کورد مردووپەرستە؟

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
مەحموود نەجمەدین
A+ A-
 
کورد زیندووکوژی مردووپەرستە. ئەم ھەڤۆکە قسەیەکی باوی سەر زاری ھەموو کوردێکە. بەڵام ئایە ئێمە زیندووکوژی مردوو پەرستین؟ نەخێر، وانییە. ئێمە نە بەزیندوویی و نە بەمردوویی ئاوڕمان لە داھێنەری راستەقینە نەداوەتەوە. یان زۆرجاران دەگوترێ کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو. ئەمەش لای ئێمە پەیڤی سەرزارانە و زۆر بەکەمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەدان کەسی بەتوانا و داھێنەرمان ھەیە بە خەم و مەراقەوە سەریان ناوەتەوە، بۆ نموونە مامۆستا محەممەد مەولوود مەمی رۆماننووس یەکێک بوو لە نووسەرە بە تواناکانی کورد نە بەزیندووی و نە بەمردوویی بەپێی پێویست ئاوڕی لێ نەدرایەوە. 
 
ھونەرمەندی گۆرانیبێژ فاتیح مەردۆخیان تا لە ژیاندابوو نەک ئاوڕی لێنەدرایەوە، بەڵکو لەبەر ھەژاری و نەبوونی لەناو بازاڕی سنە پێڵاوی بۆیاغ دەکرد و دواییش لە برسا مرد. لە پاش مردنیشی بە یەکجاری فەرامۆشکرا. دکتۆر جەمالی منداڵان لە پاش مردنی چۆن یاد دەکرێتەوە؟ ساڵی جارێک لە پەیجێکەوە وێنەیەکی دادەنرێ! رێز ئەوەیە سەدان پزیشک رێچکەی ئەو بگرن.
 
ئێمەی کورد نە بەزیندوویی و نە بەمردوویی رێزمان لە کەسایەتییە باش و داھێنەرەکانی خۆمان نەگرتووە. تەنانەت ھەندێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان، لەگەڵ ئەوەی کەسوکاریان دەسڕۆیشتوون بەپێی پێویست ئاوڕیان لێنادرێتەوە، ئەوەی ھەیە لە ساڵیادی ئەو کەسایەتییانەدا پەیکەرۆکەیەکیان بۆ دروست دەکرێ و لە ھۆڵێکدا بۆ سەعاتێک یادیان دەکرێتەوە. یانژی لە فەیسبووکەوە وێنەکانیان دادەنرێ و دوایی دۆسێکەی دادەخرێت، تا ساڵی داھاتوو ئاوڕی لێنادرێتەوە و لە بیر و زەینی کەسدا نییە. بەپێچەوانەوە ھەندێک لە کەسایەتییەکان تاوەکو لە ژیاندان بەھۆی ئامادەیی خۆیان و پێگەکەیانەوە گرنگیان پێدەدرێ و قسەیان لەسەر دەکرێ، دەنا دوای مردن ساڵی جارێک یادێکی تەقلیدییان بۆ دەکرێتەوە، کە بە بۆچوونی من ئەوە جۆرێکی دیکەی کوشتنە. ھەندێک داھێنەریش ھەن نە بەزیندوویی و نە بەمردوویی لە یادی کەسدا نین. ئەوانەی کە ئاوڕیشیان لێ دراوەتەوە وەک لەسەرەوە گوتم یادکردنەوەیەکی ھاکەزایییە و بە پەلەپڕوزێ دوو سێ وتارۆکە و دووسێ بیرەوەری ئەو کەسایەتییە دەگێڕدرێتەوە و وەلسەلام. ھەندێکیش بۆ وێنەگرتن و خۆ دەرخستن یان لەبەرخاتری خاترداران لەو یادانەدا ئامادە دەبن.
 
بۆ نموونە لەم رۆژانەدا یادی مامۆستا شێرکۆ بێکەس کرایەوە، ئەوەی بینیمان دوو سێ شیعر و وتارۆکە و پەیکەرێک بوو. ئایا ئەوە مردووپەرستییە؟ بە راست ئەوە ناودەنرێ ئاوڕدانەوە لەو شاعیرەی پتر لە ھەزاران شیعری نووسیوە؟ بۆیە ئەز وای دەبینم کورد نە بەزیندوویی و نە بەمردوویی رێز لە کەسایەتییە داھێنەرەکانی خۆی ناگرێ و ھۆکاری سەرەکیش ناھۆشیاری و نەزانی و دەردی نەخوێندنەوە و خۆ بەکەمزانینە. کورد عاشقی باخ و ڤێلا و نێرگەلەیە، ئامادەیە ھەموو رۆژێک بچێت بۆ کافتریا 10 تا 15 ھەزار دینار بدات بە نێرگەلەیەک، ئامادە نییە پێنج ھەزار بدات بە کتێبێک و بیخوێنێتەوە. یادی داھێنەرەکان و رێزگرتن لێیان ئەوەیە لێکۆڵینەوەی جیدی لەسەر بەرھەمەکانیان بکرێ و بە وردی بخوێنرێنەوە، سوود لە ئامۆژگارییەکانیان وەربگیرێ و لە ھەمووشی گرنگتر رێگاکەیان ھەمیشە رۆشن بێت و خەڵکی بەو رێچکەیەدا بڕۆن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود نەجمەدین

دیسان بەیرووت دەکوڵێ

کارم بەسەر دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و عەرەبیشەوە نییە، ئەمما شەڕی عەرەب و ئیسرائیل کە دەوڵەتانی زلھێز سپۆنسەریی دەکەن، ماڵوێرانییەکەی بۆ خەڵکی سڤیلە. ئەوەی تێدادەچێ خەڵکە رەشوڕووتەکەیە. چ لە غەززە و چ لە تەلئەڤیڤ.