زۆر به‌کورتی.. چوارده‌ساڵ به‌ر له‌ئێستا له‌په‌لامارێکی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا پێنچ کۆمۆنیست کوژران یه‌کێک له‌وانه برا ته‌مه‌ن نۆزده ساڵه‌که‌ی من بوو، ئیتر نوقته سه‌ری دێڕ.
بۆ ئه‌وانه‌ی که هیچ له‌مباره‌یه‌وه نازانن، رۆژی 14/7/2000 هێزه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، که له‌ئاسایش و ده‌زگای زانیاری پێکهاتبوون، په‌لاماری ئۆتۆمبێلێکی ئه‌ندامانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییان دا له‌گه‌ڕه‌کی شۆڕش، ئه‌وان بۆ کڕینی خواردن نێردرابوونه ده‌ره‌وه‌ی باره‌گاکه‌یان، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شه‌ڕێک له‌ئارادا بووبێت، ده‌که‌ونه که‌مینێکی ئه‌و هێزانه‌وه، که پێشتر له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فا، جێگری یه‌که‌می ئه‌وکاته‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و سه‌رکه‌وتی کوببه، به‌رپرسی ئاسایشی گشتی سلێمانی له‌و کاته‌دا ئاماده‌کاری بۆ کراوه. هه‌ر له‌ناو ئۆتۆمبێله‌که‌دا ته‌قه‌یان لێده‌کرێت و به‌بێ ئه‌وه‌ی فریابکه‌ون و ده‌ستبکه‌نه‌وه، چوار که‌س له ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه به‌ناوه‌کانی «شێخ عه‌بدول، هاوکار محه‌ممه‌د، هاوڕێ له‌تیف، محه‌ممه‌د مسته‌فا» دەکوژن و یه‌کێکیشیان به برینداری ده‌ستبه‌سه‌رکرد، هاوکات هه‌ر که‌مێک دورتر له‌و شوێنه، باره‌گای کۆمیته‌ی رابه‌ری ئه‌و حیزبه، که به‌ته‌نیشت ماڵی نه‌وشیروان مستهفاوهیهو له‌وکاته‌دا مه‌کته‌ب سیاسییه‌کانی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان له‌کۆبونه‌وه‌دان، ده‌کرێته ئامانج و به‌قه‌ناس ئه‌ندامێکی دیکه‌یان به‌ناوی ئومێد نیکبین، که کوردی رۆژهه‌ڵاته، ده‌کوژن.
هه‌رگیز لهئهنجامدهر و پلاندانه‌رانی ئه‌م تاوانه خۆش نابین به‌تایبه‌تی له نه‌وشیروان مسته‌فا
هه‌تا ئێره زۆرینه‌تان ده‌یزانن ئیتر له‌هه‌ر رێگایه‌که‌وه بێت، ئه‌وه‌ی هه‌مووتان نایزانن ورده‌کاری ساڵانی رابردوی خێزانی ئه‌و قوربانییانه‌یه، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی گوێ بۆ چیرۆکی ئێمه ده‌گرن، تاسه ده‌یانباته‌وه و پێیانوایه باسی سێ ده‌یه له‌مه‌وبه‌ریان بۆ ده‌که‌م، پێیانوایه باسی ئه‌و کاته‌یان بۆ ده‌که‌م، که به‌به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه چه‌ند «موخهرریبێکیان» ره‌می ده‌کرد و که‌سوکاره‌که‌شیان بۆیان نه‌بوو به‌سه‌رو سه‌ودای لاشه‌ی کوڕه‌کانیانه‌وه بڕۆن.
هه‌ر به‌راستی ئه‌مه به‌سه‌ر ئێمه‌دا هات، به‌ڵام لهدهیهیهکی تر‌و له‌سه‌ر ده‌ستی حکومه‌تی خۆماڵی و حیزبی کوردی، ئه‌وانه‌شی که کوژران ته‌نها نازناوه‌که‌یان لهموخهرریبهوه گۆڕابوو بۆ تێکده‌رو گێره‌شێوێن و ئاژاوه‌گێڕ.
ئه‌وانه‌ی که ئه‌و سهرلهئێوارهیه له‌گردی عه‌لی ناجی هه‌ر که‌مێک خوار ئه‌منه سوره‌که له‌چاو تروکانێکدا خه‌ڵتانی خوێن کران، ده‌ستبه‌جێ لاشه‌کانیان کۆکرانه‌وه‌و برانه فه‌رمانگه‌ی پزیشکی دادوه‌ری، ئه‌و حهریقانهش که پێشتر بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری تاوانه‌که ئاماده‌کرابوون، هه‌ر زوو کاری خۆیان کرد، زۆر جوان وه‌ک به‌ری ده‌ست پاکیان کرده‌وه، به‌ڵام بۆ هه‌میشه ئاگرێکی نه‌کوژاوه‌یان له‌دڵی ئێمه‌دا کرده‌وه.
بۆ هه‌میشه ئاگرێکی نه‌کوژاوه‌یان له‌دڵی ئێمه‌دا کرده‌وه
ئاسان نییه له پرسه‌ی کوڕه‌که‌تدا به‌دوای ته‌رمه‌که‌یدا بگه‌ڕێیت وایه؟ به‌ڵام دایکم به‌دوایدا ده‌گه‌ڕا.
سه‌یره دایکێک بزانێت کێ کوڕه‌که‌ی کوشتووه، به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌ستگیربکرێن ئه‌م ناچاربکرێت ته‌نها به‌وه رازی بێت، که‌شوێنی ناشتنه‌که‌ی پیشانبده‌ن.
له‌م کوردستانه ئه‌وه‌ته‌ی من چاوم کردۆته‌وه واسته ئه‌خوات، دایکم له رۆژی دوه‌می پرسه‌که‌دا به‌واسته شوێنی ناشتنی کوڕه‌که‌ی پێ پیشاندرا.
چوینه ئه‌وێ، پێنچ ته‌رم به‌دوای یه‌کدا به‌ڕیزه‌وه نێژرابوون، که‌س نه‌یده‌زانی کێ له کامه گڵکۆدایه، ئایا هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌وه گڵکۆی براکه‌م بوو که‌دایکم له‌سه‌ری دانیشتبوو یان ئه‌وه هی یه‌کێکی دیکه‌یان بوو، ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه که‌دوای چوارده ساڵیش له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌ردانێکی دایکمدا دێته‌وه گۆڕێ.
ئه‌و رۆژه دایکم له‌م گڵکۆ بۆ ئه‌ویان ده‌چوو، یه‌ک به یه‌ک له‌باوه‌شی ده‌گرتن خۆڵهکهیانی ده‌کرد به‌سه‌ری خۆیداو سه‌ری به‌رزده‌کرده‌وه بۆ ئاسمان، له‌هه‌ر جارێکدا ده‌یگوت «خوایه ئه‌م غه‌دره قبوڵ نه‌که‌یت»، هه‌ڵده‌ستایه‌وه‌و ده‌چۆوه بۆلای گۆڕهه‌ڵکه‌نه‌که جارێکی دیکه لێیدهپرسیهوه ئه‌مه‌ی له‌ژێر ئه‌م گڵکۆیهدایه شکڵی چۆن بوو، دایکم که‌زۆر به‌وردی گوێی بۆ ده‌گرت، ده‌یگوت "دایکت نه‌ژی ئه‌ره‌وه‌ڵا ئه‌وه کوڕه‌که‌ی منه".
ئه‌و شه‌وه که ئه‌م ته‌رمانه‌یان هێناوه، ته‌نکه‌رێک ئاویان پێبوه و هه‌ر لێره شووشتویانن
به‌دووری بیست مه‌ترێکیش هێشتا جله سووتاوه‌کانیان له‌ولاوه که‌وتبوو، گۆڕهه‌ڵکه‌نه‌که ده‌یگوت ئه‌و شه‌وه که ئه‌م ته‌رمانه‌یان هێناوه، ته‌نکه‌رێک ئاویان پێبوه هه‌ر لێره شووشتویانن و بهشۆفڵیش گۆڕه‌کانیان هه‌ڵکه‌ندووه، دواتریش له‌ولاوه جله‌کانی به‌ریان سووتاندوون، ئه‌مانه‌ش زۆر به‌په‌له جێبه‌جێکراون.
ئیتر لێره‌وه سه‌رده‌می قاچاخی ماڵی ئێمه ده‌ستپێده‌کات، سه‌رده‌مێک که بۆ هه‌ر کوێ ده‌چیت به‌دواته‌وه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌هیچ شوێنێک بۆت نییه بڵێیت کوڕێک یان برایه‌کم هه‌بوو کۆمۆنیست بوو کوژرا.
بێده‌نگ نه‌بوونی ماڵی ئێمه بێ باج نه‌بوو، ده‌بوو هه‌ڵیبژێرین دۆزه‌خێک به‌شه‌ق و ئیهانه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنه‌وه، یان ئارامییه‌ک به‌زه‌لیلی.
ئێمه رێگه‌ی یه‌که‌ممان هه‌ڵبژارد، ته‌نها دوو مانگ دواتر برایه‌کی ترم له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌هه‌ولێره‌وه بۆ سلێمانی دیارنه‌ما، ئێمه دوای هه‌فته‌یه‌ک زانیمان که‌ئاسایش گرتویه‌تی، به‌ڵام دوای یه‌ک مانگ ته‌له‌فۆنمان له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه بۆ کرا.
ده‌بوو هه‌ڵیبژێرین دۆزه‌خێک به‌شه‌ق و ئیهانه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنه‌وه، یان ئارامییه‌ک به‌زه‌لیلی
ئه‌وه‌ی ته‌له‌فۆنه‌که‌ی کرد که‌سێک بوو به نوێنه‌رایه‌تی سه‌رکه‌وتی کوببه، -پڕۆسه‌ی کوشتنی پێنج کەسهکهش ئه‌و به‌پلانی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌نجامیدابوو- داوا له‌دایکم کرا بڕوات به‌ڵێننامه پڕبکاته‌وه، که‌کوڕه‌که‌ی هیچ چالاکییه‌کی حیزبی ناکات، زۆر به‌کورتی ئه‌مه وه‌ڵامی دایکم بوو.. «ئه‌مه‌شیان بکوژن، هه‌ر به‌واسته‌ی خۆتان گۆڕی ئه‌م کوڕهکهشیانم ده‌دۆزمه‌وه«.
هه‌ر سه‌رقه‌برانێکی ئێمه چینێک لێدان و سووکایه‌تی و جنێوی پێوه بووه، مه‌فره‌زه‌ی ئاسایش وه‌ک ره‌شه‌با ده‌گه‌یشتن کاتێک خه‌به‌ریان پێده‌گه‌یشت، که ئێمه له‌وێین، تاکه تابلۆیه‌ک، که له‌سه‌ری نووسرابوو «ئه‌م پێنچ که‌سه له 14.7.2000 به‌ده‌ستی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان کوژراون»، به لولکراوی لهسهرقهبرانی داهاتوو بینیمانه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش که لهسهرقهبرانهکه خهتاتیی نووسینی سه‌ر گۆڕه‌که‌و تابلۆکه‌ی کردبوو، له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه ده‌ستگیرکرابوو، هه‌تا وای لێهات ئیتر گۆڕههڵکهنهکەش نه‌یده‌وێرا سڵاویشمان لێبکات.
به‌ڵام هیچی ئه‌و جهژنهم لهبیرنایەتهوه، که چۆن به‌شێک له‌خێزانه‌که‌م وه‌ک (پاسه‌که‌ی خوێندکارانی زانکۆ له‌دوای خۆپیشاندانه‌کانی ١٧ی شوبات) ئه‌نفالکران. ئه‌و رۆژه نه‌نکم، که ئه‌وکات ته‌مه‌نی 78 ساڵ بوو، له‌گه‌ڵ خوشکه‌کانم هه‌ر لهسهرقهبرانهوه هه‌تا به‌رده‌رگا راونرابوون، ئاسایش له‌به‌رده‌رگا چه‌کی لێ راده‌کێشان، شه‌قیان له‌و ره‌سمه‌ی براکه‌م هه‌ڵده‌دا، که به‌ده‌ستی نه‌نکمه‌وه بوو، له‌به‌رچاوی گه‌وره‌و بچوکی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌دا ئێمه‌یان به‌بێ ئه‌خلاق و …تد بانگ ده‌کرد، به‌عس ئاسا ده‌یانگوت.. «ماڵه‌که‌تان به‌سه‌را ده‌ڕووخێنین ئه‌گه‌ر ده‌متان دانه‌خه‌ن».
هه‌ر سه‌رقه‌برانێکی ئێمه چینێک لێدان و سووکایه‌تی و جنێوی پێوه بووه
له‌ولاشه‌وه دایکم و خوشکێکی دیکه‌میان به‌شه‌ق هه‌تا پۆلیسی سه‌رکارێز بردبوو، هه‌تا دره‌نگانێکی ئێواره‌ش ئه‌وان ده‌ستبه‌سه‌ربوون، ئه‌زانن بۆچی؟ ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و رۆژه پۆسته‌ری هاوڕێیان هه‌ڵواسیبوو، به‌و خه‌ڵکه‌یان گوتبوو کوڕه‌که‌م ئه‌مانه کوشتیان.
جه‌نابی سه‌رکرده.. من باسی ئه‌وانه‌ت بۆ ناکه‌م، که له‌سایه‌ی تۆ نان‌بڕاو بووین، دۆسیه‌ی دامه‌زراندنی هه‌ر که‌سێکی ماڵه‌که‌ی ئێمه بگه‌یشتایه‌ته هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ک به تۆمه‌تی کۆمۆنیست بوون دهتخسته ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌که‌وه، باسی هه‌موو ئه‌و راونان و چاو سوورکردنهوانهش ناکه‌م، که له‌و ماوه‌یه‌دا به‌سه‌رمان هاتووه، ئیتر ئێستا سه‌رده‌مێکی تره.
ئێستا دوای چوارده‌ساڵ له‌م تیرۆره، دایکم ناڵێت کوڕه‌که‌متان بۆ کوشت، ده‌ڵێت چه‌ند چوارده ساڵی تر چاوه‌ڕێ بکه‌ین؟ کوشتنی کوڕه‌که‌م له‌ناوه‌ڕاستی شارێکداو به‌به‌رچاوی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه‌وه تاوان بوو؟ ئه‌گه‌ر وایه ده‌مه‌وێت له‌شوێنێکدا ئه‌مه بگوترێت، له‌دادگادا بێت له‌کۆبونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی خۆتدا بێت، له‌یه‌کێک لهنووسینهکانتدا بێت، له‌یه‌کێک له‌به‌رنامه زۆر‌و زه‌به‌نده‌کانی کهناڵهکانتدا بێت، یان ئه‌گه‌ر پێتکرا له‌په‌راوێزی یه‌کێک له‌کتێبه پڕ فرۆشه مێژوییهکانتدا لوتف بکه ئاماژه‌یه‌کی بچوکی پێبده، یانیش له‌هه‌ر شوێنێکی تر که له‌ئاینده‌دا ویستت مێژووی سیاسی و خه‌بات و تێکۆشانی خۆتی تێدا بنووسیته‌وه ده‌رباره‌ی سلێمانی (شاره‌که‌ی دایکت و شاره‌که‌ی دایکم)، خۆ ئیتر ده‌بێت سه‌رکرده‌یه‌ک بگاته ئه‌وه‌ی راستییه‌کان بۆ مێژوو وه‌ک خۆی تۆماربکات.
ده‌مانه‌وێت بزانین که‌یسی دادگایی‌کردنی بکوژ و پلاندانه‌رانی تیرۆرکردنی هاوڕێی برام گه‌یشتووه به‌کوێ؟
من و خێزانه‌که‌م دوای چوارده ساڵ ده‌مانه‌وێت بزانین که‌یسی دادگایی‌کردنی بکوژ و پلاندانه‌ره‌کانی تیرۆرکردنی هاوڕێی برام گه‌یشتووه به‌کوێ؟ له‌کاتێکدا ئه‌و هێشتا به‌پێی یاسا ته‌نانه‌ت بهمردووش نه‌ناسراوه، چونکه نابێت بڵێین کوژراوه، ده‌بێت بڵێین به‌ده‌ردی خوا مردووه.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه که‌یسێکی سه‌ربازی و سیاسییه نه‌ک که‌یسێکی خێزانی و ده‌بێت خودی حیزبی کۆمۆنیست ئیشی له‌سه‌ر بکات، ئێوه ئه‌ی حیزبی کۆمۆنیست به‌تایبه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ی که له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌رپرسی یه‌که‌م و بڕیارده‌ربوون، کوا به‌دواداچوونه‌کانتان، گه‌یشتنه کوێ؟ ئایا ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یه‌ک و ساڵه‌و ساڵ چونه سه‌ر قه‌بره‌کانیان به‌سه بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕی بردنه دادگای نه‌وشیروان و به‌شداربووانی دیکه‌ی ئه‌و کوشتنه‌ی پێبکه‌ن؟
ئه‌گه‌ر ناتوانن به‌رپرسیارێتی خاوه‌ندارێتی کوشتنی هاوڕێ و ئه‌وانی تر وه‌ربگرن، بیده‌نه‌وه به‌خۆمان، چونکه هاوڕێ به‌س ته‌نها ئه‌ندامی حیزبه‌که‌تان نه‌بوو، ته‌نها سه‌ربازێکیش نه‌بوو چه‌کی درابێته ده‌ست، هاوڕێ برای ئێمه‌و کوڕی دایک و باوکیشم بوو.
هه‌میشه دروشمه بریقه‌داره‌کانی ئێوه به‌کوشتنی براکه‌م له‌تای ته‌رازو ئه‌ده‌ین
ده‌زانم ئه‌م داوایه بۆ به‌رپرسانی هه‌رێم قورسه، به‌ڵام ئه‌م که‌یسه به‌ده‌ر له‌وه‌ی که‌یسێکی سیاسییه و تیرۆری پێنچ ئه‌ندامی حیزبێکی سیاسییه، هاوکات ده‌بێت ئه‌مه وه‌ک تاوانێکی مه‌ده‌نی بناسرێت، ده‌مه‌وێت له‌داهاتودا که‌سێک نه‌کوژرێ و تاوانه‌که به‌م شێوه‌یه ون بکرێت، ئه‌گه‌ریش نه‌گه‌یشتمه هیچ، ئه‌وا هه‌ر هیچ نه‌بێت ده‌خوازم ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئێمه‌دا هات روو نه‌کاته که‌س.
من و خێزانه‌که‌م ئه‌م رۆژانه هه‌رگیز له بیرناکه‌ین، هه‌میشه قسه‌و دروشمه بریقه‌داره‌کانی داکۆکیکردنی ئێوه له‌مافی مرۆڤ و دیموکراسی به‌کوشتنی براکه‌م و شه‌ق و گرتن و جنێوه‌کانی ئێوه بۆ ئێمه‌و چوارده ساڵ پشتگوێ خستن و بێ خاوه‌نکردنی که‌یسه‌که له‌تای ته‌رازو ئه‌ده‌ین.
هه‌رگیز لهئهنجامدهر و پلاندانه‌رانی ئه‌م تاوانه خۆش نابین به‌تایبه‌تی له نه‌وشیروان مسته‌فا.


