بەم دواییە لەكەناڵی TRTی توركی پرسیاری ئەوەیان لێكردم كە بۆچی پەیوەندیی نێوان كوردەكانی سووریا و عێراق وا خراپە؟ منیش وەڵاممدانەوە كە پەیوەندی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و پارتی دیموكراتی كوردستان خراپە، نەك پەیوەندی نێوان كوردی سووریا و عێراق. زۆرجار رۆژنامەنووسان ئەو جیاوازییە ناكەن.
وەك راگەیەندرا، پارتی سزای ساڵح موسلیمی دا، لەبەرئەوەی لە ئەوروپا قسەی كردبوو، بەوهۆیەشەوە رێگەیان نەدا بێتە نێو هەرێمی كوردستانەوە. دوای ئەوە "شەڕێكی میدیایی" لەنێوان ئۆرگانەكانی سەر بە پارتی و PKK هەڵگیرسا.
بۆنموونە ئاژانسی فورات نیوزی سەر بە PKK، هێزەكانی ئاسایشی سەر بە پارتی تۆمەتبار كرد بەوەی بارەگاكانی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانیان داخستووە كە پارتێكی سەر بە PKKیە. ئاسایشی PYDیش لە مانگی رابردوودا بارەگای ئەلپارتی لە عەفرین داخست. لەسەر ئەوەش ئەوكات سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رەخنەی لەو رەفتارە گرت.
پارتی رەخنەی ئەوە لە PKK دەگرێت كە لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد كاردەكات، PKKیش رەخنەی ئەوە لە پارتی دەگرێت كە هاوكاریی توركیا دەكات لەدژی PKK و "شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان". هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە كە پارتی دژی "رۆژئاوا" بێت و PKK لەدژی "باشوور" بێت.
هۆیەكەشی ئەوەیە كە PKK نوێنەرایەتی هەموو كوردەكانی سووریا یان توركیا ناكات، پارتیش نوێنەرایەتی هەموو كوردەكانی عێراق ناكات. هەرچەندە پارتی و PKK دوو بەهێزترین پارتی كوردین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە ئەوان نوێنەرایەتی هەموو كوردەكان دەكەن لە عێراق و سووریا و توركیا. چونكە لە هەموو ئەو وڵاتانەدا حیزبی سیاسیی دیكەش هەن و لە توركیا حیزبی فەرمانڕەواش زۆر دەنگی كوردەكانی بەدەستهێناوە.
ئەو بڕیارەی پارتی لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ PKK دەیدات، هەمان ئەو بڕیارە نییە كە پارتەكانی دیكەی نزیك لە ئێران، وەكو یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیدەن. هەروەها ئەو میدیایەی لە سلێمانییە رەخنەی لە سیاسەتەكانی پارتی هەیە.
بەهەمان شێوە هەموو كوردەكانی توركیا پشتیوانی لە سیاسەتەكانی PKK لە سووریا ناكەن.
كەچی هەرواش هەندێك رۆژنامەنووسی توركیا وا بیردەكەنەوە كە PYD نوێنەرایەتی هەموو كوردەكانی سووریا دەكات، كەچی لەڕاستیدا زۆر پارتی سیاسی دیكەش لە سەرتاسەری ناوچە كوردییەكانی سووریادا هەن.
راستییەكەی ئەوەی زیانی گەورەی پێدەگات لەو هەستەوەرییە سیاسییەی پارتە كوردییەكان دروستیانكردووە، هاووڵاتی سادەی كوردە.
ئەگەر پارتە كوردییەكان بتوانن باشتر بەیەكەوە كاربكەن، رەوشی ئابووری لە ناوچە كوردییەكانی سووریا زۆر باشتر دەبێت و باشتریش دەتوانن كێشەی ئەو كوردانە چارەسەر بكەن كە وڵاتی خۆیان بەجێدەهێڵن. ئەوكات هاریكارییە مرۆییەكان بەسیاسی ناكرێن لەلایەن پارتی و PKKەوە و لەئەنجامی ئەوەشدا رەوشەكە باشتر دەبێت. بەڵام بەهۆی جیاوازیی ستراتیژە سیاسییەكانیان، PKK و پارتی ناتوانن پێكەوە كاربكەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ