لە چواردەهەمین ساڵڕۆژی هەڵمەتی جیهانیی نەهێشتنی سزای لە سێدارەداندا، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی سزای مەرگ بانگەشەی لەناوبردنی ئەو سزایەی نوێ كردەوە لە جیهانێكدا كە تا دێت كوشتاری مرۆڤ لەسەر ئاستی تاكەكەسی و كۆ زیاد دەبێت و رۆژ نییە دیمەنە ترسناكەكانی پاكتاوكردنی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤ خۆیەوە بە دڕندانەترین شێواز لە تۆڕە كۆمەڵایەتی و میدیاكاندا بڵاو نەكرێتەوە وەك پروپاگاندەیەكی سادیزمی ئەو هێزە بكوژانەی ئەم جۆرە لەناوبردنەی مرۆڤ لەم سەدەیەدا زیندوو دەكەنەوە كە مرۆڤایەتی هیوای وا بوو جیهان تێیدا لە تاوانی كوشتن دووربكەوێتەوە و سەرتاپای دەوڵەتانیش سزای مەرگ لە دەستوور و فەرهەنگی یاساكانیاندا نەهێڵن. بەڵام ئەفسوس مرۆڤایەتی هێشتا دوورە لەوەی واز لە غەریزەی تۆڵەسەندنەوە و ئەو شەریعەتەی حامورابی پێش بیست و دوو سەدە بهێنێت كە حوكمی چاو بەچاو و ددان بە ددان و مەرگ بە مەرگی سەپاند.
لە سەدەیەكداین كە تەنیا دەوڵەتان سزای مەرگ بەسەر مرۆڤدا ناسەپێنن. ئەوە رێكخراو و گرووپە چەكدار و مەزهەبی و تیرەگەری و نەریتییەكانن كە زۆرترین تاوانی سزای مەرگی تاكەكەسی و كۆمەڵكوژی ئەنجام دەدەن. سزای مەرگ شوێنێكی لەناو یاساكان و كۆمەڵگەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپادا نەماوە و مەرجی بوونە ئەندامی هەر وڵاتێك لەو یەكێتییەدا بریتییە لە سڕینەوەی لە یاسای سزادانیدا، بەڵام خەریكە لەسەر ئاستی هۆشیاریی كۆمەڵگە، لێبووردەیی بەرامبەر ئەوانەی تاوانی كوشتن ئەنجام دەدەن، پاشەكشە دەكات و كۆمەڵگەی ئەوروپی لە ترس لەوی دییەوە دەگەڕێتەوە قۆناغی تۆڵەسەندنەوە و ئارام نەبوونی تەنیا بە كوشتنی تاوانكاران نەبێت.
ئێستاش كە ئەم كۆمەڵگەیە بەرەوڕووی مەرگێكی ئامادە و كوشتاری رۆژانە دەبێتەوە لەلایەن رێكخراوە جیهادییە تیرۆریستەكانەوە كە دڵڕەقانە و كوێرانە لە هەر شوێنێكدا بتوانن كۆمەڵكوژی ئەنجام دەدەن، تادێت ئەو هێزە ناسیۆنالیستانەی ئەوروپا كە ئاسایشی كۆمەڵگەكانی خۆیان بە كوشتنەوەی تاوانبارەكانەوە گرێ دەدەنەوە، دەنگی زیندووكردنەوەی سزای مەرگ بەرز دەكەنەوە و دەیانەوێت ئەوروپا پاشگەز بێتەوە لەو بەها مرۆییانەی پاش چەندین سەدە لە خەباتی فیكری و رۆشنگەری بەدەستی هێناوە و پشت لە لێبووردەیی بكات و دووبارە بە هەمان شێوازی بكوژان وەڵامی تاوانەكان بداتەوە. ئێستا بانگەشەیەكی ئەو هێزە ناسیۆنالیستانە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەكان گەڕاندنەوەی سزای مەرگ و لۆژیكی تۆڵەیە لە جیاتی لێبوردەیی.
لە جاڕی گەردوونیی مافەكانی مرۆڤەوە كە یەكێك لە پرەنسیپەكانی رێزگرتنی ژیانی مرۆڤە و مافی هیچ كەس و لایەنێك نییە ژیان لە مرۆڤ بسەنێتەوە، ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە دەوڵەتە ئەندامەكانی دەكات سزای مەرگ لە یاساكانیاندا نەهێڵن. بەڵام هەر لە 2015 دا لە 55 وڵات و ناوچە لەلایەن دەوڵەت یان رێكخراوی چەكداری و گرووهی كۆمەڵایەتی و ئەتنی و مەزهەبییەوە پیادە كراوە، 25 وڵات سزای مەرگیان جێبەجێ كردووە و پێنجیان لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدان كە زۆرترین سزای مەرگیان تێدا جێبەجێ كراوە، ئەوانیش چین و ئێران و سعودیە و پاكستان و ئەمەریكان. هەر ساڵی پار پێنج منداڵی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ لە پاكستان و چواریش لە ئێران لەسێدارەدراون.
سزای مەرگ لەلایەن دەوڵەتەوە بێت یان رێكخراو و كەسان، هەر لەسەر تاوانی سادەی دەستدرێژی و كوشتنی ئاسایی و تاوانی شەرەف و لادان لە رێنماییە ئایینەكانەوە بەسەر قوربانیەكاندا سەپێنراوە تا تۆمەتی سیاسی و بیروباوەڕ و جیاوازیی ئاینی و ئازادیی تاك لە هەڵبژاردنی رەوتی ژیانی خۆیدا. چەند ئافرەت بە لادان لە رەوشتی كۆمەڵگە و رێنماییە ئاینییەكان و هاوسەرگیرییان لە دەرەوەی رێسای كۆمەڵگە و خێزان و دابونەریتەوە، چەند هاوڕەگەزباز، كەسانی بێ باوەڕی ئایینی یان كەسانێك كە ئایینی خۆیان گۆڕیوە، چەندانی دی بە تاوانی بازرگانی و بەكارهێنانی ماددە سەرخۆشكەر و هۆشبەرەكانەوە رۆژانە لەلایەن دەوڵەت و رێكخراو و گرووپ و خێزانەكانەوە بە مەرگ سزا دەدرێن؟ ژمارەكان دیار نین.
ئەو كۆمەڵكوژییەی جیهادییەكان لە عێراق و سووریاوە تا یەمەن و تونس و لیبیا ئەنجامیان داوە دژی كەسانی جیاواز لە مەزهەبی ئایینی ئەوان بەتایبەتی تاوانە دژە مرۆڤایەتییەكانی رێكخراوی داعش بەرامبەر مەسیحی و ئێزدی و كورد و سوننەی عەرەب و تاوانی گرووپە شیعیە توندڕەوەكان دژی سوننە كە رێگەیان بەخۆیان داوە سزای مەرگ بەسەر كۆمەڵە كەسانێكدا بسەپێنن، هاوشێوە و هاوبیر و هاوئایین و مەزهەبی ئەوان نین و هیچ یاسایەكی دانراویش نییە پشتگیرییان بكات، چەندن؟ ئەی ئەو ڵاتانەی كە بە بیانووی زیادبوونی تاوان و بە تایبەتی هێرشە تیرۆریستییەكان دووبارە ئەو سزایەیان گەڕاندووەتەوە چەند مرۆڤیان بەو سزایە گەیاندووە؟ كوشتارەكان زۆرن و ژمارەكانیش دیار نین.
سزای مەرگ بەسەر تاوانباراندا چارەسەر و هۆكاری و بنەبڕبوونی تاوان نییە، بەڵكو خودی سزای مەرگ بە تاوانێكی دی دادەنرێت لەلایەن كۆمەڵگە و دەوڵەتەوە دژی مرۆڤەكانی لە جیاتی میتۆدی دیكە بۆ رێگری لە تاوان. سزای مەرگ كاریگەریی سایكۆلۆژیی سەخت لەسەر خانەوادە و خزمانی تاوانبار جێدەهێڵێت و ئەوانیش دەبنە قوربانی و برینەكان لە نێوان قوربانی و تاوانباراندا سەختتر دەكاتەوە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكانیش دەركەوتووە هیچ كاتێك سزای مەرگ و كوشتنەوەی تاوانباران نەبووەتە هۆی ساڕێژكردنی برینی كەسوكاری قوربانییە كوژراوەكان و لەبیرچوونەوەی ئەو تاوانە و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ. بۆیە كۆمەڵگە بە تۆڵەسەندنەوەی قوربانییەك و كوشتنی تاوانبارێك ئەویش تاوانێكی نوێ ئەنجام دەدات.
بۆ ئەوەی كۆمەڵگەش نەبێتە تاوانبار، دەبێت هۆشیارییەكی لادروست ببێت كە سزای مەرگ بە ناوی یاسا و شەرعیەتی دادپەروەرییەوە بەرگرییەكی دروستی كۆمەڵگە نییە لە خۆی بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی تاوان، بەڵكو ئەوە خودی كۆمەڵگەشە كە دەخزێتە ناو بازنەی تاوان و كوشتنی مرۆڤەوە وەكو بەنرخترین بەهای سروشت. بۆ ئەوەی مرۆڤكوژی نەمێنێت، دەبێت كۆمەڵگە و دەزگاكانی دەسەڵات ببنە نموونەی لێبووردەیی و پارێزەری ژیانی هەموو تاكێكی مرۆڤ تەنانەت تاوانبارەكانیشی.
رۆبێرت بادنتێری وەزیری پێشووی دادی فەرەنسا دەڵێت: مرۆڤ ئامانج و بونیادی كۆمەڵگەی دیموكراسیە، تەنانەت دڕندەترین تاوانیش كە تاوانبارێك ئەنجامی دەدات، رێگەمان پێ نادات ببینە چاولێكەری ئەو و ئێمەش پێشێلی سەرەكیترین مافی مرۆڤ بكەین كە رێزلێنانە لە كەسایەتی و مافی ژیانی و لە سەروو هەمووشیەوە پاراستنی جەستەی.
بەبێ گەیشتن بەو هۆشیارییە كە بەشێكی جیهان دوای خەباتێكی درێژخایەن بەدەستی هێنا و ئێستا بەشێكی خەریكە لێی پاشگەز دەبێتەوە، مرۆڤ ناتوانێت لە سزای مەرگ لەلایەن خودی مرۆڤەوە دەرباز بێت، ئیدی ئەو سزایە تاكەكەس، كۆمەڵگە یان دەوڵەت ئەنجامی بدات.

.jpg&w=3840&q=75)

