ھاوکێشەیەک ھەیە بە شێوەیەکە کە ھەمیشە راستی دەخاتە ژێر رکێفی ھێزەوە، یان ھێز دەتوانێت وا خۆی نیشان بدات کە راستی لای ئەوە.
ئەم ھاوکێشەیە گریمانەی زۆری بەدوادا ھاتووە و مشتومڕێکی زۆری لەسەر دروستبووە، بەو پێیەی بەرگریکاران لە راستی ھەمیشە پێداگیرن لەسەر ئەوەی کە راستی وەک فاکتێکی سەربەخۆ دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و گرێنەدرێت بە ھێزەوە، بۆیە لە مێژووی ئەندێشە و بیری چەکەرەکردووی مرۆڤایەتییەوە تائێستا، ئەم جەدەلە ئەزەلییە ھەیە و ھەردوو ئاراستەش مورید و دواکەوتووی خۆیان ھەیە، بۆ ھەر یەکێکیش لەو دوو گریمانەیە چەندین نموونە و پاساو و ئەرگۆمێنتی جۆراوجۆر لە ئارادان.
ھێز، بەو پێیەی رەگەزی کۆنتڕۆڵکردنی لە رکێفدایە، بۆیە مەودای کاریگەرییە ھزری و جوگرافی و کاتییەکانی تا رادەیەک بۆ خۆی چنیوەتەوە، ھەر لەو رێگەیەشەوە توانیویەتی رەوایەتی بە بەردەوامبوونی خۆی بدات لە رێگەی بەکارھێنان و ئاوێتەبوونی لەگەڵ راستیدا، واتە راستی و حەقیقی کردووە بە سوورەی بەر لەشکر بۆ خۆی و لەو رێگەیەوە ھەمیشە ھێزی خۆی تۆکمەتر دەکات.
لە بەرامبەردا راستی ھەم وەک چەمک و ھەم وەک فاکت ھەمیشە لە گۆشەنیگایەکدا قەتیس دەبێت، چونکە پاشگرێکی تۆکمەی وەک ھێزی لەگەڵدا نییە کە بەرگری لێبکات و رێگەی بۆ خۆش بکات، بۆیە لەم راستە رێگەیەدا، راستی و ھێز وەک یەک بەراورد ناکرێن و راستی نەیتوانیوە ھێز بۆ خۆی جڵەو بکات، بەڵکو ھەمیشە بە پێچەوانەوە بووە.
بەڵام خاڵی بەھێزی راستی کە ھەمیشە لە رێگەیەوە توانیویەتی بەسەر ھێزدا زاڵ بێت وەک چەمک، بریتییە لە بڕوابوون و بڕوابەخۆبوون و مانەوە لەسەر چەمکی راستی بێ گوێدانە ئەوەی دەورت تەنراوە یان دەورت چۆڵە.
بەڵام ئەم بڕوا پتەوە پێویستی بە کات و پشوودرێژی و ئارامگرتن و قوربانیدان ھەیە تا ئەو کاتەی شوێنی خۆی دەگرێت و بەسەر چەمکی ھێزدا زاڵ دەبێت.
نموونەی سەرکەوتنی راستی بەسەر ھێزدا زۆرن لە مێژوودا، بەڵام ھەمیشە ئەو سەرکەوتنە دوای قوربانی و لەخۆبووردن و بڕوابەخۆبوونەوە ھاتوونەتە دی، بۆ نموونە:
شۆڕشی رزگاریخوازی کوردستان و شۆڕشەکانی کوردستان، ھەمیشە ھەڵگری پەیامی راستی بوون، راستی لە بڕوادا و راستی لە مافدا و راستی لە بیر و بیرکردنەوە و ئامانجدا، بەڵام ھەمیشە توانیویانە بەسەر چەمکی ھێزدا زاڵبن گەر بۆ چرکەساتێکی مێژوویی بووبێت، یان بۆ کاتێکی درێژ بووبێت وەک ئەزموونی ئێستای ھەرێمی کوردستان.
واتە ھێزی بەرجەستە نابەرامبەربوون لە نێوان چەمکی ھێز و چەمکی راستیدا، بەڵام ھەمیشە راستی ھێزێکی ناوەکی ھانیداوە کە بە گژ ھێزی بەرجەستدا بچێتەوە و لە کۆتاییدا چۆکی پێدابدات!
لەسەر ئاستی جیهانییش نموونەی وەک مارتن لۆسەر کینگمان ھەیە لە ئەمریکادا، کە لە کاتی ئەودا رەشتپێستەکان لە لایەن دەسەڵات و کۆمەڵگەوە دەچەوسێنرانەوە و ناحەقییان بەرامبەر ئەنجام دەدرا، بەڵام کاتێک کینگ بەرپەرچی ھێزی دەسەڵات و ھێزی کۆمەڵگەی ئەمریکی بووەوە، تەنیا ھێزی ئەو بڕوابوونی بوو لە پەیامەکەی و مافی رەشتپێستەکان، کە لە سەرەتادا تەنانەت بەشێکی زۆری رەشتپێستەکانیش لەگەڵیدا نەبوون، بەڵام دواجار توانیی شۆڕشێک بەرپا بکات لە بەرژەوەندیی رەشتپێستەکانی ئەمریکا و مافیان بۆ دەستەبەر بکات وەک مرۆڤی یەکسان لەگەڵ سپیپێستەکاندا، کە ئەم تێزە پەلی ھاویشت و بڵاوبووەوە بە ھەموو جیهاندا.
نموونەی گیڤارا و نێڵسۆن ماندێلا و گاندی و چەندانی دیکەمان ھەیە لە مێژوودا کە ھەریەکەیان بە ئاراستەیەکی جیاواز، بەڵام بە بڕوایەکی پۆڵایینەوە بەرگرییان لەو راستییە دەکرد کە بڕوایان پێی ھەبوو، ھەروەک چۆن لە ناو کوردیشدا نموونەی بارزانی نەمر و مەلیک مەحموود و پێشەوا قازی محەممەدمان ھەیە، کە ھەریەک لەم نموونانە بۆ خۆیان چەندین باس و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیان دەوێت کە لەسەریان باسبکرێت و راستی بڕوا و پەیامەکانییان تێیدا بە روونی بەرجەستە ببێت.
کاتێک ئەم ھاوکێشەیە بچووکتر دەکەینەوە بۆ مامەڵەی ئاسایی تاکەکان لە ناو ژیانی ئاسایی کۆمەڵگەدا و ئەو بەریەککەوتنانەی لە ئەنجامی ژیانکردندا روودەدات، ھەمان گریمانە جارێکی دیکە دێنەوە رێگەمان، واتە ململانێیە ئەزەلییەکە لە فۆڕمی تاکەکانیشدا بەرجەستە دەبنەوە.
ھەمیشە ئەوانەی لە پێگە و دەسەڵاتدان، بە مانای سەرچاوەی ھێز، یان نزیکن لە پێگە و دەسەڵاتەوە بە ھەموو فۆڕمەکانییەوە، وا خۆیان دەبینن کە چونکە ھێزیان ھەیە، بێگومان دەبێت راستی و حەقیقەتیش لای ئەوان بێت، ئەوانەشی ھزریان ھێشتا لە دۆخی ھەڵقوڵاندایە و ھێشتا جێگیر نەبووە، بەردەوام بە کوێرانە دەکەونە داوی ئەو کەسانەی کە لە ھێزەوە نزیکن و ھەموو کار و کردەوەیەکی ئەوانیان پێ راستی و حەقیقەتە، کە بەداخەوە زۆرینەکە وان، بەڵام کاتێک کەسێکی خاوەن پرەنسیپ و بڕوا و بنەما و کەسایەتیی جێگیر و پێگەیشتوو بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ ئەوانەدا، ملکەچی چەوتییەکانیان نابێت کە لە رێگەی ھێزەوە دەیانەوێت بە راستی نیشانی بدەن، ئەو کاتە وەرچەرخانەکە روودەدات و گڵۆڵەیان دەکەوێتە لێژییەوە و تەرە دەبن و شۆک دەبن کە چۆن ئەو کەس یان لایەنە بەرپەرچیان دەداتەوە لە کاتێکدا ئەوان ھێزیان ھەیە یان لە ھێزەوە نزیکن!
بۆیە ھەمیشە ئەوانەی خاوەنی بڕوای راستەقینە و حەقیقەتی ویژدانین سەردەکەون و ئەوانەشی خاوەنی مەنتیقی ھێزن لە کات و ساتێکدا رادەگیرێن و دەوەستێنرێن، تەنانەت ئەو شوێن و کەسانەشی ھێزیان لێوەردەگرت، دەگەنە ئەو بڕوایەی کە ئەم جۆرانە بە ھەڵە ھێزی ئەوانیان بەکارھێناوە بۆ جڵەوکردنی دەوروبەر و کۆنتڕۆڵکردن لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا.
کەواتە ھێز چەند گەورە بێت، گەر راستی رەھا و تێگەیشتنی دروست و پەیامی گونجاوی نەبوو بۆ بەرامبەرەکەی، لە بەرامبەردا ئەوانە سەردەکەون کە خاوەنی راستی و حەقیقەتی چەسپاون و دەتوانن بەرگری لە راستییەکانیان و بڕواکانیان بکەن.
ھێز چەند گەورە بێت، گەر راستی لەگەڵدا نەبێت، بێگومان لە بەرامبەر راستیدا ھەر دەکەوێت.



