راستە لەهەر سیستمێكی فیدراڵیدا، سنووری دەسەڵات و ئەركە سیاسی و دەستوورییەكانی هەرێم و ناوەند جیاكراونەتەوە. بەڵام هەمان دەستەواژەی "فیدراڵیزم" مانای ئەوەیە یەكەیەكی جیۆگرافی و دەستووری وڵات هەردوولا كۆدەكاتەوە تاوەكو پێكەوە ئەركی یەك وڵات، هەر یەك لە سنووری رێپێدراوی خۆیاندا، بەڕێوەبەرن . هەربەم مانایەشە كە كوردی هەرێمی كوردستان دەڵێن "ئێمە هێشتا بەشێكین لە عێراق". بەڵام ئاخۆ ئەم سیستمی حوكمڕانییەی عێراق لەواقیعدا چەند كارپێكراوە لەنێوان خەڵك و خاكی باشووری كوردستان وەك "هەرێم"ێكی فیدراڵی و لەولاوە عێراق وەك ناوەندێكی "فیدراڵ".
خوێندنەوەی زۆر لە بۆچوون و تێبینی چاودێران و توێژەرانی ناوخۆ و دەرەوە سەبارەت بە رەوشی عێراق و هەرێمی كوردستان، شێوەیەك لەم نمایشەی دۆخی ئێستای ئەو دوو قەوارە حوكمڕانییە دەگەیێنێت.
ئێستا حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان ، نە توانا و مەبەستی چارەسەری كێشەكانیان هەیە و نە خاوەنی پلان و رێگەچارەی دیار و باوەڕپێكراون. بێگومان هەر لایەنەش لە پاساودا هۆكاری ئاشكرا و شاردراوەی خۆی هەیە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوانەیە لە واقیعدا بەڕادەیەك ئازاد نەبێت كە بتوانێت كێشەكان (بۆ وێنە لە كەرتی نەوتدا یان بەهۆی پێوەندیی سیاسی و ئەمنیی دەرەكییەوە) بە ئاشكرا و بەبێ گیروگرفت لەگەڵ ناوەند یەكلایی بكاتەوە. جا هەر لەم روانگەیەوە، نەبوونی ئیرادەی پێویست و ئارەزووی دۆزینەوەی چارەسەر لەلای هەردوولا هەستی پێناكرێت.
لە ریزی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا بۆچوون و لێكدانەوەی جیاواز هەیە سەبارەت بە شێوەی بڕیار و ستراتیژێكی یەكگرتوو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا. ئاشكراشە كە جیاوازیی بیروبۆچوونی حیزبی و سیاسی لەم بوارەدا هۆكار و كاریگەرن.
دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئەمڕۆ نەیتوانیوە یان نەیویستووە متمانەی تەواو و رۆڵی كارا بداتە گرووپی نوێنەرانی كورد لە ناوەند، واتە بوونی كورد لە پایتەخت سەنگ و قورسایی تەواوی پێنەدراوە بۆ ئەنجامدانی ئەدایەكی كاریگەر.
- لەڕاستیدا، بێجگە لە هاوكاری و هاوئاهەنگی بۆ شەڕی داعش، ئەمڕۆ هیچ بەرنامە، ستراتیژ، یان ئەركی فیدراڵیی هاوبەش، هەرێمی كوردستان و ناوەند كۆناكاتەوە. مەگەر گوشاری دەرەكی بۆ هاوكاری و "نەرمی نواندن" لەگەڵ بەغدا و ئاستێك لە جموجۆڵی هێزە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، شێوازێك لە هاوبەندیی رووكەش بەدوو دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمی كوردستان ببەخشێت.
جیاواز لەو پانۆرامایەی پێوەندیی هەرێمی كوردستان و بەغدا، هەریەك لە پێكهاتەی ئەو دوو دەسەڵاتە ئێستا دووچاری قەیرانی جۆراوجۆری ناوخۆ و گرفتی نەبوونی توانای بەڕێوەبردنێكی "دروست"ی سیستمی حوكمڕانیی خۆی بووە. بەواتایەكی دیكە، ئەوەندەی گیرۆدەی هۆكاری دەستبەستەكاری حوكمڕانیی خۆیانن، لێیان چاوەڕوان ناكرێت ئەدایەكی باشتر بنوێنن لە پێوەندی نێوانیاندا . ئەمە جیاواز لەوەی كە خودی ئەو پەیوەندییە بە نێوەڕۆك لاواز، بەنیاز و مەبەست خەمسارد و بەكردار سست ناودەبرێت.
هاوكات لەگەڵ هەموو ئەمانە، ئەو واقیعەی كە عێراق وەك دەوڵەتێكی لەمێژەوە دامەزراو و خاوەن سەروەری و بە حوكمی قەوارەی گەورەتری پێكهاتەكەی و دارەتی فراوانی پێوەندی و پرۆسەی سیاسی، بۆی دەلوێت كەمتر فاكتەری كوردی لێكبداتەوە. دەشێت هەر ئەم بۆچوونەش لە دیدێكی دیكەوە سەیر بكرێت، واتە وەك زادەی هەستیاریی حوكمێكی مەركەزی بێت لە بەغدا بەڕەوشی دابەزیوی سەنگ و قورسایی كورد لە پرۆسەی عێراقیدا. بەهەر پێوەرێك لێكی بدەیتەوە، كەوڵی ئەمڕۆمان نرخی دوێنێی لە بەغدا ناهێنێت. ساڵانی مەجلیسی حوكم و سەردەمی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی جیاوازن لە واقیعی پێوەندی ئێستای هەرێمی كوردستان و ناوەند. ستراتیژی هاوپەیمانێتی كورد و شیعە (كە هەژمووندار و حوكمداری زۆرینەی ئێستای وڵاتە)، لە ئاست و مەبەستی هاوبەشییەكی یەكساندا، گوڕوتینی پێشتری لەدەستداوە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەوەتا هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە حاڵەتێك لە دەسەڵات و حوكمڕانیی دیفاكتۆدا دەژیت ، كە دەكرێت كەرەستەی بونیادنانەوەیەكی باشتر بێت.
بە درێژایی مێژووی پێوەندیمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، ئێمەی كورد لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا شەڕی پێناسەمان كردووە. جا هەروەك چۆن كاتی تێكەڵبوونەوەمان بەعێراق دوای 2003، سروشتی بوو كە جۆرێك لە پێشبڕكێ و ململانێی ئاشتیانە لەنێوان دوو دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمی کوردستان دروست ببێت، ئێستاش لە وەرچەرخانی هەستی وەفاداریماندا بەرەو كوردستان، شیاوە كە لە پرۆسەی عێراقیدا رۆڵی هاوكار و خەنیمیشمان هەبێت. خەنیم بەمانی گیانی پێشبڕكێ بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان و لەهەمانكاتدا راگرتنی ئاستێك لە حاڵەتی هاوگوزەرانی لەگەڵ عێراق .
ئەمڕۆ بەشێكی دیار لە خەڵكی باشووری كوردستان وا هەست دەكەن هەرێمی كوردستان ئازادە لەو ئیلتیزامەی کە گەڕانەوەمان بۆ ناو دەوڵەتی عێراقی نوێ و پەسەندكردنی دەستووری هەمیشەیی داوای دەكات . زەمانێك بوو باس لە دروستكردنی دەوڵەتێكی عێراقی دیموكراتی، فیدراڵی، فرەیی و سەقامگرتوو دەكرا . ئەمڕۆ زیاتر مشتومڕی ئەوەمانە چۆن، ئەگەر بڕەخسێت، كورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لەدراوسێیەتییەكی ئارامدا.
لەسەرەتای قۆناخی دروستبوونی عێراقی "نوێ" ی دوای سەدامدا، كورد وەك توخمێكی سەرەكی و دەستڕۆیشتوو، هەوڵی دا ئەركی خۆی بەجێبهێنێت. بەڵام بە بۆچوونی زۆر لایەن، عێراق وەك دەوڵەت و كۆمەڵ، هێشتا لە پرۆسەی دروستبوونەوەدایە. تەنانەت هەندێك دەڵێن عێراق لەو پرۆسەیەدا سەركەوتوو نییە و زیاتر ئەگەری لێكترازانی لێ مەزندە دەكرێت. بەڵام ئێمەی كورد با بۆ ئێستا گرەو لەسەر هیچ یەكێك لەم ئەگەرانە نەكەین.
جا ئەگەر ئەو گوڕوتینەی ئێستا لە خواستی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبووندا، بەڵگەی بەهێزیی هەست و خواستێكی هەمووانی بێت لەلای خەڵكی باشووری كوردستان، دەكرێت ئەمە نیشانەی دیاری گواستنەوەیەك بێت لە دووالیزمی وەفاداری كوردی هەرێمی كوردستاندا لە ئینتمای عێراقیبوونەوە بۆ هەست و خواستی بەكوردستانیبوون. هەر لەم روانگەیەوە ئەركی هاوژیانی لە عێراقدا بۆ كورد لە ئیلتیزامێكەوە دەبێتە بژارەیەك .
ئێمەی كورد ئاسۆیەكی دوور و فراوانمان لەبەرە و لەهەمانكاتدا گرفتی رێگرتن لە خواست و ئاواتەكانمان تەنانەت شەڕی سیاسی جۆراوجۆریشمان لەپێشە . بۆ ئەوەی بتوانین بوێرانە لە ئاسۆیەكی كوردیدا بیربكەینەوە، دەبێ خولیا و دڵترسییەكانمان بەلاوە بنێن و رەوشی سنووردراوی توانا و دەگەری ئێستامان بسەلمێنین .
بە لەبەرچاوگرتنی كۆی هۆكار و دەرهاویشتەی ئەم باسە، پرسیارێك خۆی دەسەپێنێت لە واقیعێكدا كە هەردوو لایەنی ناوەند و هەرێمی كوردستان توانا و ئارەزوومەند نەبن، یان خۆیان ناچار نەبینن بۆ نزیكبوونەوە و رێككەوتن، ئایا هەڵگرتنی خەمی عێراق لەلایەن كوردەوە چی دەیجوڵێنێت؟ لەڕووی مەزەندەوە دەكرێت ئەم دیاردە و خۆزگەی رووكردنە لە ناوەند بۆ تەبایی و رێككەوتن، بەڕادەیەك نەبوونی بڕوای خەڵك بێت بە خۆڕاگریی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان بەڕووی قەیرانەكانی ئەمڕۆیدا هەروەك چۆن "ئێستا كوردی كەركووك وەك غەیرە كورد كەوتوونەتە دەڵەڕاوكێ لە كولتووری حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان". ئەمەش لە راستیدا، هاوكێشەیەكی تەندروست نییە گرەوی هیچ دەستكەوتێكی بۆ هەرێمی كوردستان لەسەر بكرێت.
جا لە روانگەی رەوشێكی سەخت و چەقبەستووی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، دەشێت رەخساندنی جۆرێك ماوەپێدان، واتە پشوودان و دابەزاندنی هەوڵی بێبەرهەمی رێككەوتنی نێوان هەردوو قەوارەی حوكمڕانیی خاوەن كێشە و گرفت، كارێكی پێویست بێت. ئەمە بە مانای پشتكردنە عێراق یان خۆدزینەوە نییە لە ئەنجامدانی ئەركی پێویست. ئاشكرایە كە واقیعی ئێستای عێراق و ئەو كێشانەی بەرەنگاری حكومەتەكەی بوونەتەوە نە لە دەستكرد و پیلانی كوردن، نە بابەتگەلێكن كورد تێیاندا هۆكار و ئاراستەكەربێت و نە لە واقیعیشدا كورد دەتوانێ رۆڵێكی یارمەتیدەر بگێڕێت. پێچەوانەی ئەمەش واریدە، چونكە زۆر لە كێشە و ناكۆكییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و باری پەككەوتووی ئەزموونەكەی، لە سایە و كرداری دەسەڵاتی ناوەند نین .
كەوابوو جۆرێك كەمكردنەوەی رەوتی ئاخاوتنی بێهوودەی ئێستا بۆ پێكهاتن بۆ هەردوولا پێویستە، تاوەكو لە هێنانەوەی بڕوای زیاتر بەیەكتر و لە پاشخانی ئیدارە و حوكمڕانییەكی زیاتر دروست و دەستكراوەدا، بۆێرانە و راستگۆتر دیالۆگ و رێككەوتن لەگەڵ یەك بكەن . ململانێی ئێستای عێراق لەگەڵ خۆی بۆ بەدەستهێنانی تایبەتمەندی دەوڵەتێكی لە جەماوەری خەڵكەوە نزیك و سەلمێنراو و لە خۆیدا ئارام و تەبا لەگەڵ دەوروبەر، ئەم دەرفەتەی پێویستە . باشووری كوردستان دەكرێت هەر لەم دەرفەتەدا، وەك خەڵك و دەسەڵات نێوماڵی كورد رێكبخاتەوە و ئیرادە و توانای هەمووان بخاتە گەڕ بۆ بەرجەستەكردنی ئاواتی گەورەتری خۆی.
جەوهەری بێچارەیی پێوەندی كورد و عێراق لە جۆری مامەڵەی هەردوو حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و ناوەنددایە لەگەڵ پرسی "دەوڵەت" و بە حوكمی جیاوازیی ئەو مامەڵەیە، كاریگەریی لەسەر پێوەندی نێوانیان، ئاشكرایە. لەهەموو حاڵەتێكدا و تاوەكو ئەو رۆژەی پێوەندیی فەرمیی باشووری كوردستان لەگەڵ عێراق یەكلا دەبێتەوە، هەرێمی كوردستان دەبێ لەسەر ئاستێكی دیكەی گونجاو لەگەڵ رەوشی ئەمڕۆ، بوون و قەوارەی خۆی لە بەغدا بپارێزێت. هەولێر وەك مەڵبەندی دەسەڵاتی كوردی پێویستە لە ئاست بەرزی پەرلەمان و وزارەتەكانی فیدراڵدا ئاگاداری تەواو و چاودێری بەردەوامی لەو ئەرك و بڕیارانە هەبێت كە تاوەكو ئەمڕۆ میكانیزم و سیستمی فیدراڵی تەوزیمی كردوون، دەبێ ئێستا پرسیاری ئەوە لە خۆمان بكەین كە ئاخۆ چەند دەتوانین بەدەستوور لەگەڵ بەغدا ئاخاوتن و مامەڵە بكەین؟ ئایا چەند بوار هەیە لەگەڵ حوكمڕانی مەركەزێكی بێمەركەزدا ئاستێك لە پێشبینی لەسەر كێشە و بابەتەكان، هەردوولا كۆبكاتەوە. ئەمە جیاواز لە هەندێك بابەتی هەڵپەسێردراو كە ئەنجامدانیان لە ئەستۆی حكومەتی ناوەندە (بۆ وێنە مووچە و شایستەی پێشمەرگە، جووتیاران، هتد).
ئەمڕۆ دروشمی هەرە گەشاوەی پێوەندی كورد و ئەمریكا، رۆڵ و هاوكاریی پێشمەرگەیە لەشەڕی دژ بە تێرۆریستاندا.
پابەندبوونی تەواوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەم رۆڵ و هاوكارییەوە، دەبێت لە ئەولەویاتی ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت. بێگومان لەو پرۆسەیەدا عێراقیش لایەنێكی دیكەی ئەو ئیئتیلافە نێودەوڵەتییەیە كە دەبێ هەرێمی كوردستان لەگەڵی هاوكار بێت.
بۆ بەسەركردنەوەی ئەم بابەتانە و لەپێناو پاراستنی ئەو بوون و قەوارەیەی كە باسیان لێكرا، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێ دامەزراوەی فەرمی خۆی لە ناوەند هەبێت، جیاواز لەو نووسینگە بێدەرەتانەی كە دەگوترێت هەیە.
كاندیدێكی گونجاوی ئێستا بۆ سەرپەرشتی و كاركردن لە چوارچێوەی ئەو دەزگایەدا، گرووپی نوێنەرانی كوردە لە بەغدا، واتە نوێنەرانی فراكسیۆنە حیزبییەكان كە لەم دواییەدا ئاستێكی دیاریان لە یەكڕیزی و تەبایی نێوانیان نیشاندا. تەیاردانی ئەم گرووپە بۆ ئەركی دەستنیشانكراو دەبێت لە قەناعەتی تەواوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بێت كە خوازیارە بە دەسەڵاتدانی تەواوی ئەم گرووپە لە چوارچێوەی ئەركی پێسپێردراویاندا و هەروەها راگرتنی پێوەندی و راوێژی بەردەوام لەگەڵیان وەك رەهەندێكی فەرمیی دەسەڵاتی خۆی لە ناوەند. بەمانایەكی دیكە، نابێ دووچاری ئەو گوشار و شڵەژانە ببنەوە كە لە ئاكامی كۆبوونەوەی 8/ 9/ 2014 روویدا، یاخود راڕایی لە بڕیاری ئەمدواییەی گەڕانەوەیان بۆ بەغدا.
جەخت لەوە دەكرێت كە رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی كاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی مامەڵە و چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا.
بۆ ئێستا مەسەلەی كەركووك (كە راستەوخۆ پەیوەستە بە حوكمڕانیی ناوەندەوە) بابەتێكی گەرمی شەقامی كوردییە. وەك پارێزگا، كەركووك هێشتا بەستراوی ئیدارەی حكومەتی عێراقە، بەڵام بەشێك لە بیركردنەوەی ناو هەرێمی كوردستان وادەزانێت مەسەلەی كەركووك "یەكلا" بووەتەوە. ئەمڕۆ بەغدا لە هەندێك پابەندبوونی دارایی و ئیداری بێباك و كەمتەرخەمە بەرامبەر خەڵكی كەركووك. هەرێمی كوردستانیش بەڕادەیەك خەمساردە و لە واقیعدا ئەوەندەش دەستڕۆیشتوو نییە بەفریای رەوشی كەركووك بكەوێت. لەنێو هەموو ئەمانەشدا پێشنیاز و پلانی جۆراوجۆر بۆ یەكلاكردنەوەی باری كەركووك دەخرێتە بەرچاو. جا دەكرێت ئەو پرسیارە بكەین كە ئایا لایەنانی ئەو رێككەوتنە نوێیە، یەكێتی و گۆڕان، هەستیارن بەوەی كە دەتوانن لەم بوارەدا دەستپێشخەربن ئەگەر بۆچوون و پلانی پاشتریان هەبێت. ئەمە نەك هەر بەكردار نیاز و ئاراستەی ئەو رێككەوتنە ئاشكرا دەكات، بەڵكو دەشێت رزگاركردنی خاك و خەڵكی كەركووك لە زەبری بەرداشی سزادەری حكومەتی ناوەند و قورسایی بێدەسەڵاتیی ئێستای هەرێمی كوردستانی لێبكەوێتەوە.
ئەم پێشنیازانە لە دیدێكەوە سەرچاوەیان گرتووە كە خودی بابەتەكان جێی مەبەست و گرنگی لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی هەرێمی كوردستانن. هەروەها راستەوخۆ پەیوەست نین بە كێشەی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە، واتە جیاوازیی بۆچوونی زۆر و تووندیان لەسەر نییە و لەو روانگەیەوە ئەنجامدانیان بەڕادەیەك ئاسانترە. خۆ دەكرێت ئەمە سەرەتا و رێنیشاندەربێت بۆ ئەرك و بەرنامەی دیكەی پێویست كە بێگومان لە ئایندەیەكی نزیكدا باسیان لێدەكرێت.
*سەرۆكی پێشووی ئەكادیمیای كوردی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ