بەرایی
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە بەشداریی نزیکەی 6 ملیۆن و 600 هەزار دەنگدەر بەڕێوەچوو کە 41٪ی ئەوانە بوون کە مافی دەنگدانیان هەبوو. هەڵبەت بەوپێیەی کە کۆی گشتیی دەنگدەران سەرووی 26 ملیۆن کەسن، دەشێ بێژین کە ئەم هەڵبژاردنە و ئەنجامەکانی، نوێنەرایەتیی دەوروبەری 25٪ی هەموو دەنگدەران دەکات. ئەم هەڵبژاردنە گرنگ بوو نەک لەبەر ئەوەی کە ئەنجامەکانی نوێنەرایەتیی خواستی دەنگدەران دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەشێ پێشهاتی سیاسیی گرنگ بەدوای خۆیدا بهێنێت.
چۆن سەیری ئەنجامەکان بکەین؟
جارێ بەرلە هەموو شتێک دەتوانین بێژین کە ئەستێرەی بەختی محەممەد حەلبووسی وەک سەرکردەی نوێی سوننەکانی عێراق بە درەوشاوەیی مایەوە کە دوای لادانی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان چاوێکی زۆری لەسەر بوو، لیستەکەی ئەو لە ئەنبار یەکەم بوو. لیستی دووەم و سێیەمیش هەر لەخۆی نزیکن. لە بەغدا بەهۆی بایکۆتی سەدرەوە دەرفەتی یەکەم بوونی بۆ رەخسا. لە دیالە لە پلەی دووەم و لە نەینەوا و سەلاحەدینیش لە پلەی چوارەمدایە.
خاڵی جێگەی سەرنجی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە کە لیستی دەوڵەتی یاسای نووری مالکی سەرەڕای ئەوەی نزیکەی 29 هەزار دەنگی زیادیکردووە، تەنیا لە پارێزگای موسەننادا پلەی یەکەمی هێناوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنی 2021دا لانیکەم لە چوار پارێزگادا بە دوای سەدرییەکانەوە بوو. هەڵبژاردنی 2023 لە واتایەکدا رکابەریی نێوخۆیی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو کە لەوەدا، هاوپەیمانیی نەبنی کە دەشێ درێژکراوەی هاوپەیمانیی فەتح بێت بە هەندێک گۆڕانکارییەوە، لە 5 پارێزگادا یەکەمە. لیستی پارێزگارەکانیش (تەسمیم، ئیبداع کەربەلا، واست ئەجمەل) لەهەر سێ پارێزگای بەسرە، واست و کەربەلا پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا و ئەوانیش وەک ژمارەیەکی گرنگ لە رکابەرییە نێوخۆییەکانی شیعەدا جێگەی خۆیان کردەوە.
لە راستیدا بەگوێرەی هەڵبژاردنی ساڵی 2021، دەنگی کورد زیادیکردووە، بەڵام فرە لیستی وەک هۆکاری سەرەکیی پەرتەوازەبوونی دەنگەکانی دەردەکەوێت. کۆی گشتیی دەنگی سێ لایەنی هاوپەیمانیی کوردستان، پارتی و نەوەی نوێ لە 2021 دا 138411 دەنگ بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا کۆی دەنگی هەرسێ لایەنەکە 210741 دەنگ بووە بێجگە لە دەنگەکانی لایەنەکانی دیکەش. کورد بە گشتی 7 کورسی بەرکەوتووە و خاڵی شکستەکەی ئەوەیە کە نەیتوانی نیوە یان نیوە+1 دەستەبەر بکات کە بەو ژمارەی دەنگەوە شتێکی مومکین بوو. بەمەش ناچارە بۆ پۆستی پارێزگار لە دەرگەی لایەنەکانی دیکە بدات. لە ساڵی 2021 دا کورد لە دیالە 21722 دەنگی هەبوو، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی 3 لایەنی کوردی پێکەوە 30916 دەنگ بووە. لە نەینەوا، لە ساڵی 2021دا کۆی دەنگی پارتی و یەکێتی 167521 دەنگ بوو، بەڵام ئەمساڵ ئەو ژمارەیە بوو بە 173877 دەنگ. وەک دەردەکەوێت پێچەوانەی شیعەکان کە لە پارێزگا تێکەڵاوەکاندا ستراتیژی لیستی هاوبەشیان گرتەبەر، لایەنە کوردییەکان هەریەکە و بە هاوپەیمانی و لیستی جیاوازەوە بەشدارییان کرد و ئەوەش وایکرد کە سەرەڕای زیادبوونی دەنگی کورد، پەرتەوازەییەکەی بدا بە کۆڵیدا. لە سەلاحەدین لایەنە کوردییەکان لەگەڵ هاوپەیمانیی دیکە بەشداربوون بەوەش دۆخی ئەوێ جیاوازترە.
لە کەرکووک یەکێتی پلەی یەکەمی هێنا و ئەوەش تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ سەرۆکی ئەو حیزبە دوای ئەوەی کە پێگەی خۆی وەک سەرۆکی حیزبەکەی قایم کرد و وادیارە لەوەشدا سەرکەوت. لە هەڵبژاردنی 2021دا 63371 دەنگی هەبوو، بەڵام ئەمجارە بۆ نزیکەی 140 هەزار دەنگ بەرزی کردەوە.
لە کەرکووک تورکمانیش دابەشبوون. بۆ تورکمانی سوونی - بەرەی تورکمانی و تورکمانی شیعی. بەرەی تورکمانی نەیتوانی پێگەیەکەی بەهێز دەستەبەر بکات و دوو کورسی بردووەتەوە. عەرەبە سووننەکانیش بە شێوەیەکی بەهێزتر لە جاران دەرکەوتوون.
کاریگەریی ئەنجامەکان
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێگەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سیاسەتی عێراقدا بەهێزتر دەکات. ئەوان کە ئێستا لە پەرلەمان زۆرینەن و سەرۆکایەتیی حکومەتیشیان لایە، لەڕێگەی دەسەڵاتی پارێزگار و ئەنجوومەنە خۆجییەکانیشەوە ئەو پێگەیە بەهێزتر دەکەن. نفوزی ئەوان تەنیا بە ناوچەکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراقەوە سنووردار نابێت، بەڵکو لەڕێگەی لیستەکانی خۆیان یان ئەو کەرەستە سیاسییانەی کە لە دەستیاندایە، رۆڵیان لە شکڵپێدانی ئیدارە محەلییەکانی نەینەوا و کەرکووک و تەنانەت ئەنبار و سەلاحەدینیش دەبێت. لە نەینەوا لیستی نەینەوا لئەلیها کە لیستی نەجم جبووری، پارێزگاری پێشووی نەینەوایە، پلەی یەکەمی هێناوە و بۆ ئەوەی کە ببێتەوە بە پارێزگار، پێویستی بە هاوکاریی لیستە شیعییەکان هەیە تا یاسای ریشەکێشکردنی بەعس نەیگرێتەوە و ریزپەڕی بکەن کە بە هۆیەوە دەستی لەکارکێشابووەوە. لیستەکەی حەلبووسی ئەگەر بەتەمابێت کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێتەوە، پێویستی بە رەزامەندیی لایەنە شیعییەکان هەیە لە پەرلەمان کە رەنگە ئەوانیش لە بەرامبەردا داوای رۆڵی زیاتر لە ئەنبار بکەن. هەروەها کوردیش بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک کە داواکاریی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانە، پێویستییان بە پاڵشتیی ئەوان هەیە.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە لەوانەیە سەدر بەم ئەنجامانەی ئێستا ئاسوودەتر بێت کە نووری مالیکی نەیتوانی لە زۆرێک لە پارێزگاکاندا ببێتە یەکەم و بەسرەش دەست هاوپەیمانیی نەبنی نەکەوت. سەرکەوتنی هاوپەیمانیی نەبنی لە 5 پارێزگادا کە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت لەگەڵ سەرکەوتنی 3 پارێزگاری پێشوو (کەربەلا- واست- بەسرە)، بۆ سەدر بژارەکەی باشترە لەوەی کە لیستەکەی مالیکی یەکەم بوایە، چونکە سەدر ئاسانتر دەتوانێت لەگەڵ ئەو پارێزگارانە و هادی عامریدا مامەڵە بکات.
بابەتیكی دیکە ئەوەیە کە رکابەرە سونییەکانی حەلبووسی کە زیاتر کۆنە سیاسەتمەدار و وەزیرانی کابینەکانی پێشوو بوون، وەک رافع عیساوی و خالید عوبێدی و ئەوانی دیکە، نەیانتوانی حەلبووسی ببەزێنن. بەوەش، حەلبووسی وەک بەهێزترین پیاوی جیلی نوێی سەرکردایەتیی سوننە ناوی خۆی تۆمار کرد.
لەوانەیە ئەو کورسییانەی کە لایەنە کوردییەکان لە دیالە، سەلاحەدین، کەرکووک و نەینەوا هێنایان، کەمتربێت سەرەڕای ئەوەی کە بە گشتی دەنگی کورد زۆرتر بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە قۆناخی داهاتوودا رۆڵیان لە ئیدارەی محەلی و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا زیاتر دەبێت کە لەدوای 2017ـەوە تووشی گرفت ببوو کە ئەوەش لە هەلومەرجی ئێستادا ئەرێنییە.
سەرکەوتنی یاسایی و گرفتی نوێنەرایەتی
مشتومڕی زۆر لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە نییە و لە رواڵەتدا وادیارە کە کێشەیەکی یاسایی نییە، بەڵام پرسی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ئەنجامەکان تاچەند نوێنەرایەتیی خواستی خەڵک دەکەن. لە بەغدا و 9 پارێزگای باشوور و نێوەڕاستی عێراقدا، بێجگە لە بەسرە و موسەننا کە رێژەی دەنگدان تێیاندا زیادیکردووە، لە ئەوانی دیکەدا، ئاستی بەشداری بەشێوەی رێژەیی 7٪ کەمتر لەوانەی ساڵی 2021 بووە. دەشێ ئەمەش بەهۆی کاریگەریی سەدرەوە بووبێت کە داوای بایکۆتی کردبوو. بەرزیی رێژەی دەنگنەدان وادەکات کە سەدر براوەیەکی غایبی ئەم هەڵبژاردنە بێت و ئەمەش بۆ قۆناخی داهاتوو دەستی ئاوەڵاتر دەکات، ئەگەر بێت و پەنا بۆ شەقام و ناڕەزایی سیاسی ببات.
هەڵبەت دیمەنی بەشداری لە پارێزگاکانی کەرکووک، سەلاحەدین، ئەنبار و نەینەوا جیاوازتر بووە، رێژەکەی لە نێوان 53% بۆ %65 گۆڕاوە و ئەمەش رێژەی گشتیی دەنگدانی لە هەموو عێراق بەرزتر کردووەتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ فاکتەری تۆخبوونەوەی رکابەرییە نەتەوەیی- ئاینییەکان و هەبوونی رکابەری تووندی هاوپەیمانییەکان دەگەڕێتەوە. بێجگە لە سەلاحەدین، لەو پارێزگایانەدا کە هاوپەیمانییەکانی هەڵبژاردن زۆرتر بوون، رێژەی بەشداریی خەڵکیش زیاتر بووە. بەغدا، بەسرە، کەرکووک و نەینەوا لە ریزی ئەو پارێزگایانە بوون کە زۆرترین هاوپەیمانیی هەڵبژاردنیان تێدا کرا و لە هەموو ئەوانەشدا بێجگە لە کەرتی رەسافەی بەغدا رێژەی بەشداری بەرز بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ