گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستە نەوتی و گازییەکانی عێراق بە قازانجی زیاتر لە 30٪ بۆ کۆمپانیاکان کۆتاییهات

14-05-2024
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
A+ A-
بەرایی
 
دوای شەش ساڵ لە ئامادەکردنی گەڕێکی دیکەی گرێبەستە نەوتی و گازییەکان لە عێراق و، ئەنجامدانی چەندین وۆرکشۆپ بۆ کۆمپانیاکان و، پێداچوونەوە بە جۆری گرێبەستەکان بە گۆڕینی رێژەی موڵکانە و رێژەی کۆمپانیاکان لە قازانجی وەبەرهێنان لەم کێڵگانەدا، سەرئەنجام لە کۆی 29 پڕۆژەی ئامادەکراو، 13 پڕۆژە سەرنجی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانیان راکێشا. 
 
رۆژانی 11 بۆ 13ـی ئایاری 2024 لە بەغدا، بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستەکان دەستیپێکرد، کە 22 کۆمپانیا لە هەموو جیهانەوە بەبێ ئەمریکییەکان بەشدارییان لە کێبڕکێی بردنەوەی گرێبەستەکان دا پێشکێشکردبوو، بەڵام تەنیا کۆمپانیا چینییەکان و تاکە کۆمپانیای عێراقی - کوردستانی توانییان گرێبەستەکان بەڕێژەی جیاوازیی قازانج لەدوای تێچووی وەبەرهێنان کە گەیشتووەتە رێژەی سەروو 30٪ بەدەستبێنن. 
 
بەپێی داتای گرێبەستی ئامادەکراوی پڕۆژەکان بۆ وەبەرهێنان لە گەڕی پێنج پڵەس و شەشەم دا، لە کۆی 11 کێڵگەی گازی، تەنیا دوو کێڵگەی گازی سەرنجی کۆمپانیاکانیان بۆ وەبەرهێنان راکێشاوە، ئەوانیش کێڵگەی گازی خلێسی لە پارێزگای ئەنبار و نەینەوا و کێڵگەی گازی قوڕنەین لە پارێزگای نەجەف و ئەنبار. 
 
بەدیوێکی دیکەدا، لەکۆی 14 کێڵگەی نەوتی، کۆمپانیا چینییەکان ئامادەییان بۆ وەبەرهێنان لە 8 کێڵگەدا بەڕێژەی جیاواز نیشانداوە، واتە 6 کێڵگەی نەوتی لەم دوو گەڕەدا ماونەتەوە و هیچ کۆمپانیایەک لەو 22 کۆمپانیا بەشداربووە ئامادەییان بۆ وەبەرهێنان تێیاندا دەرنەبڕیوە. هەروەها، لەکۆی 4 کێڵگەی هاوبەش (نەوتی و گازی) لەم دوو گەڕەدا، کۆمپانیاکان ئامادەییان بۆ وەبەرهێنان لە 3 کێڵگەیاندا دەربڕیوە.
 
خاڵێکی دیکەی پەیوەست بەم گرێبەستانە نێوەڕۆک و شێوازی گرێبەستەکان یان رێژەی قازانجی کۆمپانیاکانە کە هاوشێوەی ئەوانەی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کردوویەتی و لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دا کار دەکەن. لەکاتێکدا ناڕەزایی و مشتومڕی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر بەشی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هۆکاری سەرەکی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ دەرەوە. 
 
لەم گەڕەدا 22 کۆمپانیا لە 13 وڵاتی جیهانەوە ئامادەیی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتی و گازییەکان و هاوبەشەکانی عێراق دەربڕی، بەڵام تەنیا کۆمپانیاکانی چین و هەرێمی کوردستان توانیان لە کێبڕکێی تەندەرین و پەرەپێدانی ئەم کێڵگانە بەڕێژەی قازانجی 6.67٪ بۆ 32٪ گرێبەستەکان ببەنەوە و واژۆیان بکەن. 
 
جۆری گرێبەستەکانی گەڕی پێنج پڵەس و شەشەم؛ بۆچی عێراق پەنای بۆ هاوبەشیکردن لە قازانج برد؟
 
عیراق دوای دوو دەیە لە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و پەرەپێنەدانی کێڵگە گازییەکان و سووتانی گازی هاوەڵ لە بەرهەمهێنانی نەوت، کە لەلایەن کۆمپانیاکانی دەوڵەت و شێوازی گرێبەستی خزمەتگوزاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەی دەبرد، نەیتوانی قۆناخی گەورە لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ و وەبەرهێنان لە گازدا ببڕێت، هەربۆیەش سەرئەنجام پەنای بۆ دوو شێوازی نوێی گرێبەست برد کە بە هاوبەشی لە قازانج ناویان دەبات. 
 
هەروەها، سەرەڕای گۆڕانکارییەکان لەم دواییەدا و بەتایبەتیش لە گەڕی پێش ئەم دووانەدا و لە 2018ـدا، توانی چەند گرێبەستێک واژۆبکات کە گرێبەستەکانی کرێسنت پیترۆڵیوم و تۆتال بوون، بەڵام ئەمەش نەیتوانی وەبەرهێنان بۆ ئەو کێڵگانە بهێنێت کە نوێن و کۆمپانیاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق کاریان تێدا نەکردووە. 
 
لەم دوو گەڕە نوێیە، عێراق پەیڕەوی هاوبەشیی لە قازانج کرد و هەردوو جۆری (گرێبەستی گەڕان، پەرەپێدان و بەرهەمهێنان EDPC) یان (گرێبەستی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان DPC) بۆ کێڵگە گازی و نەوتییەکان ئامادەکرد، بەپێی گرێبەستە واژۆکراوەکان رێژەی قازانجی کۆمپانیاکان گەیشتووەتە سەروو 30٪، کە پێشووتر نەبینراوە. 
 
عێراق لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا نەک نەیتوانی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێنێتە ئەو ئاستەی دەمێک ساڵە بانگەشەی بۆ دەکات کە سەروو 7 ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێکدا، بەڵکو ئێستا زۆربەی بیرەکان پێویستیان بە کاری بوژاندنەوە هەیە کە بە 'Enhance Oil Recovery' ناسراوە.
 
لەم ساڵانەی دواییدا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوت نەک ئامادەییان بۆ وەبەرهێنان لە عێراق پێشان نەدەدا، بەڵکو کشانەوە، ئەمانەش چەند کۆمپانیایێکی دیاربوون کە یەکێکیان ئیکسۆن مۆبیل بوو. ئەم کشانەوانە لە قۆناخی پێویستیی بیرەکان بە پەرەپێدان و نەبوونی کێڵگەی نوێ و پڕۆژەی نوێ بۆ سوودبینین لە گازی هاوەڵ لە بەرهەمهێنانی نەوتەوە مەترسی گەورەی لەم کەرتەدا دروستکرد، کە چیدیکە ناتوانرێت درێژەی پێبدرێت ئەگەر رێگەیەکی نوێ نەگرێتەبەر، چونکە لە 2022ـدا بە رێژەی 93٪ بەشداری لە کۆی داهاتی عێراقدا کردووە.
 
عێراق سەرەڕای پەیڕەوکردنی ئەم شێوازە نوێیە (هاوبەشی لە قازانج) بە هەردوو جۆرەکەیەوە، بەڵام لەم دوو گەڕەش دا نەیتوانی سەرنجی وەبەرهێنەران بۆ 16 کێڵگەی نەوتی، گازی و هاوبەش رابکێشێت، هەرچەندە 4 لەو کێڵگانە گەڕانیان تێدا کراوە و داتاکانی 2D Seismicـی ئامادەکراون، بگرە بیری تاقیکردنەوەشیان لێدراوە. 
 
رێژەی قازانجی کۆمپانیاکان و هۆکارەکانی پشت کۆمپانیاکانی چین و هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لەم کێڵگە نەوتی و گازییانەدا:
 
رێژەی قازانجی کۆمپانیاکان و هۆکارەکانی پشت کۆمپانیاکانی چین و هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لەم کێڵگە نەوتی و گازییانەدا بەپێی داتا بڵاوکراوەکانی گرێبەستە واژۆکراوەکان لەم سێ رۆژەدا، رێژەی قازانجی کۆمپانیاکان لە 6.667٪ بۆ رێژەی 32٪ بەرزبووەتەوە، ئەوەش لەدوای تێچووی وەبەرهێنان وەکو لە خشتەی یەکەم دا هاتووە. 
 
لەم دوو گەڕەدا سەرەڕای سەرنجی شرۆڤەکارانی کەرتی وزە لە بەخشینی رێژەی بەرزی قازانجی کۆمپانیاکان لە وەبەرهێنان لەو کێڵگانەی واژۆیان کردووە، دەرکەوتنی هەژموونی کۆمپانیا چینییەکان لە کەرتی وزەی عێراق بەتایبەتیش نەوت و وەرگرتنی سێ کێڵگەی نەوتی و گازی لەلایەن کۆمپانیای کارەوە. 
 
گرنگیدانی چینییەکان بە کەرتی وزەی عێراق چ لە کڕینەوەی پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان بێت یان واژۆکردنی 10 گرێبەست بۆ پەرەپێدان لە وەبەرهێنانی نەوتی عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو راستییەی؛ هەناردەی نەوتی عێراق بۆ چین رۆژانە لە 2023ـدا گەیشتووەتە 1.18 ملیۆن بەرمیل، واتە رێژەی 35٪ـی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ چین بووە. 
 
هەروەها، لەڕووی ئابوورییەوە لە 2022ـدا عێراق بە بەهای 14 ملیار دۆلار کاڵای لە چینەوە هاوردەکردووە، بەڵام لەو ساڵەدا عێراق بە بەهای 34 ملیار دۆلار بەرهەمی هەناردەی چین کردووە، کە تێیدا بەهای نەوتی هەناردەکراو 33.8 ملیار دۆلار بووە. 
 
خشتەی 1: وردەکاری براوەکانی گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستە نەوتی، گازی و هاوبەشەکان لە عێراق دا

 

 
کۆمپانیای کار لە هەرێمی کوردستان وەک تاکە کۆمپانیای نێوخۆیی عێراق بە واژۆکردنی ئەو سێ گرێبەستەی لە گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستەکاندا کردی، توانای وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتی نەوت و بەتایبەتیش گاز دەرخست، چونکە دوو لەو کێڵگانەی وەریگرتوون تێکەڵە (نەوت و گاز) و کێڵگەیەکیشیان بەتەنیا گازە، ئەمەش دەرخەری ئەزموونی کۆمپانیای کارە لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەفیڕۆنەدانی گازی هاوەڵ.
 
راستییەکی دیکە لە پڕۆژەکانی ئەم دوو گەڕەی کێڵگە نەوتی و گازی و هاوبەشەکان لە سێ رۆژی رابردوودا دەرکەوت، زانیارییەکان بوون لەبارەی کێڵگە نەوتییەکانەوە، چونکە بەڕوونی دەردەکەوێت ئەو کێڵگانەی هیچ داتایەکی گەڕان و بیری تاقیکراوەیان نەبووە، کۆمپانیاکان ئامادەییان نەبووە بۆ وەبەرهێنان تێیاندا، وەکو لە خشتەی دووەم دا هاتووە. هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە کە لەو کێڵگانەی کۆمپانیا چینییەکان و کۆمپانیای کار گرێبەستەکانیان واژۆکردووە کێڵگەی تێدابووە کێبڕکێ لەنێو 8 کۆمپانیای بەشداربوو لە 22 کۆمپانیاکەدا بووە بۆ بردنەوەی تەندەرەکان و واژۆکردنی گرێبەستەکە. 
 
خشتەی 2: وردەکاری ئەو کێڵگانەی گەڕی پێنج پڵەس و شەشەم کە هیچ کۆمپانیاک ئامادەنەبوو وەبەرهێنانی تێدا بکات لە عێراق

 

 
هۆکاری بەشدارینەکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و وەرنەگرتنی کێڵگەکان لەلایەن کۆمپانیا ئەورووپایی، خەلیجی، بەریتانی و رووسەکانەوە
 
گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستە نەوتی، گازی و هاوبەشەکانی عێراق بڕیاربوو لە کۆتاییەکانی مانگی نیسان 2024دا بەڕێوەبچێت، بەڵام دوو هەفتەی دیکە درێژکرایەوە بە ئامانجی بەشداریی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لەم کەرتەدا، کەچی کۆمپانیا ئەمریکییەکان نەک هەر بەشدارییان نەکرد و تەندەریان پێشکێش نەکرد، بەڵکو هەر گرنگییان پێنەدا، چونکە سەرکردە عێراقییەکان و بەتایبەتیش پێکهێنەرانی حکومەت و ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستە، رۆژانە باس لە دەرکردنی ئەمریکییەکان دەکەن، چ جای ئەوەی کە وەبەرهێنانی سەتان و ملیاران دۆلاری لە کەرتێکدا بکەن کە نازانن سەرمایەکانیان پارێزراو دەبێت یاخود نا، ئەمەش سەرەڕای دروستبوونی کێشە و بەردەوامیی کێشەی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی وەبەرهێنیان لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان دا کردووە. 
 
هەروەها، سەرەڕای ئامادەبوونی کۆمپانیای شێڵی هۆڵەندی و بی پی بەریتانی، تەنانەت کۆمپانیا خەلیجییەکانی وەک کۆمپانیای قەتەر ئێنێرجی و ئەدنۆکی ئیماراتی بۆ بەشداریکردن لەم دوو گەڕەدا، هیچ گرێبەستێکیان نەبردەوە، هەرچەندە کۆمپانیا ئیماراتییەکان چوونەتە کێبڕکێکەوە، بەڵام هیچ گرێبەستێکیان وەرنەگرت. 
 
لەڕاستی دا، رەنگە دوو هۆکاری سەرەکی لە پشت وەرنەگرتنی یان نەتوانینی کێبڕکێی ئەم کۆمپانیانەوە هەبێت: یەکەمیان توانای کێبڕکێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیانەی گرێبەستەکانیان وەرگرتووە بەهۆی دەستی کاری هەرزان و بەکارهێنانی تێچووی ئامێر و تەکنەلۆژیای هەرزان لە کارکردن دا. دووەمیان بەهۆی پابەندی بە وەبەرهێنان لە وزە نوێبووەکان و پلانی حکومەتەکانیان بۆ گواستنەوە بۆ وزە پاکەکان لە داهاتوودا. 
 
لەم دوو گەڕەدا هەردوو کۆمپانیای گازپرۆم و لوک ئۆیڵی رووسی بەشدارییان کرد، بەڵام هیچ گرێبەستێکیان وەرنەگرت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیا رووسییەکان لە تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بە زۆری وەبەرهێنانیان لە کەرتی وزەدایە، چونکە ئێستا تووشی گرفتی وەرگرتنی پارەکانیان بوون، چ جای ئەوەی کە وەبەرهێنانی نوێ بکەن. 
 
کۆتایی 
 
ئێستا ئەوەی لە کەرتی نەوت و گاز لە عێراق دا دەبینرێت ئەوەیە؛ کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی ئاسانکاریی بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکان دەکات، بەشێوەیەک کە گەیشتووەتە رێژەی 30٪ـی قازانجی کۆمپانیاکان، کە لەوبارەیەوە قۆناخی دوو کابینەکەی پێش خۆی تێپەڕاندووە. 
 
لەم کابینەیەدا گرێبەستەکانی بواری وزە لەڕووی واژۆکردنەوە زۆر براونەتە پێشەوە، چ لە واژۆکردنی گرێبەستی تۆتال، کرێسنت پیترۆلیوم بێت تاوەکو واژۆکردنی ئەم 13 گرێبەستەی چەند رۆژی رابردوو، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە؛ عێراق بەم هەموو باڵە سیاسی و بەرژەوەندییە ئابوورییە نێوخۆی و هەرێمییەوە و، تەنانەت ئەم هەموو گرووپە چەکدارەوە کە ئێستا کێشە بۆ پەرەپێدانی گازی کۆرمۆر دروست دەکەن، دەتوانێت رێگەکانی ئەو کۆمپانیایانەی ئەم گرێبەستانەیان واژۆکردووە و  بردووەتەوە، بخاتە سەر رێی جێبەجێکردن یاخود نا؟ هەرچەندە  قۆناخی جێبەجێکردنی گرێبەستەکانیش بۆ ماوەی 20 تاوەکو 25 ساڵی داهاتووە. 
 
لە کۆتاییدا، بڕیاربوو حکومەتی تازەی عێراق دوای شەش مانگ یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەربکات و کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات، بەڵام هێشتا هیچ دیار نییە و ئاسۆی هەناردەکردنەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت رۆژانە بۆ بەندەری جەیهان بەبێ چارەسەر ماوەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەژیر قادری

پڕۆژەی پشتێنەی زێڕینی چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ دەرفەت یان مەترسی

بۆ چین، وڵاتانی ئێران، عێراق و سعودیە هاوبەشی ئابووریی جەوهەرین، بەڵام پرسە گرنگەکانی ئەم دواییانەی وەک شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئیسرایل و فەلەستین، بوونەتە هۆکاری راگرتنی پڕۆژەی پشتێنەی زێڕینی ئابووریی چین و بەردەوامن لە تاقیکردنەوەی هاوسەنگی پەکین لەنێوان هاوبەشە ستراتیژییەکان و ناسەقامگیریی ناوچەکەدا. کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ئەندام و سوودمەندێکی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە پشکی زێڕینی بەردەکەوێت. هەروەها، لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە، ئێران وەک پردێک لەنێوان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئاسیا گرنگیی زۆری هەیە لە سەرکەوتنی پڕۆژەی پشتێنەی ئابووریی زێڕینی چینی.