ئیسلامییەكان و سروودی نیشتمانی

15-11-2013
ولادیمێر ڤان ویلخنبێرگ
نیشانەکردن سروودی نیشتمانی
A+ A-
لە كوردستان هەرایەك دروست بوو. ئەویش دوای ئەوەی كە دوو پەرلەمانتاری ئیسلامی سەر بە كۆمەڵی ئیسلامی رەتیانكردنەوە بۆ سروودی ئەی رەقیب هەستنە سەرپێ. ئەمەش ئاسانە بۆ مرۆڤ لێی تێبگات، چونكە ئەوان پەیڕەوی لە سەركردەكەیان (واتە عەلی باپیر) دەكەن كە پێشتر رەتیكردەوە بۆ سروودەكە هەستێتە سەرپێ، هەروەها پێشیانوایە رستەیەك لە سروودەكەدا هەیە كە كوفرە. ئەمەش ئاماژەیەكی دیكەیە بۆ پێشاندانی ئەو رۆڵەی ئیسلام لە كۆمەڵگەی كوردیدا دەیگێڕێت.

لە هەرێمی كوردستاندا زۆر لەو رۆژئاواییانەی رووی تێدەكەن، وادەزانن سیستمێكی عەلمانی هەیە، ئەویش لەبەرئەوەی دەتوانن بەئازادی مەشروب بخۆنەوە. لێكۆڵەرە رۆژئاواییەكانیش هەمیشە سەركردە كوردەكان وەكو سەركردەی عەلمانی دەناسێنن. لەڕاستیدا ئەوان هەر عەلمانی نین. لە كوردستان پارتی ئیسلامی و نائیسلامی هەن. هەرچەندە رۆژئاواییەكانیش لە كوردستان كاردەكەن، بەڵام ئەوان تەواو دابڕاون لە كۆمەڵگەی كوردی، تەنیا ئەوكاتانە نەبێت كە لەگەڵ كەسێكی كورددا هاوسەرگیری دەكەن.

پارتە نائیسلامییەكانی وەكو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی تاڵەبانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی بارزانی و بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا، هیچیان عەلمانی نین. پەرلەمانتارانی گۆڕان دەڵێن لەگەڵ هیچ كارێكدا نابن كە كۆك نەبێت لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام. لەكاتی ناڕەزاییەكانی ساڵی 2011یش لە سلێمانی، گۆڕان مەلا و نوێژی بەكۆمەڵی بەكاردەهێنا. پارتی و یەكێتیش موجامەلەی ئیسلامییەكانیان دەكرد بەوەی كە شەریعەتی ئیسلامیان لە دەستووردا گونجاند و ئێستاشی لەگەڵدابێت مەلاكان بۆ ئامانجە سیاسییەكانیان بەكاردەهێنن. جگە لەمەش، وەزارەتێكی تایبەت بە كاروباری ئاینییان هەیە.

بۆیە كەسێكی وەكو عادل باخەوان دەڵێت لە كوردستان هیچ پارتێكی عەلمانی نییە. هەر لەبەر ئەو بەئیسلامیكردنەشە كە تەنانەت قسەكردنیش لەسەر سێكس دەبێتە حەرام و ماچێكیش لە شوێنێكی گشتیدا دەبێتە كێشەیەكی گەورە. بەدواشیدا پەیكەری شاعیرێكی خوانەناس (ئاتەئیست) دەسووتێندرێت.

 بۆ رۆژنامەیەك لە كوردستان ئاسانترین شت ئەوەیە شتێكی نەرێنی لەسەر ئیسلام بڵاوبكەیتەوە و بەدوایدا دابخرێی یان قەدەخە بكرێی. هەرچەندە زۆر هوتێلی رۆژئاوایی كراونەتەوە، زۆر گۆرانیبێژی "مۆدێرن"ی وەكو دەشنێ موراد و لۆكە زاهیر پەیدابوون، بەڵام كۆمەڵگەی كوردی رۆژ بە رۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە. ئێستا پارتە كوردییەكان كێبڕكێی ئەوەیانە كە كامیان ئیسلامیترە.

هەرچەندە ئەوە لۆژیكییە كە موسڵمانەكان سروودی ئەی رەقیب رەتبكەنەوە، چونكە تێیدا دەگوترێت ئاینمان كوردستانە نەك ئیسلام. ئەگەر لە زۆر لە كوردە موسڵمانەكانی خەڵكی كوردستانی عێراق بپرسیت ئایا ئەوان موسڵمانن؟ یەكسەر وەڵامت دەدەنەوە كە ئەوان یەكەمجار موسڵمانن، ئینجا كوردن.

هەرچەندە عەلی باپیر پێیگوتم كە ئەوان پێیانوایە سروودی ئەی رەقیب رێز لە كەمینە نەتەوەیی و ئاینییەكانی كوردستانیش ناگرێت، بەڵام هەموو كەس دەزانێت كە تاكە هۆكار وادەكات ئیسلامییەكان سروودەكە رەتبكەنەوە ئەوەیە كە پێیانوایە كوفری تێدایە. هەرچەندە پارتە ئیسلامییەكان دەڵێن ئەوان پشتیوانی لە دەوڵەتێكی كوردی دەكەن، بەڵام بۆ ئەوان گرنگتر لەوە بەئیسلامیكردنی كۆمەڵگەی كوردستانە.

كەواتە پارتە نائیسلامییەكان دوو رێگەیان لەپێشە، ئەویش ئەوەیە كە یان رێگە بە ئیسلامیزەكردنی كۆمەڵگە بدەن، یان سیاسەتی عەلمانیانە بگرنەبەر.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە