رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی مامزاوا لە سنووری هەولێر ئاگر لە پووش و پاوان کەوتەوە. بەرگریی شارستانی دەڵێ، ئاگرەکە تەشەنەی کردووە بۆ چەند کۆگایەکی کۆکردنەوەی کەرەستەی کۆن.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگرەکە سەرەتا پووش و پاوانی گوندەکەی گرتەوە و دواتر تەشەنەی کرد بۆ چەند شوێنێکی کۆکردنەوەی کەرەستەی کۆن".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی گوتی: "ئەو کەرەستانەی سووتاون بابەتی جۆراوجۆرن، لەوانە پێداویستییەکانی ماڵ وەک قەنەفە و هاوشێوەکانی، هەروەها ئاسن و جۆرەها بابەتی کۆنەی تێدا بووە کە زۆرینەیان بۆ ئەوە کۆکرابوونەوە بەکاربهێندرێنەوە".
موقەدەم شاخەوان گوتی: "ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا؛ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادی زۆر هەیە".
لێکۆڵینەوە بۆ هۆکاری ئاگرەکە و زانینی بڕی زیانەکان دەستیپێکردووە.


.png&w=3840&q=75)