لە قۆناخی پاش حەلبووسی چی روودەدات؟

14-11-2023
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
لادانی محەممەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاریگەرییەکی راستەوانەی لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێت کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بکرێت. لە گریمانەی کاردانەوەی سەدر بەرامبەر لادانی کۆنە هاوپەیمانەکەی و جووڵەی گریمانەیی دووانەی سەدر -حەلبووسی بۆ قۆناخی داهاتوو، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن زیاتر دەبێت. خۆ ئەگەر ئەوەش روونەدات و سەدر خۆی لێ کەڕ بکات، ئەوسا بە ئەگەری زۆر گڵۆڵەی حەلبووسی وەک بەهێزترین سیاسەتمەداری سوننی لە ئەمڕۆی عێراق دا دەکەوێتە لێژی! 
 
حەلبووسی سیاسییەکی سوننە بوو کە بەهۆی پاڵپشتیی گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە توانی بەسەر رکابەرە سوننییەکانیدا زاڵ بێ و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا پێ بگات، بەڵام مانگی هەنگوینی ئەو لەگەڵ ئەو گرووپانە لەدوای رێککەوتنە سێقۆڵییەکەی سەدر- پارتی- تەقەدووم لە پاش هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021 کۆتایی هات. لەدوای پێکهاتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەتیش، بابەتی لادانی حەلبووسی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، گفتوگۆیەکی بەردەوام، بەڵام لاوازی پشت پەردەکانی سیاسەت بوو. هەرچەند مەحموود مەشهەدانی بەردەوام وەک بەربژێرێک ئامادە بووە بۆ باسەکانی شوێنگرتنەوەی حەلبووسی، بەڵام ناوی کەسانی دیکەی وەک خالیدی عوبێدیش لە ئارادا بوو. 
 
پاساوە یاساییەکانی لادانی حەلبووسی هەرچۆنێک بن، پێدەچێت ئەمە دووەمین پێشهاتی گرنگی نێوخۆیی عێراق بێت سەبارەت بە لاوازبوونی پێگەی لایەنەکانی هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەی سەدر- بارزانی - حەلبووسی. ئەویش دوای ئەوەی کە زیاتر لە ساڵێکە هەولێر لەژێر گوشارێکی ئابووری و سیاسیی چەند لایەنەدایە. بە ئەگەری زۆر دوایین ئەڵقەی کاریگەرییەکانی کشانەوە لەناکاوەکەی سەدر لە پەرلەمان و رێخۆشکردن بۆ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن رکابەرەکانی، لاوازبوونی خودی سەدر دەبێت، ئەویش لە رێگەی لەدەستدانی کاریگەری و نفووزەکەی لە ئیدارەی پارێزگاکانی باشووری عێراق. دیارە ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت.
 
پێدەچێت لادانی حەلبووسی هەواڵێکی دڵخۆشکەر بێت بۆ لیستەکانی رکابەری ئەو لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان وەکو (الحسم)، (العزم) و (السیادة). ئەمە بێجگە لە بەرەیەکی فراوانی دیکەی سیاسییەکانی پێشووی سوننە کە بەهۆی درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی حەلبووسی، لەماوەی رابردوودا پەراوێز کەوتبوون. بێجگە لەوەش پێدەچێ بەشێک لە گرووپە شیعییەکان کە لە رابردوودا لەڕێگەی گەڕاندنەوەی کەسانی وەک عەلی حاتەم سلێمان و ماڵی ئەبوڕیشە و دروستکردنی بەرەیەکی ناڕازی لە ئەنبارەوە دەیانویست هێزی حەلبووسی کەم بکەنەوە، بەو بڕیارە دڵخۆش بن.
 
ئەگەر کاردانەوەی حەلبووسی کشانەوەی وەزیرەکانی بێت، تەنیا دەتوانێت بۆ ماوەیێکی کاتی گرفت بۆ کابینەی حکومەتەکەی سوودانی دروست بکات کە هەر بۆخۆی بەشێک لە گرووپە شیعییەکانیش لێی رازی نین، بەڵام ئەگەر حەلبووسی دەنگی خۆی بخاتە پاڵ سەدر و داوای بایکۆت بکات، ئەوسا تەگەرەیەکی گەورە بۆ ئیتار دروست دەکات و ئەمەش لەوانەیە ئەگەری دواکەوتنی هەڵبژاردن زیاتر بکات.
 
بەپێی بڕیاری دادگە، ئێستا ئیدی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانە. ئەمەش لەدوای زنجیرەیەک گۆڕانکاری لە دامەزراوە ئەمنییەکان وەک لادانی فەرماندەی هێزی دژەتیرۆر و هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی زیاتری هەولێر، لەم کاتەدا پێگەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سیاسەتی عێراقدا بەهێزتر دەکات، بەڵام بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی، دۆخی هەڵبژاردن، هەروەها جموجوڵی داهاتووی سیانەی حەنانە- ئەنبار- هەولێر دەریدەخەن کە ئەو بەهێزییە تا سەر دەبێت یان نا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.