سیاسەت هونەرە، هونەرێکی باڵاشە بۆ ئەوانەی کە بە ئەزموون وەریانگرتووە. پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا و دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجووومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوپەیمانییەتی لەگەڵ سەدر و سوننەکاندائەنجامدا، لەو رێگەیەدا تووشی زۆرێک لە هەوراز و نشێو بۆیەوە، بەڵام بێ بەڵێن نەبوو تا دوا سات، تەنانەت قسە لەسەر ئەوەش دەکرا کە نەمانی هاوپەیمانییەتییەکە یەکسانە بە لاوازبوونی پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، بەڵام دەرکەوت بۆ هەموولایەنە عێراقییەکان کە پارتی سیاسەت دەکات، دەزانێت لە کوێدا داش دەجوڵێنێت و لە کوێدا بیر دەکاتەوە و لە کوێشدا لە پڕ کش و مات دەکات!
پارتییەکەی هاوپەیمانیی سەدر و سوننەکان، لە کۆتا گەڕی یارییە سیاسییەکەدا زۆر بە هێمنی و زۆر بە وریایی توانی ئەنجامەکان بگۆڕێت و یارییەکە لە بەرژەوەندیی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستییەکی تا رادەیەکی گەورە کۆتایی پێبهێنێت.
بەشێک لەو لایەنانەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە پێشتر لە کێبڕکێ و رکابەری سیاسیدابوون لەگەڵ پارتیدا، وایان لێکرا کە بە خواستی سەرۆک بارزانی و بەرژەوەندی و هاوسەنگی ماڵی کوردستانی دەنگ بدەن بەو بەربژێرەی دەستنیشانکراوە بۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، ئەمەش کرۆکی دانوستاندی سیاسییە!
کشاندنەوەی بەڕێز رێبەر ئەحمەد لە بەربژێکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەلایەن پارتییەوە، وردترین و جیدیترین هەنگاوی ژیرانەی پارتی بوو لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای کوردستاندا، بەم هەنگاوە نەیهێشت نە شیش بسووتێت نە کەباب. واتە نە پارتی زیانی پێگەیشت نە کوردستان!
سەرەڕای ئەوەش مۆدێلێکی نوێی سیاسیشی هێنایە ئاراوە کە پشتگیری لە بەربژێرێک کرد کە وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ خۆی ناساندبوو، لەبەرئەوەی پارتەکەی خۆی ئامادەنەبوو وەک بەربژێری فەرمی هاوبەش و تەنانەت خۆشییان دەستنیشانی بکەن، بەڵکو بەڕێزێکی دیکەیان دەستنیشانکرد وەک بەربژێرێکی حیزبی بۆ خۆیان، لەو ساتەدا پارتی بە لێزانیی سیاسیی خۆی لە لایەکەوە رێگریکرد لە پاوانخوازی حیزبی، لەلایەکی دیکەشەوە بەرژەوەندیی گشتیی خستە پێش بەرژەوەندی حیزبی خۆیەوە. بۆیە پشتگیری لە بەربژێرێک کرد کە پارتەکەی خۆی ئامادەنەبوون پشتگیری بکەن و لە دژیشی دەنگیاندا!
ئەم سیاسەتکردنە، رێک ئەو پێویستیەیە کە هەرێمی کوردستان پێویستییەتی و دوورە لە منجڕی سیاسی و بەرژەوەندی حیزبی، بەڵکو لەپێناو بەرژەوەندی باڵای خەڵک و هەرێمی کوردستاندایە و بە پراکتیکی پارتی ئەم پرەنسیپەی هەم چەسپاند هەم سەلماند.
پارتی بەوە ناسراوە کە تێکناچێت بە تاکتیکەکانی بەرامبەر، بەڵکو هەمیشە چاوی لە ستراتیژەکەیە و ئامانجیشی سوودمەندبوونی هەمووانە لەسەر بنەمایەکی پەسەند و روون کە هەمووان شۆک دەکات بە کۆتاییەکەی و لە هزری هیچ کەس و لایەنێکدا نییە.
ئەمەش بەشێکە لە جادووی پارتی لە سیاسەتدا کە بەرامبەرەکانی تا دوا سات نازانن چی دەکات، خۆ گەر زانییان پارتی چیدەکات و خەریکی چییە، جادووەکە بەتاڵ دەبێتەوە!
پارتی بە ئەندازەیەک سیاسەت دەکات کە لە کۆتایی هەر هاوکێشەیەکدا هیچ بۆ بەرامبەرەکانی ناهێڵێتەوە هەڵچوون نەبێت، هەڵچوونیش لەپانتایی سیاسیدا نە شوێن دەگرێت نە جێی دەبێتەوە.
پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، دوای کێشمەکێش و هەڵبەزوودابەزە زۆرەکان و ئەو قوربانییانەی پارتی بەخشی لەسەر ئاستی حیزبی، لە کۆتاییدا بە سوودی گشتی شکایەوە و وێنەی کۆبوون و ئیرادەی جیدیی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی کوردستانی نیشانی هەموواندا. لای پارتی مەرج نییە براوەکە پارتی بێت، بەڵکو مەرجە براوەکە کوردستان بێت!
پارتی لەم پرۆسەیەدا وانەیەکی گەورەی نیشتمانی و کوردستانی دا بە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان، پێیگوتن کاتێک بەرژەوەندی گشتیی دێتە پێشەوە بەرژەوەندی حیزبی و کەسی دەبێت پاشەکشە بکات، چونکە هەمیشە پارتی خۆی بە ئامراز زانیوە بۆ کوردستان. پرۆسەکە ئاڵۆز بوو، بەڵام ئاکامەکەی هاوسەنگ بوو بۆ هەمووان، هەرێمی کوردستانیش براوەی سەرەکی بوو.



