سنوور و ئیرادەی دەروێش

09-07-2020 1 کۆمێنتەکان
ئاکۆ محەممەد
ئاکۆ محەممەد
نیشانەکردن دەروێش سنوور شێخ محەممەدی کەسنەزانی کوردستان رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
زۆربەی كورد لە ناخی خۆیدا كێشەی سنوورەكانی سایكس پێكۆی هەیە و ئامانجیشی یەكگرتنەوەی نیشتیمان و نەتەوەكەیەتی، بەڵام زۆربەیان بە دەربڕین و كردەوەش ئەوە وەك ئیرادەیەك نیشان نادەن. باوەڕی دەروێشەكانی تەریقەتی قادری و شوێنكەوتووانی شێخ محەممەد كەسنەزانی، ئەمڕۆ ئیرادەی سنوور شكاندنی بۆ دروستكردن. 
 
ئەمڕۆ بەسەتان دەروێش بە باوەڕی تەریقەتەكەیانەوە، نەك باوەڕی نیشتیمانی، ئەو سنوورانەیان بڕین، سەرەڕای رێگری و تەقەی پاسداران و رێگری پۆلیس و ئاسایشەكان لە دەروازەی باشماخ. بە رەچاوكردنی ئەوەش كە زۆر لەو دەروێشانە لەكاتی هاتنە ناوەوەی دەروازەی باشماخ، خاكی كوردستانی ئازادیان ماچ دەكرد، بەڵام دیسانەوە باوەڕبوونیان بە تەریقەت و شێخەكەیان ئەو ئیرادەیەی بۆ دروستكردوون نەك باوەڕێكی نیشتمانی و رێباز و هاندانی حیزبێك. 
 
ئێستا ڤایرۆسی كۆرۆنا و پەتای كۆڤید 19 هەیە، هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان قەدەخەیە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانەوە، رەچاوی رێكارە تەندروستییەكانیان نەكردووە، ئەوەش مەترسی هەیە بۆ سەر خۆیان و ئەوانەی كە لە باشووری كوردستانیش تێكەڵاویان دەبن. ئەوانە هەموویان راستن و گرنگن، بەڵام ئەو خاڵەی من دەمەوێت لەسەری بوەستم، خاڵێكی جیاوازترە لەوە. كەواتە ئەو ئیرادەیەی ئەوانە لە باوەڕەكەیان وەریانگرتووە وایكردووە لە سنوور شكاندن نەترسێن و گوێنەدەنە مەترسی كۆرۆناش. 
 
ئەو خاڵەی دەمەوێ لەسەری بوەستم ئەوەیە كە ئەم سنوور شكاندنە لەوانەیە زۆر پرسیار لەلای شرۆڤەكارانی سیاسی و كۆمەڵایەتی دروست بكات و، سەرئەنجام گەنگەشە و گفتوگۆیەكی زۆر بێنێتە ئاراوە. 
 
بۆچی باوەڕی تەریقەت و شێخ، ئەو ئیرادەیە دروستدەكات سنوور بشكێندرێت و حیزبەكان ئەو ئیرادەیە بەوشێوەیە جەماوەرییە دروست ناكەن؟ هەر لەبەرئەوەیە ئەوان بۆ بۆنەیەكی ئایینی – كۆمەڵایەتی هاتوون، لەبەرئەوە چاوەڕێی رێگرییەكی زۆریان لە هەردوو دیو نەكردووە و چاوەڕێی كاردانەوەی دواییش ناكەن، یاخود ئامانجی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتیمانی كوردستان لەژێر ناوی واقیعبووندا لەلایەن حیزبەكانەوە گۆڕدراوە و جیاوازی لەنێوان ئامانجی راستەقینە و راگەیێندراوی هەموو حیزب و ئەندامێكی ئەو حیزبانەدا هەیە و، ئەوەش كێشە بۆ باوەڕ و ئیرادە دروستدەكات؟ 
 
زۆر لە رووداوەكان و كاردانەوەكانیان، بیركردنەوە بەهێز دەكەن و تێڕوانینەكانیش دەگۆڕن. ئەوانەی تەماشای كوشتنی رەشپێستەكەی ئەمریكایان كرد لەلایەن پۆلیسێكی سپی پێستەوە زۆربوون، بەڵام ئەوانەی ناڕەزایی وشیارانەیان دەربڕی، زۆر بۆچوونی نوێشیان خستە هزری زۆر كەسی دانیشتووی ماڵەكانیشیان. 
 
كوشتنی (جۆرج فلۆید) لە رۆژی 25ی ئایاری 2020 و ئەو ناڕەزاییەی بەدوایدا هات، باوەڕی زۆر كەسی گۆڕی بەرامبەر بەشێكی مێژووی خۆی و جیهان، تێڕوانینی بەرامبەر زۆر لە كەسایەتییەكانی مێژوویەكەشیان گۆڕی. زۆر لە ناڕازییەكان كە تەماشای رەفتاری ئەفسەری پۆلیس (دیریك چۆڤین)یان كرد، بیریان لە رەفتاری ئەو سەركردە و سیمبوولانەی ئەمریكاش كردەوە كە پەیكەرەكانیان لە شارەكانی ئەمریكا بەرزكراونەتەوە و بە دەستوور و بڕیار و یاساكانیان سەتان هەزار رەشپێست لە ژیانێكی خراپ و پڕ لە چەوسانەوەدا ژیاون یان كوژراون. 
 
ئەو تێڕوانینە بەبێ زۆر بایەخپێدان لەلایەن دەزگا میدیاییەكانەوە پەڕیەوە بۆ زۆر وڵاتی ئەوروپا، ئەو پرسیارە لەلایەن زۆر لە ناڕازییەكان دروستبوو: ئایا ئەو كەسانەی لە پەرتووكەكانی مێژوودا لەلای ئێمە خۆشەویستكراون و لە شارەكاندا پەیكەریان بۆ بەرزكراونەتەوە، هەر ئەوانە نین لە وڵاتانی دیكە خەڵكی بێتاوانیان كوشتوون و، ئەو كەسانەیان ئەشكەنجەداون كە داوایانكردووە ئازادبن و وڵاتەكەیان سەربەخۆبێت. 
 
لەبەرئەوە هەوڵدانێكی زۆر دروستبوو بۆ لابردنی ئەو پەیكەرانە، تەنانەت ژمارەیەك كوردیش لە لەندەن داوای لادانی پەیكەری (ئارتەر هاریس)یان كرد، كە ئەو كەسە لە ساڵی 1922 فڕۆکەوان بووە و یەکێکبووە لەوانەی بۆمبی ناپاڵمی لە باشووری کوردستان داوەو خەڵکی کوردی کوشتووە. ئەو كوردانە کە ئەو پەیکەرە دەبینن، بیر لەو مێژووە ناخۆشە دەکەنەوە.
 
رووداوی سنوور شكاندنی دەروێشەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و هاتنیان بەوشێوەیە بۆ باشووری كوردستان، باوەڕناكەم هیچ جوڵانەوەیەكی جەماوەری بەدوای خۆیدا بێنێت، بەڵام لەو باوەڕەدام زۆر پرسیاریش سەبارەت بە پەیوەندی نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی كورد دەوروژێنێت. زۆر پرسیاری سیاسی دەوروژێنێ و، جارێكی دیكەش تێكەڵاوی نەتەوەیی – كۆمەڵایەتی نەتەوەی دابەشكراوی كورد دەهێنێتەوە بەرچاو. بەڵام ئایا گۆڕانێك لە بیركردنەوەی كۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمەدا دروستدەكات، ئەوە دەتوانرێت جێگەی گفتوگۆبێت. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 
  • 10-07-2020
    ره شید
    ئه م رووداوه دوو هوی ده توانی هه بی ! یه که م به کرده وه و خیلافی ئه وه ی ک.مه لناسانی ده وله تانی داگیرکه ر و نه ته وه ی بالاده ست پروپاگه نده ی بو ده که ن کورد به مانای عیلمی " میلله ت" ه و دوو هه م کورد ئه م سنووره ده سکردانه به ره سمی ناناسی و به زاندنی لا ئاساییه !

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

زریانى تەلئەڤیڤ

بە هەموو پێوەرێک ئەو زریانەى ناوچەکەى گرتووەتەوە، روودەکاتە عێراق و ئێرانیش. کوردیش وەک یەکێک لە کێشەکانى ناوچەکە مەحکومە بە لێکەوتەى رووداوەکان. شانبەشانى ئەو مەترسى و هەڕەشانەى رووی تێدەکەن، ئەگەرى رەخساندنى دەرفەتیشى زۆرە...