هەموو هەوڵێكی دا بۆئەوەی هاوژینەكەی بگەڕێتەوە لای، بەڵام سوودی نەبوو، بۆیە لە داخان بڕیاری دا تەڵاقی بدات، شێوەی تەڵاقدانەكەشی زۆر هەڵە بوو، بە زەرەر بۆ خۆی شكایەوە. ئێستا ئەو ناچارە بچێتە ژێرباری ئەو بڕیارانەی دادگا لە دژی دەركردوون.
ئەو پیاوە سەردانی كردین و بەسەرهاتی خۆی بۆ گێڕاینەوە بەو ئومێدەی رێگەچارەیەكی یاسایی بۆ بدۆزینەوە.
پیاوەكە گوتی: "ماوەی ساڵێكە ژنەكەم بەهۆی كێشەیەكەوە تۆراوە، سەرەتا زۆر گوێم پێنەدا و بەدوایدا نەچووم و چاوەڕێ بووم خۆی بگەڕێتەوە لام، دواتر لەبەر خاتری منداڵەكەم نەوەك سەرگەردان بێ، خەڵكم نارد بەدوایدا، بەڵام نەهاتەوە، چەند جارێكی دیكە خزم و ناسیاوم ناردن، هەر نەگەڕایەوە، بۆیە بڕیارمدا خۆم بەدوایدا بچم، لەوێ بە بەرچاوی كەسوكارەكەیەوە داوای لێبوردنم لێی كرد، بەڵام هەر بێسوود بوو. ئیدی وازم لێهێنا. من قەت بیرم لەوە نەدەكردەوە لە ژنەكەم جیاببمەوە، قەتیش لەو باوەڕەدا نەبووم ئەویش بچێتە دادگا، بەڵام كە بینیم زۆر عینادە و حیساب بۆ قسەی كەس ناكات، تاقەتی ئەوەم نەبوو بچمە دادگا و سكاڵای لەسەر تۆمار بكەم، هەر یەكسەر دوو شایەتم هێنا و لە داخان تەڵاقم دا. دواتر چوومە لێژنەی فتوا، ئەوانیش نووسراوێكیان بۆ كردم بۆ دادگای باری كەسی، دادگاش بە یەك دانیشتن تەڵاقەكەی پەسەند كرد".
ئەمجارەیان تۆپەكە دەكەوێتە گۆڕەپانی ژنەكە و پەنا بۆ دادگا دەبات. پیاوەكە درێژە بە گێڕانەوەكەی دەدات و دەڵێت "دوای ماوەیەك ئاگادارییەكم لە دادگاوە بۆ هات، كە سەیرم كرد ژنەكەم سكاڵای لەسەر تۆماركردووم، چەند جارێك ئاگاداركردنەوەی دادگام بۆ هات هەر نەچووم، دواتر دادگا بڕیاری خۆی لەبارەی كەیسەكە دابوو، لەوێ ژنەكە داوای مافێكی زۆری كردبوو، ئێستا هەر جارێك مانگانە لە كاتی خۆی نەیبەمە بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێكردن، یەكسەر فەرمانی پەلكێشكردنم بۆ دێت و هەتا پارەكە نەدەم بەرمنادەن".
بۆ پیاوەكە روونكرایەوە كە پەلەی كردووە لە بڕیاردان، دۆسیەكەش پلەی كۆتایی وەرگرتووە و هیچ رێگایەك نییە بۆ تەمیزكردنەوەی، مەگەر ئافرەتەكە خۆی لە مافی خۆی خۆشبێ، ئەگینا لەڕووی یاساییەوە مافی خۆیەتی كە سكاڵای تۆمار كردووە و داوای هەقە مارەیی خۆی كردووە. هەروەها پێی گوترا كە ئەو ژنە خۆی خەتابار بووە و ماڵی جێهێشتووە. ئەگەر سەرەتا بە تۆمەتی جێهێشتنی ماڵ سكاڵات لەسەر تۆماركردبا، ئەوە دەتتوانی ژنەكەت تەڵاق بدەی بەبێ ئەوەی هیچ مافێكی بكەوێ.
لە یاسادا لاساری بریتییە لە خۆبەگەورەزانینی یەكێك لە هاوژینەكان لەسەر ئەوەی دیكە. مادە 25ی یاسای باری كەسێتی لەبارەی لاساری دەڵێت: "بەجێهێشتنی ماڵی هاوسەرێتی لەلایەن ژن یان پیاو بەبێ مۆڵەت و هۆیەكی رەوا". هەر بەپێی ئەو یاسایە "لاساری بە هۆیەك لە هۆیەكانی جیابوونەوە دادەنرێ، دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ لە وەرگرتنی حوكمی لاساری، پلەی بنبڕ وەردەگرێ، ئەگەر ژن لاسار بوو ئەوە بێبەش دەكرێ لە بژێوی و مارەیی پاشەكی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ