بەر لە راپەڕین، بە بنەماڵە یەكترمان دەناسی، چونكە لە گوندی گەزنە خانەخوێی و تێكەڵاوی خێزانییان لەگەڵ ئەو خزمە نزیكە پێشمەرگانەی ئێمەدا هەبوو كە لە خانووەكانی ئەواندابوون لەكاتی شۆڕشی ئەیلوول دا. لەكاتی راپەڕین هەردووكمان گەورەببووین، من بە سێ چوار ساڵ لەو گەورەتربووم. ئەوكات داوامان لە زۆر گەنجی شارۆچكەی دیانا دەكردن ببنە ئەندامی یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، هەندێكیان هێشتا لە ترسی گەڕانەوەی رژێمی عێراق خۆیان دەپاراست و رازی نەدەبوون، ئەو رۆژەی داوام لە كاك فەرسەت كرد، یەكسەر رازیبوو و زۆریشی پێخۆش بوو. ئەو رۆژە بیجامەیەكی لەبەربوو و تۆپێكیشی لە دەستدابوو، هەر بەوشێوەیە خۆی و برادەرێكی لەگەڵم هاتن و یەكسەر چووین بۆ مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، كە ئەوكات لەنێو قوتابخانەی دواناوەندیی دیانا بوو. لەوێ كە كاك دژوار فایق، ئەندامی سكرتاریەت قسەی لەگەڵ كرد، زۆر پێی سەرسام بوو، چونكە كاك فەرسەت باسی ئەوەی دەكرد كە رۆمانی (دایك)ی مەگسیم گۆركی و (مردووخۆرەكان)ـی خوێندووەتەوە. قسە و گفتوگۆی كاك فەرسەت كەسێكی زۆر گەورەتر لەو مێرد منداڵەی پێشاندەدا كە ئێمە لەگەڵی دانیشتبووین.
پەیوەندیی من و كاك فەرسەت لەو رۆژەوە زۆر بەهێزتر دەبوو. زۆر پەرتووكمان ئاڵوگۆڕ دەكردن. گەنجێكی زۆر نیشتیمانپەروەر بوو، بەشێكی ئەو هەستەی لە سەرسامی ئێجگار زۆری بە شیعرەكانی عەبدوڵڵا پەشێو سەرچاوەی دەگرت. ئەوكات ئێمە چالاكیی رۆشنبیری و هونەریمان زۆربوون، حەزم دەكرد بەردەوام كاك فەرسەت بە جەستە بچووك و هۆشە مەزنەکەی خۆیەوە لە پێشەوە و بەگەورەیی ببینرێت. كە ببووە پارێزگار بە كاك سەنگەر عەبدولڕەحمانی هاوكارمانی گوتبوو "ئاكۆ پێشتریش هەروابوو، وتاری دەنووسین بۆ ئاهەنگ و رێوڕەسمی نمایشكردنی شانۆگەرییەكانمان و دەیگوت تۆ بچۆ بیخوێنەوە".
هەموو كارێكی زۆر بە رژدی و لە دڵەوە وەردەگرت، بۆیەش پێیەوە ماندوو دەبوو
دوای ئەوەی من لە یەكێتیی قوتابیانی كوردستان كشامەوە و ئەو هەنگاو بە هەنگاو بەتوانا و لێهاتوویی خۆی دەچووە پێشەوە. پەیوەندیمان بەردەوام بوو، بەڵام بەشێوەیەكی كەمتر. دوای ئەوەی دەستم بە كاری رۆژنامەڤانی كرد وەك پیشە، ئەویش بووە سەرنووسەری (روانین)ی یەكێتی قوتابیانی كوردستان پەیوەندیمان زۆرتر بووەوە. هەموو كارێكی زۆر بە رژدی و لە دڵەوە وەردەگرت، بۆیەش پێیەوە ماندوو دەبوو، بەڵام سەركەوتن ئەنجامەكەیان بوو. بەلای منەوە تائێستا رۆژنامەی (روانین) سەركەوتووترین هەفتەنامەی قوتابیان بووە لە كوردستان. كە لە رۆژنامەكە نەما پێگوتم "نەمدەزانی بەبێ ئەو هەموو ماندووبوونە، ژیان ئەوەندە خۆشە". ئەوكاتەی لە پەرلەمان بوو، دوای ئەوەش پەیوەندیمان هەر بەردەوام بوو.
گوتی زۆر زۆر ماندووم، بەڵام ئینشاڵڵا زۆر كاری باش دەكەین
بەر لەوەی ببێتە پارێزگار، هاتەلام و گوتی دەمەوێ راوێژت لەگەڵ بكەم. دوای ماوەیەك بە تەلەفۆن قسەمان كرد، پێمگوت هەستدەكەم زۆر ماندووی و ماندووبوونی سەردەمی (روانین)ت بۆ گەڕاوەتەوە، گوتی زۆر زۆر ماندووم، بەڵام ئینشاڵڵا زۆر كاری باش دەكەین.
لە وەفاداریی خۆی بۆ رابردووی نێوانمان لە هەموو هەنگاوە گەورەكان راوێژێكی لەگەڵ دەكردم. ئەوكاتەی بووە پارێزگار و دایكی لە نیوزفیچەرێكی رووداو دا قسەی كرد و گوتی فەرسەت هەمیشە برادەرایەتی كەسانی لەخۆ بەتەمەنتری دەكرد. پێیگوتم دایكم مەبەستی تۆ بوو.
لەو دوو خولەكەی چوومە ژوورەكەیەوە هەوڵمدا بە چاكبوونەوەی پیرەژنە 120 ساڵییەكەی جزیرە دڵی بدەمەوە
كە هەواڵی نەخۆشكەوتنی بڵاوبووەوە نامەم بۆ نارد، بەڵام وەڵامی نەبوو.
ئەو شێوەیەی من بینیم و، چیرۆكی چارەسەرییەكەی لە ماڵ و بەر لەوەی ببردرێتە نەخۆشخانە زۆر دڵتەنگی كردم
لە نەخۆشخانە چوومەلای، لەو دوو خولەكەی چوومە ژوورەكەیەوە هەوڵمدا بە چاكبوونەوەی پیرەژنە 120 ساڵییەكەی جزیرە دڵی بدەمەوە، بەڵام ئەو شێوەیەی من بینیم و، چیرۆكی چارەسەرییەكەی لە ماڵ و بەر لەوەی ببردرێتە نەخۆشخانە زۆر دڵتەنگی كردم. كە بردرایە توركیا، جارێك هەواڵەكەیم لە بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی نووسینگەی كاك نێچیرڤان بارزانی پرسی، چەند جارێك لە خزمێكی، پێیاندەگوتم باشە، بەڵام ئەو دیمەنەی من بینیبووم، وایدەكرد زۆر هیوادار نەبم. ئەمڕۆ كە هەواڵی كۆچباركردنی ئەوم پێگەیشت، هەواڵە ناخۆشە چاوەڕوانكراوەكەم بیست.
كوردستان نیشتیمانپەروەرێك و چیرۆكێكی سەركەوتووی كوردستانی لەدەستدا
كوردستان نیشتمانپەروەرێكی لەدەستدا، منیش كەسێكی خۆشەویست. ماڵئاوا كاك فەرسەت و ئێزدانی مەزن ئاگاداری رووحت بێت، دڵنیابە باسی تۆ بەم وتارە لە ژیانی من و برادەرەكانت دا كۆتایی نایێت، چونكە چیرۆكێكی سەركەوتووی كوردستانی. هەزاران چرا لەسەر گۆڕت بن.



