بەڕێز تاڵەبانی، لە ئەڵمانیاوە بۆتان دەنووسم، دوور لە سلێمانی، هەرچەندە چەندین رۆژە بیر و هۆشم لەوێیە. ئەم بابەتە وەک سیاسەتمەدارێک نانووسم. سەر بە هیچ حیزبێکی سیاسی نیم و تەنیا بە ناوی خۆم و لە ویژدانی خۆمەوە قسە دەکەم. وەک زانا و دەروونناسێک دەنووسم کە زیاتر لە 30 ساڵی تەمەنی لە کارکردن لەگەڵ رزگاربووانی جەنگ، ئاوارەیی و جینۆساید بەسەربردووە. هەروەها وەک کوردێک دەنووسم کە لەم رۆژانەی دواییدا هەستی بە گەڕانەوەی ترسێکی کۆن کردووە؛ ترسێک کە هیوام دەخواست بەجێمان هێشتبێت و نەمابێت.
لەوانەیە بوێریی نووسینی ئەم نامەیەم لەوەوە هاتبێت کە باوکی ئێوەم دەناسی، هەروەها لەبەرئەوەی بڕوام وایە ئێوە کەسێکن ئامادەن گوێ بگرن، تەنانەت ئەگەر وشەکان بۆ بیستنیش قورس بن.
دوو ساڵ دوای هەڵبژاردنەکان، هەرێمی کوردستان هێشتا حکومەتێکی نوێی نییە. کاتێک پەرلەمان لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەردا کۆبووەوە، حیزبەکەتان لە حکومەت کشایەوە و رایگەیاند کە دان بەم پەرلەمانە دانانێت. با بە راشکاوی بیڵێم کە پرسیار لە مافی حیزبەکەتان ناکەم بۆ ناڕەزایی دەربڕین و بەرهەڵستی سیاسی . ناڕەزایی، بایکۆت و کشانەوە ئامرازی دیموکراسین. ئەوانەی ئەو ئامرازانە بەکاردێنن دەستبەرداری دیموکراسی نابن، بەڵکو مافە دیموکراسییەکانی خۆیان پیادە دەکەن. حیزبێک کە ناچار بووبێت بۆ ماوەی دوو ساڵ تەماشا بکات، لە کاتێکدا هیچ رووینەداوە، هەموو مافێکی هەیە دەنگی خۆی بە بەرزی و نائاسوودەیی هەڵبڕێت. ئەوەی منی نیگەران کرد شتێکی دیکە بوو. ئەو شتە زۆر لەوە زیاتر نیگەرانی کردم کە سەرەتا دەمویست دانی پێدابنێم، ئەویش ئەو لێدوانەتان بوو کە گوتتان لێرە (سنووری سلێمانی) ئەوە دەکەن کە ئەوانیدیکە لەوێ (سنووری هەولێر) دەیکەن. ئەم وشانە ئەو وێنانەی دەهێنانە بەرچاو کە : سلێمانی لە دەستی حیزبێکدایە و هەولێر لە دەستی حیزبەکەی دیکەدا. ئەو دیمەنانە دەهێننە بەرچاو کە دوو ئیدارە، دوو راستی، دوو کوردستان هەن، ئەویش لەسەر پارچە زەوییەک کە هێندە بچووکە لەسەر نەخشەی جیهان دەتوانیت بە پەنجەی گەورەت دایپۆشیت.
رێگەم بدەن پێتان بڵێم بۆچی وشەکانی ئێوە بەتایبەتی هێندە کاریگەریم لەسەر دروست دەکەن. بۆ یەکەم جار نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر بوو کە لە بەیرووت چاوم بە باوکتان، مام جەلال، کەوت و دواتریش لە لەندەن و لە شوێنەکانی دیکەی جیهان بینیم. ئەوکات گەنجێک بووم پڕ لە پرسیار و کەمترین دڵنیایی. مام جەلال هەر ئەوکاتە ببووە کەسایەتییەکی یەکلاییکەرەوە لە مێژووی کورددا. دوای گفتوگۆیەکی درێژ لە لەندەن، لە باوەشی گرتم، روومەتی ماچ کردم و پێیگوتم لە رێگەی خوێندن و توێژینەوەوە خزمەتی گەلەکەت بکە. مام جەلال وەک سیاسەتمەدارێک قسەی نەکرد کە چەند وشەیەکی میهرەبانانەی هاندانی پێشکێشی گەنجێک کردبێت، بەڵکو وەک باوکێک قسەی کرد کە بەرپرسیارێتییەک دەسپێرێت بە کەسێک. هەرگیز ئەو ساتەم لەبیر نەکردووە. ئەو هەستە بە درێژایی ساڵانی خوێندنم، لە کاتی توێژینەوەکانم، لە گفتوگۆکانم لەگەڵ ژنان و منداڵانی ئێزدی دوای جینۆسایدی شنگال و لەو شەوانەدا کە نەمدەزانی چۆن ئازارە لەتاقەتبەدەرەکان بە وشە دەربڕم، لەگەڵم مایەوە. کاتێک ئەمڕۆ لەبارەی زەبری دەروونی (تراوما)ی گەلەکەمان دەنووسم، شتێک لەو باوەشەی باوکت لە هەموو رستەیەکدا خۆی دەنوێنێت.
مام جەلال یەکێک بوو و هێشتاش یەکێکە لە گرنگترین کەسەکانی ژیانم. نەوەک بەهۆی ئەو پۆستانەی هەیبوون، بەڵکو بەهۆی شێوازی لە رووبەڕووبوونەوەی سەختییەکانی ژیان. مام جەلال دەیتوانی پێبکەنێ، لە کاتێكدا خەڵکی دیکە دەمێک بوو تووشی ژیانێکی سەخت ببوون؛ دەیتوانی لەگەڵ نەیارەکانی دا قسە بکات بەبێ ئەوەی خۆی لەدەستبدات، پاشان بیری لە نەوەکان دەکردەوە، نەک لە خولەکانی هەڵبژاردن. لە سەرووی هەمووشیانەوە، باوکت دەیزانی دابەشبوون مانای چییە، چونکە تێیدا ژیابوو و ئازاری پێوە چەشتبوو. لە ساڵی 1986دا دەستی بۆ ئیدریس بارزانی درێژ کرد، تاوەکو کورد بتوانێت بە یەکگرتوویی دژی رژێمی بەغدا بوەستێتەوە. لە ساڵی 1998دا لەگەڵ مەسعود بارزانی، رێککەوتننامەی واشنتۆنیان واژۆکرد کە یارمەتیدەر بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی کورد. باوکتان دواتریش یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی ببنەوە یەک. مام جەلال لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستانی عێراقیش بیری دەکردەوە و لە سەرەتای نەوەتەکاندا نێوەندگیریی لە نێوان تۆرگوت ئۆزال، سەرۆککۆماری تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان دا کرد، لە کاتێکدا بە دەگمەن کەسێک ئامادەبوو لە ئەنقەرە تەنانەت قسەش لەگەڵ کورد بکات. ئەو بیرۆکەیەی ئەوکات مامە جەلال خستییە نێو جیهانەوە، کە پرسی کورد لە تورکیا دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت نەوەک بە چەک، هێشتاش تاوەکو ئەمڕۆ و تاوەکو پرۆسەی ئاشتیی سەردەمی خۆمان بە زیندوویی ماوەتەوە. بەم شێوەیە مام جەلال شتێکی پێشاندا کە لە کولتووری سیاسیماندا دەگمەنە، ئەویش ئەوەیە مەزنی لەوەدا نییە سووربیت لەسەر ئەوەی خۆت راستیت، بەڵکو لەوەدایە دیمەنەکە بە تەواوی ببینیت، تەنانەت ئەگەر لە خاڵێکیشدا راست بیت.
لەوانەیە لە خۆتان بپرسن بۆچی تەنیا رستەیەک لە ناکۆکییەکی سیاسی دا دەتوانێت هێندە شت بورووژێنێت. وەڵامەکە لە سیاسەتی رۆژانەدا نییە، بەڵکو لە رووحی گەلێکدایە. ئێمەی کورد ئەزموونی مێژوویەکمان لەگەڵ خۆمان هەڵگرتووە کە بە درێژایی نەوەکان بە چەوساندنەوە، لەدەستدان و هیوای شکاو نەخشێنراوە، ئینجا لە سلێمانی لەدایک بووبین یان لە لەندەن. شێخ سەعید و دێرسم، کۆماری کوردستان لە مەهاباد کە رێگەی پێنەدرا تەنانەت ساڵێکیش بژی، خیانەتی جەزائیر لە ساڵی 1975، ئەنفال و هەڵەبجە، شنگال و کۆبانێ، کەرکووک لە ئوکتۆبەری 2017 و عەفرین. ئەم ناوانە وەک بەشەکانی کتێبێکی مێژوو لە تەنیشت یەکەوە نەوەستاون. ئەوان وەک چینەکانی بەرد بەسەر یەکدا کەوتوون. تێکەڵ بە یەک دەبن و دەگوازرێنەوە، لە باپیران و داپیرانەوە بۆ دایک و باوکان و لە دایک و باوکانەوە بۆ منداڵان.
گەلێک کە جار لە دوای جار بینیبێتی هیواکانی لە شەو و رۆژێکدا تێکدەشکێن، جۆرێک لە وریایی تایبەت پەیدا دەکات، کە تێیدا هەموو لەرزینێک وەک بوومەلەرزە هەستی پێدەکرێت. ئەمە هیستریا نییە، بەڕێز تاڵەبانی. ئەمە یادەوەریی گەلێکە کە فێربووە: زۆرجار لە دوای خۆشی، کارەسات دێت. ئەم برینە هەرگیز بە تەواوی لەنێو گەلەکەماندا ساڕێژ نەبووە و لەو شوێنەدا لە هەمووی قووڵترە کە رۆژانێک کورد بەرامبەر بە کورد وەستاوەتەوە. هەر کەسێک ئەمڕۆ باس لە ئیدارەی جیاواز لە سلێمانی و هەولێر بکات، رێک هەمان ئەم برینە دەکولێنێتەوە.
دەزانم هەرێمی کوردستان لە عێراقی ئەمڕۆدا بێ کەموکوڕی نییە؛ گەندەڵی هەیە، ململانێی دەسەڵات هەیە، نادادپەروەری هەیە کە دەبێت بە راشکاوی باسیان بکرێ و منیش بە درێژایی ژیانم ئەوەم کردووە. لەگەڵ ئەوەیشدا، بۆ ملیۆنان کورد، ئەم هەرێمە زیاترە لە ناوچەیەکی کارگێڕی. ئەم هەرێمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئێمە دەتوانین خۆمان بەڕێوەببەین؛ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەکرێت پەرلەمانێک هەبێت کە تێیدا بە کوردی قسە بکرێ، کۆمەڵێک زانکۆ هەبن کە منداڵانی کورد مێژووی خۆیانی تێدا بخوێنن و ئاڵایەک هەبێت کە کەس لەسەری نەخرێتە زیندانەوە. لە چارەسەری زەبری دەروونی (تراوما)دا بنەمایەک هەیە کە زۆر جار بەکارم هێناوە، پێش ئەوەی نزیک ببینەوە لە برینەکانی کەسێک کە بە تووندی تووشی زەبری دەروونی بووە، سەرەتا پێکەوە شوێنێکی ئارامی بۆ دروست دەکەین، کەشێکی ناوخۆیی ئەوتۆ کە بتوانێت بۆی بگەڕێتەوە کاتێک یادەوەرییەکانی زاڵ دەبن بەسەریدا.
بەبێ ئەم شوێنە ئارامە، چاکبوونەوە ئەستەمە. بۆ گەلێکی تەواو، هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنێکی ئارام. منداڵان و گەنجانی کورد لە بەرلین، واشنتن، هەروەها لە قامشلۆ، لە ئامەد و لە مەهابادیش، دەڕواننە ئەم هەرێمە. لەوێدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدۆزنەوە کە ئایا کورد دەتوانێت داهاتوویەکی هەبێت کە تەنیا لە هەڵاتن و خەم پێکنەهاتبێت. هەر کەسێک ئەم هەرێمە بخاتە مەترسییەوە، شوێنە ئارامەکەی گەلێکی بریندار تێکدەدات. هەر لەبەر ئەمەیشە دەبێت ئەم هەرێمە بپارێزرێ، تەنانەت ئەگەر ئێوە و حیزبەکەتان لەم رێگەیەدا تووشی نادادپەروەریش بن. ئەمە پەیوەندی بە کەسێک یان حیزبێکەوە نییە، پەیوەندی بە هیوای چل ملیۆن کوردەوە هەیە.
ئەم هیوایە پێش ئەم پێشهاتەی ئێستاش لاواز ببوو و دەبێت شتێکیشتان لەگەڵ بەشبکەم کە چەندین مانگە نیگەرانی کردووم. من کەسێک نیم لە پشت هەموو رووداوێکەوە پیلانگێڕی ببینم. وەک زانایەک، متمانەم بە لێکدانەوە سادەکان نییە. وەک دەروونناسێکیش، دەزانم کە ئەزموونەکانی چەوساندنەوە و خیانەت چەندە کاریگەریی بەهێزیان لەسەر شێوازی بینینمان بۆ هەڕەشە نوێیەکان هەیە، بەڵام ناتوانم ئەوەی لەم ماوە کورتەدا روویداوە پشتگوێ بخەم. لە تورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند و زۆر لە ئێمە، بە خۆیشمەوە، وەک هەنگاوێکی پێویست و دروست پێشوازیمان لێکرد، بەو هیوایەی سەرئەنجام سیاسەت بتوانێ جێگەی چەک بگرێتەوە. رۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای ئەم ساڵ دا کەوتە ژێر گوشارێکی سەربازیی تووند. لە مانگی ئۆگۆستۆس دا هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک رێکخراوێکی سەربازیی سەربەخۆ هەڵوەشێندرایەوە و تێکەڵی پێکهاتەکانی دەوڵەتی سووریا کرا، لە کاتێکدا داهاتووی خۆبەڕێوەبەریی کوردی بە کراوەیی هێڵدرایەوە. ئەو ئەزموونە سیاسییەی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە گەنجانی کورد لە سەرانسەری جیهان بەهیواوە لێیان دەڕوانی، شێوەی پێشووی خۆی لەدەستدا. ئەوەی لە دەستکەوتەکانی دەمێنێتەوە نادیارە. ئێستا، واتە تەنیا چەند هەفتەیەک دواتر، یەکڕیزیی هەرێمی کوردستانیش کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، کە تاکە شوێنە کورد تێیدا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرچاو لە خۆبەڕێوەبەری. هەریەک لەم رووداوانە مێژوو و هۆکاری تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام کاتێک لە تەنیشت یەکیان دادەنێم، دەترسم نەخشێکی فراوانتر خەریک بێت سەرهەڵبدات، ئەویش ئەوەیە دەستکەوتە کوردییەکانی دەیەی رابردوو یەک لە دوای یەک پاشەکشەیان پێدەکرێت، هەمیشە بە تانک نا، بەڵکو بە رێککەوتن، بە بەڵێن و بە ئارامگرتن. نازانم ئایا نەخشێکی لەو جۆرە رەنگدانەوەی هیچ پلانێکی بەمەبەستە یان نا. نەخشەکان هەمیشە پلان نین، بەڵام ئەوانەی بە رژدی(جدی) وەریانناگرن، رۆژێک تووشی سەرسووڕمان دەبن پێیان.
هەروەها دەزانم سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەندە سەختە، من هێندە زۆر لەم ناوچەیەدا کارم کردووە کە ساویلکە نیم و ئاگاداری گوشارەکانی بەغدا، تاران، ئەنقەرە و دیمەشقم. ئەو گوشارانە قورسایی دەخەنە سەر ئێوە و قورسایی دەخەنە سەر هەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتییان لە کوردستان دا هەیە، بەڵام مێژوو وانەیەکی تاڵی پێداوین کە نابێت لەبیری بکەین. دەوڵەتانی دەوروبەرمان لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە جیاوازن، متمانەیان بە یەکدی نییە، شەڕی یەکدی دەکەن و بەدوای هاوپەیمانی جیاوازدا دەگەڕێن. بیرۆکەی هەبوونی کۆمەڵگەیەکی کوردی کە لە بواری سیاسییەوە مافی چارەی خۆنووسینی هەبێ و بەهێز بێ، هەمیشە لەو پایتەختانەوە بەرهەڵستی کراوە، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەرژەوەندیی ئەو پایتەختانە چەندە لە یەکدییەوە جیاوازە. حکومەتی ئەو وڵاتانە بەڵێنی زۆر دەدەن و دەکرێ ئیمتیازیش پێشکێشی سەرکردە سیاسییەکانی هەموو لایەنەکان بکەن. هەر لەبەر ئەمەیشە نابێ داهاتوومان بە بەڵێنی ئەم پایتەختانەوە ببەستینەوە. دەبێ خۆمان نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بکەین و بیانپارێزین. هێزە دراوسێیەکان پێویستیان بەوە نییە کوردستان لە عێراق لەنێوببەن، ئەوان تەنیا پێویستە چاوەڕێ بکەن تاوەکو خۆمان دابەشی دەکەین.
مام جەلال میراتێکی نیشتمانیی بۆ هەموومان بەجێهێشت و بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی ئەم میراتەیشی بە ئێوە و قوبادی براتان سپارد. دەزانم ئەم میراتە بارێکی قورسە. منداڵانی پیاوە گەورەکان قورساییەکی دوو هێندە هەڵدەگرن: چاوەڕوانیی گەلێک و سێبەری ناوێک کە هەموو هەنگاوێکیان پێدەپێورێ. ئەمە ئاسان نییە و هەندێکجاریش نادادپەروەرانەیە. لە سەری ساڵ دا، قوباد تاڵەبانی بیری خستینەوە کە دەبێت لەو ناکۆکییە کۆنانە فێربین کە زیانیان بە پێگەی کورد گەیاندووە. ئەو راست دەکات و ئەم تێگەیشتنە نابێ تەنیا وەک پیرۆزباییەکی سەری ساڵ بمێنێتەوە. مافی خۆتانە بەشێوەیەکی دیموکراسییانە بەرگری لە خۆتان بکەن بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبە کوردستانییەکانی دیکە. من داواتان لێناکەم بێدەنگ بن و داواتان لێناکەم نادادپەروەریش قبووڵ بکەن. داواتان لێدەکەم بیر لەوە بکەنەوە کە وشەکانتان چی لە ناخی ئێمەدا دروست دەکەن: لە رزگاربووانی هەڵەبجە کە هێشتا لەگەڵ یادەوەرییەکانی کیمیابارانی ساڵی 1988دا دەژین؛ لە خوێندکاران لە دهۆک و سلێمانی کە هەموو ئێوارەیەک لە خۆیان دەپرسن لەو شارانە بمێننەوە یان بڕۆن؛ لەو گەنجە کوردەی ئەڵمانیا کە بە شانازییەوە بۆ هاوڕێیەکانی باسی وڵاتێک دەکات کە بە نزیکەیی بوونی هەیە. ئێوە تەنیا نین، بەڕێز تاڵەبانی، بەڵام چاوەڕوانییەکانمان لە ئێوە زۆرن، چونکە دەزانین ئێوە لە کوێوە هاتوون.
ئەم دێرانە تەنیا بۆ ئێوە نین. بە هەمان ئەندازەش بۆ ئەوانەن کە لە هەولێر حوکمڕانی دەکەن و دەسەڵاتیان لە دەستدایە. شکستهێنان لە پێکهێنانی حکومەت بۆ دوو ساڵ نیشانەی بەهێزی نییە. ئەو دەسەڵاتەی هاوبەشی پێناکرێ، بێدەسەڵاتی لە ئەوانی دیکەدا دروست دەکات و بێدەسەڵاتیش هەمیشە دەرچەیەک دەدۆزێتەوە. ئەوانەی حوکمڕانی دەکەن بەرپرسیارێتییان کەمتر نییە لەوانەی ناڕەزایی دەردەبڕن، بگرە بەرپرسیارێتیی زیاتریان لەسەرە. دەبێ پارتیش لە خۆی بپرسێت بڕیارەکانی چی لە دڵی ئەم خەڵکە دەکەن و ئایا ئامادەیە دەست درێژ بکات پێش ئەوەی ئەوانی دیکە دەست بۆ کوردستان درێژ بکەن.
کەواتە لەگەڵ براکانتان لە پارتی دیموکراتی کوردستان پرسەکان تاوتوێ بکەن و مشتومڕیش بکەن. لە پەرلەمان، لە میدیا، لە شەقامەکان و لەسەر مێزی گفتوگۆ رکابەرایەتییان بکەن و تێبکۆشن بۆ ئەوەی پێتانوایە دادپەروەرانەیە. ئەمە بەشێکە لە دیموکراسی و دیموکراسیش بەبێ ناکۆکی، دیموکراسی نییە، بەڵام ئەم ناکۆکییە هەرگیز نابێ زیان بە کوردستان بگەیێنێت. گرنگ نییە کێ دەیەوێت زیان بە کوردستان بگەیێنێت، لە دەرەوە بێت یان لە ناوەوە، نابێ لە هیچ سیاسەتمەدارێکی کورد دا یارمەتیدەری ئەو زیانە بدۆزرێتەوە.
زۆرینەی رەهای کورد، لە کوردستان و لە تاراوگە، دابەشبوونێکی دیکەیان ناوێ. ئەم نامەیە لەسەر ئەوە نییە کێ راستە و کێ ناحەقە. بەڵکو لەسەر مانەوەی هەرێمی کوردستانە، چونکە تاکە هیوای ئێمەیە. بەڕێز تاڵەبانی، دەتوانن ئەو دیمەنە بێننە پێش چاوتان کە هەستمان چۆنە کاتێک ئاڵای کوردستان پێشانی منداڵەکانم دەدەم و لەسەر نەخشەش پەنجە لەسەر کوردستان دادەنێم؟ دەتوانن ئەو دیمەنە بێننە پێش چاوتان کە هەستم چۆنە کاتێك پێویست ناکات باسی وڵاتێکی لەدەستچوو بۆ منداڵەکانم بکەم، بەڵکو دەتوانم پەنجە بۆ شوێنێک راکێشم (هەرێمی کوردستان) کە بەڕاستی بوونی هەیە؟ دەتوانن وێنای بکەن لە ناخی کوردێکدا چ دەگوزەرێت کە بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا دێتە هەولێر یان سلێمانی و دەبینێت و دەبیستێت کە هەموو شتێک کوردییە: تابلۆی شەقامەکان، دەنگەکانی نێو بازاڕ، گۆرانییەکان لە پەنجەرەکانەوە، زمانی مامۆستایان و پۆلیس؟ زۆریان لەو ساتانەدا دەگرین، بەڵام نەوەک لە خەفەتان. ئەوەی بە منداڵەکانمان دەڵێین لەبارەی کوردستان، لەبارەی خۆڕاگری، بوێری و ئازادی، ئەفسانەیەک نییە لە کاتی خەودا بگێڕدرێتەوە. بەڵکو کەتوار(واقع)ە، بۆ یەکەمجار لە دوای چەندین نەوە. رێگە مەدەن خەونەکانمان تێکبشکێندرێن. ئەگەر لەبەر ئێمەی گەورەکانیش نەبێت، کە پێشتر زۆر شتمان لەدەستداوە، لەبەر منداڵەکانمان و منداڵەکانی ئەوان.
لەم رۆژانەدا، زۆرجار بیر لەو باوەشەی لەندەن دەکەمەوە. پیاوێکی مەزن باوەشی بە گەنجێکدا کرد کە زۆر کەم دەیناسی و بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر لە خۆی پێ سپارد. ئەوە مام جەلال بوو. ئەو باوەڕی وابوو گەلێک کە هێندە زۆری لەدەستداوە، نابێت لە کۆتاییدا خۆی لەدەستبدات. کوردستان دەبێت بمێنێتەوە. دەبێت کوردستان وەک سەرچاوەی شکۆ، شانازی و هیوا بمێنێتەوە بۆ منداڵەکانمان، لە سلێمانی و هەولێر، لە قامشلۆ و ئامەد، لە مەهاباد و بەرلین. ئەوە میراتی باوکتانە و ئێستاش هی ئێوەیە.
بە رێزەوە و لە یادی مام جەلال دا.
پرۆفیسۆر د. یان ئیلهان کزلهان، دەروونناس و توێژەرێکی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیایە. پسپۆڕە لە بواری زەبری دەروونی، تیرۆر، جەنگ و سایکۆلۆجیای نێوان کولتوورەکان. لەلایەن سەرۆکی ئەڵمانیاوە میدالیای فیدرالیی ئەڵمانی پێدراوە.



