بە خۆشحاڵییەوە پەرتووکی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد - بەشی پێنجەم - راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەکان - 1991-2022)ـم خوێندەوە، لە نووسینی رابەر و سەرۆک مەسعود بارزانی.
ئەم پەرتووکە یەکێکە لەو زنجیرە پەرتووکانەی کە جەنابیان لەبارەی قۆناخەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بەپێی سەردەم و قۆناخ و بارودۆخەکان نووسیویەتی، کە بۆ منێکی خوێنەر بەشی پێنجەم زیاتر ئاوێتەی ھەست و ھۆشم بووە و رووداوەکانی خێراتر بەرجەستە دەبوون لەلام، بەو پێیەی کە خۆم یەکێکم لەوانەی کە قۆناخەکانی پێش راپەڕین و دوای راپەڕینم بینیوە و تێیدا ژیاوم و خۆم و خێزانەکەشم یەکێکین لە قوربانییەکانی شەڕی ناوخۆ.
گرنگی ئەم بەشەی زنجیرە پەرتووکەکەی سەرۆک بارزانی لەوەدایە کە دوو قۆناخی زۆر گرنگ و ھەستیاری بەیەکەوە گرێداوە، ئەوانیش قۆناخی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی و قۆناخی شەرعییەتی دیموکراسین، کە زۆر بەڕوونی جەنابی سەرۆک ئاماژەی بۆ ھەردوو قۆناخەکە کردووە، لە لایەک پێکھێنانی بەرەی کوردستانی و یەکخستنی تواناکان و شۆڕش دژی رژێمی بەعس، لە لایەکی دیکەشەوە گوتارە مێژووییەکەی سەرۆک بارزانی، دوای راپەڕین لە کۆیە، کە داوای دیموکراسی و ھەڵبژاردنی کرد و باسی لە حوکمی یاسا کرد.
من و ھاوتەمەنەکانی من بە نەوەی (مخضرم) دادەنرێین، کە بەختی ئەوەمان ھەبووە قۆناخی بەر لە راپەڕین و قۆناخی راپەڕین ببینین، ئەمەش لە خۆیدا گوزارشتە بۆ ھەڵسەنگاندن و بەراوردکردنی ھەردوو قۆناخەکە بە چاوێکی تیژ و بە ھەستێکی ورد و وریاییەوە. زۆرمان لە ناو ئەو رووداوانەدا ژیاوین کە سەرۆک بارزانی بەشێوەیەکی زۆر روون و راشکاوانە باسیان دەکات، بەڵام کەممان توانیومانە وەڵامی ئەو پرسیارانە وەربگرینەوە کە بۆچی و چۆن و لەبەرچی ئەو رووداوانە روویانداوە، ھەمیشە بە گومانێکی لۆژیکییەوە تێڕوانینمان ھەبووە بۆ رووداوەکان، بەڵام کاتێک پەرتووکەکەی سەرۆک دەخوێنینەوە، ھەموو گومانەکان دەڕەوێنەوە و راستی رووداوەکان و پێویستی قۆناخەکانمان بۆ روون دەبێتەوە، ئەمەش لە خۆیدا گەورەترین خزمەتە بە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان و خەڵکی کوردستان کە جەنابی سەرۆک پەردەی لەسەر ھەڵماڵیوە و ھەمووانی ئاشناکردووە بە وردەکاری رووداو و پێشھات و قۆناخەکان و راستییە مێژووییەکەی وەک ھێلکەی پاککراو خستووەتە بەردەستمان.
ئەوەی ئەم پەرتووکە بخوێنێتەوە، کە پشتئەستوورە بە کۆمەڵێک بەڵگەنامە و دەستنووس و بروسکە و نامەی فەرمی و رای سەرکردە سیاسییەکانی کورد و ناوچەکە و جیھان، راستییەکی زۆر گەشی بۆ رووندەبێتەوە کە سەرۆک بارزانی و پارتی بەپێی ھەموو قۆناخەکان، ھەمیشە و بەردەوام جەختیان لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەیی کوردستانییان و بە تایبەت پارتی و یەکێتی کردووەتەوە، وەک چۆن ئێستاش داوای یەکڕیزی بەشێکە لە ستراتیژی پارتی بۆ بەھێزترکردنی ھەرێمی و کوردستان و هەمیشە جەختی لێدەکاتەوە. ئەم ستراتیژە درێژکراوەی بیر و بڕوای رێبازی بارزانییە و بەشێکە لە بنەمای مانەوە و بەھێزبوونی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان.
لایەنێکی دیکەی ئەم پەرتووکە پێمان دەڵێت، راستگۆیی سیاسی و بڕوابوون بە قەزییەی کوردی، ئەو فاکتەرە بەھێزانەن کە لە ھیچ ئان و ساتێکدا پارتی و بارزانی سازشیان لەسەر نەکردووە و ناکەن، بەڵکو قوربانی بێشوماریشیان داوە لەو پێناوەدا، چ لە رابردوودا چ لە ئێستاشدا، ھەربۆیە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بە ھەموو ھێزیانەوە کاریان بۆ ئەوە کردووە کە کورد و کوردستان خاوەنی یەک بڕیاری سیاسی و یەک ویستی سیاسی و یەک ئامانجی سیاسی ھاوبەش نەبن، ھەروەک چۆن سەرۆک بارزانی لە باسکردنی قۆناخەکانی شەڕی ناوخۆدا بە وردی ھەموو رەھەندەکانیمان بۆ شیدەکاتەوە و باس لە رۆڵ و کاریگەری و دەستتێوەردانی ھەریەک لە عێراق، ئێران، تورکیا، سوریا، ئەمریکا و بەریتانیا دەکات بە تایبەت لە بابەتی چیرۆکی ھێڵی 12ـی 10ـدا.
لایەنێکی گرنگی دیکەش ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو ھەموو قەیران و شەڕ و نائارامی و شڵەژانە سیاسییەی کە ھەبوون، بەڵام ھەمیشە سەرۆک بارزانی دەستێکی بە پاراستنی ھەرێمی کوردستانەوە بووە و دەستەکەی دیکەشی بە پێگەیاندن و گەشانەوە و ئاوەدانییەوە بووە، بۆ نموونە لە کاتی سەردانی سەرۆک بارزانیدا بۆ نەمسا و دیداری لەگەڵ مۆریس مۆک، وەزیری دەرەوەی نەمسا، سەرۆک بارزانی داوای ھاوکاری نەمسای کردووە بۆ زانکۆی سەلاحەدین، ئەمەش ھێمایە بۆ گرنگیدانی سەرۆک بە بواری خوێندن و بەردەوامیدان بە خوێندن و پێگەیاندنی تاکی کوردی لەسەر زانست و زانیاری لەو سەردەم و قۆناخەدا.
ئەم پەرتووکە پێمان دەڵێت کە پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی تری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی چ رۆڵێکی بەرچاو و کاریگەریان ھەبووە لە دروستکردنی بەرەی کوردستانیدا و چۆن توانیویانە بەرنامەی راپەڕین دابڕێژن و پلانی بۆ دابنێن و سەریبخەن، لە هەمان کاتدا پارتی و یەکێتی چ رۆڵێکی گرنگییان هەبووە بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و چۆن وڵاتانی زلھێزی وەک ئەمریکا و بەریتانیا لەو سەردەمەدا چاویان لە ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بووە بۆ رێکخستن و کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق و ئامادەکردنییان بۆ ھەر پێشھاتێک بە ئاراستەی رووخاندنی رژێمی بەعس.
دیپلۆماسییەتی کوردی و بە تایبەت پارتی ھەر لە پێش راپەڕین و لە کاتی بەرەی کوردستانیدا، دیپلۆماسییەتێکی گەشاوە و کاریگەر بووە، رەنگە رەگەزی جوگرافی کاریگەری خۆی ھەبووبێت، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا رەگەزی کاریگەریی سیاسی و ھێزی سەر زەوی پێشمەرگە و ھەڵوێستی سیاسی سەرۆک بارزانی، ھێزە راستەقینەکەی دیپلۆماسییەتی کورد بوون لەو قۆناخانەدا کە لە پەرتووکەکەدا بە درێژی ئاماژەی بۆ کراوە و چەندین بەسەرھات و رووداو باسکراون کە گوزارشتن لە لێزانی و کارامەیی دیپلۆماسییەتی کوردی، بۆ نموونە؛ ئەو کاتەی خاتوو پلاتکای ئەمریکی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە کاک ھۆشیار زێباری دەڵێت: ئەگەر پارتی لە کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیدا بەشداری نەکات، یەک دۆلاری پێنادرێت لەو پێنج ملیۆن دۆلارەی تەرخان کراوە بۆ رووخاندنی سەدام.
لە وەڵامدا کاک ھۆشیار زێباری وەڵامێکی بەجێی دەداتەوە و پێی دەڵێت: ئێمە ئامادە نابین و ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ پارتی دانراوە وەریبگرین، ھەڵیگرە و بۆ خۆت بیدە بە سیگار. ھەروەھا سەرۆک بارزانی پێی راگەیاندوون کە بە راستی دەتانەوێت سەدام بە پێنج ملێۆن دۆلار بڕوخێنن!
زۆر بابەت و بەڵگە لە پەرتووکەکەدا ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە لایەنەکان، بەرەی نەیاریان ھەڵبژاردووە بۆ لێدان لە پارتی و تەنانەت لەسەر بنەمای دووژمنی دووژمنەکەم دۆستمە کاریان کردووە، ھەر بۆیە چوار قۆناخی پڕ ئازار و مەینەتی شەڕی ناوخۆمان بەسەربرد لە بری ئەوەی ئەو سەردەمە سەرقاڵی گەشانەوە و گەشەکردن بوینایە، کەچی سەرقاڵی شەڕ و مەینەتی و نەھامەتی بووین. هەر لەو پێناوەشدا چەندین سەرکردە و پێشمەرگە و هاووڵاتی ئاسایی هەرێمی کوردستان بوونە قوربانی شەڕێکی بێ ئەنجام و ماڵوێرانکەر.
هەر لە درێژەی باسەکانی پەرتوکەکەدا ناوی کەسایەتییە سیاسییەکانی سەردەمی بەرەی کوردستانی و دوای راپەڕین و سەردەمی شەڕی ناوخۆش ئاماژەیان پێکراوە، جوانی باسکردنەکانییان لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە لەوەدایە کە لەو قۆناخانەی بەھەڵوێستبوون، بە ستایش و پێزانینەوە ناویان ھێنراوە، کاتێکیش بەرەو چەوتی رۆیشتوون و خراپ مامەڵەیان کردووە وەک خۆیان باسکراون، ئەمەش ئەوپەڕی جوامێری و ئەمانەتی سەرۆک بارزانیمان نیشان دەدات بۆ یاداشتکردنی مێژوو وەک خۆی.
بەشێکی دیکەی پەرتووکەکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو دیسپلین و ئاکارە بەرزانەی کاری حیزبی کە پارتی پەیڕەوی کردووە لە ژیانی سیاسی خۆیدا، بۆ ھەر بابەت و رووداو و بەسەرھات و سەردانێک، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و سەربازی و تەنانەت کۆبوونەوەی جەماوەریش رێکخراوە و ھەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکان کراون و بڕیاری پێویستییان لەسەر دراون، ئەمەش پێمان دەڵێت کە پارتی هەمیشە و لە سەرجەمی ئەو قۆناخانەدا بەوپەڕی دیموکراسی بڕیاری داوە و رای مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکلاکەرەوەبوون و ھەمووانیش بەرپرسیارییەتی بڕیارەکانییان ھەڵگرتووە، کە دواجار بەم رێگەیە پارتی توانیویەتی بەھێز و پتەو و یەکدەست و یەک بڕیار بمێنێتەوە لە ژێر سایەی سەرۆک بارزانیدا.
ئەم پەرتووکە روونیدەکاتەوە بۆمان کە پارتی لە ژێر ھیچ گوشارێکدا نەچووەتە ژێر رکێفی ھیچ کەس و لایەن و دەوڵەتێکەوە و ھەمیشە خاوەنی بڕیاری خۆی بووە لە ئەوپەڕی ھێزیدا و لە کاتی بێھێزیشیدا، ئەمەش گەواھیدەری ئەوەیە کە پارتی پارتێکی خاوەن ئامانجە و رێگای راستی خۆی بەجێنەھێشتووە لە پێناو تولە رێی کاتیدا.
جەنابی سەرۆک دەیەوێت پێمان بڵێت، مێژوو بەڵگەکان و رووداوەکان دەینووسنەوە و هەرچی روویدابێت و رووبدات بکەرەکانی دەبێت بەرپرسیارییەتییە مێژووییەکەی هەڵبگرن و هیچ شتێک ون نابێت و هەموو راستییەکان لە کاتێکی گونجاودا دەردەکەون و رووندەبنەوە بۆ خەڵکی کوردستان، جا بە باش و خراپەکانەوە.
هەروەها ئەم پەرتووکە و بەرگەکانی دیکەشی وانەی گەورەی مێژوویین بۆ هەمووان و دەکرێت پەند و عیبرەتی لێوەربگیرێت و ئەو برینانەی لە رابردوودا جەستەمانی ئازارداوە دەبێت بۆ داهاتوو ساڕێژ بکرێن و رێگە نەدرێت کەس قەتماخەی هەڵبداتەوە و بیکولێنێتەوە و ئەزموونیان بکاتەوە.
بە گرنگی دەزانم ھەر کوردستانییەک ئەم پەرتووکەی سەرۆک بارزانی بخوێنێتەوە و لە کرۆکی قۆناخەکانی بەرەی کوردستانی و راپەڕین و شەڕی ناوخۆ و ھەڵوێستی وڵاتان تێبگات.
نەوەکانی داھاتوو خۆشبەختن کە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە دووتوێی پێنج بەرگدا لە نووسینی سەرۆک بارزانی، لە بەردەستیاندایە و دەتوانن ھەمیشە وەک سەرچاوەیەکی بایەخدار و بەکەڵک بۆی بگەڕێنەوە و سوودی لێ وەربگرن.
ئەم پەرتووکە بەھادارە بە بەڵگە و ئارگومێنتەکانی، رووی راستەقینەی ھەموو لایەنەکانی دەرخستووە و دەرفەتی بۆ ھیچ بێنە و بەردەیەکی لابەلا نەھێشتووەتەوە. ستایشی هەموو ئەوانەشی کردووە کە رۆژێک لە رۆژان بە کردار و گوفتار و هەڵوێستەکانییان کاریان کردووە لە پێناو کورد و کوردستاندا.
پەرتووکەکە لە پێرست و پێشەکی و 20 بەش و کۆتایی و بەڵگەنامەکان پێکھاتووە و بەشێوەیەکی زۆر ئاسان نووسراوە لە رووی زمان و تێگەیشتن و بڕگەکانەوە و لە کاتی خوێندنەوەدا پشوویەکی تەواو بە خوێنەر دەبەخشێت بەو پێیەی بابەت و باسەکان بڕگە بڕگە کراون و دەتوانیت بە ئاسانی لێی داببڕێیت و بچیتەوە سەری بۆ درێژەدان بەخوێندنەوەی.



