مردنی شاژنی بەریتانیا رووداوێکی گەورەیە لەسەر ئاستی جیهان، دوای مردنی چەرچڵی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ساڵی 1965، بەگەورەترین رووداوە دیپلۆماسییەکانی سەدە ناودەبرێت. بەوپێیەی کۆمەڵێک پڕۆتۆکۆڵ و یاسا و رێسا لە بەریتانیا هەیە کە رێوڕەسمی مردنی شا یان شاژنیشی رێکخستووە و لە چوارچێوەیەکی مێژوویی دا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەو کەسانەی بانگهێشت دەکرێن بە شێوەی فەرمی بریتین لە ماڵبات و بنەماڵەی شاژن، لەگەڵ سەرجەم ئەو پادشایانەی کە وڵاتەکانیان پادشاییە لەگەڵ دیاریکردنی سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیهان، بۆیە لەسەر ئاستی هەموو جیهان تەنها 500 کەسایەتی بانگهێشت دەکرێن لە هەموو بوارەکاندا، جیاواز لە خودی بەریتانیا کە سەرجەمییان دەستەبژێر و دەستنیشانکراون و خاوەن پێگەی مەزنن.
لە نێوان بانگهێشتکراواندا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو بەشداربووانەی کە بە فەرمی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بانگهێشتکراوە.
ئەم بانگهێشتکردنە فەرمییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی ماڵئاویکردنی شاژن، زۆر ئاماژە و پەیامی گەورەی لە پشتەوەیە، گرنگترینیان دونیابینی جەنابیانە لە ئاست پرسە گرنگەکانی جیهاندا و کاریگەرییەکانییەتی لەسەر ئاستی ناوچەکە، چونکە ئاڕاستەی بیرکردنەوەکانی ئاڕاستەی چارەسەرن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە گرنگی و پێویستییەوە لەو کەسایەتییانە دەڕوانێت کە کاریگەرییان هەیە و چارەسەر دەخەنەڕوو، لە هەمان کاتیشدا لەسەر ئاستی جیهان پەیامی ئاشتەوایی و پێکەوەیی و یەکدی قبووڵکردن بەرجەستە دەکەن.
بەشداریکردنی سەرۆک نێچیرڤان، هاوشانی ئیمپراتۆری ژاپۆن، سەرۆکی ئەمریکا، پادشاکانی وڵاتانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، یەکێکی دیکە لە گرنگی کەسایەتی و پێگە و کاریگەرییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە وەک دەستەبژێرێکی جیهانی لە بازنەی کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهاندا بانگهێشتکراوە بۆ ئەو رووداوە گرنگە.
ئەم بابەتەش دەچێتە خانەی پڕۆتۆکۆڵی مێژوویی بەریتانیاوە کە دواجار بەشێکی کاریگەری ئەرشیفی جیهانییە و لەو دەروازەیەشەوە هەرێمی کوردستان جێگیرییەکی دیکە دەچەسپێنێت لە هزر و زاکیرەی داهاتوودا بۆ نەوەکانی داهاتوو، بە تایبەت بۆ توێژەران و لێکۆڵەران و مێژوونووسان.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە ئەزموونی خۆی و بە پەیامە کاریگەرەکانی و بە ئامادەبوونە جیدییەکانی و بە نێوەندگیرییە ناوچەییەکانی و بە پەرۆشییە ناوخۆییەکانی، توانیویەتی ببێتە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی جیهان و رۆڵی هەبێت لە هاوکێشە گەورەکاندا و ئامادەیی هەبێت لە رووداوە جیهانییەکاندا و قسەی هەبێت لە یەکلاییکردنەوەی کێشەکاندا.
بۆیە ئەم جۆرە کردار و هەڵوێستانە هەمیشە چوارچێوەی لۆکاڵی دەبڕێت و بەرەو فراوانی هەنگاو دەنێت و لە ئاست خواستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کە هەمیشە جیهانیش بە پێویستییەوە لەو ئەرک و رۆڵ و پەیام و کاریگەری ئەو جۆرە کەسایەتییانە دەڕوانن و بە سەرمایەی مرۆڤایەتی دەیانناسێنن.
جیاوازی ئەم بۆنە و رووداوە لەوەدایە کە بۆنەیەکی سیاسی و ئابووری نییە، یان کۆبوونەوەیەک نییە بۆ پرسێکی دیاریکراو و بەرژەوەندیی رۆڵی تێدا بگێڕێت، بەڵکو کۆکردنەوەی ئەو کەسایەتییانەیە کە بۆ بەریتانیا و جیهان جێگەی سەرنج و تێڕامان و کاریگەرین و هەریەک لە بانگهێشتکراوان لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا خاوەنی سەنگ و پێگە و پەیام و چارەسەرن و هەموو هەوڵەکانییان بە ئاڕاستەی چاکەی گشتیدا دەشکێتەوە.
ئەم رووداو و بۆنەیە یەکجار گرنگە و هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەم شانازی بە بەشداری سەرۆکی هەرێمەکەیەوە بکات لەو رێوڕەسمە شاهانەیەدا و هەم بناخەی لەسەر پتەوبکات لە چوارچێوە و فۆڕمی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیادا بە ئاراستەی سوودی هاوبەش.



