رەنگە بەم ناونیشانەی سەرەوە خەیاڵت بۆ ئەوە بچێ كە شەڕی نێوان دوو برایە بۆ دەربڕینی ئەوپەڕی ئەمەكداری و وەفاداری بۆ دایك و باوكیان، بەڵام ئەو خەیاڵە تەنیا بۆ یەكێكیان راستە، بۆ ئەوەی دیكەیان شتێكی دیكەیە.
لەم ماوەیەی رابردوودا ئافرەتێكی بەساڵاچوو سەردانی كردین، سەرەتا گومانت بۆ ئەوە دەچوو كە رەنگە ئافرەتێكی بێكەس بێ، یان كەسوكارەكەی لێی بێزار بن و ئامادە نەبن دەرگای لێ بكەنەوە، بەڵام دواتر زانیمان كە كوڕەكانی شەڕیانە لەسەر ئەوەی دایكیان ببەن بۆ لای خۆیان.
ئەو ئافرەتە گێڕایەوە: "خاوەنی دوو كوڕم، یەكێكیان تا بڵێی خراپە، ئەوەی دیكەیان تا بڵێی باشە. هێشتا هاوژینەكەم هەر لە ژیاندا مابوو كوڕە گەورەكەم تەشقەڵەی پێدەكرد، هەندێك زەویمان هەبوو بە كرێمان دابوو، ئەو داوای دەكرد بەشی لەو كرێیە بدەینێ، یان زەوییەكەیان بفرۆشین و بەشە میراتی بدەینێ، لە كاتێكدا هیچ پێویستی بەو پارەیە نەبوو. كوڕە بچووكەكەشمان بە پێچەوانەی گەورەكە بیری دەكردەوە، قەت داوای دینارێكی لێنەكردووین. هاوژینەكەم تەواو بێزار بووبوو بە دەست كوڕە گەورەكەمەوە، بۆیە سكاڵای لەسەر تۆمار كرد و پۆلیس دەستگیری كرد، ئیدی وازی هێنا. مێردەكەم دەیزانی كوڕە گەورەكەمان نیازی خراپە، بۆیە بەرلەوەی بمرێ، هەرچی موڵك و ماڵی هەیبوو، لەسەر منی تاپۆ كرد. ئێستا لەوەتەی باوكیان مردووە، كوڕە گەورەكەم واز لە من ناهێنێ، چاوی لەو میراتەیە كە لە باوكی بەجێماوە، دەیەوێ من لەلای ئەو بم، هەر كاتێك من مردم دەست بەسەر میراتەكەدا بگرێ و برا بچووكەكەی لێ بێبەش بكات. كوڕە بچووكەكەم حەز دەكات من لەلای ئەو بم، منیش حەز دەكەم بچمە لای ئەو، چونكە هیچ متمانەم بە كوڕە گەورەكەم نییە، بەڵام كوڕە بچووكەكەم لە ترسی براكەی ناوێرێ بە ئاشكرا داوا بكات بچمە لای ئەو".
داواكاریی ئەو ئافرەتە بەساڵاچووە ئەوە بوو كە ئێمە بانگی كوڕەكانی بكەین و لەوێ ئەو بڵێت كە حەز دەكات بچێتە لای كوڕە بچووكەكەی. بانگی هەردوو كوڕەكەمان كرد، لەوێ ئافرەتەكە گوتی من حەز دەكەم لەلای كوڕە بچووكەكەم بمێنمەوە، هەر كاتێكیش مردم، بەپێی یاسا و شەریعەت میراتی باوكتان لە نێوان خۆتان دابەش بكەن. هەرچەندە كوڕە گەورەكەی زۆری پێ ناخۆش بوو كە گوێی لەو قسانەی دایكی بوو، بەڵام ناچار بوو بە داواكەی دایكی رازی بێ. دایكیشی بەڵێنی پێدا بە جارێك پشتی تێنەكات و جاروبار سەردانی ئەویش بكات.
بەپێی یاسا و شەریعەت، منداڵ دەبێتە میراتگری دایك و باوكی، هەندێك لە دایكان و باوكان بە تایبەتی ئەوانەی بەساڵدا دەچن و سەروەت و سامانیان زۆرە، هەر ئەو كاتەی لە ژیاندا ماون، میرات بەسەر منداڵەكانیاندا دابەش دەكەن، بۆ ئەوەی لە دوای خۆیان منداڵەكانیان نەبێتە كێشەیان لەسەر میرات. بەڵام هەندێكیان حەز ناكەن ئەوە بكەن، چونكە پێیانوایە كە باسی میرات بكرێ، مەرگی ئەوان نزیك بووەتەوە، یاخود پیربوون. بۆیە ئەو باوكانەی كە هەست دەكەن دوای خۆیان میراتەكەیان دەبێتە كێشە بۆ منداڵەكانیان، حەق وایە پێش ئەوەی بمرن ئەو پرسە لەگەڵ منداڵەكانیان یەكلایی بكەنەوە.



.png&w=3840&q=75)