هێز دەدەینەوە دەنگ

13-07-2023
فەرمان ساڵح
نیشانەکردن پۆدکاستی رووداو رادیۆی رووداو
A+ A-
ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە یەک ملیۆن پۆدکاست لەسەر پلاتفۆرمە جۆراوجۆرەکان بڵاودەبنەوە، بەشی زۆری ئەو بەرنامانە لە ئەمریکا و ئەوروپا بەرهەمدەهێندرێن، تەنیا لەسەر ئەپڵ پۆدکاست زیاتر لە 43 ملیۆن ئەڵقەی پۆدکاست بڵاوکراونەتەوە، رۆژانە پۆدکاستی زیاتر بەرهەمدێن و ئەو کەسانەش کە گوێیان لێدەگرن، زۆرتر دەبن. بەپێی توێژینەوەکان 80٪ـی گوێگرانی پۆدکاست لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 7 کاژێر گوێ لە بەرنامە دڵخوازەکانیان دەگرن، 22٪ـیان بە تێکڕا زیاتر لە 20 کاژێر لە هەفتەیەکدا گوێ لە پۆدکاست دەگرن.
 
ئەو ژمارانە پێمان دەڵێن پۆدکاست بووەتە بەشێکی گرنگ لە میدیای نوێ، بەهۆی نێوەڕۆکی جیاوازەوە، پۆدکاستەکان جێگەی کۆمەڵێک ئارەزووی تایبەت دەگرنەوە، کە ئەو نێوەڕۆکانە لە بەرنامە و شوێنی دیکەدا نادۆزیەوە، چونکە پۆدکاست جیاواز لە جۆرەکانی دیکەی بەرنامە دەنگییەکان، هیچ سنوورێکت بۆ دیاری ناکات و لە هەر کاتێک و هەر شوێنێک دەتوانی گوێی لێبگریت.
 
دەتوانین بڵێین پۆدکاست مۆدێلێکی پێشکەوتووی رادیۆیە، چونکە هەردووکیان لە رێگەی دەنگەوە پەیامەکان دەگوازنەوە، بەڵام بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە، ئامرازەکانی گەیاندن ئاسانتر و خێراتربوونە و ئێستا هەرکەسێک دەتوانێت لە ماڵەکەی خۆیدا یان لە شوێنی کارەکەی بەبێ ئەوەی پێویستی بە ئامێری گرانبەها یان هیچ ئەنتێنێک بێت، پۆدکاست بەرهەمبهێنێت، بەڵام لەبەرهەمهێنان گرنگتر؛ نێوەڕۆک و شێوازی پێشکێشکردنی ئەو پۆدکاستەیە.
 
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، هێشتا پۆدکاست وەک ئامرازێکی نوێی میدیایی جێگەی خۆی نەکردووەتەوە، بەڵام وردە وردە گوێگرانی زیاد دەبن و دەزگاکانی راگەیاندنیش بایەخی زیاتر بە بەرهەمهێنانی پۆدکاست دەدەن، چونکە میدیا جیا لە خێرایی و وردی، دەبێت هەمیشە نوێترین و باشترین پێشکێش بکات، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی وەرگرتنی زانیاری و جێی متمانەی وەرگرەکانی. تۆڕی میدیایی رووداو هەمیشە پێیوابووە وەرگرەکانی شایەنی ئەوەن باشترین و تازەترینیان پێشکێش بکرێت وەکو هەموو وەرگرانی جیهان، بۆیەش رووداو لە هەموو شوێنێک هەیە و لەهەموو کاتێکدا پیشەییانە زانیارییەکان دەگوازێتەوە، لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانیشدا رووداو ناوەستێت و بەردەوام یەکەمی بێ رکابەرە. ئێستا رووداو یەکەم میدیای کوردستانی و عێراقییە پۆدکاست بەو فرەوانییە دێنێتە کوردستان و لە پلاتفۆرمە جیهانییەکاندا دەیخاتە بەردەستی گوێگرانی کورد و لە داهاتووشدا بۆ زمانەکانی دیکە. رووداو تەنیا لەم وەرزدا نزیکەی 20 پۆدکاست لە بوارەکانی سیاسی، کولتووری، ئایینی، ئەدەبی، میوزیک، تەندروستی، تەکنەلۆژیا و ئابووری پەخش دەکات، هەموو پۆدکاستەکان نێوەڕۆکی جیاوازیان هەیە و کەسانی ناسراو و شارەزا پێشکێشیان دەکەن.
 
گوێگرانی خۆشەویست، ئێوە دەتوانن لە رێگەی پۆدکاستەکانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بەرنامەی دڵخوازی خۆتان بدۆزنەوە، هەر کاتێکتان پێ گونجاو بوو لەنێو مۆبایلەکانتان و لە سەر کارپلەی لە هەموو جیهان دەتوانن گوێ لە پۆدکاستەکانی رووداو بگرن.
 
ئێمە دەمانەوێت گوێگری کورد، وەک گوێگرانی جیهان بژاردەی باش و بەسوودیان هەبێت لە پۆدکاستدا و هێزی دەنگ بگەڕێنینەوە، چونکە بەهۆی سەرقاڵی و زۆری کاژێرەکانی کارکردن و کەمی کات، دەرفەتی وەرگرتنی پەیامەکان و سەیرکردن یان خوێندنەوە و گوێگرتن لە ئامرازەکانی گەیاندن کەمبووەتەوە، پۆدکاست دەتوانێت زانیاری نوێ بداتە وەرگرەکان بە کاتێکی کەم. 
 
لە 15-7-2023 ئێمە دەستپێدەکەین و لە رێگەی ماڵپەڕێکی تایبەت بە پۆدکاستەوە، کە دەبەسترێتەوە بە پلاتفۆرمە جیهانییەکانی پۆدکاست، هەروەها لە رادیۆی رووداویشەوە وەرزێکی تازەی جیاوازتان پێشکێش دەکەین، پۆدکاستەکانمان بە سەنگی کتێبن و پڕ زانیارین. کاریگەریی رادیۆی رووداو زیاتر و بەربڵاوتر دەبێت. دەرفەتی زیاتریش دەدەینە رۆشنبیرانی کوردستان. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.