ڕەوتی ئیسلامی كوردستان لەنێوان پاشەكشەو نوێبوونەوەدا
(پرۆژەیەك بۆچاكسازی ناوخۆیی)
هادی عەلی
بسم الله الرحمن الرحیم
پێشەكی:
پرۆسەی گۆڕین و نوێبونەوە یاسایەكی گشتییە بۆبەردەوامبوونی ژیان و گەشەكردنی. گۆڕان و نوێبونەوەش بەپێی تیۆرەكەی فەیلەسوف و مێژوونوسی بەریتانی (ئارنوڵد توینبی) پەیوەستە بەدووهۆكارەوە، یەكەمیان بابەتیەو بریتیە لەو تەحەدیات و گۆڕانكاریانەی ڕوودەكاتە هەر گەل و نەتەوەیەك، دووەمیان زاتیە و بریتیە لەئاستی هوشیاری ئەندامانی هەر گەل ونەتەوەیەك ئامادەییان بۆوەڵامدانەوەی هۆكار و خواستەكانی گۆڕان و نوێبوونەوە. بەڵام لەهەمو حاڵەتێكدا هەر گەل و نەتەوەیەك وەیان هەر پێكهاتەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەگەر لە كاتی خۆیدا وەڵامدانەوەی ئیجابی نەبێت بۆئەویاسایە، ئەوا دووچاری چەقبەستن دەبێت و سەرەنجام بەرەو پەراوێز بوون و پوكانەوە دەچێت.
یەكێك لەدەرەنجامەكانی (تیۆری پەرەسەندن) لەجیهانی زیندەوەرەكاندا جەخت لەسەر ئەوڕاستیە دەكاتەوە كەئەوەی: لەهەر جۆرێكدا دەمێنێتەوە ئەوەنیە كەبەهێزە یاخود زیرەكە، بەڵكو ئەوەیە كەدەتوانێت خۆی لەگەڵ گۆڕانكاریەكاندا بگونجێنێت.
هەرلەبەرئەوهۆكارەیە گیانەوەری ئەفسوناوی دێرینی وەك دیناصور بەجەستەیەكی زەبەلاح و سەرێكی گچكەوە نەیتوانی خۆی لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی ژینگە و دەوروبەردا بگونجێنێت، بەڵكو هەرفریای ئەوە دەكەوت لەخەمی تێر كردنی جەستە زەبەلاحەكەیدابێت و سەرەنجامی لەناوچوون بوو. دیاردەی (بەدیناصوربوون) بەشێوەیەك لەشێوەكان ڕووبەڕووی دەوڵەت و پێكهاتە سیاسیەكانیش دەبێتەوە، لەكاتێكدا دەبنە خاوەنی جەستەیەكی زەبەلاح بەسەر و مێشكێكی بچكۆلەوە، ناتوانن خۆیان لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی دەوروبەردا بگونجێنن و توانای نوێبوونەوەو داهێنان لەدەست دەدەن و تەنها هۆشیان لای تێركردن و ئیدارەدانی جەستە زەبەلاحەكەیان دەبێ، بێ ئاگالەوەی كەئاستی پێشكەوتن و پەرەسەندنی دەوروبەر لەپلەیەكدایە نمونەكەی ئەوانی تێپەڕاندووە، بۆیە پەراوێز دەبن و چیتر ناتوانن ڕۆڵێكی كاراو سود بەخشیان هەبێ و چارەنوسیان پووكانەوەو لەناوچوون دەبێت.
هەر لەم بارەیەوە فەیلەسوف و كۆمەڵناسی ناوداری مێژووی ئیسلامی(ئیبن خەلدون)، لە كتێبەبەناوبانگەكەیدا( المقدمە)سوڕی ژیانی دەوڵەت و دەسەڵاتە سیاسیەكانی وەك سوڕی ژیانی هەر مرۆڤ و گیانلەبەرێك وەسف كردوە.. بەو پێیە دەوڵەت و پێكهاتە كۆمەڵایەتیەكانیش-كەلەوسەردەمەدا زیاتر هۆز و خێڵ بوون- بەهەمان شێوە، بەقۆناغەكانی منداڵێتی و لاوێتی و پێگەیشتن و پیربووندا تێدەپەڕن. دیارە لەقۆناغی گەنجێتیدا كەقۆناغی هێز و كارایی و حەماسەتە، ئامادەیی بۆخەبات و بەخشین و قوربانیدان و ڕووبەڕووبوونەوە لەچڵەپۆپەدایە، دەرگاكان و ڕێگاكان لەبەردەمدا كراوەدەبن بۆسەركەوتن و گەیشتن بەئامانجەكان و درێژەدان بەفراوان بوون و بەرەو پێش چوونی زیاتر. خۆ ئەگەر بەپێچەوانەوە لەقۆناغی لاوێتی و كارایی دا هەر دەوڵەت و پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتی نەیتوانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت، بەهۆی ناڕۆشنی ئامانجەكان یان پاشەكشەكردن لەڕووبەڕووبوونەوە یان هەرهۆكارێكی تر، ئەوكاتە حەماسەت و گیانی بەرخۆدان و بەخشین لای ئەندامان و هەوادارانی بزافەكە لاواز دەبێت، قۆناغی لاوێتی بەخێرایی بەسەر دەچێت و قۆناغی پیربوونی پێشوەخت ڕووی تێدەكات. سەرەنجام توانای خۆ نوێكردنەوە و گەشەكردن و بەرەو پێشچوونی نامێنێت و پەراوێز دەبێت و جێگا چۆڵ دەكات بۆهێز و لایەنی تر.
ترسناكترین كۆسپ كەدێتە ڕێگای هەربزاف و ڕەوتێكی سیاسی ئەوەیە كە دوای تێپەڕبوونی ساڵانێكی دوورودرێژ، نەتوانێت بگاتە سەركەوتن و بەدیهێنانی ئامانجەكانی. هەرئەوەش دەبێتە هۆكاری زوو پیربوون و چەقبەستنی بیر و باوەڕ و تەسلیم بوون بەواقیعە نەخوازراوەكەو دووركەوتنەوە لەپەیام و ئامانجە باڵاكان و ئامادە نەبوون بۆخۆنوێكردنەوە و داهێنان و گۆڕانی شێواز و میكانیزمی گەیشتن بەسەركەوتن. قوڵایی مێژوویی هەمیشە نابێتە خاڵی هێز، ئەگەر بێتوو سەركەوتن و گەیشتن بەئامانج لەكاتی خۆیدا بەدەست نەیەت، لەم حاڵەتەدا قوڵایی مێژوو دەبێتە بارگرانییەكی زیاتر لەسەر ڕەوتی بزافەكە و بێ متمانەیی و نائومێدی ڕوودەكاتە ئەندامەكانی و جەماوەری دەوروبەری.
گۆڕانكاریەكانی سەدەی بیست و یەكەم و ڕووداوەكانی چەندساڵی ڕابووردوو كەزۆربەی وڵاتانی ناوچەكەی گرتۆتەوە و تائێستاشی لەگەڵدا بێت بەشێوازی جیاجیا بەردەوامە، یەكێك لەدەرەنجامە بەرچاوەكانی ئەو ڕووداو و گۆڕانكاریانە هاتنە پێشەوەی لایەنەكانی ڕەوتی ئیسلامیە وەك بەهێزترین و گەورەرترین ڕەوتی سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆ سەر شانۆی سیاسی وڵاتانی ناوچەكە. بەڵام لایەنەكانی ئەم ڕەوتە هێشتا نەیانتوانیوە نمونەیەكی سەركەوتوو لەحوكمڕانێتی باش و هاوچەرخ پێشكەش بكەن و ئامانج و خواستەكانی جەماوەری ئەم وڵاتانە بهێننەدی. ڕاستە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی نەك هەر هاوكاری پێویست ناكرێن، بەڵكو كۆسپ و لەمپەری گەورەش دەخرێتە ڕێگایان و پیلانی ترسناك و گەورەش لەئارادایە بۆلەباربردنی شۆڕشەكان و نائومێدكردنی جەماوەری تێكڕای وڵاتانی ناوچەكە لەدامەزراندنی سیستەمی سیاسی دیموكراتی و سەقامگیر لەلایەن ڕەوتی ئیسلامیەوە. بەڵام لەگەڵ نالەباری هۆكارە بابەتیەكاندا، نكولی لەوڕاستیەش ناكرێت كەچەندین هۆكاری زاتی و تایبەت بەخودی هێزە ئیسلامیەكان خۆیان هەیە كەڕێگرە لەبەردەم سەركەوتن و گەیشتن بەئامانجەكان.
چونكە زۆربەی ئەوهێزانە وەك پێویست نەیانتوانیوە گۆڕانكاری و نوێبوونەوە لەخۆیاندا ئەنجام بدەن، بۆئەوەی بتوانن ئەزمونی حوكمڕانێتی هاوچەرخ و سەركەوتوو پێشكەش بكەن و خواست و ئامانجی زۆرینەی جەماوەری وڵاتەكانیان بهێننەدی. ئەگەرچی ئومێد هەیە كەئەزمونی تونس بە تایبەتی و مەغریبی عەرەبیش-بەشێوەیەك لەشێوەكان- هاوشێوەی ئەزمونی پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا، بتوانن سەركەوتن بەدەست بهێنن.
لایەنەكانی ڕەوتی ئیسلامی كوردستانیش لەبەردەم هەژموونی هەمان گۆڕانكاری و تەحەدیاتدان، بەڵام سەقفی گەشەكردن و بەرەو پێشچوونیان لەحاڵەتی چەقبەستن و ڕاوەستاندایە وتائێستا كەمینەیەكی لاوازن و مانەوەیان بەم مۆدێلەی ئێستا، چاوەڕێی پاشەكشێی زیاتریشیان لێدەكرێت، ئەگەر نەتوانن گۆڕانكاری و نوێبوونەوەی ڕیشەیی و جیددی لەفیكر و هەیكەلیەتی حیزبی و میكانیزمی كارو گوتاری سیاسی خۆیاندا ئەنجام بدەن...
پاشەكشەو ڕاوەستان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی20/9/2013و30/4/2014دا بەتایبەتی ئەوەی كەپەیوەستە بەیەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە، بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگرە لەسەر ئەوڕاستیە تاڵەی سەرەوە.
بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە لایەنەكانی ڕەوتی ئیسلامی كوردستان بەگشتی سود لەڕوداو و گۆڕانكاریەكانی ناوچەكەو ئەزمونی ئیسلامیەكانی تر وەربگرن و ئامادەبن بۆ خۆ نوێكردنەوە و گۆڕانكاری ڕیشەیی لەخۆیاندا، بۆئەوەی ئەم دۆخە چەقبەستووە نەخوازراوەی ئێستایان تێپەڕێنن و بتوانن ڕۆڵێكی كاریگەرتر و بەهێزتر ببینن لەپرۆسەی چاكسازی لەسیتمی سیاسی و ئیداری هەرێمی كوردستاندا.
لەوسۆنگەیەوە ئامادەبوون بۆ بەخۆدا چوونەوەو خۆنوێكردنەوە ئەركێكی شەرعی و زەرورەتێكی واقیعی ئەم قۆناغەیە.
بوارەكانی نوێبوونەوە: دەتوانین گرنگترین بوارەكانی گۆڕانكاری و نوێ بوونەوەی پێویست بۆئەم قۆناغە و گەیشتن بەئایندەیەكی باشتر لەم چەند بوارەی خوارەوەدا كورت بكەینەوە:
یەكەم: نوێكردنەوەی رێكخستن: ئاشكرایە كەبۆهەرقۆناغێكی كاری سیاسی و حیزبی ڕێكخستنی تایبەت بەخۆی پێویستە. قۆناغی نهێنی، ڕێكخستنی ستونی و هەرەمی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام دیارە كەقۆناغی كاری حیزبی و سیاسی لەكەش و هەوای ئازاد و دیموكراسیدا و لەچوارچێوەی یاسا ڕێگا پێدراوەكاندا، ناكرێ بەهەمان فۆرم و شێوازی قۆناغی نهێنی و ژێر چەپۆكی دیكتاتۆریەت و داپڵۆسینی ئەمنی و موخابەراتی ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی لەم قۆناغە مێژووییەی ئێستا دا كەدەزگاكانی ڕاگەیاندن و تەكنۆلۆژیای پەیوەندیەكان و ئاڵ و گۆڕ كردنی زانیاریەكان لەسەتەلایت ومۆبایل و ئینتەر نێت، هەمو سنور و دیوارەكانیان بەزاندووە و جیهانیان وەك ماڵێك لێ كردووەو ئاستی هوشیاری سیاسی و ڕۆشنبیری كۆمەڵگە بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی لەپلەیەكی بەرزی گەشەكردوی بەردەوامدایە. بۆیە ئەم قۆناغە پێویستی بەڕێكخستنی ئاسۆیی و شەبەكەیی هەیە، پلەكانی ئەندامێتی بەشێوە تەقلیدیەكەی مۆدیلێكی دواكەوتوو بەسەرچووەو ناگونجێ لەگەڵ بنەماكانی یەكسانی و دادپەروەوری و پرۆسەی شوراو بەشداری هاوسەنگی سەرجەم ئەندامانی حیزب و ڕێكخراوێك كەهەمو لەسەر هەمان پرۆگرام و پێڕەو و ئامانج كۆبوونەتەوە.
لەلایەكی ترەوە حیزبی سیاسی لەسیستمی دیموكراتیدا كاردەكات بۆگرتنە دەستی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی كاروباری حكومەت و خزمەتكردن بە كاروباری گشتی كۆمەڵگە. ئاشكرایە هەركۆمەڵگەیەكیش پێكهاتووە لە ژن و پیاو و چەندین پێكهاتە و ئینتیمای ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی، بۆیە پێویستە هەموان بەشداربن لەپرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی كاروباری حكومەت و دەوڵەتدا. كەواتە حیزبی سیاسی ئازادە هەرجۆرە مەرجەعیەتێكی فیكری و فەلسەفی بۆخۆی بڕیار دەدات، بەڵام لەهەمو حاڵەتێكدا پێویستە ئەندامێتی لەسەربنەمای هاوڵاتی بوون دابمەزرێت و هەمو هاوڵاتیان و پێكهاتەكانی كۆمەڵگە بۆیان هەبێ ببن بەئەندام و لایەنگری هەر كام لە حیزبە سیاسیەكان.
لایەنە ئیسلامیەكانی كوردستان هەتا ئێستا تەنها حیزبی ئیسلامیەكانی كوردستانن و ئەندامانیان بریتین لەكەسانی موسڵمانی دیندار و بەئاراستە ئیسلامی و پەروەردە كراوی مەنهەجیەتی سەردەمی قۆناغی كاری نهێنی و تایبەت بەخۆیان. لەبەر ئەوە هەواداران و دەنگدەرانیشیان تەنها ئەوكەسانەن كەدیندارن و ئاراستەی فیكری و سیاسیان ئاراستەیەكی ئیسلامیە كە ڕێژەیەكی سنوردارن لەكۆمەڵگەدا و زیاتر لەبەر لایەنی دینی و ڕەوشت و ڕەفتاری ئاینی دەبنە ئەندام و لایەنگری حیزبە ئیسلامیەكان و لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگیان پێ دەدەن، نەك لەبەر پرۆژەی سیاسی و توانایان بۆحوكمڕانیكردنی سەركەوتوو. بۆیە ئەگەر لەسەرئەم فۆرمە تەقلیدیەی ئێستایان بەردەوام بن و گۆڕانكاری و نوێبوونەوەی ڕیشەیی ئەنجام نەدەن، ئەوا بەدڵنیایی دووچاری پاشەكشەی زیاتر دەبن.
خاڵێكی تری لاوازی لایەنە ئیسلامیەكان بەگشتی و یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان بەتایبەتی وەك لایەنێكی سەر بە مەدرەسەی ئیخوانی، ئەوەیە كە بە هیچ شێوەیەك سود لەنوخبە وەرناگرن، ئەندام و لایەنگرانیان پێویستە بەڕێگا تەقلیدیەكەدا گشت پلەكانی ئەندامێتی تێپەڕێنن، ئەوسا لەبەڕێوەبردنی كاردا بۆناوحیزب و دەرەوەی حیزبیش بەكاریان دەهێنن، پشت بەستن زیاتر بەساڵانی ئینتیماو و وەلائە بۆقیادە نەك بەكەفائەت و شارەزایی. ئەم خاڵە لاوازە جگە لەوەی ناگونجێ لەگەڵ كارنامەو پرۆژەی حیزبی سیاسیدا، تەنانەت پێچەوانەی ڕێبازی پێغەمبەری ئیسلامیشە-صلی اللە علیە وسلم-كە هەرلەسەرەتای بانگەوازی ئیسلامیەوە سودی گەورەی دەبینی لەموسڵمان بوونی كەسایەتیەكانی وەك: عومەری كوڕی خەتاب و حەمزەی مامی و ڕاستەوخۆ دوای موسڵمان بونیان قۆناغی نهێنی پێ دوایی هێنان، بەبێ ئەوەی چاوەڕێ بكات تاچەند ساڵێك لە(دارالارقم)دا پەروەردە بكرێن. لەقۆناغەكانی دواتریشدا هەر لەسەر هەمان رێباز بووە، ئەوەتا دوای موسڵمان بوونی خالیدی كوڕی وەلید ڕاستەوخۆ فەرماندەیی سوپای پێ سپارد، چونكە پرۆسەی پەروەردە خۆی ئامانج نیە بەڵكو وەسیلەیە بۆجێ بەجێكردنی ئامانج و لەحەدیسدا هاتووەكە:(الناس معادن خیارهم فی الجاهلیە خیارهم فی الاسلام). هێزی سیاسی و خاوەن پرۆژەی چاكسازی گەرەكە لە كاتی گونجاودا قۆناغەكان تێپەرێنێت و دەستی بگات بە توێژی گۆرین بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پرۆژە سیاسیەكەی، ئەگینا دەرفەتەكانی لە دەست دەچێت و لە كاروان دوا دەكەوێت و پەراوێز دەبێت. لایەنەكانی ڕەوتی ئیسلامی كوردستان نەك نەیانتوانیوە نوخبەو كەسایەیتەكان لەخۆبگرن و سودیان لێ وەربگرن، بەڵكو ژمارەیەكی زۆر لە كادر و كەسایەتیە كانی خۆشیان لێ دووركەوتۆتەوە و ناتوانن استیعابیان بكەن.
دووەم/ بەدامەزراوەیی كردنی كاری بانگەواز و پەروەردەی ئیسلامی و جیا كردنەوەی لە كاری حیزبی: ئاشكرایە كارو وەزیفەی سەرەكی و فەلسەفەی وجودی لایەنەئیسلامیەكان بریتیە لەكاری بانگەواز و پەروەردەكردنی تاك و خێزان و بەهێزكردنی بیرو باوەڕی ئاینی و جێگیركردن و گەشەپێدانی بەهاو ڕەوشتە ئیسلامیەكان لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵگە، كەزۆر جیاوازە لەسروشتی كار و وەزیفەی حیزبی سیاسی. چونكە سروشتی كاری بانگەواز و پەروەردەی ئیسلامی بەپلەی یەكەم پشت دەبەستێت بە پرۆسەی تەبلیغ و ئامۆژگاری و هەوڵدان بۆگۆڕینی قەناعەت و بیروباوەڕ و ڕەوشتی تاكەكان، بەڵام كاری حیزبی سیاسی بایەخدانە بەكاروباری گشتی كۆمەڵگە و ململانێی سیاسی لەچوارچێوەی پرنسیپەكانی دیمەكراتی و یاسادا و خۆئامادەكردنە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و جێ بەجێ كردنی پرۆژەی سیاسی حیزب لەخزمەت هاوڵاتیاندا بەگشتی، بەبێ هیچ جۆرە جیاوازیەكی ئاینی یان ڕەگەزی و نەتەوەیی..
حیزبی سیاسی ئیسلامی ئەگەر لەدەسەڵات بێت یان لەئۆپۆزسیۆن، دەتوانێت كاربكات بۆدابینكردنی كەش و هەوای ئازاد و لەبار بۆئەنجامدانی پرۆسەی بانگەواز و پەروەردەی ئیسلامی. بەڵام حیزبی سیاسی ئیسلامی بێت یان هەرجۆرە مەرجەعیەتێكی تری هەبێ، لەدەسەڵات بێت یان لەئۆپۆزسیۆن، بۆی نیە و نابێت كاربكات لەسەر سەپاندنی بیروباوەڕ و ئەفكاری خۆی بەسەر هاوڵاتیاندا بەپشت بەستن بەئامرازەكانی دەسەڵات.
تێكەڵ كردنی كاری بانگەواز و كاری حیزبی و سیاسی لەلایەن حیزبە ئیسلامیەكانەوە بەگشتی و ئەو حیزبانەی كە سەر بە مەدرەسەی ئیخوانن بەتایبەتی، لەوەوەسەرچاوەی گرتووە كەئیسلام ئاینێكی گشتگیرەو هەمو بوارەكانی ژیان دەگرێتەوە. بەڵام گشتگیربوونی ئاینی ئیسلام بەهیچ شێوەیەك ئەوە ناگەیەنێت كەحیزب و لایەنی سیاسی ئیسلامی دەبێ نمونەیەكی گشتگیر و هەمەلایەنەبێت و هەمو بوارەكانی ژیان لەخۆ بگرێت. چونكە ئەوە لەتوانای هیچ حیزب و ڕێكخراوێك دا نیە و مومكین نابێت بەشێوەیەكی هاوسەنگ سەركەوتن و پێشكەوتن لەگشت بوارەكاندا بەدەست بهێنێت، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا كەسەردەمی پسپۆڕێتی و بەدەزگاییكردنی گشت بوارەكانی ژیانە. ئاشكرایە بواری بانگەواز و پەروەردە كادری پسپۆڕ و دەزگای تایبەتمەند بەخۆی دەوێت كەوەك وتمان زۆر جیاوازە لە دەزگای حیزبی و ململانێی سیاسی، بەڵام دەكرێ بەشێوەیەك لەشێوەكان هاوكاری و تەواوكاری لەنێوان هەردوو بوارەكەدا ئەنجام بدرێت.
ئێستا لەم قۆناغەدا لەسەرئاستی وڵاتانی ئیسلامی بەگشتی و هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێكی زیندوو لەم ناوچەیە، دیارە كەئاستی بانگەواز و رەوتی ئیسلامی بووەتە بەشێكی گەشەكردوی كۆمەڵگە و بەردەوام لەفراوانبووندایە و بەوهۆیەوە حاڵەتی ئیسلامی و پابەندبوون بەدروشم و ڕێنماییەكانی ئیسلام لەسەر ئاستی تاكەكان و كۆمەڵگە و تەنانەت لەسەر ئاستی دەسەڵاتی سیاسی و دەستور و یاساكانی وڵاتیش لەئاستێكی باشدایە و ساڵ لەدوای ساڵ لەبەرەو پێشچووندایە. بۆیە كاتی ئەوەهاتووە لایەنەكانی ڕەوتی ئیسلامی كوردستان وەك چەندین نمونەی تری وڵاتانی ناوچەكە گۆڕانكاری گەورە لەم بوارەدا بهێننە كایەوە و مۆدێلە تەقلیدیەكەی كاری ئیسلامی تێپەڕێنن و كاری بانگەواز و پەروەردەی ئیسلامی هاوشێوەی بواری فیكری و چالاكیە ئاینی و خێرخوازیەكان بەدامەزراوەیی بكرێن. بۆمومارەسەكردنی كاری سیاسیش مۆدێلی حیزبی سیاسی پاشخان ئیسلامی بهێننە كایەوە، كەدیارە پشت بەستوو دەبێت بەوكادرو كەسایەتیانەی كەبەرهەمی پرۆسەی بانگەواز و پەروەردەی ئیسلامین، بەڵام خۆیان یەكلابكەنەوە بۆكێبڕكێی سیاسی و پێشكەشكردنی پرۆژەی سیاسی بۆئەنجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازی ڕیشەیی لەسیستەمی سیاسی وڵاتدا.
ئەم حاڵەتەی ئێستای لایەنە ئیسلامیەكانی كوردستان كەزیاتر سەرگەرمی كاری حیزبی و ململانێی سیاسین، بەڵام بەشێوەیەكی ناهاوسەنگ دەیانەوێت قاچی ڕاستیان لە مەیدانی سیاسەت بێت و قاچی چەپیان لە بواری بانگەوازدا بێت، لەم حاڵەتە نا تەندروستەدا-بەداخەوە- لەبری ئەوەی سیاسەت لەخزمەتی بانگەواز و بەها باڵاكانی ئیسلامدا بێت، تاڕادەیەكی زۆر ئاراستەكە پێچەوانە بووەتەوە و بانگەواز و كادرەكانی لەخزمەت سیاسەت و ململانێ حیزبیەكەدان. دیارە لەم حاڵەتەدا متمانەی جەماوەری بەدڵسۆزی و ئامادەیی كادیرە دەعەویەكان ڕوو لەكزبوون دەڕوات و سەرەنجام كاری بانگەواز بەتەواوەتی لاواز دەبێت. لەلایەكی تریشەوە ئەوكادرو كەسایەتیانەی كاتێك كاری حیزبی و حكومەتیان تەواو دەبێت، لەبری ئەوەی بگەڕێنەوە بۆناودەزگا و دامەزراوە دەعەویەكان و بەسوود وەرگرتن لەشارەزایی و پسپۆڕیان خزمەت بكەن، زۆر وادەبێت كار و چالاكی سیاسی و فیكری و بانگەوازیش واز لێ دەهێنن و سەرەنجام شارەزایی و توانا كانیان لەدەست ئەدەن. ئەم حاڵەتی سارد بوونەوەو وازهێنان و دووركەوتنەوەیە، بووەتە دیاردەیەكی كەڵەكەبووی ترسناك و تەحەددایەك بۆلایەنەكانی ڕەوتی ئیسلامی و ساڵ لە دوای ساڵا خراپتریش دەبێت.
سێیەم/ نوێكردنەوەی گوتاری ئاینی و ڕەتكردنەوەی خوێندنەوەی تەقلیدیانە بۆمێژوو:
لایەنەكانی ڕەوتی ئیسلامی كوردستان ئەگەر بیانەوێت لەڕوی سیاسیەوە پێشبكەون و لەم حاڵەتە چەقبەستووە سنوردارەی ئێستایان دەربچن و ڕۆڵی گەورەتر و كاریگەرتر ببینن و متمانەی هەمو لایەك بەدەست بهێنن لەسەر ئاستی نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری و ناوەندە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەكان، پێویست دەكات كاربكەن لەسەر نوێكردنەوەی گوتاری ئاینی و دەعەوی خۆیان و هاوسەنگی باشتر بكەن لەنێوان نەقڵ و عەقڵدا و خوێندنەوەی تەقلیدیانە بە تایبەتی لە رووی سیاسیەوە بۆفیقهو مێژووی ئیسلامی ڕەتبكەنەوە. مەبەستمان لەڕەتكردنەوەی خوێندنەوەی تەقلیدیانە ئەوەیە كە فیقهی ئیسلامی و مێژووی سیاسی دەوڵەتەكانی ئەمەوی و عەبباسی نابێ وەك(وەحی خوایی و نەگۆڕی شەریعەت و بەشێك لەئیسلام) سەیربكرێت. چونكە بەڵگە نەویستە كە فیقه و مێژووی سیاسی موسڵمانان لەو ڕۆژگارەدا جگە لەوەی لە دوای خەلیفەكانی راشدین لادانی گەورەی بەسەردا هات، وەك هەمیشە ئەزموون و كاری مرۆڤەكانەو ڕاست و هەڵە روویان تێدەكات و تایبەت بووە بەقۆناغە مێژووییەكەی خۆیانەوە، دەكرێ موسڵمانان لەم سەردەمەدا سودی لێ وەربگرن، بەڵام ناكرێ وەك بەشێك لەئاین سەیربكرێت و داوای دووبارەكردنەوەو پابەند بوونی ئاینی لەموسڵمانان بكرێت بەوردە كاری ئەوفیقهو مێژووەوە.
بەوتێڕوانینەی سەرەوە گواستنەوەی فیقهو و مێژووی ئیسلامی بۆ ئەم سەردەمە، شێوەیەكە لەشێوەكانی تەقلید كە بێگومان ناكۆكە لەگەڵ چەمكی(اجتهاد و نوێكردنەوە) كەهەمیشە پێویستە دەرگای كراوە و لەسەر پشت بێت بۆ تێگەیشتنی نوێ لەقورئان و سوننەت و بەرهەمهێنانی هزری نوێ و وەڵام و چارەسەری نوێ بۆكێشە و داخوازیەكانی موسڵمانان لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵگە لە سەردەمە جیاوازە كاندا. خاڵێكی لاوازی خوێندنەوەی تەقلیدی و سەلەفیانە بۆ مێژوو لەوەدایە كەدەرگاكان دادەخات لەبەردەم ژیری و ئازادی بیركردنەوەو سودوەرگرتن لەبەرهەمەكانی عەقڵی ئینسانی لەبوارە جیاجیاكانی ژیاندا و دەیەوێت بەپشت بەستن بەئامرازەكانی دەوڵەت و دەسەڵات، شێوازێكی تایبەت لەپابەند بوون بەڕێنماییە فقهیەكان بسەپێنێت بەسەركۆمەڵگە موسڵمانەكاندا و بووەتە سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ دیاردەی ترسناكی تیرۆر و توندرەوی ئیسلامی لە سەردەمی نوێدا. لە لایەكی ترەوە ئەو خوێندنەوە نادروستە چاوپۆشی دەكات لەستەمكاری سیاسی و گەندەڵی لەسنوربەدەری دەسەڵاتداران و هەموو هەڵسان و نارەزایەتیەك بەرامبەر ناعەدالەتی و ستەمكاری سیستەمە سیاسیەكان بە فیتنە و ئاژاوە گێری لە قەلەم دەدەن.
لەوبارەیەوە (د.محسن عبدالحمید) دەڵێت: عەقڵیەتی سەلەفیانە بەهەردوو بەشەكەیەوە(شیعی یان سوننی) لەبارنین بۆ ڕێبەرایەتیكردنی پرۆژەی ئیسلامی هاوچەرخ و پێویستە موسڵمانان ڕاستەوخۆ لە(وەحی-واتە قورئان)ەوە ئیلهام وەربگرن بۆكێشەو گرفتەكانی ئەم سەردەمە. پشت بەستنی لایەنەكانی رەوتی ئیسلامی بە خوێندنەوەی تەقلیدیانەو سەلەفیانە بۆ فیقهو مێژوو لە مەیدانی دەعوە و سیاسەت كردندا، هەوڵدانە بۆ دوبارە بەرهەم هێنانەوەی رابردوویەكی بەسەر چوو كە ناگونجێ لەگەڵ رۆحی سەردەم و رۆحی نەمری و هەتا هەتایی بوونی ئاینی ئیسلامدا. لایەنەكانی رەوتی ئیسلامی هاوچەرخ كەئەركی سەرەكیان بریتیە لەنوێكردنەوەی تێگەیشتن و پابەند بوون بەئیسلام و دابەزاندنی لەسەرواقیعی سەردەم، پێویستە ئەو خوێندنەوە تەقلیدیانە ڕەتبكەنەوەو اجتهادی نوێ و هزری نوێ بەرهەم بهێنن و هاوسەنگی بكەن لە نێوان (نەقڵا و عەقڵا)دا و بایەخی باشتر بدەن بە ئازادی بیركردنەوە، هاوتەریب لەگەڵا بەهێز كردنی لایەنی ئیمانی و مەعنەویدا.
چوارەم/ تەبەنیكردنی تیۆری مەقاصیدی بۆڕاڤەكردن و تێگەیشتن لەشەریعەت و دابەزاندنی لەسەرواقیعی هاوچەرخ لەكۆمەڵگە موسڵمانەكاندا: لێرەدا جێگای خۆیەتی ئاماژە بەو ڕاستیە بكەین كە چەمكی(شەریعەت) و چەمكی (جێ بەجێكردنی شەریعەت) دووچەمكی لەیەكترجیاوازن، چونكە چەمكی شەریعەت لەڕوانگەی قورئانەوە هەمو ئیسلام دەگرێتەوە. قورئانی پیرۆز ڕاشكاوانە ئەم ڕاستیە دەخاتە ڕوو: [ثمَّ جَعَلْنَاكَ عَڵی شَریعَەٍ مِنَ الْأَمْڕ فَاتَّبِعْهَا ۆڵا تَتَّبِعْ أَهْؤاء الَّذینَ ڵا ێعْڵمُونَ](18-الجاثیە)
ئیمامی تەبەری لەتەفسیری ئەم ئایەتەدا دەڵێت:(الشریعە:الدین). كەواتە چەمكی شەریعەت بەمانا قورئانیەكەی هەمو ئیسلام دەگرێتەوە بەعەقائید و عیبادات و ئەخلاق و ئەحكامەوە. بەوپێ یە دەتوانین بڵێین (جێبەجێكردنی شەریعەت) لەكۆمەڵگە موسڵمانەكاندا بەڕادەیەكی گەورە پشتگوێ نەخراوە و لەكارپێكردن دوورنەخراوەتەوە، چونكە كۆمەڵگە موسڵمانەكان بەڕێژەی جیاجیا پابەندن بە بەدروشم و عیبادات و ئەخلاقی ئیسلامیەوە. زۆربەی زۆری جێ بەجێكردنی شەریعەت ئەرك و بەرپرسیارێتی كۆمەڵگە موسڵمانەكانە، بەشێكی زۆر كەمی دەمێنێتەوە كە ڕوودەكاتە دەوڵەت بۆئەوەی لەچوار چێوەی یاسادا جێ بەجێ یان بكات.
ئەگەرچی ئەوەی كەزۆرگرنگە دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتە موسڵمانەكاندا لەسەری بڕۆن و جێ بەجێی بكەن، بریتیە لەبنەمادەستوریەكانی شەریعەتی ئیسلامی وەك ڕەزامەندی ئوممەت و شورا و داپەروەری و یەكسانی لەبەرامبەر یاسادا، كەبەداخەوە هەرلەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئەمەویەكانەوە كار بەوبنەما سەرەكیانە وەك پێویست نەكراوەو كەم كەم پشت گوێ خراون، تاكار بەوەگەیشتووە كە جێ بەجێ كردنی شەریعەت كورتكراوەتەوە لەیاسای سزاكان و هەندێ ئەحكامی فیقهی ڕواڵەتی و فەرعی دا. لەلایەكی ترەوە جێ بەجێ كردنی شەریعەت كرداری مرۆڤە موسڵمانەكانەو یەكسان نیە بەچەمكی شەریعەت، چونكە زۆر وادەبێت دەوڵەتێك یان دەسەڵاتێكی سیاسی بەهەڵە شەریعەت جێ بەجێ دەكات. بۆیە ئەركی لایەنە ئیسلامیە سیاسیەكانە كە بگەڕێنەوە بۆتێگەیشتنی قورئانی و هاوەڵەكانی پێغەمبەری ئیسلام-درودو سەلامی خوای لەسەر- سەبارەت بەگرتنە بەری ڕێبازی مقاصیدی بۆتێگەیشتن لەقورئان و سوننەت و مامەڵە كردن لەگەڵ ڕۆحی شەریعەت لەكاتی جێ بەجێ كردندا، بەهەمان ئەو ڕێبازەی كەخەلیفەكانی ڕاشدین لەسەری دەڕۆشیتن بەتایبەتی خەلیفەی دووەم عومەری كوڕی خەتاب-خوالێیان ڕازی بێت.
تیۆری مەقاصیدی هاوئاهەنگ و گونجاوە لەگەڵ چەمكی بەرژەوەندیەكان(المصالح)كە یەكێكە لەو بنەما سەرەكیانەی شەریعەتی ئیسلامی لەسەر دامەزراوە. بەرژەوەندیەكان(المصالح) لەگەڵ ئامانجەكان(المقاصد)تەواوكاری یەكترن، چونكە ئامانجە گشتیەكانی شەریعەت وەك پاراستنی گیان و ماڵا و كەرامەتی مرۆڤەكان و دادپەروەری و یەكسانی..تاد، گشت بەرژەوەندیە شەرعیەكانی مرۆڤ دەگرێتەوە و تەعبیر لەڕۆحی شەریعەت دەكات. فیقهی ئیسلامی هاوچەرخ و پرۆسەی(اجتهادكردن)لەم سەردەمەدا پێویستە بایەخی زیاترو باشتربدات بەهەردوو بنەمای ماف و بەرژەوەندیەكان(الحقوق والمصالح) لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵگە، نەك تەنهالەسەر بنەمای تەكلیف(التكلیف)كەزیاتر پەیوەستە بەعیبادات و مافەكانی خوا لەسەر بەندەكانی.
لایەنە ئیسلامیەكان پێویستە لەڕوی سیاسیەوە تەبەنی (تیۆری مقاصیدی شەریعەت)بكەن چونكە كاری سیاسی لەڕوانگەی ئیسلامەوە بریتیە لەمومارەسەكردنی سیاسەتی شەرعی كەتایبەتە بەكاركردن لەسەر دەستەبەركردنی بەرژەوەندیەكان و بنەبڕكردنی گەندەڵیەكان. ئەم مەیدانەش پشت بەستووە بە ڕاوبۆچوون و ئەزمون و مامەڵە كردن لەگەڵ هەل و مەرجە گۆڕاوەكاندا، مەرجەعیەتیش لەم بوارەدا بریتیە لەمەقاصیدی شەریعەت و پێوەرەكانی. بۆیە نوێنەرەكانی ڕەوتی ئیسلامی لە پەرلەمان و حكومەتدا نابێ خۆیان و كۆمەڵگە سەرقاڵ بكەن بەتاوتوێكردنی ڕواڵەتە فیقهیەكان و ئەحكامە جوزئیەكانەوە، بەڵكو لە بری ئەوە پێویستە تاوتوێی بەرژەوەندیە گشتیەكانی ووڵات و كۆمەڵگە بكەن و لەوبوارەدا پرۆژە و ڕێگا چارەی زانستیانە و عەمەلی پێشكەش بكەن بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی و دابینكردنی دادپەروەری و بیناكردنەوەی ژێرخانی ئابووری وڵات و دامەزراندنی دەوڵەتی قانون و مۆسسات.
پێنجەم/ تەبەنیكردنی نمونەی دەوڵەتی مەدەنی بەمەرجەعیەتی ئیسلامی وەك ڕێگاچارەیەكی مام ناوەند لەنێوان دەوڵەتی دینی و دەوڵەتی عەلمانیدا:
دەوڵەتی مەدەنی لەسەر بنەمای بەشداربوونێكی ئیجابی لەنێوان ئاین و دەوڵەت دادەمەزرێت، بەشێوەیەك كە سیستەمی سیاسی وڵات لەدەستوورەوە شەرعیەت وەردەگرێت، هەروەك دەستوریش بەشێوەیەكی دیموكراسیانە لەكۆدەنگی تێكڕای پێكهاتەكانی میللەتەوە شەرعیەت وەردەگرێت.
لەوڵاتە ئیسلامیەكاندا بەپێی دەستور ئەركی دەوڵەتە كە پارێزگاری لەئاین و كولتور و داب و نەریتی گشتی كۆمەڵگە بكات. بەڵام بەناوی عەلمانیەتەوە بێت یان بەناوی ئیسلامەوە نابێ ڕێگا بەدەوڵەت و دەزگاكانی حكومەت بدرێت دەستوەردان بكەن لەكار و باری كەسێتی و هەڵس و كەوت و شێوازی ژیانی هاوڵاتیاندا، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا كە دەوڵەت هەمو جۆرە ئامرازێكی لەبەردەستە بۆكۆنترۆڵكردن و سەركوتكردن بەشێوەیەكی ترسناك.
لەكۆمەڵگەی ئیسلامی ڕاستەقینەدا موسڵمانان هۆشیارانە و ئازادانەو بەشێوەیەكی شارستانیانە، بەخواست و ئارەزوی خۆیان پابەند دەبن بەدروشم و ڕێنماییەكانی ئیسلامەوە، بەبێ هیچ جۆرە فشار و سەپاندنێك لەلایەن دەوڵەت و دەزگاكانی حكومەتەوە. چونكە هەركاتێك پابەند بوون بەئاین و ڕێنماییە ئاینیەكان بوو بەوەزیفەی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی، ئەوكاتە ئاین دەگۆڕێت بۆ ئایدۆلۆژیایەكی بێزراو و نەویستراو، دیاردەی نیفاق و دووڕوویی لەهەڵس و كەوت و چۆنێتی پابەند بوون بە دروشم و ڕێنماییە ئاینیەكانەوە دەبێتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و پیشەی بەشێكی زۆر لەهاوڵاتیان. لەكۆمەڵگەی ئیسلامی ڕاستەقینە و هاوچەرخدا و لەسایەی سیستەمی دیموكراتیدا، ئەوە كۆمەڵگەیە كەچاودێری دەوڵەت و دەزگاكانی حكومەت دەكات و لێپرسینەوە لەدەسەڵاتداران دەكات و لادان و خراپەكاریان لێ قبوڵ ناكات، نەك بەپێچەوانەوە. چونكە لەدەوڵەتی مەدەنیدا بەپێی یاسا ئەرك و وەزیفەی دەوڵەت و دەزگاكانی حكومەت لەئەرك و وەزیفەی كۆمەڵگە و دەزگاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی جیا دەكرێتەوە.
دەوڵەتی مەدەنی دەوڵەتی قانون و مۆسساته و لەسایەیدا جیاوازی ئاین نابێتە كێشە لەنێوان دەوڵەت و هاوڵاتیاندا، لەهەمانكاتیشدا لەدەستوری هەمیشەیی دەوڵەتی مەدەنیدا ئاینی زۆرینە دەبێتە ئاینی ڕەسمی وڵات و جەخت لەسەر ئەوەش دەكرێتەوە كەلەپرۆسەی یاساداناندا ڕەچاوی بنەماكانی ئاینی زۆرینە بكرێت، ئەم مۆدێلە لەدەوڵەت گونجاوە بۆ ئەم سەردەمە بۆ وڵاتانی ئیسلامی و ڕێگا چارەیەكی هاوبەش و مامناوەندیشە لەنێوان ڕەوتی ئیسلامی میانەڕەوو و ڕەوتە عەلمانیە میانەڕەو و لیبرالەكاندا. دیارەكە لەبواری یاسای كەسێتیدا یاسای تایبەت بەخاوەن ئاینەكانی تریش ڕێگای پێ دەدرێت.
شەشەم/ پوختەی كەلام و ئامانج لەم پرۆژەیە: ئەوەیەكە لایەنەئیسلامیەكانی كوردستان پێویستە لەهەمو ئەم بوارانەدا نوێكردنەوەی پێویست لەفیكر و بیرو بۆچوونیاندا ئەنجام بدەن و لە گوتاری ئاینی و سیاسیاندا بەڕۆشنی ڕەنگبداتەوە. هەروەها پێویستە كاری بانگەواز و بانگەشەكردن بۆپابەند بوون بەدروشم و ڕێنماییە ئاینیەكانەوە نەكەنە بەشێك لە كاری حیزبی و پرۆژەی سیاسی خۆیان، چونكە ڕێگای دروست ئەوەیە كە ئەوبوارە لەڕێگای دەزگاكانی ڕاگەیاندن و كادیری پسپۆڕ و لێوەشاوە و دامەزراوەی تایبەتمەندو سەربەخۆوە ئەنجام بدرێت.
وەزیفەی سەرەكی لایەنەكانی ڕەوتی ئیسلامی كوردستان لەڕوی سیاسیەوە بریتیە لەچاكسازی سیاسی ڕاستەقینە لەسیستەمی سیاسی وڵات و كاركردن لەپێناو هێنانەدی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكاندا. ئەومەسەلەیەش ئەوە دەخوازێت كە ئیسلام و بانگەشە كردن بۆ پابەند بوون بە ڕەوشت و ڕێنماییە ئاینیەكانەوە ئازاد و پارێزراوبێت لەكێشەو ململانێی حیزبی و سیاسی نێوان ڕەوتە ئیسلامی و عەلمانیەكان. هەردوو لا پێویستە خۆیان یەكلا بكەنەوە بۆچارەسەركردنی كێشە و قەیرانە ساسی و ئابووری و كارگێڕیەكان و دەستەبەركردنی ئازادی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و پێشكەوتن بۆگەل و وڵات. ململانێ و كێبڕكێی نێوانیان لەسەر پرۆژەی سیاسی باشتر و پێشكەوتوترو زانستیانەتر بێت، دیارە هەرلایەن و ڕەوتێك بەئیلهام وەرگرتن لەمەرجەعیەتی فیكری و فەلسەفی خۆی و پابەند بوون بە ڕەفتار و بەها باڵاكانی خۆیەوە، پرۆژە پێشكەش دەكات و مومارەسەی سیاسەت و ململانێكان بەڕێوەدەیبات.
لایەنەكانی ڕەوتی ئیسلامی كوردستان لەگەڵا ناوەند و كەسایەتیە ئیسلامخوازەكانی كوردستان بۆئەوەی بتوانن لەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستایان دەربازببن و ڕۆڵێكی كاراتر و كاریگەرتر ببینن لەنەخشەی سیاسی وكۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستاندا، پێویست دەكات چاكسازی ڕیشەیی و نوێبوونەوە لە هزر و میكانیزمی كاری خۆیاندا ئەنجام بدەن و هاوزەمان بەدووئاراستەی هاوتەریب كاروباری خۆیان ڕێكبخەنەوە:
ئاراستەی یەكەم: كاركردن لەسەر جیاكردنەوەی كاری بانگەواز و پەروەردەی ئیسلامی لەدەزگای حیزبی و ململانێی سیاسی و ئەنجامدانی لە چوارچێوەی دەزگا و دامەزراوەی كۆمەڵگەی مەدەنی و ناحیزبیدا.
ئاراستەی دووەم/ لەڕوی سیاسیەوە كاربكەن لەسەر ئەوەی كە لەچوارچێوەی مۆدێلێكی سیاسی نوێدا خۆیان ڕێكبخەنەوە، بۆئەوەی وەك ڕەوتێكی نیشتیمانی كاراو بەگوتارێكی سیاسی بەهێز، متمانەی بەشێكی زۆر یان زۆرینەی جەماوەر و نوخبەی كوردستان بەدەست بهێنن .
تەبەنی كردنی ئەم پرۆژەیە-كەدیارە پێویستی بە گفتوگۆو ڕاوێژو بیروڕاگۆڕینەوەو دەوڵەمەند كردنی باشتر هەیە- زەرورەتێكی ئەم قۆناغەیە بۆلایەنەكانی ڕەوتی ئیسلامی كوردستان، چونكە مەیدانی كاری هاوبەش و ئامانجی هاوبەش كۆیان دەكاتەوەو ئەدەبیات و شێوازی كاركردنیشیان لەهەمو ڕویەكەوە لەهەركاتێكی تر زیاتر لەیەكتر نزیك بۆتەوە، بۆیە پاساوی ماڵ جیایی و پەرتەوازەیی زۆر كەمبۆتەوە. نوێكردنەوەی میكانیزمی كار و پێكەوەبوون و كاری هاوبەش ڕێگای دەربازبوونە لەم حاڵەتی چەقبەستن و پاشەكشەیە بەرەو ئایندەیەكی گەش و پێشكەوتوو.
[إِنَّ اللَّهَ ڵا یُغَیِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّی یُغَیِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ] صدق الله العظیم.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ