هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق هەرێمێکی فیدراڵییە، مامەڵەکردنێکی فەرمیشی هەیە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
دۆسیەی سامانە سرووشتییەکان و بەتایبەت نەوت، یەکێکە لەو بنەما و کۆڵەگە سەرەکییانەی کە ژێرخانی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستانی لەسەر دروستکرا، هەر ئەو سیاسەتەش لەسەردەمی سەرۆک وەزیران نێچیرڤان بارزانی دا هەرێمی کوردستانی خستە سەر نەخشەی وزەی جیهانی. بە هەمان شێوە پەیوەندییە سیاسییەکانیشی فراوانکرد.
بەوپێیەی کە نەوت رەهەندێکی ستراتیژی و نیشتیمانی هەیە، بۆیە لە سەرەتای راگەیاندن و وەگەڕخستنی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان دا، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کۆکبوون لەسەر شێوازی مامەڵەکردن و سەرخستنی ئەو کەرتە گرنگە، تەنانەت یاسای تایبەتی بۆ دەرچووێندرا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە.
لەوکاتەوە تائێستا هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوام دایە لەگەڵ حکومەتی عێراق دا بۆ ئەوەی پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق رێکبخرێت و هەرێمی کوردستان مافی دەستووری خۆی پیادە بکات.
ئابووری هەرێمی کوردستان لە سەردەمی شەڕی داعش دا بەبێ بوونی دۆسییەی نەوتی هەرێمی کوردستان رەنگە تووشی قەیران و گرفتی گەورەتر ببووایە لەوەی کە هەبوو، لە پاڵ شەڕی داعشیش دا حکومەتی ئەوکاتی عێراق بودجە و شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڕی، لە پاڵ ئەوەشدا نزیکەی سێ ملیۆن هاووڵاتی نێوەڕاست و خوارووی عێراق و سووریا روویانکردە هەرێمی کوردستان، کە ئەم هۆکارانە و هۆکاری دیکەیش رەوایی واقعیاندا بە هەرێمی کوردستان کە مامەڵەیەکی سەربەخۆ بە نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بکات. ئەمڕۆش دەبینین بۆ یەکەم جارە دەسەڵاتدارێکی فەرمی عێراق کە بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقە لە دوا هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی جەزیرە، راشکاوانە دان بەو هۆکارانە دادەنێت کە باسمان کرد، لەکاتێکدا ساڵانێکە خودی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم ناوەندە سیاسی و دیپلۆماسییەکاندا بە دەنگی بەرز باسی دەکات، بەڵام هەندێک لەنێو هەرێمی کوردستان و لە عێراقیشدا پاساوی نالۆژیکییان بۆ ئارگۆمێنتەکانی هەرێمی کوردستان دەدۆزییەوە!
ئێستا هەولێر و بەغدا لە رێککەوتن نزیکن و هەروەها لە داڕشتنی یاسای نەوت و غازیش، ئەم داوایەش یەکێکبوو لە داوا سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کابینەکەی بەڕێز سوودانی دا.
ئەوەی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان لە پرسی نەوت دا بریتییە لەوەی کە نرخی نەوت بە نرخی دەوڵەتی عێراق دەفرۆشرێت، بەوپێیەی هاوبەشێکی سەرەکین لە عێراق دا و دەستووری عێراق ئەو دەرفەتەی رەخساندووە، لە هەمانکاتدا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دا دەچەسپێت و ئەگەر پابەندبوونی دوولایەنە هەبێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا ئەو کێشە بۆماوەییە بە تەواوی چارەسەر دەبێت، کە دەبووایە لە دوای پەسەندکردنی دەستوورەوە ئەم پرسە چارەسەربکربووایە، بەڵام نەبوونی نیازی هاوبەشی و هاوسەنگی لە رابردوودا لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە ئەو بابەتەی پەکخست و دواخست.
ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە بەردەم رێککەوتنێکی گرنگ و چارەنووسسازدان بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت، کە لە رێگەیەوە هەرێمی کوردستان دەگاتە مافە دەستوورییەکانی لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ دا، کە ئەمە بۆ خۆی دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان و سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە دۆسییەی نەوت و مامەڵەکانی هەرێمی کوردستان بە پرسی نەوتەوە کارتێکی ستراتیژی و بەهێزبووە لە رابردوودا و ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بە هاوبەشی ئەو دۆسییەیە بەڕێوەدەبەن لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی پێشوەختەدا کە رەنگدانەوەی واقعی دەبێت لە رەشنووسی یاسای نەوتی غازی عێراق دا کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامادە بکرێت.
ئەمڕۆ ئەو رۆڵەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گێڕای لە دروستکردنی پیشەسازی نەوت لە کوردستان دا کە هەموو بوارەکانی پێشخست، لە هەموو کات روونتر دەردەکەوێت. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی توانی بە پێداگیری و بە بڕوا بەخۆبوونەوە ئەو خەونە مێژوویەی کورد بۆ بوونە خاوەنی نەوتی خۆی لە خاکی کوردستاندا بکاتە راستی و سەرەنجی جیهان بەلای هەرێمی کوردستاندا رابکێشێت و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانیش لەو بابەتە ستراتیژی و نیشتیمانییەدا یەکبخات.
بە هەمان شێوە هیچ کوردستانییەکی دڵسۆز نییە ئەو دیمەنە مێژووییەی سەرۆک مەسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلالی لەبەرچاو نەبێت کە لە مەراسیمێکی شایستەی نیشتیمانیدا و بە دەستی هەردوو بەڕێزان دەستکرا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەمە یەکێکە لە مێژوویترین دیمەن و سەرکەوتنەکانی کورد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ