عەبدولستار مەجید چیرۆکی ئەو باوکە دەگێڕێتەوە کە لە شەڕی بزووتنەوە و یەکێتی دا چووە سەر تەرمی کوڕەکەی

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

عەبدولستار مەجید، کتێبێک لەبارەی ژیانی کۆمەڵایەتی، پێشمەرگایەتی و سیاسیی خۆی چاپ و بڵاو دەکاتەوە. لە بەشێکی کتێبەکەدا بەناوی "دیمەنێکی جەرگبڕ" چیرۆکی باوکێکی یەکێتی دەگێڕێتەوە کە لە شەڕی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی دا چووەتە سەر تەرمی کوڕەکەی، کە پێشمەرگەی بزووتنەوە بووە.
 
کتێبی "چۆن دەستمپێکرد؟"، لە 270 لاپەڕە پێکهاتووە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان ژمارە (635)ی سپاردنی پێداوە. عەبدولستار مەجید بە رووداوی گوت: "لە کتێبەکەدا تەنیا سەرکەوتنەکانم نەگێڕاوەتەوە، بەڵکو پەنجەم لەسەر هەڵە و شکستەکانیش داناوە."
 
عەبدولستار مەجید، کە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستانە دەڵێت: "لە کتێبەکەدا باسی ئەو رووداوانەم کردووە کە خۆم وەکو شایەت تێیاندا بووم و بینیومن."
 
عەبدلستار مەجید، لە کتێبی "چۆن دەستمپێکرد؟"دا، باسی ژیانی پێشمەرگایەتی لە شاخ، راپەڕین، شەڕی نێوخۆ و جیابوونەوەی کۆمەڵی ئیسلامی لە بزووتنەوەی ئیسلامی و چەند رووداوێکی دیکە دەکات."
 
دیمەنێکی جەرگبڕ
 
عەبدولستار مەجید، چیرۆکەکانی شەڕی نێوخۆ (بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) لە کتێبەکەیدا دەگێڕێتەوە و لە بەشێکدا بە ناونیشانی (دیمەنێکی جەرگبڕ)دا دەڵێت: "کاتی خۆی لە بەرەی پشدەر برایەکمان لەگەڵدا بوو ناوی رێباز بوو، بابیشی یەکێتی بوو، لە شەڕێکدا کەوتنە بەرامبەر یەکدی، رێباز شەهید بوو، یەکەم کەسیش کە چووبووە سەر تەرمەکەی بابی بوو، دەبینێ کە کوڕەکەی شەهید بووە، زۆر ناڕەحەت دەبێت، چەکەکەی فڕێدەدات و بە چاوی پڕ فرمێسک و دونیایەک خەفەتەوە تەرمی کوڕەکەی دەباتەوە."
 
عەبدولستار مەجید نووسیویەتی: "هەرگیز ئەو دیمەنە ناخهەژێنەم لەبیر ناچێت، هیواخوازم جارێکی دیکە ئەو دیمەن و کارەساتانە دووبارە نەبنەوە و سەرکردایەتیی کوردیش پەند لەو هەموو ماڵوێرانییە وەرگرێ و دڵسۆزی خاک و خەڵکی خۆیان بن."
 
راگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان
 
لەبارەی راگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان (کە ئێستا ناوەکەی بۆ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گۆڕدراوە) نووسیویەتی: "لە رۆژی 31-05-2001دا، لە سیروان و هەورامان و خورماڵ و ئەو ناوچانەی کە زیاتر پێشمەرگە و ئەندام و کادیری ئێمەی تێدابوو، هەروەها لە رانیە و هەولێر و سلێمانی و چەندان شوێنی دیکە، حیزبی "کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان"مان راگەیاند، هەڵەبجە و دەوروبەریشی لایەنگرانی مامۆستا عەلی و ئەوان بوون، یان بێلایەن بوون، دوای ئەو راگەیاندنە برایانی ئەولا هاتنە سەرمان لە (سیروان) تەقەی زۆریشیان لێکردین، بەڵام زۆر خۆمان پاراست و لەو شەڕە خۆمان لادا، خەڵکی زۆرمان ناردە لایان کە وازبێنن و ئێمە نیازی شەڕمان لەگەڵیان نییە، خوا کردی بە زیانێکی کەم لێی دەرچووین، دواتریش مامۆستا مەلا عەلی عەبدولعەزیز، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانی راگەیاندەوە."
 
عەبدولستار مەجید قادر گەردی، ساڵی 1970 لە گوندی ئەشکەوسەقای سەر بە ناحیەی شۆڕش (دێگەڵە) لە سنووری پارێزگای هەولێر لەدایکبووە. ساڵی 1986 بووەتە پێشمەرگەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان. دواتر لە ساڵی 2001 چووەتە نێو کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و لە پشکی ئەو حیزبە وەزیر بووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش سەرۆکی لیست بووە و ئێستاش سەرۆکی لیستی هەمان حیزبە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی هەولێر.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە