دوو وشە دەكرێ زۆر دژ بە یەك بن لە مانادا، بەڵام تەنیا یەك پیتیان جیاواز بێت. بۆ نموونە، چی هەیە لە ماچی لێوی یار خۆشتر؟ بەڵام گەر (ی)ی یار بكەیتە (م)، ماچەكە دەبێتە گەستن و چێژەكەش دەبێتە پێوەدان.
مار و یار، كەم و كەڵ، باش و جاش و چەندین دوانەی تریش نموونەی لەوجۆرەن، ئێستا با دوانەیەكی تریش زیاد بكەین بۆ سەر لیستەكە: گەوجاندن و گەنجاندن.
گەوج وشەیەكی نوێ نییە لە زمانی كوردیدا، بەڵام ماوەیەكی زۆر نییە كە پاشگری "اندن"مان بۆ زیادكردووە. زۆرترین بەكارهێنانی ئەم وشە نوێیە لە میانەی ململانێ سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا بوو. دەتوانین ئەم وشەیە بە یەكێك لە داهێنراوەكانی ئەدەبیاتی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان دابنێین. ئەگەرچی دەكرێ ئەم وشەیە پێشتریش بەكارهاتبێ، بەڵام لەگەڵ خیتابی ئیعلامیی بزووتنەوەی گۆڕاندا بووە وشەی سەرزاری خەڵك.
گەوجاندن شتێكی دانەبڕاوە لە سیاسەت و هەموو گرووپێكی سیاسی پێویستی بە بڕێك لە گەوجاندن هەیە بۆ مانەوە و بەردەوامبوون. ئەگەر هەموو ئەندامانی حیزب هەموو راستییەكان بزانن، ئەوا ئیش ناڕوات. هەندێك جار هەندێ لە ئەندامانی حیزب دەبێت هەندێ لە راستییەكان نەزانن و هەندێك جاریش زۆربەیان دەبێت راستییەكانیان لێ بشێوێنرێ. دەسەڵاتەكانیش هەندێ جار پێویستیان بەوە هەیە هەندێ لە میللەت لە هەندێ بواردا بگەوجێنن.
پێشتر لە ناوەندە رۆشنبیریەكەدا زیاتر دەستەواژەكەی عەلی شەریعەتی (استحمار) بەكاردەهێنرا كە وەرگێڕانەكەی بۆ كوردی شتێكی هاوشێوەی گەوجاندن دەردەچێ. بەكارهێنانی زۆری "ئیستیحمار"یش لەجێی "گەوجاندن" بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێش ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان دابمەزرێ، ئیسلامیەكان نوێنەرایەتی ناڕەزایی سیاسییان دەكرد لە هەرێمی كوردستان. وەهاش دەردەكەوێ كە ئایدیاكانی عەلی شەریعەتی بەجۆرێك لە جۆرەكان كاریگەری لەسەر گوتاری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان و سەركردەی یەكەمی هەبووبێ. هەر بۆیە زۆر جار لە پاڵ وشەی "گەوجاندن" دا، نەوشیروان مستەفای رێبەری بزووتنەوەی گۆڕان دەستەواژەی "درۆ و دراو"یشی بەكاردەهێنا، ئەمەش دەربڕینێكی زۆر نزیكە لە گوزارشتی سێكوچكەی "زێڕ و زۆر و تەزویر" كە عەلی شەریعەتی خاوەنێتی.
دوای چوونە نێو دەسەڵات، نەوشیروان مستەفا پرۆسەیەكی پێچەوانەی دەستپێكرد كە دەتوانین بە "گەنجاندن" ناوی بنێین، ئەویش بریتی بوو لە هێنانی ژمارەیەكی زۆر گەنج بۆ نێو جومگەكانی دەسەڵات هەر لە سەرۆكی پەرلەمانەوە بۆ بەشێكی زۆری وەزیرەكان و پاشانیش دەسەڵاتە خۆجێییەكان.
گەنجاندنەكەی نەوشیروان مستەقا تەنیا یەك نونی جیاوازە لە گەوجاندنی خەڵكی تر. گرنگترین خاڵی ئەم گەنجاندنەش ئەوە بوو كە بەشێكی زۆریان كەسانی سەر بە چینی مامناوەندی كۆمەڵگەن و كوڕی بەرپرس و كەسانی ناسراو نەبوون. خۆ ئەگەر نەوشیروان مستەفا بەناوی هێنانە پێشەوەی گەنجەوە كوڕەكانی خۆی و سەركردەكانی دیكەی بكردایە بە شت، ئەوكات دەمانتوانی بە گەوجاندنی ناوببەین وەك ئەوەی هەندێك خەڵكی دیكە دەیكەن.
بۆ نموونە شتێكی دڵخۆشكەرە كە بەشێكی زۆری نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە گەنج بن، بەڵام كاتێك تەماشای ناوەكانیان دەكەی، دەبینی كە زۆرینەیان كوڕ و كچی بەرپرسانی ناسراوی ئەم وڵاتەن. كوڕ و كچی بەرپرسان مافی خۆیانە خزمەتی نیشتیمان بكەن، بەڵام ئەو كاتەی هەموو ئەو گەنجانەی پۆستیان پێدەدەی كەسی پلە یەكی بەرپرسان بوون، گەنجاندن نییە بەڵكو گەوجاندنە.
بۆ ئەوەی نونەكەی نەوشیروان مستەفا نەبێتە واو، پێویستمان بە سیستەمێك هەیە كە تێیدا گەنج توانای گەورەبوونی هەبێت. لە سیستەمێكی شەفافدا كە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و توانای كەسەكان دامەزرابێ، بوونی گەنج لە دەسەڵاتدا نابێتە گەوجاندن.
ئەگەر ئەو سیستەمە دەستەبەر كرا، ئەوكات ئەگەر كوڕ و كچی گەورە بەرپرسانیش بوونە شت، گومان لە هۆكارەكەی ناكرێ. بەڵام تا ئەوكاتە تەنیا دەتوانین متمانە بە نونەكەی نەوشیروان مستەفا بكەین.



