دیمەنێک هەمووانی دڵخۆشکرد

14-09-2023
بڵند نه‌وڕه‌س
A+ A-
 
هەندێک جار هەڵوێستێک، دیمەنێک و وێنەیەک بەسە بۆ ئەوەی دڵی هەموو خەڵکی کوردستان خۆشبکات و دەروونی هەمووان ئاسودە بکات. 
 
سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و شاندی یاوەریان بۆ بەغدا و پێشوازیلێکردنیان لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە، کەشێکی ئەرێنی و گەشبینییەکی خۆڕسکی دروستکرد لای خەڵکی کوردستان. 
 
گەشبینییەک کە تاوەکو رادەیەکی زۆر میدیا و سۆشیالمیدیای کوردی و میدیای لایەنە سیاسییەکانیشی یەکخست. 
 
ئاساییە پارتە سیاسییەکان لە رووی حیزبی و ئایدۆلۆژییەوە جیاوازبن، بەڵام کاتێک مافەکانی خەڵکی کوردستان، هەمووان کۆدەکاتەوە بەیەکەوە، ئەوکاتە خەڵکی کوردستان هەست بەهێز و یەکگرتوویی خۆی دەکات و بە شکۆ و شانازییەوە دەنگ هەڵدەبڕێت. 
 
دەکرێت ئەم هاوهەڵوێستییە بپارێزرێت و بکرێت بە ئاراستەیەکی گشتیی نیشتیمانی و کوردستانی، لە هەمان کاتدا ململانێ سیاسییەکان و کێبڕکێ حیزبی و ئایدۆلۆژییەکانیش لە چوارچێوەی را و رای جیاوازدا بمێنێتەوە لە بازنەی پرۆسەی سیاسی نێوخۆیی هەرێمی کوردستاندا.
 
ئەم جۆرە لە مامەڵەکردنی سیاسی ئەگەر بچەسپێت لای سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و وەک بنەما و بەهای باڵای گشتی تەماشای بکەن، جۆرێکە لە پێگەیشتویی دیموکراسی و هێڵێکە بۆ جیاکردنەوەی پرسە نیشتیمانییەکان لە بابەتە سیاسی و حزبییەکان و بەهێزتربوونیدامەزراوە فەرمییەکانی وەک؛ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە و مەودایەکیشە بۆ پشوودانی خەڵکیکوردستان کە لە ماوەی رابردوودا لە نێوان دوو بەرداشدا بێچارە مابونەوە.
 
کاردانەوەکانی خەڵکی کوردستان بۆ ئەو یەکڕیزییە، جیا لەوەی ئومێدبەخش بوو، لە هەمان کاتدا پەیامێکیش بوو بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکانکە خواستی شەقام خواستێکی رەوایە و ئەو یەک ئاراستەییەی دەوێت لە هەمووان، لەگەڵ ئەوەشدا ئارامییەکی دەروونی و دڵخۆشییەکی دەستەجەمعی بەخشی بە خەڵکی کوردستان، ئەو ئارامییە ئەگەر رێژەییشبێت خەڵکی لەو ترس و دڵەڕاوکێیانە هێنایە دەرەوە کە وەک مەترسییدەبینران لە بەردەم قەوارەی هەرێمی کوردستاندا.
 
دەکرێت ئەم دۆخەی تێیداین بیکەین بە وانەیەکی گرنگ بۆ داهاتوومان و بەم یەکڕیزی و یەک هەڵوێستییە کێشەکان تێبپەڕێنین و هەرێمی کوردستان بپارێزین و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک هەمیشە حکومەتی هەموو خەڵکی کوردستانبێت، خەڵکیش ئاشتبکەینەوە تا بەسەنگینی و شانازییەوە ژیانێکی شایستە و ئارام و ئاسوودە بەڕێبکەن.
 
خواستی خەڵکی کوردستان بۆ یەکڕیزی لایەنەکان، ئەو تێگەیشتنەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی سەلماند کە دەڵێت: پێکەوە دەستکەوتمان دەبێت و بە تەنها کەسمان هیچمان دەستناکەوێت، ئەم گوتەیەش رەنگدانەوەیەکی روونی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وڵامدەرەوەی خواستی خەڵکی کوردستانیشە.
 
سەرکەوتن پێناسە و شێوە و فۆڕمی زۆرە، بەڵام باڵاتریینییان یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی و یەک گوتارییمانە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زوبێر رەسوڵ

پرسی کورد و نەخشەی سیستمێکی هەرێمیی نوێ لە ناوچەکە

دوور نییە دواجار ئیسرائیل بوونی دەوڵەت یان کیانێکی کوردی لە نێوان سوریا و عێراق وەک کارت یان هەتا بیرۆکەیەکیش بەرامبەر چارەسەری دوو دەوڵەت رابگەیەنێت. بەو مانەیەی ئەگەر بوونی دوو دەوڵەت چارەسەر بێت بۆ کێشەی فەلەستینییەکان ئەی بۆ چارەسەر نەبێت بۆ کێشەی کوردیش لە رۆژهەلاتی نێوەڕاست! واتا بەکارهێنانی کێشەی کورد لە بەرامبەر کێشەی فەلەستین لە ناوچەکەدا، کە دەکرێت وەک بیرۆکەیەک بێتەبەرباس لەو چوار ساڵەدا کە ترەمپ دێتە سەر دەسەڵات