ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رەزامەندی نیشاندا لەسەر رەشنووسی رێككەوتننامەیەك لەنێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد و هاوپەیمانیی نیشتمانی سووریا. رێككەوتنەكە دەرەنجامی گوشارەكانی رۆژئاوایە و رەنگە ببێتە هۆی هەستیاریی زۆرتر لەنێوان پارتە كوردییەكاندا لە سووریا.
لە مانگی ئابی رابردوودا، ئاشكرا بوو كە ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لەنێوخۆیدا پرسی رێككەوتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا شەنوكەو دەكات. لەو رێككەوتنەدا زۆر لە داخوازییەكانی كورد، جگە لە فیدرالیزم، چەسپێندراون. ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد چاوەڕوان دەكرا لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بچێتە نێو ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە، بەڵام ئەمە بەهۆی ئەوەی كە لایەنی كوردی دەیویست بەر لە رووخانی ئەسەد قسە لەسەر مافەكانی كورد بكرێت سەرینەگرت. چونكە وادەزاندرا ئەسەد دەڕووخێت.
ئەو رێككەوتنە رەنگە لە ئەنجامی ئەو چاوەڕوانیانە بێت كە لە رۆژئاوا هەن و دەگوترێت رۆژئاوا هێرش دەكاتە سەر سوپای ئەسەد، ئەویش دوای ئەوەی چەكی كیمیاویی لە رۆژی 21ی ئابدا لەدژی هاووڵاتیانی خۆی بەكارهێنا. ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئەوروپاش گوشاریان لەسەر هەردوولا (واتە كورد و عەرەب) دروستكردووە بۆئەوەی سازش بكەن لەگەڵ یەكدی. ئۆپۆزیسیۆن دانی بە كورددا ناوە وەكو نەتەوە و وشەی عەرەبیشیان لە كۆماری سووریا كردەوە، هەروەها ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لەبەرامبەردا وازی لە داخوازیی فیدراڵیزم هێناوە.
بەهەرحاڵ ئەمە هیچ لە مەسەلەكان ناگۆڕێت، چونكە ئۆباما رێككەوتووە لەگەڵ رووسیا بۆئەوەی رژێمی ئەسەد لە چەكی كیمیایی دابماڵرێت و نەشیتوانی كۆنگرێسی وڵاتەكەی قایل بكات بەوەی كە بۆچی دەیەوێت هێرش بكاتە سەر ئەسەد. بەبێ هێرشی ئەمریكا بۆ سەر ئەسەد، ئەگەری گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لەنێوان رژێمی سووریا و ئۆپۆزیسیۆندا قورسە، مەگەر وای لێبێت كە ئەمریكا ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەقورسی پڕچەك بكات.
لەئەنجامی ئەم رەوشەشدا ئەسەد لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە و ئۆپۆزیسیۆنی دانیشتوو لە ئیستەنبوڵیش هەر بە لاوازی دەمێنێتەوە.
لەو نێوانەدا پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD بەردەوام دەبێت لەسەر پلانەكانی بۆئەوەی حكومەتێكی كاتی دروست بكات و هەڵبژاردن رێكبخات و دەستوورێك بۆ ئەو ناوچە كوردییانە دابنێت كە لەژێر دەستی خۆیدان، هەروەها یەكینەكانی پاراستنی گەل كە میلیشیای چەكداری ئەو پارتەن، شەڕی خۆیان لەدژی ئەلقاعیدە و سوپای ئازادی سووریا درێژە پێدەدەن.
لە رابردوودا PYD هەوڵیدا پارتە كوردییەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد ناچار بكات ئەو باڵادەستییەی PYD بەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی قبووڵ بكەن و بكەونە دانوستاندنەوە لەگەڵ پارتەكانی دیكە كە لەلایەن بارزانییەوە پشتیوانییان لێدەكرێت. لەجیاتی ئەوە ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد هاتە نێو ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە، هەندێك لەو پارتانەش كە لەو ئەنجومەنەدا ئەندامن لەلایەن پارتەكەی تاڵەبانییەوە پشتیوانییان لێدەكرێت.
بەرهەحاڵ بەهۆی ئەو راستییەوە كە PYD هەموو شتێكی لەسەر زەوی كۆنترۆڵ كردووە و بەهۆی سنوورداخستنەوە لەلایەن توركیا و پارتییەوە لاواز نەبووە، هەروەها لەبەرئەوەی PYD قبووڵی نەكرد رێگە بەو هێزە سەربازییە بدات كە لەلایەن پارتییەوە مەشقی پێكراوە بۆئەوەی بچێتە ناو سووریاوە، بۆیە ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە نێوەوەی ناوچە كوردییەكانی سووریادا ناتوانێ كاریگەریی هەبێت و هیچ بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سووری بكات.
ئۆپۆزیسیۆنی سووریی دانیشتوو لە ئیستەنبوڵیش لەبەرئەوەی هیچی لە نێوەوەی سووریادا بەدەست نییە، بۆیە ناتوانێت هیچ كاریگەری هەبێت و ئەلقاعیدەش رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەبێت.
بۆیە رەنگە كاریگەریی رێككەوتنەكەی نێوان كورد و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئەوە بێت كە لەنێو لایەنە كوردیەكاندا ناكۆكی و هەستەوەریی زۆرتر دروست بكات، وەك چۆن لە هەفتەی رابردوودا بینرا كە ئەندامانی پارتە سیاسییەكان لەلایەن ئاسایشی سەر بە PYDوە دەستگیركران لە عەفرین، ئەویش بەو تۆمەتەی كە پلانیان بۆ هێرشكردنە سەر یەكینەكانی پاراستنی گەل داناوە.
لەكاتێكدا ئۆپۆزیسیۆنی سووریا زۆرتر بە ئاراستەی وڵاتانی رۆژئاوادا دەڕوات، PYD زۆرتر بە ئاراستەی رووسیادا دەڕوات. تاكە رێگە بۆ رێگەگرتن لە هەستەوەریی زۆرتر لەنێوان لایەنە كوردیەكانیشدا ئەوەیە كە كورد لەژێر چەتری ئەنجومەنی باڵای كوردی بچنە نێو ئۆپۆزیسیۆنەوە و ئۆپۆزیسیۆنیش دان بە حكومەتە كاتییەكەی PYDدا بنێت. بەڵام پێناچێت ئەمە رووبدات، چونكە پارتە كوردییەكان لە سووریا بەرژەوەندیی جیاوازیان هەن.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)