رووداو- هەولێر
زۆر لە هاوژینەكەی پاڕایەوە كە ماڵی جیای بۆ دابنێ، بۆ ئەوەی ئەو لانە ئارامەی خەونیان پێوەدەبینی، نەشێوێ، بەڵام مێردەكەی بە قسەی نەكرد، دواجار ئافرەتەكە بە حەسرەتی بینینی منداڵەكانی لە نەخۆشخانە سەری نایەوە.
ئەو ئافرەتە كە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە هەموو گیانی لە لەفاف پێچرابوو، بەسەرهاتی خۆی گێڕایەوە و گوتی: "وەك هەر كچێك كە خەون بەوە دەبینێ رۆژێك لە رۆژان شوو بكات و ببێتە خاوەن ماڵ و منداڵ، منیش ئەو خەونەم هەبوو. كاتێكیش خوازبێنیم هات و گەیشتینە رێككەوتن شووم كرد، بەڵام هەرزوو تووشی كێشە بووم لەگەڵ هاوژینەكەم و خەسووم و دشەكانم، زۆر لەبەر هاوژینەكەم پاڕامەوە كە ماڵی جیامان هەبێ و ماڵمان لێ تێكنەچێ، بەڵام سوودی نەبوو، مێردەكەم نەك هەر گوێی لێنەگرتم، بەردەوام خۆی لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان من و خەسووم و دشەكانم دەدزییەوە، ماڵی جێدەهێشت و تاوەكو درەنگی شەو نەدەگەڕایەوە".
رۆژێكیان لە شەڕی نێوان ئەو ئافرەتە و دشەكەیدا كارلەكار دەترازێ. بۆ خۆی باسی ئەو شەڕە دەكات و دەڵێت: "رۆژێكیان لەگەڵ دشەكەم بوو بەشەڕمان، لەو كاتەدا هاوژینەكەم هاتەوە، زۆری لە من دا، بۆیە سكاڵام لەسەر تۆمار كرد و دەستگیركرا، دواتر بە كەفالەت ئازاد كرا. ئیدی من لەگەڵ منداڵەكانم چوومەوە ماڵی باوكم، مێردەكەم بۆ ماوەیەك نەفەقەی ئێمەی دەدا. دوای ماوەیەك هەواڵی بۆ ناردم كە بگەڕێمەوە، منیش گوتم بەو مەرجە دەگەڕێمەوە ماڵی جیام بۆ دابنێی، بەڵام ئەو هەر لەسەر قسەی خۆی سوور بوو.
رۆژێكیان تەبلیغی دادگام بۆ هات كە مێردەكەم لە دەرەوەی دادگا تەڵاقی داوم. منیش هیچم بۆ نەمایەوە تەنیا ئەوە نەبێ داوای نەفەقە و حەقە مارەیی خۆم بكەم. هەموو مافەكانی پێدام و گوتیشی با منداڵەكانیش بۆ تۆ بێت و خۆت بەخێویان بكە. من ژنی دیكە دەهێنم كە بەڵێن بدات لەگەڵ دایكم دابنیشێ و كێشە دروست نەكات.
من رازی بووم. بەڵام زۆری نەبرد باوكم گوتی دەبێت منداڵەكانی بدەیتەوە، من ئامادەنیم منداڵی خەڵك بەخێوبكەم. تۆش هێشتا منداڵیت و بەیانی خوازبێنیت دێ و بۆ خۆت شوو بكەوە. زۆر پاڕامەوە منداڵەكانم لێ جیانەكەنەوە، بەڵام سوودی نەبوو، ئیدی ژیان لەلای من مانایەكی نەما، بۆیە رۆژێكیان ئاگرم لە جەستەی خۆم بەردا".
ئەو ژنە رێژەی سووتانەكەی زۆر بوو، ئومێدی زیندوومانەوەی زۆر كەم بوو، تاكە داواكاری ئەوە بوو كە منداڵەكانی ببینێ، بەڵام تاوەكوو منداڵەكان ئامادەكران و باوكیان رازی بوو، ژنەكە بە ئاواتی بینینی كوڕ و كچەكەی گیانی لەدەست دا.
ئەگەر لە دۆسیەكە وردببینەوە، هۆكاری گەیشتنی ئەو ئافرەتە بەو رۆژە رەشە، گوێ لێنەگرتنی بووە لەلایەن كەسوكارییەوە.

.png&w=3840&q=75)

