لە هەرێمی کوردستاندا هەمووان چ وەک پارتی سیاسی چ وەک هاووڵاتیی ئاسایی هەست بەو لێکترازانە دەکەین کە لە ئەنجامی بەرژەوەندیی تایبەتدا لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە.
ئەم ئەزموونە چەندینجار تاقیکراوەتەوە، بەڵام دواجار هەر تێگەیشتن پاشان رێککەوتن دواتر یەکبوون چارەسەری هەموو کێشەکانی کردووە، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بوو کە (سەرۆک بارزانی)، فەرمووی: رشتنی خوێنی کورد بە دەستی کورد تەحریم دەکەم.
ناجۆرە دوای ئەزموونکردنی چەندین قۆناخ و لێکەوتەکانی و زیانەکانی، دووبارە بێینەوە هەمان ئەزموونی بێسوود دووبارە بکەینەوە! لەکاتێکدا کە بەرهەمی یەکدەستی و یەکڕیزیمان بینیوە، هەم دەستکەوتی هەبووە بۆمان هەم دەربازیشیکردووین لە نەمان.
هاوکێشەکانی جیهان و ناوچەکەش هەم لە ئێمە و هەم لە هەمووان دەخوازێت کە بە یەکگرتووییەوە رووبەڕووی پێشهات و گۆڕانکارییەکان ببینەوە، ئەوەیشی تەنهابێت گەر ون نەبێت وێڵ دەبێت.
ئاسایی و رەواشە کە پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەرنامەی سیاسیی خۆیانیان هەبێت و ململانێ بکەن لەسەر دەسەڵات، ئەمەش بنەمایەکی سرووشتی کاری سیاسییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە ئەو ململانێیە پەلبکێشێت بۆ دەستدرێژیکردنەسەر بەها نیشتمانییەکان و لێکترازان گەورەتربکات و دووری ئاسۆی رووناکی دوورتربکاتەوە لە بری ئەوەی نزیکتریبکاتەوە.
ئێمە مەحکومین بەوەی بەیەکەوەبین، چونکە پەرتەوازەیی دەمانبات بەرەو رێگەیەک کە ئەوسەری دیوارێکە و قەتیس دەبین لەبەردەمیدا، لە هەر کاتێک و لە هەر دۆخێکدا بگەڕێینەوە بۆ دواوە بەر لەوەی بگەین بەو دیوارە، (بەڵام گەڕانەوەمان بۆ لای یەکدی نەک گەڕانەوەی بێ ئەنجام)، ئەو کاتە هەمووان سوودمەندین.
ئەم هەستی بەرپرسیارێتییەش دەوڵەتمەدارێکی دەوێت کە هەنگاوێک لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبییەوە بیر بکاتەوە و مامەڵە بکات، یان قۆناخێک لە پێشتر بێت لە هەستکردن بە پێویستی یەکبوون و گرنگیی یەکڕیزی، پەیامەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە جەژندا، گوزارشتێکی روون و بێ خەوشبوو بۆ لایەنەکان، بۆ ئەوەی وەک هەمیشە دەرگەی گفتوگۆ بکەنەوە و رووبەڕوو رەخنە لە یەکدی بگرن و کەشی گشتی ئارام بکەنەوە بەو کەرەستەیەی کە خەڵک ئاواتەخوازییەتی، جێگەی ستایشە کە هەوڵەکان بەردەوامن و نزکبوونەوەش روویداوە بۆ دانیشتنی لایەنەکان، کە هەم خواستی خەڵکە، هەم ئایندەبەخشە.
ئێمە زۆرمان تاقیکردەوە لەگەڵ یەکدیدا، بەڵام دەرکەوت بەیەکەوە جوانین، هاتنەخوارەوەش لە کەلی شەیتان هەمیشە ئاشتی بەدوادا هاتووە. هەموو سەرکەوتن و دەستکەوتەکانمان بەرهەمی ئاشتەوایی و یەکدەستیی ناوخۆییمان بووە، هەموو زیان و کێشەکانیشمان بەرئەنجامی لێکترازان و پەرتەوازەیی.
بۆیە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە رەهایی هەمیشە دووپاتیدەکاتەوە کە پێکەوە دەستکەوتمان دەبێ و بە جیا و بە پەرت و بڵاوی کەسمان هیچ بەدەست ناهێنین.



