لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی (2009)ی پەرلەمانی كوردستان، دەتوانرا ئەو حكومەتە نیشتمانییەی زیاتر لە شەش مانگە باس دەكرێت، پێكبێت، بەڵام لەبەر دوو هۆكاری سەرەكی ئەو كارە نەكرا: 1. یەكێتی و پارتی بە هەموو باوەڕیانەوە پێیانوابوو بزووتنەوەی گۆڕان سواری شەپۆلی ناڕازیبوونێكی كاتی بووەو وەك لافاوی بەهار، پاش هەندێ چاو سووركردنەوەو نانبڕین و ئیغراكردن، بڵاوەی پێدەكەن و كادیر و هەوادارانی وەك چۆلەكەكانی ژێر ساجەكەی سابیری مامە حەمەساڵە، هەرزوو هەڵدەفڕن. 2. گۆڕان بڕیاری دابوو بەشداری حكومەت نەكات. چەند جارێك لە بەڕێز نەوشیروان مستەفام بیستووە ئامانجی ئەوان لەو چوار ساڵەی ئۆپۆزسیۆنبوون، دروستكردنی هێڵێكی پان و روون و ئاشكرایە بۆ جیاكردنەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەیەكتری و هۆشیاركردنەوەی خەڵك و حكومەت لەوەی ئۆپۆزسیۆن چییەو دەبێت چۆن بێت. پاش چوار ساڵ و سێ هەڵبژاردن، كەسە دەستڕۆیشتووەكانی یەكێتی و پارتی بۆیان دەركەوت كە گۆڕان لافاو نییە، ئەم راستییەیان لە میدیاكانەوە دەگوت، بەڵام هێشتا نائومێد نەبوون لەوەی لە وێستگەیەكی دیكەدا تەڵە بۆ گۆڕان بنێنەوە، ئەویش بابەتی پێكهێنانی حكومەت بوو. بڕیاری پێشوەختەی گۆڕان بۆ بەشداریی لە حكومەت، لای یەكێتی و پارتی، بەتایبەت پارتی، وەك هەلێكی ئاڵتوونی مامەڵەی لەگەڵ كرا بۆئەوەی دەستی دەستی بە گفتوگۆ و بەڵێنەكان بكەن و تووشی ئیحباتیان بكەن. پارتی ئەو كارەی لەپێناوی دوو ئامانجدا دەكرد: شكاندنی غروری گۆڕان لەپێشچاوی دوو حیزبە ئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنەكە. نزمكردنەوەی ئاستی چاوەڕوانیی خەڵك لە گۆڕان. كەسە دەستڕۆیشتووەكانی ناو پارتی لەو كارەیاندا تارادەیەك سەركەوتوو بوون، چونكە هەندێك لە سەركردە خۆشباوەڕەكانی یەكگرتوویان خستە گومانەوە لە گۆڕان. لەو كاتەی پارتی وەفدێكی دیاریكردبوو بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت، جارجاریش لەڕێی ئەو سەركردانەی لە گفتوگۆكاندا نەبوون، كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەكان دەكرد بۆ ئەوەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لێكهەڵبوەشێننەوەو پێگەی گۆڕان لەگفتوگۆكان لاواز بكەن. واتە پارتی دوو وەفدی هەبوو، یەكێكیان بەئاشكرا گفتوگۆی دەكرد بۆ پێكهێنانی حكومەت و ئەوی دیكەیان بەنهێنی و لەبن دیواردا سەركردەكانی دەبینی و كاری دەكرد بۆ هەڵوەشانەوەی بەرەی گۆڕان و لاوازكردنی، هەر ئەوەش هۆكاری راستەقینەی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتە. پلانی هەڵوەشانەوەی گۆڕان یان سووككردن و بچووككردنەوەی، عەقڵی زۆربەی سەركردەكانی پارتی داگیركردووەو ئەوەندەی بەو خەیاڵەوە سیاسەت دەكەن، نیو ئەوەندە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی كاریان بكردایە لە دوو مانگی دوای هەڵبژاردنەكە حكومەت پێكدەهات. هەندێك سەركردەی گۆڕان و میدیاكەیان زۆر ئاسان كەوتنە تەڵەی پارتی بەوەی تۆمەتی دواخستنی پێكهێنانی حكومەتیان دەخستە پاڵ یەكێتی. راستە یەكێتی یەك دەنگ نین، بەڵام لەو دۆخەشدا نین بتوانن شەش مانگ پرۆسەی سیاسی پەكبخەن.
کوردستان17-06-2026نێچیرڤان بارزانی سەتان ئافرەتی کوردی ئێزدیی ناردووەتە ئەڵمانیا بۆ چارەسەری دەروونیسیروان عەباس