هاتنی داعش بۆ شنگال و وێرانکردنی گوند و ناوچەکانی ئەو قەزایە، هەروەها کوشتن و بەدیلگرتنی هەزاران کچ، ژن، منداڵ و پیاو، دونیایەک رەخنەی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان هێنا بە حوکمی ئەوەی کە دەسەڵاتدارێتی ئەو ناوچەیەی دەکرد. پارتی بەوە تۆمەتبارکرا کە شنگال و خەڵکەکەی رادەستی داعش کردوون. بەڵام بەباوەڕی من مەنتیقی نییە بڵێین پارتی شەنگالی رادەست کرد، چونکە پارتی زەرەرمەندی سەرەکیی لەدەستدانی شنگالە وەکو جەماوەر کە بەدەیان هەزار لایەنگری مسۆگەری لێ هەبوو. هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێڕاقیش باشترین بەڵگەن لەسەر ئەوە و شەنگال ئەو قەزایە بووە کە هەمیشە زۆرترین ئەندامی پارتیی گەیاندووەتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام راستە ئەگەر بڵێین پارتی شەنگالی بەردا. چونکە توانای رووبەڕووبوونەوەی داعشی نەبوو. هەروەها راستە ئەگەر بڵێین لە ماوەی 11 ساڵی دەسەڵاتدارێتیدا پارتی شتێکی ئەوتۆی بۆ شەنگال نەکرد و راستترە ئەگەر بڵێین پارتی لە بنەڕەتدا پلانی بۆ ئەو قەزایە نەبووە! هەڵبەت کۆنترۆڵکردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە، دەرفەتی بۆ نەیاران و تەنانەت هاوپەیمانانی پارتیش رەخساند بۆ کارکردن لەسەر دوورخستنەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی بەگشتی و خەڵکی شەنگال بە تایبەتی لەو پارتە. ئەو لایەنانە هەموو هەوڵێکیان دا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە و دەرخستنی ئەو خەڵکە لە ژێر هەژموونی پارتی و بۆ ئەو مەبەستەش پاڵپشتی ئەو بیرۆکەیەشیان کرد کە ئێزدی کورد نین و تا رادەیەک تێیدا سەرکەوتووبوون. ئێستا زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێزدی دژی پارتین و خۆیان بە "نەتەوەی ئێزدی" و جودا لە نەتەوەی کورد دەزانن. تەنانەت ئەوانەی مووچەش لە پارتی وەردەگرن و بەو چەند هەزار پێشمەرگەیەی فەرماندەیی شنگالیشەوە. هەڵبەت پارتیش لەلایەن خۆیەوە هەوڵێکی زۆری دا و دەدات بۆ گۆڕینی ئەو رەوشە و گەڕاندنەوەی ئەو خەڵکە بۆ باوەشی خۆی و بۆ ئەو مەبەستەش پارە و رەنجێکی مەزن خەرج دەکات تا بتوانێت بەڵانس رابگرێت. بەڵام ماوە ماوە هەندێک رووداو دێنە پێش و دەبنە هۆکاری شڵەژان و دووبارە کولاندنەوەی برینەکانی ئەو کۆمەڵگایە کە پێموایە بەشێکی زۆری ئەو کارانە دەرئەنجامی کاری بەپەلە و بڕیاری هەڵەی بەرپرسانی پارتییە. وەک دەستبەسەرکردنی فەرماندەی هێزی ئێزیدخان پێش ساڵێک و گرتنی دەزگای یەزدا پێش چەند رۆژێک کە دووبارە دەرگای رەخنەی لەسەر پارتی کردەوە لەلایەن خەڵکی لێقەوماوی ئێزدی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیش. چونکە یەزدا لە ماوەی کارکردنیدا سۆزی کۆمەڵگەی ئێزدی بۆ خۆی راکێشاوە بەهۆی پێشکەشکردنی کۆمەک و هاوکاری بەسەر ئاوارەکاندا لە بواری کۆمەڵایەتی، تەندروستی، پەروەردەیی و لەلایەنی ماددی و مەعنەوی و زۆر بواری دیکە. هەروەها سەرنجی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشی راکێشاوە بۆ ئەو چالاکییانەی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان بۆ خەڵکی لێقەوماوی ئێزدی ئەنجامی دەدات. یەزدا کە رێکخراوێکی مرۆیی و نێودەوڵەتی کۆمەکبەخشە، هەڵەی کرد کاتێک داخۆیانییەکی بڵاوکردەوە و بەهۆیەوە ئێزدییەکانی بە نەتەوەیەکی جودا لە کورد ناساند. بەمەش وەکو پارتێکی سیاسی لێهات و رێگەی بۆ دەسەڵات خۆشکرد بۆ راگرتنی کارەکانی لە کوردستان. پارتیش لەلایەن خۆیەوە پەلەی کرد کە کاری ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەی راگرت. هەڵبەت یەزدا زەرەری زۆری کرد. چونکە چیدی کۆنتاکتی لەگەڵ خەڵکی ئێزدی نامێنێ و بەمەش ناتوانێ کۆمەک و پەیامەکەشی بگەیەنێتە ئەو خەڵکە. لەلایەن خۆیەوە پارتی دیموکراتی کوردستانیش زەرەری کرد، چونکە خەڵکی لێقەوماوی ئێزدی بەهۆکاری بڕینی کۆمەک و هاریکارییەکانی یەزدای دەزانن و هەست دەکەن کە ئەو پارتە دژی بەرژەوەندییەکانیان کاردەکات، بەڵام زەرەرمەندی سەرەکی و راستەوخۆ خەڵکی لێقەوماوی ئێزدییە. بە کورتی و کوردی کارکردنی یەزدا واتە سەرکەوتنی پلان و پرۆژەکانی ئەو رێکخراوە. لە هەمان کاتدا نەهێشتنی رەخنەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کەمکردنەوەی گلەیی و داواکارییەکانی خەڵکی ئێزدییە لە پارتی. ئەوەش خاڵێکی هاوبەشە کە دەکرێ پارتی و یەزدا لەسەری بوەستن و بیکەنە دەستپێکێکی تازە بۆ بەدیهێنانی هەماهەنگیی باشتر لە داهاتوودا.
هەواڵە ناوخۆییەکان13-06-2026باوکی منداڵە ونبووەکەی بناری قەندیل: بکوژ بە سزای خۆی دەگەیێنینمالیک محەممەد