عەرەب بەرامبەر کوردە نەک شیعە و سوننە

08-09-2024
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
 
چەند رۆژێکە پڕۆژەیاسای گێڕانەوەى زەوى و خانووی زەوتکراو بۆ خاوەنەکانیان لە پەرلەمانى عێراقە، خوێندنەوەى یەکەم و دووەمى بۆ کراوە و رۆژى 3ـى ئەیلوول خرابووە بەرنامەى کارەوە بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆى ناڕەزایەتیی کوتلە سوننییەکان کە دژى پڕۆژەیاساکەن، هەروەها بەهۆى ئەوەى کوتلە شیعییەکانیش پشتگیریى عەرەبە سوننییەکانن لەم بابەتەدا، نەیانهێشت ئەو دانیشتنەى پەرلەمان بەڕێوەبچێت و روونیش نییە ئەگەر کورد گوشار نەخاتە سەریان لە داهاتوودا، دەهێڵن بە هەمان ناوەڕۆکەوە لە پەرلەمان تێپەڕێت یاخود نا.
 
ئەوەى لێرەدا گرنگە پێش هەر شتێکى دیکە سەرنجى بخرێتەسەر، کە لەناو هێز و کوتلە سیاسییە عەرەبییەکانى عێراقدا رەنگیداوەتەوە، رووحى زاڵى عەرەبچێتییە بەسەر کێشە و ناکۆکییە ئەزەلییەکانى شیعە و سوننەدا لە هەمبەر هەر پرس و بابەتێک پەیوەندى بە نەتەوەى کورد و جوگرافیاى کوردستانەوە هەبێت، هەموو کێشە و ناکۆکییە مەزهەبى و سیاسییەکانیان وەلادەنێن و پێکەوە رووبەڕووى کورد دەبنەوە.
 
سوننە و شیعە لەسەر بنەڕەتییەکانى ئایینى ئیسلام ناکۆکن، لەسەر مێژووى ئیسلام و جوگرافیاى ئیسلام ناکۆکن، لەسەر شێوازى حوکمڕانیی ئیسلام و بەڕێوەبردنى دەوڵەتى ئیسلامى ناکۆکن، بە هەموو شێوەیەک بۆ یەکدی لە بۆسەدان. هەر کامیان جڵەوى دەسەڵاتى کەوتبێتە دەست هەوڵى پاکتاوکردنى ئەوى دیکەى داوە. لە سەتەى رابردوو هیچ شتێک نەما دەسەڵاتى سوننەى عەرەب بە عەرەبى شیعەى نەکەن. لە دوو دەیەى رابردووشدا کە دەسەڵات بە دەستى شیعەوەیە بە زیادەوە تۆڵەى خۆیان لە سوننەکان کردووەتەوە و ئێستاش تەواوى ناوچە سوننییەکان لەژێر کۆنترۆڵى میلیشیا شیعییەکاندا ناڵە ناڵیانە. هەر لەناو ئەو پەرلەمانەش سەرۆکى پەرلەمان کە پشکى عەرەبى سوننەیە، شیعەکان لێیان زەوتکردوون و رێگە نادەن کوتلە سوننییەکان کەسایەتییەکى سوننەى دەرەوەى بازنەى شیعە بخەنە سەر کورسیی سەرۆکى پەرلەمان، بەڵام کاتێ پرس و بابەتێک لە پەرلەمان گفتوگۆى لەبارەوە بکرێت و پەیوەندى بە گەلى کوردستانەوە هەبێت، ئەم (دوو دووژمنە باوک کوشتەیە) دەچنە یەک سەنگەرەوە و دژ بە کورد یەک دەگرن.
 
بە درێژایى دوو دەیەى رابردووى تەمەنى عێراقى نوێ، لە دەیان وێستگەدا ئەم دیمەنە چەند بارە بووەتەوە. ئەم یەکهەڵوێستییەى ئێستاشیان بەرانبەر بە پڕۆژەیاساى گەڕانەوەى زەوى و خانووى زەوتکراو، دوا هەڵوێست و دوا دیمەنى پێکەوەییان نابێت لە دژى کورد. چەند ناکۆکى و دووژمنایەتییەکانى نێوان سوننە و شیعە قوڵتریش ببنەوە، لە بەرانبەر کورد و کوردستان، ئەوان عەرەبن نەک شیعە و سوننە. 
 
هەر ماجەرای خودى ئەم پرسە (گێڕانەوەى زەوی و خانووى زەوتکراو بۆ خاوەنەکانیان) گەواهى ئەو راستییە تاڵەیە، کە هەر جارەو بە پاساو و بیانوویەکەوە ئەم پرسە مردار دەکەنەوە. لە گەرماوگەرمى دواى رووخانى سەدام و لە سەردەمى حوکمى پۆڵ بریمەردا، ئەنجوومەنى حوکم بڕیاریدا هەموو بڕیارەکانى (مجلس قیادە سەورە) هەڵبوەشێنێتەوە. هەموو ئەو موڵک و زەویوزارانەى لە سەردەمى بەعس دەستیان بەسەرداگیراوە، بە بڕیارى مجلس قیادە سەورە بووە. واتا دەبوو هەر ئەوکات ئەم مافە بۆ خاوەنەکانى بگێڕدرایەتەوە، بەڵام نەیانکرد. دواتر لە سەردەمى یەکەم خولى ئەنجوومەنى نیشتمانى و ساتى نووسینى یاساى کاتى بەڕێوەبردنى دەوڵەت هەمان قەوان لێدرایەوە. دواتریش چەند جارێک لە پەرلەمان و لە ئەنجوومەنى وەزیران لەژێر ناو و پەرچەمى جیاوازدا، هەمان بڕیار دەمەزەرد دەکرانەوە و تائێستاش هەر جێبەجێ نەکراون. 
 
هۆکارى سەرەکیی مانەوەى ئەم کێشەیە لە عێراق، بەهۆى کوردەوەیە. هەرچەندە سەدام تەنیا دەستى بەسەر زەوى و ماڵ و موڵکى کورددا نەگرتووە، لە ناوەڕاست و خواروویى عێراقیش، بە بەغداى پایتەختیشەوە هاوشێوەى کوردستان، ماڵ و موڵکى چەندین گرووپ و کەسایەتیی ئایینى و سیاسى دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵام دواى رووخانى سەدام شیعەکان بە زەبرى هێز مافى خۆیان بە زیاترەوە وەرگرتەوە. ئەوەى ماوەتە لە بەغدا گێڕانەوەى ماڵ و موڵکى کوردە فەیلییەکان و مەسیحییەکانە. لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمیش، ئەوەى تائێستا بە زەوتکراوی ماوەتەوە زەوی و زارى کشتوکاڵى و خانووى کورد و تورکمانە. 
 
دەسەڵاتى ئێستاى بەغدا ئەگەرچى 180 پلە پێچەوانەى دەسەڵاتى پێشووترى عێراقە، بەڵام نایەوێ لەم پرسەدا بڕیارەکانى سەدام هەڵوەشێنێتەوە، چونکە پەیوەندیی راستەوخۆى بە سیاسەتى تەعریبەوە هەیە کە بەشێکە لە ستراتیجى دەوڵەت و هەر کامیان دەسەڵات بگرنەدەست، درێژەپێدەرى دەبن. هەموو ئەو ماڵ و موڵک و زەویوزارانەى کورد لە بەغدا و لە بەدرە و جەسانەوە بۆ کەرکووک و دەشتى نەینەوا زەوتکراوە، لە چوارچێوەى سیاسەتى پاکتاوى رەگەزى کورد، بەخشراون بەو عەرەبانەى لە چوارچێوەى سیاسەتى تەعریبدا هێندراونەتە ناوچەکە. یاخود بۆ هەڵکەندنى کورد لەسەر خاک و زێدى خۆى خاوەندارێتیی زەوییە کشتوکاڵییەکان خراونەتە سەر وەزارەتەکانى نەوت و دارایى و دامودەزگە سەربازییەکانى عێراق، بۆیە ئەم پرسە بەلاى عەرەبەوە جا شیعەبن یان سوننە، بابەتێکى ستراتیجییە. 
 
بەڵام ئەوەى جێگەی هەڵوەستەکردنە ئەوەیە، کورد بە هەمان ئەو بایەخە ستراتیجییەوە لەم پرسە ناڕوانێت. سەربارى ئەوەى تواندرا نەخشە رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنى بە رێگەى دەستووری و یاسایى بدۆزرێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەى دەسەڵاتى زاڵ کە هەژموونى بەسەر جومگە و دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا هەیە و دژى چارەسەربوونى ئەو کێشانەیە، نەتوانراوە هەنگاو بە ئاراستەى چارەسەر بگیرێتەبەر، بە پێچەوانەوە لەم دوو دەیەیەى رابردوودا کێشەکان ئاڵۆزتر و زیاتر کراون. هۆکارەکەشى ئەوەیە کورد ئەم پرسەى نەکردە ئەولەویەتى کارکردنى لە بەغدا، ئەگینا لە چەندین وێستگەى رابردوودا کوردیش دەیتوانى گێڕانەوەى ئەم مافەى بکردایەتە مەرج بەسەر عەرەبەکانەوە. 
 
هەرچەندە تازە زەمەن ناگەڕێتەوە، بەڵام پێویستە عیبرەت لە رابردوو وەربگرین. ناکرێت لەبەرئەوەى هەموو دەرفەتەکانى رابردوو تێپەڕێن، یاخود لەدەستدران و کەس سەرزەنشت نەکرا لەسەریان، ئیدى بێباک و کەمتەرخەم بین لەوەى کە دەرفەتێکى دیکە هاتەپێش، لێگەڕێین ئەویش لەدەستبچێت. 
 
ئەم خولەى پەرلەمانى عێراق دەتواندرێت وەک سەرلەنوێ رەخساندنەوەى دەرفەتێکى نوێ ببیندرێت بۆ دەستپێکردنى هەنگاوى کردارى بە ئاراستەى چارەسەرى موڵکدارێتى کە بۆ کورد بەرامبەرە یان یەکسانە بە ریشەى تەعریب. بۆ دەڵێم ئەم خولەى پەرلەمانى عێراق؟ لەبەرئەوەى کورد زۆرینەى دەستەى سەرۆکایەتییەکەى پێک دەهێنێت و بەهۆى ناکۆکیی سوننە و شیعەوە، سەرۆکە سوننییەکەى دوورخرایەوە و وا بۆ ساڵێک دەچێت دوو جێگرە کوردەکە، پەرلەمان بەڕێوەدەبەن. جێگرى یەکەمى کوردێکى فەیلى شیعى و جێگرى دووەمیشى کوردێکى سوننەى کەرکووکییە. زۆربەى زەوى و خانووى زەوتکراویش لە بەغدا ماڵ و موڵکى کوردە فەیلییەکانن و لە ناوچە کوردستانییەکانیش بەشى هەرە زۆریان لە کەرکووکە. بۆیە دەبێت ئەم دوو کارەکتەرە کوردەى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەدەبەن، درک بەوە بکەن بەرپرسیارێتیی مێژووییان لە ئەستۆیە بۆ ئەوەى ئەم دەرفەتە لە دەست کورد نەدرێت.
 
لە پێشتردا چەندجارێک هەوڵى ئەوە دراوە پڕۆژەیاسایەک بخرێتە بەردەستى پەرلەمان، بەڵام هەوڵەکان سەریان نەگرتووە یاخود لە دەستپێکەوە مرادار کراونەتەوە، بەڵام ئێستا بەشێک لە پرۆسە یاساییەکەى لە پەرلەمان تێپەڕاندووە، هەنگاوێکى دیکەى ماوە بکرێتە یاسا. پێویستە ئەم پڕۆژەیاسایە بکەنە پێشمەرجى کارەکانیان، یان ئەوەتا نابێت رێگە بە تێپەڕینى هیچ پڕۆژەیاسایەک بدەن و پەرلەمان پەکبخەن، یان دەبێت ئەم پڕۆژەیاسایە تێپەڕێنن.
 
سەربارى ئەوەى فراکسیۆنە کوردییەکان لەم پرسەدا لە بەغدا یەکهەڵوێستن، دەبێت لە کوردستانیشەوە هێزە سیاسییەکان ببنە پاڵپشت بۆ دوو جێگرە کوردەکە و فراکسیۆنە کوردییەکان، بەڵام جێگەى نائومێدى و نیگەرانیی گەورەیە کە هێزە سیاسییەکان درک بە بایەخ و گرنگیی ئەم پرسە و قۆستنەوەى دەرفەتەکەى بەغدا ناکەن، لەم چرکەساتە گرنگ و هەستیارەدا هەموو سەرنج و تواناکانیان لە شەڕەجنێوى ناو راگەیاندن دژ بەیەک چڕکردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زوبێر رەسوڵ ئەحمەد

پلان (B)ـی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان

پرسی کورد، یاخود ئەو قەوارە سیاسییەی کە هێزە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان بونیاتیان ناوە، ئێستا لەبەردەم قۆناخێکی سەخت دایە، قۆناخی مان و نەمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هێشتا دەرفەتی زۆر هەن، هێشتا ئیسرائیل دڵنیا نییە لە هەژموونی تورکیا لە سووریا، بە جۆرێک ئەستەمە باوەڕبکات کە وڵاتێکی زۆرینە عەرەبی سوننەی ئایینی لە سووریا، داواجار پشتگیری حەماس ناکات لە ئایندەدا. ماقوڵ نییە رێکخراواێکی سیاسی لە ئەلقاعیدە و داعش و نووسرە لە دایک بووبێت، دژی ئیسرائیل نەبێت! ئێستا ئیسرائیل جگە لە کارتی کورد کارتێکی دیکەی بە دەستەوە نییە دژی ئەردۆغان و سووریای تەحریر شام، بۆیە هێشتا کات ماوە بۆ رۆژئاوای کوردستان