ژنەكەی لە ماڵ دەریكرد

15-12-2017
ژیلەمۆ عەبدولقادر
نیشانەکردن هاوسەرگیری
A+ A-
ئەگەر بیزانیایە بەو رۆژگارە رەشە دەگات، هەرگیز واژووی لەسەر گرێبەستێك نەدەكرد كە دواجار وەك ئەوەی لێهات بە دەستی خۆت چاڵ بۆ خۆت لێبدەی. ئەمە بەسەر پیاوێك هاتووە كە ژنەكەی لە ماڵەكەی دەریكردووە و كەسیش نییە باوەشی بۆ بگرێتەوە.

رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی پەیوەندی پێوە كردین و باسی ئەو پیاوەی بۆ كردین كە بێ‌ ماڵ و حاڵە، بەڵكو شوێنێكی بۆ دابین بكەین. داوامان لە رێكخراوەكە كرد كە پیاوەكە بنێرن بۆ لامان بۆ ئەوەی گوێ‌ لە كێشەكەی بگرین و چارەسەرێكی بۆ بدۆزینەوە.

پیاوەكە باسی سەرەتای كێشەی خۆی كرد و گوتی: "گەنج بووم، باری داراییم زۆر باش نەبوو، كچێكی دەوڵەمەندم ناسی كە هاوتەمەنی خۆم بوو، باسی هاوسەرگیریم لەگەڵ كرد، بەڵام پێمگوت باری داراییم باش نییە، ئەو گوتی جا ئەوە كەی كێشەیە، من پارە و خانووم هەیە، بەڵام یەك مەرجم هەیە، ئەویش ئەوەیە لە گرێبەستی هاوسەرگیرییەكە واژوو بكەی كە تەڵاق و جیابوونەوە بە دەستی ژنەكەم بێ‌. من سەرەتا ویستم نەچمە ژێر باری ئەو داواكارییە و پێمگوت شەرع رێگە بەو كارە نادات، چونكە من بیستوومە تەڵاق و جیابوونەوە هەر بەدەست پیاوە. بەڵام ژنەكە گوتی نەخێر شتی وا نییە، حەز دەكەی بڕۆ لە مەلا و شەرعزان و یاساناسان بپرسە، منیش لە مەلام پرسی، گوتی نەخێر ناشەرعی نییە، بۆیە بە داواكاری ئافرەتەكە رازی بووم، چووینە دادگا و گرێبەستمان كرد و لە گرێبەستەكە رازی بووم كە تەڵاق و جیابوونەوەی بە دەستی ژنەكەم بێ‌".

ئەو پیاوە كە تەمەنی لە دەوروبەری 50 ساڵ دەبوو درێژەی بە گێڕانەوەكەی دا و گوتی "سەرەتا هیچ كێشەیەكمان نەبوو، چووینە نێو خانووی ژنەكەم، چەند ساڵێكمان بەبێ‌ كێشە تێپەڕاند، بەڵام دواتر بەرە بەرە كێشە لە نێوانمان سەری هەڵدا، چەند جارێك لە داخی ژنەكەم ماڵم جێهێشت. هەتا پارەم پێ‌ بووایە لە هوتێل دەمامەوە، دواتر دەگەڕامەوە ماڵەوە. ژنەكەم تاقەتی لە من چوو بوو، زوو زوو كێشەمان دەبوو، هەمووجارێك دەیگوت با بەخۆشی جیاببینەوە، بەڵام من رازی نەدەبووم، تا رۆژێكیان گوتی لە گرێبەستی هاوسەرگیریمان نووسراوە تەڵاق بەدەست منە، تەڵاقی دام و لە ماڵ دەری كردم. سەردانی دادگام كرد بەڵام لە دادگا گوتیان تۆ پێشتر خۆت رازی بوویت كە جیابوونەوە بە دەست ژنەكەت بێت. پێمگوتن ئەی مافی من؟ گوتیان مافی تۆ ئەوەیە كە ژنەكەت ناتوانێ‌ داوای هەقە مارەیی و نەفەقەی خۆی و منداڵەكانی بكات، چونكە جیابوونەوەكە لەسەر داوای ئەو بووە، لەو حاڵەتەدا ئافرەتەكە هیچ مافێكی ناكەوێ‌".

نەتوانرا بانگی ئافرەتەكە بكرێ‌ و قسەی لەگەڵ بكرێ‌، چونكە ئافرەتەكە لە دادگا هەموو شتێكی بڕاندبووەوە.  بە پیاوەكەش راگەیەنرا كە ئێمە بەرپرس نین لە دابینكردنی شوێنی حەوانەوە بۆ كەسانی وەكو تۆ، بەڵكو دەتوانی لە رێگەی وەزارەتی كارەوە داوا بكەی بچیتە خانەی بەساڵاچوون، بەڵام بەو مەرجەی رێنماییەكان شمولت بكەن. ئەویش گوتی چووم بۆ خانە بەساڵاچووان، بەڵام وەریاننەگرتم.

لە یاسای ژمارە 188ی ساڵی 1959ی یاسای باری كەسیدا هاتووە "مێرد دەتوانێ‌ لە كاتی گرێبەستی هاوسەرگیریدا مافی تەڵاق و جیابوونەوە بداتە ژنەكەی".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە