پاش هەشت ساڵ لە ڕووخانی رژێمی بەعس، خەڵکی عێراق بەهۆی کەموکووڕی لە خزمەتگوزارییەکان، بێکاری، گەندەڵی و نادادپەروەری، لە بەهاری 2011 لەژێر کاریگەریی ئەو رووداوانەی کە بە بەهاری عەرەبی ناسرابوون، هاتنە سەرشەقام و ڕێگەی خۆپیشاندانیان گرتەبەر بۆ خستنەڕووی داواکاری و ناڕەزاییەکانی خۆیان. حکومەتی ئەوکات کە نووری مالکی سەرۆکایەتی دەکرد، لەلایەن موقتەدا سەدرەوە (100) ڕۆژی بۆ دیاریکرا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای حکومەتەکەی، بەڵام چەندین سەد ڕۆژ تێپەڕین و دۆخەکە تا دێت هەر خراپتر دەبێت و وەک کورد دەڵێن ساڵ بە ساڵ خوزگە بە پار.
پاش ساڵی 2003 سیستەمێکی پشکپشکێنەی حزبی- تایفی لە عێراقدا هاتەئاراوە، هەر لایەن و تایفە و پێکهاتەیەک هەوڵدەدات لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی جومگەکانی دەسەڵات و دەستخستنی دارایی سیاسی جێی خۆی لەناو سیستەمی سیاسی عێراقدا بەهێز بکات، ئەمەش وایکردووە گەندەڵی و نادادپەروەری بە جۆرێک لەناو چینی دەسەڵاتداردا تەشەنە بکات و ڕەگ دابکوتێ، کە بێزاریی لە ڕادەبەدەری جەماوەری لێ بکەوێتەوە، هەربۆیە دەبینین لە ساڵی 2015 بەدواوە ساڵانە خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی عێراق دووبارە دەبنەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە، سەرەڕای باڵادەستیی شیعە لەناو دەسەڵاتی سیاسی عێراق، بەڵام ناوچە زۆرینە شیعییەکان داینەمۆ و گۆڕەپانی سەرەکی خۆپیشاندانەکانن. هەروا بەشی هەرەزۆری خۆپیشاندەران گەنجن، کە ئەمڕۆ 60%ی دانیشتووانی عێراق پێکدێنن، جگە لەمەش خۆپیشاندانەکان ڕێبەرایەتییەکی دیاریکراویان نییە و زۆر جار خۆڕسک و ناڕێکخراون.
هەرچەندە عادل عەبدولمەهدی لە وتەکانی خۆیدا لە بەرەبەیانی 4/10/2019 ئاماژەی بە سیستەمێکی دەستووری و دیموکراسی کردووە لە عێراقدا، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، شێوازی هەڵسوکەوتی حکومەتەکەی ناوبراو لەگەڵ خۆپیشاندەران هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ شێوازی دەوڵەتە سەرکوتکەرەکاندا نییە و هێزەکانی ئاسایشی عێراق ئەوپەڕی توندوتیژییان بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارهێناوە و تاکوو نووسینی ئەم وتارە (31) کەس لە ماوەی (3) ڕۆژدا کوژراون و پتر لە هەزار کەسیش بریندار بوون و هێڵەکانی ئینتەرنێتیان لە هاووڵاتیان بڕیوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان فیلتەر کردووە، کە ئەمەش لەگەڵ بنەما دەستووری و دیموکراتییەکاندا یەکناگرێتەوە.
خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی عێراق، دەکرێ چەندین ڕەهەندی هەبێت و خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت. ڕەهەندی سەرەکی و دیاری ئەم خۆپیشاندانانە ناڕەزایی قووڵی خەڵکە لە گەندەڵی، نادادپەروەری، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و بێکاری و هتد. ئیدی ئەمڕۆ چەقۆ گەیشتووەتە سەر ئێسکی خەڵک و وەک دەڵێن جامەکە پڕ بووە و لێی دەڕژێت. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی شەفافیەت، عێراق پلەی دوازدەیەمی هەیە لەناو دەوڵەتە گەندەڵەکانی جیهاندا، هەربۆیە بە دەوڵەتێکی شکستخواردوو هەژمار دەکرێت. هۆکارەکانی پشت پەردەی ئەم خۆپیشاندانانە هەرچییەک بن، ناتوانن ئەو ڕاستییە بگۆڕن کە حکومەتی عێراق نەیتوانیوە گەندەڵی بنبڕ بکات و خزمەتگوزارییەکان وەک پێویست پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات و دادپەروەری کۆمەڵایەتی وەک ئامانجێکی گرنگی هەر دەسەڵاتێکی سیاسی دەستەبەر بکات.
بەشێکی تر لە چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق ڕەنگی داوەتەوە و هەندێ لایەن ئەمەریکا و سعوودیە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە پشت ئەم خۆپیشاندانەن، بە تایبەت کە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە دروشمی دژەئێرانی بەرز دەکرێتەوە، هەربۆیە ماڵپەڕە ئێرانییەکان بە گومانەوە لەم خۆپیشاندانانە دەڕوانن و ماڵپەڕی دیپلۆماسی ئێرانی بە خۆپیشاندانی گوماناویی عێراق (تڤاهرات مشکوک عراق) ناوی دەبات. لە کاتی جەنگی دژی داعش، بەهۆی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە و بە تایبەت عێراق، جۆرێک لە هاوکاری یا چاوپۆشی لەلایەن ئێران و ئەمەریکا بەرامبەر بە یەکتر هەبوو، بەڵام لە قۆناغی پۆست داعشدا ئەو هاوکاری و هاوئاهەنگییە کۆتایی هاتووە و هەر لایەنێک هەوڵدەدات زیاترین دەستکەوت لە کێکی عێراق بۆ خۆی بەرێت کە ئەمەش لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە ئۆکتۆبەری 2018 بە ڕوونی هەستی پێکرا. پاش کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و سەپاندنی سزا لەسەر ئێران و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم هەناردەی نەوتی ئێران، پەیوەندییەکانی هەردوولا بەرەو گرژیی زیاتر ڕۆیشت، ئەمەش بێگومان کاریگەریی لەسەر دۆخی سیاسی- ئاسایشی عێراق دەبێت. بەردەوامیی ئەم دۆخە حکومەتی عێراق دەخاتە ناو هەلومەرجێکی زۆر دژوار کە وا دەکات توانای بڕیاردانی نەمێنێ، چونکە لە هەر حاڵەتێکدا هەر بڕیارێک بدات دەبێتە هۆی لێکگیربوون لەگەڵ لایەنێکی کێشەکە کە ئێران و ئەمەریکان. دەکرێ ئەم خۆپیشاندانەش کارتی گوشاری یەک لەو لایەنانە بێت دژ بەویتر بۆ چەسپاندنی ئامانج و ئەجێنداکانی خۆی لەسەر حکومەتی عێراق و لایەنی بەرامبەر.
هەروا ڕەهەندێکی تری خۆپیشاندانەکان، رەنگە ململانێی ناوخۆیی هێز و لایەنە عێراقییەکان بێت بەرامبەر بە یەکتر. هەروەک دەزانین، هەوڵێک هەیە بۆ لەکارلادانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی و هەندێ کەس و لایەن خواست و ئارەزووی خۆیان بۆ ڕووخاندنی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی ناشارنەوە، بیگومان بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان دەتوانێ هەلێکی زێڕین بێت بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ببنە جێگرەوەی ئەو. هەرچەندە ئەگەرێکی دووریش نییە لە ئەنجامی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان و ئاڵۆزتربوونی دۆخی وڵات، عەبدولمەهدی بۆ خۆی واز لە پۆستەکەی بهێنێت، چونکە ناوبراو پێشینەیەکی پۆزەتیڤی هەیە لەم بارەیەوە و پێشتر بۆ خۆی وازی لە پۆستی جێگرایەتی سەرۆککۆمار و وەزارەتی نەوت هێناوە و، لەوانەیە ئامادە نەبێت بە هەر نرخێک لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە.
هۆکاری ڕاستەقینەی خۆپیشاندانەکان هەرچییەک بن، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە خەڵکی عێراق مافی خۆیانە لە ژیانێکی باشتردا بژین و لەو دۆخە پڕ لە نەهامەتی و کارەساتبارە رزگاریان بێت، کە چەندین ساڵە چینێکی دەسەڵاتداری گەندەڵ و بێتوانا بەسەریاندا سەپاندوون.



