورى کوردستان و دامەزراندنى بناخەى پەرلەمان و دروستکردنى حکومەتى کوردستان، جارێکى دیکەش بووەوە نموونەى باڵا لە ناوچەکە لە جۆرى مامەڵەى لەگەڵ ئەو پێکهاتە ئایینى و ئیتنیکیانەى لە باشوورى کوردستان دەژیان. لە ئازادیى دامەزراندنى حیزب و میدیا و دەزگاى کولتوورى و بەشداریى سیاسییان لەناو پرۆسەى سیاسى و بەشدارییان لە پەرلەمان و دەسەڵاتى جێبەجێکردن.
 
ئەم نۆژەنبوونەوەیەى مامەڵەى جیاوازى کورد لەگەڵ پێکهاتەکان، لە ناوەندەکانى رۆژئاوا و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانى وەکو نەتەوەیەکگرتووەکان وێنایەکى جوانى بە کورد بەخشى و، بووە یەکێک لە هۆکارەکانى کردنەوەى دەرگاى پشتیوانیى نێودەوڵەتى بۆ کوردستان.
 
لەدواى رووخانى سەدام و بونیاتنانەوەى عیراقى نوێ، بە دیاریکراوى بەهۆى ئەوەى پێکهاتەى ئایینیى مەسیحى لە کلد و ئاشوری و ئەرمەنییەکان، لە شارەکانى خواروو و نێوەڕاستى عێراق، لە بەسرەوە تاوەکو بەغدا کەوتنە بەر هەڕەشەى تیرۆر و تۆقاندن، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانى نێو دەسەڵات و دەرەوەى دەسەڵاتیشەوە دەست بەسەر ماڵ و موڵک و سامانیاندا دەگیرا، چى ئەوان و چى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش، کوردستان وەکو پەناگەى ئارام دەرکەوت بۆ مەسیحییەکان و بە دەیان هەزاریان روویان لە دەشتى نەینەوا و لە هەرێمى کوردستان کرد.
 
لە سەرهەڵدان و هاتنى داعشیشدا بەشى زۆرى پێکهاتە جیاوازەکانى دەشتى نەینەوا، روویانکردە هەرێمى کوردستان و ئەوەیان بۆ دونیا سەلماندەوە کە تەنها شوێنێک دەتوانن بە ئازادى تێیدا بژین، ژێر دەسەڵاتى کوردەکانە. ئەمە بووە تێگەیشتنى تەواوى وڵاتانى دونیاش، بووە یەکێک لەو هۆکارانەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى زوو بڕیار لە بەدەنگەوەهاتنى هەرێمى کوردستان بدات و یارمەتیدەربێت لە هێشتنەوەى وەکو ناوچەیەکى پارێزراو.
 
لەپاڵ ئەم وێنایەى کوردستان وەکو پەناگەى ئارام بۆ پێکهاتەکان، بەشدارییان لە پرۆسەى سیاسى و حوکمڕانیى هەرێمیشدا سەقامگیریى فرەڕەنگییەکەى هەرێمى کوردستانى بۆ دونیا سەلماندەوە؛ بەڵام دوو هۆکار وایانکرد ئەم کۆڵەکەیە لەقبکرێت و ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵەى لەگەڵ نەکەین، رەنگە لە داهاتوودا بە زیانى زیاتر بکەوێتەوە. ئەوانیش؛ یەکەمیان، رۆڵى دەزگاى هەواڵگریى وڵاتانى هەرێمایەتى و دەسەڵاتدارێتیى ناوەندى شیعەیە لە بەغدا، کە لەوە تێگەیشتوون بوونى پێکهاتەکان لە کوردستان بووەتە خاڵى بەهێز بۆ کورد و کەوتنە داڕشتنى پلانى لێدان لەم کۆڵەکە راگرەى کوردستان. دووەمیش، تێکەڵکردنى پێکهاتەکان بووە کێشە و ململانێ نێوخۆییەکانى کوردستان لەلایەن حیزبەکانى کوردستانەوە، بە دیاریکراویش پارتى رۆڵى خراپى هەبوو لەوەى پێکهاتەکان بکاتە بەشێک لە ناکۆکییەکان، ئەوەش ئاوى کردە ئاشى ئەو هەوڵە دەرەکییانەوە کە بۆ لێدان لە سەقامگیریى فرەڕەنگییەکەى هەرێمى کوردستان لەئارادا بوو، بەهۆیەوە دادگەى فیدراڵى بڕیاریدا کورسیى کۆتاکان کە لە چوارچێوەى یاساى پاراستنى مافى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان پێشتر لە پەرلەمانى کوردستان دەرکرابوو، هەڵبوەشێنێتەوە.
 
سەربارى ئەوەى ئامانج لە بڕیارە دوو فاقییەکەى دادگەى فیدراڵى بۆ لاوازکردنى پێگەى هەرێمى کوردستان بوو، بەڵام لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانى رۆژئاوا، کە پشتیوانیى هەرێمى کوردستان دەکەن، پێچەوانەى ئامانجى بەغدا و دەزگا هەواڵگرییە هەرێمایەتییەکان کەوتەوە. هەموویان هاوسۆز بوون لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتییانەى لە ناوەندە فەرمییەکانى سەرۆکایەتیى هەرێم و حکومەتى کوردستانەوە دژ بەو بڕیارەى بەغدا دەرکران.
 
بەڵام ئەمە کۆتایى چیرۆکەکە نییە، ئەوانەى دەستیان بەسەر دامەزراوە دەستوورى و دەوڵەتییەکانى بەغدا گرتووە و بەغدا بەڕێوەدەبەن کۆڵیان نەداوە لەوەى تەنها بەوەندە وازبهێنن کە بەشداریى پێکهاتەکانیان لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە. ئامانجەکەیان تەنها ئەوە نەبوو کورسیى کۆتاکان هەڵبوەشێننەوە، لە کاتێکدا بەپێى دەستوور لە پەرلەمانى عێراق و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کۆتا بوونى هەیە، بۆیە دەبێت تێبگەین لەوەى دادگایەک کە بەحساب بۆ ئەوە دامەزراوە پارێزگارى لە دەستوور بکات، کاتێک خۆى بڕیارێکى نادەستووریى لەو جۆرە دەدات، بۆ ئامانجى دیکەیەتى. بۆ کەسانێک ئاگایى سیاسییان هەبێت، لەوە تێدەگەن هەموو ئەو رێکارانەى گیراونەتەبەر وەکو پوولى دۆمینە هەنگاوى دیکەى بەدوادا دێت. سیناریۆى دووەمیان ئەوەیە، پێکهاتەکان کە پێشتر خاڵى بەهێزبوون بۆ کوردستان، لە داهاتوودا بیانکەن بە سەرچاوەى مەترسى و هەڕەشە بۆ ناو و ناوبانگى هەرێمى کوردستان.
 
ترسى ئەوە هەیە کە چەند کارەکتەرێکى ناو پێکهاتەکان لە تورکمان و کلد و ئاشوری و ئەرمەنى لەلایەن دەزگا هەواڵگرییە هەرێمایەتییەکانەوە بۆ ئامانجێکى پێچەوانە بەکارببرێن، سەرەتا لە رێگەى لیست و فراکسیۆنەکانى دیکەوە بیانگەیێننە ناو پەرلەمانى کوردستان و دواتر وەک ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە و دیدارى نێردەى وڵاتان و چاوپێکەوتنێکى میدیایى باس لەوە بکەن لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە ستەممان لێدەکرێت و مافمان پێشێل دەکرێت و پێکهاتەکان دەچەوسێندرێنەوە. دەیانەوێت کەسانێک بکەنە نوێنەرى پێکهاتەکان لە داهاتوودا بۆ ئەو ئامانجە بەکاریان بەرن کە وڵاتانى رۆژئاوا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان پڕبکەن لە هاتوهاوارى ئەوەى کورد ستەم لە پێکهاتەکان دەکات.
 
لە رۆژئاوای کوردستانیش یەکێک لەو کارانەی وەکو خاڵی بەهێز بۆ راکێشانی پشتیوانی و سۆزی نێودەوڵەتی دەبیندرێت، ئەوەیە کە پەیەدە توانیویەتی نموونەیەکی جوان لە پێکەوەژیان و بەشداریی پێکهاتەکان لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن دروست بکات؛ بەڵام ماوەیەکە ئێران لەوێش لەڕێگەی کڕینی وەلائی چەند سەرۆک خێڵێکی عەرەبەوە کار بۆ تێکدانی ئەو پێکەوەژیانە دەکات.
 
بۆیە داوا لە هێزە سیاسییەکانى کوردستان دەکەم، کە پێشتر هەموویان رەخنەى ئەوەیان لە پارتى هەبوو بە دەنگى پێشمەرگە و زێرەڤانى کەسانى نزیک لە خۆى دەکردە نوێنەرى پێکهاتەکان، ئەو هەڵەیە نەکەن کارەکتەرى پێکهاتەکان بەرنە ناو لیستەکانى خۆیانەوە، چونکە ئەگەر پێشتر مایەى لۆمەکردن بووبێت کە پارتى بۆ مەرامى خۆی سوودى لە پێکهاتەکان وەرگرتبێت، رەنگدانەوەکەى تەنها بۆ ناوخۆ بووە و لە کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکاندا کرابوون بە تەرەف، بەڵام لە داهاتوودا لەلایەن هێزگەلى دژە کوردەوە بۆ لێدان لە پێگەى هەرێمى کوردستان بەکاردەبرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زوبێر رەسوڵ

هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد و رۆژئاوای کوردستان بکات؟

رۆژئاوای کوردستان پێویستی بە کەناڵێکی دپلۆماسی و لۆبیکردن و پشتگیری نەتەوەیی هەیە بۆ ئەوەی ئەو دەسکەوتە گەورەیەی کە لە ماوەی 100 ساڵدا بۆ کورد بەدەستهاتووە لە سووریا لە چەند رۆ‌ژێکدا لەبارنەچێت، هەرێمی کوردستان و پێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لەو چرکەساتە مێژووییەدا.