كاتێك لە كارەكەی دەگەڕێتەوە دەبینێ ژنەكەی بە مۆبایل قسە دەكات، ماوەیەك گوێی لێ رادەگرێ، دەبینێ ژنەكەی قسەی زۆر رۆمانسی دەكات، بۆیە گومانی لێدەكات و یەكسەر تەلەفۆنەكەی لێوەردەگرێ، كاتێك نامەكانی نێو مۆبایلی ژنەكەی دەبینێ، هەر لەوێ بڕیار لە چارەنووسی ژیانی خێزانییان دەدات.
ئەو پیاوە بڕیارێكی زۆر ژیرانەی دابوو، یەكسەر هەڵنەچووبوو پەنا بۆ كوشتنی ژنەكەی ببات، بەڵكو دەستی ژنەكەی گرتبوو، مۆبایلەكەی هەڵگرتبوو یەكسەر بردبووی بۆ پۆلیس و لەوێ بە تۆمەتی خیانەت، سكاڵای لەسەر تۆمار كردبوو.
پیاوەكە گێڕایەوە: "كە سەیری نێو مۆبایلەكەم كرد، بینیم قسەی لەگەڵ پیاوێكی نەناسراو كردووە، وێنە و ڤیدیۆی بۆ ناردووە، نامەی رۆمانسییان لەگەڵ یەكدی گۆڕیوەتەوە، لە هەمووشی ناخۆشتر یەكێك لە نامەكانی پیاوەكە بوو كە وەكو منەت بە هاوژینەكەمی گوتووە: گیانەكەم ئەگەر من تۆم خۆشنەویستایە نەمدەهێشت منداڵ لە نێوانماندا هەبێ".
پیاوەكە دوای ئەوەی ژنەكە و بەڵگەكانی نێو مۆبایلەكە تەسلیمی پۆلیس دەكات، هەر لەوێ دەڵێت ئەو منداڵە هی من نییە و دەمەوێ پشكنین بۆ منداڵەكانی دیكەشم بكەن، چونكە ژنەكەم خیانەتی لێكردووم. كاتێك پشكنین بۆ منداڵەكان دەكرێ، دەردەكەوێ یەكێك لە منداڵەكان لەو پیاوە نییە، بەڵكو منداڵی ئەو كەسەیە كە پەیوەندی لەگەڵ هاوژینەكەیدا هەبووە.
دۆسیەیەیان بۆ كرایەوە، كاتێك قسە لەگەڵ ژنەكە كرا، نەیتوانی نكۆڵی لەوە بكات كە پەیوەندی لەگەڵ ئەو كوڕەدا هەبووە و یەكێك لە منداڵەكانیش كوڕی ئەوە. ژنەكە گوتی "دروستكردنی منداڵەكە لەسەر داواكاری كوڕەكە بوو، ئەویش وەك پێشاندانی نیازپاكی خۆی بەرامبەر ئەو خۆشەویستییەی بۆ منی هەبوو، هەر خۆیشی ناوی لە منداڵەكە نا".
كاتێك كوڕەكە دەستگیركرا، ئەویش هەمان قسەی كرد و گوتی "بۆ دەربڕینی خۆشەویستیی خۆم بۆ ئەو داوام كرد منداڵێكمان هەبێ". كوڕەكە ئامادەیی خۆی نیشان دا ئەگەر ئافرەتەكە لە هاوژینەكەی خۆی جیاببێتەوە، ئەو مارەی بكات و منداڵەكەشی بەخێو بكات.
دۆسیەكە رەوانەی بەردەم دادوەر كرا، دادوەریش بەپێی ماددە 377 لە یاسای سزادانی عێراق كە تایبەتە بەو تاوانانەی كار دەكەنە سەر خێزان، دادگایی كردن و سزای دان. چونكە پیاوەكە هەرچەندە ژنەكەی تەڵاق دا، بەڵام ئامادە نەبوو سكاڵاكەی لە دژی ژنەكەی بكشێنێتەوە. كوڕەكە و ئافرەتەكەش داوایان لە دادگا كرد كە گرێبەستی هاوسەرگیرییان بۆ بكەن، بەڵام تاوەكو حوكمەكەیان تەواو نەكەن ئەو گرێبەستە ناكرێ و نابنە هاوژین.
ئەو ژن و پیاوە دەكرا بە رێگایەكی دروست بگەنە یەكتری، بۆ نموونە ئافرەتەكە مادام حەزی لەو كوڕە كردووە، دەكرا داوای جیابوونەوە لە هاوژینەكەی بكات و پاشان درێژە بە پەیوەندییەكەی لەگەڵ كوڕەكە بدات و داوای لە كوڕەكە بكردایە بچێتە خوازبێنی. بەڵام نازانرێ بۆچی ئەو كارەی نەكردووە، ئایا لە هاوژینەكەی دڵنیا نەبووە كە دەستبەرداری ببێ و تەڵاقی بدات، یان متمانەی بە خۆشەویستەكەی نەبووە كە ئامادە نەبێ ئافرەتێكی تەڵاقدراو بخوازێ.
ئێستا ئەوان دەتوانن دەرس لە رابردوویان وەربگرن و دەست بە ژیانێكی نوێ بكەن، دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد دەبن ببنە هاوژینی یەكدی و پەروەردەیەكی باشی منداڵەكەیان بكەن و ئەوەی لە نێوانیان روویداوە كار لە ئایندەی منداڵەكەیان نەكات.


.png&w=3840&q=75)
