رووداو- هەولێر
هەموو هەوڵی ژنەكە بۆ ئەوەبوو بزانێ مێردەكەی چ كارێك دەكات، بەڵام بۆی ئاشكرا نەبوو، تاوەكو رۆژێك پەیوەندییان پێوەكرد كە مێردەكەی دەستگیركراوە، ئیدی بۆی دەركەوت ئەو پارەیەی هاوژینەكەی پەیدای دەكرد، پارەیەكی حەڵاڵ نەبووە، بۆیە بڕیار دەدات لێی جیاببێتەوە.
ئەو ژنە سەردانی ئێمەی كرد بۆ ئەوەی دەرچەیەكی یاسایی بۆ بدۆزینەوە كە چۆن لە هاوژینەكەی جیاببێتەوە، چونكە دەیگوت ئەو تاوانەی مێردەكەی لەسەری گیراوە، لێخۆشبوونی نییە و هەر دەیەوێ لێی جیاببێتەوە. سەرەتا پێویست بوو گوێ لە بەسەرهاتەكەی بگرین بۆ ئەوەی رێگەچارەی یاسایی بۆ بدۆزینەوە.
ئەو گوتی "مێردەكەم زۆربەی كات لە ماڵەوە بوو، بە رۆژ هیچ كار و كاسبییەكی نەدەكرد، كەچی بەردەوام گیرفانی پڕ لە پارە بوو. زۆربەی شەوان لە دەرەوە بوو، كاتێك پرسیارم لێدەكرد، ئەو پارەیەت لە كوێ بووە، دەیگوت كاڵا دەكڕم و دەفرۆشمەوە. زۆربەی شەوان تەلەفۆنی بۆ دەكرا، ئینجا دەچووە دەرەوە. چەندینجار پێمدەگوت من بە تەنیا دەترسێم، دەیگوت بۆچی دەترسی؟ دەرگا لەسەر خۆت دابخە، منیش كە ئەو دەڕۆیشت و كلیلی لەگەڵ خۆی دەبرد، ناچار دەرگام لەسەر خۆم دادەخست. كاتێك دەگەڕایەوە من نووستبووم".
ئەو هەڵسوكەوتەی پیاوەكە، ژنەكە تەواو بێزار دەكات، بۆیە لای كەسوكارەكەی سكاڵا دەكات، بەڵام باوكی پێیدەڵێ ئارام بگرە، تازە ئێوە خاوەن منداڵێكن و ناتوانی وا بە ئاسانی جیاببیتەوە، چاوەڕێ بكە بەڵكو هەڵسوكەوتی بەرامبەرت بگۆڕێ. ژنەكە هەمان سكاڵای لەدەست مێردەكەی لەلای خەزووریشی كردبوو، بەڵام ئەویش تەنیا ئەوەندەی پێگوتبوو كە كوڕەكەی گەورە و تەواوە و چی لێ بكات.
ئەو ژنە ماوەیەكی زۆر ژیانی لەگەڵ ئەو پیاوەدا بەو شێوەیە بەسەربرد، تاوەكو بەیانییەك هەڵسا و بینی مێردەكەی نەگەڕاوەتەوە، دواتر كەسێك تەلەفۆنی بۆ دەكات و پێیدەڵێت "مێردەكەت بەهۆی دزیكردنەوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە". ئیدی ژنەكە بۆی دەردەكەوێ كە هاوژینەكەی بە درێژایی ئەو ماوەیە شەوان بۆ دزیكردن چووەتە دەرەوە، هەر بۆیە بڕیار دەدات لێی جیاببێتەوە.
بە ژنەكە راگەیەنرا كە دەتوانێ لە دادگای باری كەسی سكاڵا لەسەر هاوژینەكەی تۆمار بكات و داوای جیابوونەوەی لێ بكات، بەڵام ژنەكە باری دارایی باش نەبوو، بۆیە ناونیشانی رێكخراوێكی پێدرا بۆ ئەوەی پارێزەرێكی خۆبەخشی بۆ دابین بكەن و لە دادگا بەرگریی لێ بكات.
ئایا یاسا لەسەر ئەو كارەی پیاوەكە، رێگە بە جیابوونەوەی ئافرەتەكە دەدات، لە كاتێكدا تەڵاق و جیابوونەوە بە دەست پیاوە؟ بەڵێ لە زۆر حاڵەتدا ئافرەت دەتوانێ داوای جیابوونەوە بكات، یەكێك لەو حاڵەتانەش ئەوەیە كە ئەگەر پیاوەكە تاوانێكی كرد و بۆ ماوەیەك كەوتە زیندانەوە.
لە ماددە 43ی یاسای باری كەسیدا هاتووە: "ژن بۆی هەیە داوای جیابوونەوە لە هاوژینەكەی بكات، ئەگەر هاوژینەكەی بەهۆی تاوانێكەوە سزا درا و ئازادیی سنووردار كرا بۆ ماوەی سێ ساڵ یان زیاتر، بە مەرجێك ساڵێك بەسەر جێبەجێكردنی حوكمەكەی تێپەڕیبێت، تەنانەت ئەگەر پیاوەكە باری دارایی باش بێ و خەرجیی خێزانەكەشی بكێشێ".

.jpeg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)