پرسی کورد و نەخشەی سیستمێکی هەرێمیی نوێ لە ناوچەکە

18-11-2024
زوبێر رەسوڵ
A+ A-
 
سەرەڕای باڵادەستیی ئیسرائیل بەرامبەر بەرەی مقاوەمە، بە تایبەتیش حەماس و حیزبوڵڵا و ئێران، بەڵام ئەم شەڕە دەریخست کە ئیسرائیل لە ناوچەکەدا تەنیایە، هەڵبەتە ئەمە سەرەڕای بوونی رێککەوتنەکانی ئەبراهام و ئاساییبوونەوەی پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ چەند وڵاتێکی عەرەبی لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ.
 
ئەم شەڕە دەریخست کە ئیسرائیل ناتوانێت تا سەر، بۆ ماوەیەکی درێژ شەڕی ئەم چەند وڵاتە بکات. بۆیە پێدەچێت هەم ئیسرائیل و هەم بەشێک لە بڕیاربەدەستانی ئەمریکاش ئەو باوەڕەیان بۆ دروست بووبێت کە ئەگەر پێداچوونەوەیەک نەکرێت بە نەخشەی سیاسی ئەو ناوچەیە ئەوا ئەستەمە ئیسرائیل بتوانێت بەبێ مەترسی بەردەوام بێت لە مانەوە، وردتر بڵێم بە زمانی زانستە سیاسییەکان، ئەو دۆخە نوێیە پێویستی بە دروستبوونی سیستمێکی هەرێمیی نوێ هەیە (new regional system) لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی لەو شوێنەی پێی دەڵێن وڵاتی شام (Levant).
 
 ئەگەر بە دیقەت تێبفکرین دروستکردنی ئەم سیستمە هەرێمییە نوێیە بە دوو رێگە دەکرێت. رێگەی یەکەم بریتییە لە بەردەوامیدان بە رێککەوتنەکانی ئەبراهام، بە تایبەت لە بارەی سعودیە و میسر کە بچنە ناو هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە. لەسەر ئەو بنەمایە ئیدارەی نوێی ترەمپ پێدەچێت وەبەرهێنانی زۆر لە دروستبوونی ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیە بکات، بەڵام ئەمە لە راستیدا پێویستی بە چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین هەیە، سعودیە و میسر نەیان شاردووەتەوە تاوەکو چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل نەکرێت ئەوان ناتوانن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، ئینجا نابێت بیریشمان بچێت کە لە ئاستی جەماوەری وڵاتانی عەرەبی هیچ پاڵپشتییەک نییە بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، واتە ئەم ئاساییبوونەوەیە زۆر دەوەستێت لەسەر نوخبەی دەسەڵاتدار.
 
رێگای دووەم بۆ دروستکردنی ئەو سیستمە هەرێمییە نوێیە پێدەچێت لە رێگای دروستکردنی دەوڵەت یان قەوارەیەکی سیاسی بێت بۆ کورد، بە تایبەت کە ئێستا ئەو دەرفەتە لە هەر یەکە لە سوریا و عێراق بەردەستە بۆ کورد. ئیسرائیل و ئیدارەی نوێی ترەمپیش پێدەچیت وا بیر بکەنەوە کە ئەمە تاکە رێگایە بۆ لاوازکردنی نەیارانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکە، واتا ئێران و عێراق و سوریا، کە دواجار دەبێتە کارتێکی بەهێزیش لە دژی سیاسەتە سەرەڕۆکانی تورکیا. بوونی کیانێک بۆ کورد هۆکارێکی بەهێزە بۆ هاوسەنگکردنی هێزی هەرێمی (Regional balance of power) لە ناوچەکەدا. ئەم بیرۆکەیە ئەگەر بە بەرنامەش نەبێت، بەڵام لە کاتی کەمپینەکانی ترەمپ لەچەند دۆخێکدا بینرا. ترەمپ لە کاتی کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا لە ویلایەتی نیوجێرسی گوتی، "ئەگەر سەیری رووبەری ئیسرائیل بکەیت زۆر بچکۆلەیە، ئایا رێگایەک هەیە بۆ فروانترکردنی؟ لەسەر هەمان ئاواز و دیدگا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل چەند رۆژێکی کەم دوای دەرچوونی دۆناڵد ترەمپ گوتی، "پێویستە لەسەرمان کە هاوپەیمانێتییەکی بەهێز لەگەڵ سعودیە و چەند وڵاتێکی دیکەی دەوروبەرمان دروست بکەین، بەهەمان شێوە لەگەڵ کەمایەتییەکانی دیکەی وەکو کورد و دروز زۆر گرنگن بۆ ئێمە و پەیوەندی باشمان لەگەڵیاندا هەیە".
 
هەڵبەتە ئەو دوو نموونەیەی ئاماژەم پێدان پێناچێت قسەی بێ بنەما و سەرزارەکی بن، بەڵکو بیرۆکە و دیدگایێکی سیاسییان لە پشتە. ئەویش ئەوەیە کە ئیسرائیل بە دەرفەتی دەبینێت لە دوای هاتنی ترەمپ، بە تایبەت کە زۆربەی کاراکتەرەکانی ناو ئیدارەکە دۆستی ئیسرائیل و دوژمنی بەرەی مقاوەمەن، کاربکەن لەسەر ئەو دوو خاڵە، واتا دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و ئوردن و میسر و چەند وڵاتێکی دیکە، لەگەڵ گۆڕینی نەخشەی چەند وڵاتێکی بەرەی مقاوەمە بە تایبەت لە عێراق و سووریا، کە دوو واقعی سیاسی نیمچە سەربەخۆ بوونیان هەیە، ئەمە بێجگە لەوەی سەرکەوتنی ئەم بیرۆکەیە وا دەکات تورکیا و ئێرانیش هەست بە مەترسی بکەن، لە ئیسرائیل.
 
ئەم پرۆسەیەی کرانەوەی ئاشتی کە لە تورکیا دووبارە هاتووەتەوە بەر باس، لە لایەن ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی چەند جارێک باسکراوە، دەکرێت راستەوخۆ پەیوەندی بەو پرسەوە هەبێت. کاتێک وەزیری بەرگریی تورکیاش دەڵێت، ئیسرائیل نیازی هێرشی هەیە بۆ سەر تورکیا دیسان ئاماژەیەکە لەو چوارچێوەیەدا. هەڵبەتە من ناڵێم ئەو سیناریۆیە کاری لەسەر دەکرێت و دێتە جێ، بەڵام دوور نییە ئەگەر وەک کارتێکی گوشاریش بێت ئیسرائیل و ئەمریکا دژی نەیارەکانییان بەکاری بهێنن. 
 
ئەو فاکتەرەی وەگەڕخستنی ئەم روانگەیە خێراتر دەکات ئەوەیە کە ئیسرائیل دەتوانێت کاریگەری زۆری هەبێت لەسەر سیاسەتی ئیدارەی نوێی ترەمپ لە ناوچەکەدا، بە تایبەت کە ئیسرائیل پێویستی بەهاوبەشێکی دیکەی سیاسی هەیە لە ناوچەکەدا. زیادەڕۆی نییە گەر بڵێم کەس وەک کورد کاندید نییە بۆ ئەو هاوبەشییەی ئیسرائیل کە لەبەر چەند هۆکارێک لەو نوسینەدا ناکرێت ئاماژەیان پێ بدەین. لە لایەکی دیکەوە بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی داوای چارەسەری دوو دەوڵەت دەکەن بۆ کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، دوور نییە دواجار ئیسرائیل بوونی دەوڵەت یان کیانێکی کوردی لە نێوان سوریا و عێراق وەک کارت یان هەتا بیرۆکەیەکیش بەرامبەر چارەسەری دوو دەوڵەت رابگەیەنێت. بەو مانەیەی ئەگەر بوونی دوو دەوڵەت چارەسەر بێت بۆ کێشەی فەلەستینییەکان ئەی بۆ چارەسەر نەبێت بۆ کێشەی کوردیش لە رۆژهەلاتی نێوەڕاست! واتا بەکارهێنانی کێشەی کورد لە بەرامبەر کێشەی فەلەستین لە ناوچەکەدا، کە دەکرێت وەک بیرۆکەیەک بێتەبەرباس لەو چوار ساڵەدا.
 
دەتوانین بڵێین کە، ئەم چوار ساڵەی حوکمی ترەمپ هەم دەرفەت هەمیش هەڕەشەی خۆی هەیە، بەشێکی زۆر ناوەستێتە سەر ئازایی و حوکمی باشی کورد بەڵکو دەوەستێتە سەر دۆخی ناوچەکە، واتا ئایا ئیسرائیل چۆن دەتوانێت سیستمێکی هەرێمیی نوێ لە ناوچەکەدا دروست بکات کە ئێران و میلیشاکان تێیدا لاواز بن، ئەوەی بە زۆری بەربەستە لەبەردەم دەرفەتەکانی پرسی کورد لە ناوچەکدا تورکیایە، تورکیا بە حوکمی جیۆپۆلەتیک و پێگە سیاسییەکەی لە روانگەی ئەمریکا و رۆژئاوا هەمیشە حسابی زۆری بۆ دەکرێت لە هاوکێشە سیاسییەکاندا.
 
ئەوەی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بیکات لەو چوار ساڵەدا هەماهەنگی سەربازی و دیپلۆماسییە لەگەڵ ئەمریکییەکان بە تایبەت لەسەر ئاستی هێزەکانی پێشمەرگە، چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکاش دەکرێت دەرفەتێک بێت کەدواجار بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بێت، هەم بۆ چاودێری سنوورەکانی عێراق و سووریا، هەم بۆ چاودێری ئێرانیش کە نەتوانێت عێراق و سووریا وەک پردی سەربازی بەکاربهێنێت بۆ هەڕەشە دروستکردن لەسەر ئیسرائیل.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیروان رەحیم

سلێمان شا و شێخ سەعیدی پیران؛ دوو دیوی یەک چیرۆک

بەرامبەر بە رێزگرتن لە گۆڕی سلێمان شا و دیرۆکی ئەو گۆڕە، سەتان ساڵ پاش مردنی سلێمان شا، و سەت ساڵ لەمەوبەر، دەسەڵاتدارانی نوێی تورکیا، ساڵی 1925 شێخ سەعیدی پیران لە دار دەدەن. رۆژی 29ی 6ی 1925 لە ئامەد شێخ سەعید لە دار دەدرێت، بەڵام بەدرێژایی سەت ساڵ و تاوەکو ئێستاش کەس نازانێت گۆڕی شێخ سەعیدی پیران لە کوێیە.