ئەو جەنگە ئابووری و سایكۆلۆژییە هەمەلایەنەی ماوەی چەند هەفتەیەكە واشنتۆن لەیەك كاتدا بەرانبەر ئێران و توركیا و چین و رووسیا و ئەوروپا گرتوویەتیە بەر، زۆر لە چاودێرانی سیاسی دووچاری سەرسوڕمان كردووە لەوەی چۆن دەبێت ئەمریكا لەیەك كاتدا زیاتر لە پێنج بەرەی جەنگ بكاتەوە، چونكە لۆجیك و پراگماتیك وا دەخوازن كە ئەمریكا پێ بە پێ گوشار و هەڕەشەكانی بۆسەر وڵاتانی نەیاری زیاتر بكات و پاش سەركەوتنی لە بەرەیەكدا ئینجا بەرەیەكی تر بكاتەوە.
هەندێك لە شارەزایانی كاروباری ئەمریكا هۆكاری ئەو پەلهاویشتنە خێرایەی ئەمریكا بۆ كەسێك دەگێڕنەوە كە ماوەیەكی زۆرە داخ لەدڵە بەرانبەر ئەو نەیارانەی ئەمریكا و هەمیشە وەكو شیكەرەوەیەكی سیاسی لە تەلەفیزیۆنی "فۆكس نیوز"ی بەناوبانگی ئەمریكاوە ئاخی لە باراك ئۆباما و ئیدارەكەی هەڵدەكێشا و جەختی دەكردەوە كە نابێت ئەمریكا ئەوەندە نەرمونیان بێت و دەبێت بەزەبری هێزی سەربازی كێشەكانی لەگەڵ وڵاتان چارەسەر بكات. ئەو كەسە "جۆن بۆڵتن"ی تەمەن 69 ساڵە كە لە بەهاری ئەمساڵەوە وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپ دەستبەركار بوو.
بۆڵتن بە ئەندازیاری رووخاندنی سەدام حسێن دەناسرێت و رەنگە رێكەوتیش نەبووبێت كە رۆژی دەستبەكاربوونەكەی خرایە 9ی نیسان، رۆژی هەرەسهێنانی رژێمەكەی سەدامەوە. ئەو دیارترین هەڵۆی محافیزكارە نوێیەكانە و دوژمنی سەرسەختی رووسیا و ئێران و توركیا و فەلەستینییەكانە و لایەنگری بەكارهێنانی هێزە لەدژیان، دەشگوترێت باوەڕی بە یاسا نێودەوڵەتییەكان نییە و كاتێك نوێنەری ئەمریكا بوو لە نەتەوەیەكگرتووەكان، گرفتی زۆری لەنێو كۆبوونەوەكاندا دروست دەكرد. كەسێكی راشكاو و توندوتیژە و بە سمێڵە زلەكەی بەناوبانگە. ترەمپیش هەستیاریی زۆری بەرانبەر بە سمێڵەكەی هەیە و وەكو نوكتەش هەندێك لەرۆژنامە ئەمریكییەكان بڵاویان كردەوە لەبەر سمێڵە گەورەكەی نەبووایە ترەمپ بۆڵتنی دەكردە وەزیری دەرەوە، بەڵام ئەو خۆی زۆر داكۆكی لە سمێڵی دەكات و ئامادە نییە لەژێر هیچ گوشارێكدا لایبدات!
لەكاتێكدا زۆر لە ناوەندە سیاسییەكان و وڵاتان ترس و نیگەرانییان بەرانبەر دامەزراندنی جۆن بۆڵتن نیشاندا، ژمارەیەك لە داڕێژەرانی ستراتیژی ئەمریكا باوەڕیان وایە بۆڵتن یارمەتیدەری سەرۆك ترەمپ دەبێت لەبەدیهێنانی ئەو درووشمەی كە بەرزی كردووەتەوە و دەڵێت:" با سەرلەنوێ ئەمریكا بكەینەوە بە وڵاتێكی مەزن". ترەمپ بەدانانی بۆڵتن لەو پۆستەدا و دامەزراندنی مایك پۆمپیۆ بە وەزیری دەرەوە و نیكی هایلی بە نوێنەری ئەمریكا لە UN و جینا هاسبیل بە سەرۆكی دەزگای هەوڵگری، بازنە هەڵۆییەكەی كۆشكی سپی تەواو كرد و هەر هەموویان لە زۆربەی بابەتەكاندا هاوڕان لەگەڵ سەرۆك ترەمپ، بۆیە رەنگە سەرۆك بتوانێت زۆربەی تێڕوانینەكانی لەبارەی باڵادەستبوونەوەی ئەمریكا بخاتە بواری پراكتیكەوە.
بەشێك لە پسپۆڕانی سیاسی پێیانوایە لەبەر ئەوەی ترەمپ شارەزایی لە سیاسەتی دەرەوەدا نییە، بۆیە زۆر بەئاسانی لەلایەن راوێژكارەكانیەوە- بەتایبەتی لەلایەن جۆن بۆڵتن-ەوە كاری تێدەكرێت هەروەك چۆن كۆندۆلیزا رایس كاریگەریی بەسەر جۆرج دەبلیو بوش-ەوە هەبوو، ئەمەش وادەكات جۆن بۆڵتن زۆرترین كاریگەری بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا هەبێت و ئامانجی لەمێژینەی خۆی بەدی بهێنێت كە خۆی لە بەكارهێنانی هێزی سەربازی و ئابووریی ئەمریكا بۆ ملكەچكردنی نەیار و دوژمنەكانی دەبینێتەوە، بەڵام ئاخۆ هەروا بەئاسانی دەتوانێت لەماوەی دوو ساڵی داهاتووی سەرۆكایەتی ئەم ئیدارەیەدا مەرامەكانی بەدی بهێنێت و وەكو خۆی دەڵێت شكۆی ئەمریكا بگێڕێتەوە و تاكجەمسەریی ئەمریكا بەسەر جیهاندا بسەپێنێت، یاخود بەهۆی ئەو سەركێشییانەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان تووشی پشێوی و ئاڵۆزی دەكات؟


.jpg&w=3840&q=75)