فرانسوا پاپای ڤاتیكان، مەرجەعی كاتۆلیكەكانی جیهان، لە پەراوێزی رۆژی جیهانیی لاواندا كە لە كراكۆڤی پۆڵۆنیا لە 26 تا 31ی تەمموزی 2016 ساز كرا، بە هانای ئیسلامەوە هات و گوتی: "راست نییە كە شوناسی ئیسلام بە تیرۆریزمەوە گرێ بدرێت و رەوا نییە بگوترێت ئیسلام تیرۆریزمە، من دیالۆگی درێژم لەگەڵ ئیمامی زانكۆ و مزگەوتی ئەزهەردا كردووە و دەزانم ئەو چۆن بیر دەكاتەوە، ئەو داوای دیالۆگ و ئاشتی دەكات".
ئەم قسانەی پاپا بۆ چەندین ملیۆن لاوی مەسیحی بوو كە هەر دوو ساڵ جارێك كۆدەبنەوە، دوای ئەوەی جان پۆڵی دووەم بۆ یەكەمین جار كلیلی بەختەوەرییانی لە وتە ناودارەكەیدا بینییەوە (مەترسن ، بەرەو هیوا هەنگاو بنێن) و ئومێدێكی رۆحیی پێ بەخشین و نمایش و بڕوای ئاینیی لەلا كردنە كەرنەڤاڵێكی نێونەتەوەیی كە هەموو گەنجانی نەتەوە و رەگەزەكان بە رەوتە ئاینییە مەسیحییە جیاوازەكانیەوە، لە كەشێكی فێستیڤاڵی و ئاهەنگسازی و دیداری خۆشنودیدا یەكدی دەناسن و لەوێوە پەیوەندییەكی رۆحی لەڕێگەی جەستەی ئازاد و عەقڵی واڵایان و دیالۆگەوە بە ئایینەوە گرێ دەدەنەوە و پەیمانێك لەگەڵ ئایندا دەبەستنەوە كە ماناكانی ژیاندۆستی و ئومێدیان پێ ببەخشێت.
پاپا فرانسواش لە كراكۆڤەوە بە لاوانی گوت، مەترسن و خۆتان گۆشەگیر مەكەن، بەڵام ئەمە لە رۆژێكدا بوو كە نمایشی مەرگی رۆژانەی تیرۆری بێ رەحمانە و بێ جیاكاری، سەری بڕدراوی قەشەیەك هەر ئەو رۆژانە هێشتا لە سیمای تۆقیو و سەرسوڕمان و تێنەگەیشتنی ئەو ملیۆنان لاوە مەسیحییەدا ئامادە بوو. دەشێت ئەو ملیۆنان لاوە وێنەی ئەو كوشتارگەلە رۆژانەیەی كە داعش و تیرۆریستە ئیسلامییەكان ئەنجامی دەدەن، بە سەربڕینی كەسانی بێ تاوان هەر لەناو خودی ئاینەكەی خۆشیاندا كە بووەتە ریتمێكی رۆژانە، رفاندنی ئافرەتانی ئێزدی و فرۆشتنیان و سزادانی بە مەرگی سەرجەم گرووپ و كۆمەڵە كەسێك كە لە ئایین و مەزهەبی ئەوان نین، نەبینن و نەبیستن، بەڵام ئەوان دیمەنی كوشتارەكانی ئەو رۆژانەی شارەكانی نیس و میونخ و لەندەن و پاریس و سەربڕینی قەشەكەیان لا ئامادە و زیندوو بوو.
بۆیە دەشێت پاپا خۆیشی بزانێت كە تەنیا بیرخستنەوە و هاوبەشكردنی هەموو ئاینەكان لە توندوتیژی و تیرۆردا بۆ لاوانێك كە بەدوای هیوادا دەڕۆن و ئاینی خۆیان لە كەشێكی ئاهەنگسازیدا پیادە دەكەن، بێهوودەییە ئاینێك بە تایبەتی ئیسلام لە مەرگدۆستی و تیرۆر پاك بكاتەوە كە تا دێت وێنەكەی ترسناك دەبێت و تا دێت ئەو رەوتە خۆی دەكاتە خاوەنی كە هەڵگری مەرگ و تیرۆرە بۆ دنیا. پاپا خۆی دەزانێت بێدەنگیی ملیۆنان موسوڵمان و بەرگریی شەرمنانەی ئیمامی ئەزهەر لە پەیامی ئاشتییانەی ئیسلام و بە هاناوەهاتنی ئەمیش لە پاڵ ئەو دیمەنە ترسناكانەی كە بەشێك لە ئیسلام رۆژانە بڵاوی دەكەنەوە، ناتوانێت لە هەر شوێنێكدا مەرگ و تیرۆر هەبێت وێنەی ئیسلام بشارێتەوە.
لەم سەردەمەدا كە ئایینی مەسیحی بووەتە ئایینی ئاهەنگسازی و پێكەوە كۆبوونەوەی لاوانی جیهان و تامی ژیاندۆستی و كرانەوە بەسەر یەكدیدا و پاپا بە لاوانی مەسیحی دەڵێت بژین و هیواتان هەبێت و لە جیهان دانەبڕێن، كەچی ئایینی ئیسلام تا دێت دەبێتە بازنەیەكی داخراوی جەهەنەمی و ماشێنێكی رۆژانەی مەرگی لاوان و خودكوشتنیان لە بێهوودەیی و بێئومێدی و گۆشەگیربوونیاندا. رابەرانی ئاینییش یان وانەی سەلەفی و جیهادی و تیرۆر فێری لاوان دەكەن یان لەنێو لاپەڕە دۆگماكانی دەق و تیۆرییە داخراوەكاندا خۆیان بەدوور گرتووە لە لاوانێك كە رۆژانە دەسووتێن و دەكوژرێن و كەسێك نییە ئومێدێكیان پێ ببەخشێت و پێیان بڵێ پێ بنێنە ناو جیهانی هیواوە و تەنیا مەرگ لە ئاییندەدا مەبینن و خۆتان مەكەنە بۆمبای خودكوژی و وێرانكردنی جیهانێك كە هێشتا ملیۆنان لاوانی دیكەی جیهان خەونی باشتری تێدا دەبینن.
جیاوازیی نێوان پاپای ڤاتیكان و ئیمامی ئەزهەر لەوەدایە كە ئایینی مەسیحی لە ساتەوەختی دوورخستنەوەی لە دەسەڵاتەوە بووەتە ریتمێكی رۆژانەی رۆحیی مەسیحیەكان بۆ ژیان و خۆگونجاندن لەگەڵ سەردەم و گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانیدا. پاپای ڤاتیكان بووەتە مەرجەعی كاتۆلیكەكان و بە هەمان شێوەش پرۆتستانت و ئەرتۆدۆكس و رەوتە مەسیحییەكانی دیكەش مەرجەعی رۆحی و ئاینیی خۆیان هەیە كە رێنمایی ئیمانداران دەكەن، ئەمە لە كاتێكدا كتێبی پیرۆزی ئاینی مەسیحی كە ئینجیلە، بە چەند شێوازێك و گێڕانەوەی جیا نووسراوەتەوە. بەڵام ئایینی ئیسلام كە تاكە دەقێكی پیرۆزی هەیە، لەسەر زەمینی باوەڕ و ئیمانداراندا خاوەنی یەك رێنماییكار نییە و ئیمامی ئەزهەر نەبووەتە مەرجەع و هەموو موسوڵمانانی جیهانی سوننە گوێی لێ ناگرن.
ئیمامی ئەزهەر خۆی بە مەرسومی كۆماری و لەلایەن سەرۆكی وڵاتەوە دادەنرێت، هەموو موفتیەكانی وڵاتانی ئیسلامیش وەك بەشێك لە سیستەمی دەسەڵات بە هەمان شێوە دادەنرێن، بۆیە ئەو تێكەڵبوونەی دەسەڵات و ئایین لەناو جیهانی ئیسلامیدا زەمینەیەكی ململانێی كراوەی لەنێوان بەرەی ئایین و دەسەڵاتدا دروست كردووە. بەرەیەك كە ئەمیش لە دەرەوەی دەسەڵات و ئیمام و موفتیە بەرگریكارەكانی، چەندین موفتی و ئیمامی بانگخوازی بەدیهێنانی خەونێكی دیكەی ئیسلام و دەوڵەتێكی ئایینی پێشەنگیەتی كە كار لەسەر رێنمایی و بەرەو مەرگ ناردنی لاوانی ئیسلام دەكەن لە كاری خودكوژی و تیرۆردا بۆ بەدیهێنانی ئەو دەوڵەتە ئایدیاڵەو رزگاركردنی جیهان لە دەسەڵاتە كوفر و فاسیدەكان.
پاپای ڤاتیكان پەیامبەر و بانگخوازی ئاشتی و خۆشەویستییە، ئیمامی ئەزهەریش بانگخوازی ئاشتی و دیالۆگە، هەردووكیشیان دەڵێن ئایین پەیامی خۆشەویستی و ئاشتیە، ئەگەر مەسیحییەكانی جیهان بە رۆح گوێ لە پەیامەكەی پاپا بگرن، ئەوا ئەفسووس جگە لە پاپا هەموو مەسیحییەكان و ئیسلامەكانی جیهان گوێیان لە پەیامەكەی ئیمامی ئەزهەر نییە. ئەوان لە بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە گوێیان لە یەك بانگی ئەڵڵاهوئەكبەر دەبێت، بەڵام بانگێك لە چەندین پەیام و وێنەی جیاوازی خوداوە، لە وێنەیەكی ئاشتیخواز و رۆحانیەوە تا تیرۆریزم و وێرانكەری دنیا.
بانگێك كە هەر لە منارەی مزگەوتەكانەوە بەدەنگی ئیمامی ئەزهەر و خامنەیی و سیستانی و نەوەكانی بنلادن و ئەبوبەكری بەغدادییەوە تەكبیر دەكرێت. ئیمامی ئەزهەریش تەنیا دەتوانێت لەسەر بەرماڵەكەی لە خوا بپاڕێتەوە بۆئەوەی هیدایەتی ئوممەیەك بدات كە دوای چواردە سەدە لە سەرهەڵدانی پەیامەكەی، هێشتا لە نێوان پەیامی بوون بە بەشێك لە جیهان و بە ئارامی ژیان تێیدا و پەیامی داگیركردنی جیهان و كردنی بە بەشێك لەو ئوممەیە، وێڵ و سەرگەردان بووە.



.jpeg&w=3840&q=75)