هەرێمی کوردستان بەهۆی پێگە جیۆپۆلۆتیکییەکەی، بەتایبەت لەنێوان دوو هێزی هەرێمی سەرکێش (تورکیا و ئێران لە سیستمێکی هەرێمی شڵەژاو و دزەتێکراو) (Middle powers in a penetrated regional system)، هەروەها بەهۆی بە ئاساییشیکردنی پرسی کورد لەو دوو وڵاتەدا، بەردەوام کوردستان کاریگەر دەبێت بەو رووداوە هەرێمیانەی کە راستەوخۆ پەیوەستن بە بەرژەوەندی ئەم دوو وڵاتەوە، یەکێک لەو پرسانەش پرسی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسە، کە ئێستا تەشەنەی کردووە بۆ شەڕی ئیسرائیل و بەرەی مقاوەمە. هەرچەندە هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندی و نزیکایەتی لەگەل ئەم دوو بەرەیە نییە، بەڵام بەداخەوە لە ئەگەری تەشەنەکردنی شەڕەکەدا، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێو جوگرافیای بەرەی مقاوەمە و یەکێک دەبێت لەو شوێنانەی کە بەر پڕوشکی ئەم شەڕە دەکەوێت.
وەک دیارە عێراق رۆژ بە رۆژ نزیک دەبێتەوە لە بوونە بەشێک لە بەرەی مقاوەمە، هەرچەندە سەرۆکوەزیرانی فیدرالیی عێراق هەوڵیداوە خۆی بەدووربگرێت لە ململانێی گرووپە پرۆکسییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، بەڵام بەهۆی هێزی سیاسی و سەربازی و دامەزراوەیی ئەم هێزانە، کە ئێستا هەژموونیان بەسەر هەرسێ دەزگا سەرەکییەکەی حوکمڕانی دا هەیە (یاسادانان، حکومەت، دادوەری) سوودانی ناتوانێت بڕیارەکانیان رەتبکاتەوە. یەکێک لەو ئامانجانەش کە ئەم گرووپانە هەیانە کردنی عێراقە بە ئەندامێکی نوێی بەرەی مقاوەمە، کە دوور نییە سەرئەنجام جێگەی لوبنان و حیزبواللە بۆ ئێران بگرێتەوە!
پێدەچێت لەدوای تێکشکانی توانا سەربازییەکانی حیزبوڵڵا ئەو دوو لایەنەی ئێران پشتیان پێدەبەستێت وەک بەرەی پێشەوەی شەڕ حوسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق بن. حوسییەکان هەر لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی غەزە خۆیان وەک ئەندامێکی سەرەکی “بەرەی مقاوەمە” ئاشکراکرد، پەیوەندییەکانیاشیان لەگەڵ گرووپە عێراقییەکان و ئێران لە ئاستێکی رێکخراودایە، ئێستا لە چوارچێوەیەکی فەرمیدا ئۆپەراسیۆن لە دژی ئیسرائیل دەکەن. بە جۆرێک دوور نییە سەرئەنجام بەغدا وەک ناوەندی بڕیاری بەرەی مقاوەمە دەربکەوێت، بەتایبەت کە ئێستا هەریەکە لە حوسییەکان و حەماسییش بارەگایان لە شاری بەغدا هەیە، ئەمە هەنگاوێکی تازەو مەترسیدارە بۆ عێراق کە هێشتا تۆزی شەڕی لێنەبووەتەوە.
چەند رۆژێک پێش ئێستا، گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق، بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشە هاوبەشانە راگەیاند کە شارەکانی ئەشدۆد و حەیفای ئیسرائیلیان کردە ئامانج. جگە لەوەش سەرەتای مانگی ئەیلوول حوسییەکان نووسینگەیەکی نوێنەرایەتیان لە بەغدا کردەوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر "بنەمای یەکێتی گۆڕەپانەکان" کە سیاسەتێكی ئێرانە بۆ دژایەتی ئیسرائیل و ئەمریکا. لەو ڕۆژەی کە حوسییەکان هێرشیان کردە سەر تەلئەبیب، قەیس خەزعەلی، سەرۆکی گرووپی عەسائیب ئەهلی حەق، هاوسۆزی خۆی لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە “هاوکێشەکانی شەڕ لە گۆڕاندان". ئێران دەیەوێت بە قسەی خۆیان ئەوەی ناویان ناوە ( یەکێتی گۆڕەپانەکان) لەهەموو بەرەکانەوە گورز لە ئیسرائیل بوەشێنن. هەرچەندە ئەم ستراتیژەی ئێران تائێستا سەرکەوتوو نەبووە لە دژی ئیسرائیل، لە راستی دا ئەوەی ئێران لە رێگەی سیاسەتی یەکێتی گۆڕەپانەکانەوە دەیەوێت ئەوەیە کە عێراق گۆڕەپانی شەڕبێت هاوشێوەی لوبنان، سووریا و یەمەن دژی ئیسرائیل. ئەمەش لە راستی دا نەک هەر بە قسەی من ، بەڵکو بە قسەی زۆربەی شارەزایانی سیاسی و سەربازی ئەنجامێکی کارەساتباری دەبێت بۆ عێراق. وەک دەزانین نە توانای سەربازی و نە توانای ئابووری عێراق لەو توانایەدا نییە بچێتە جەنگ دژی ئیسرائیل و ئەمریکا، بەتایبەت عێراق بەهیچ جۆرێک بەرگەی هێزی ئاسمانی نەک ئیسرائیل بەڵکو زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەیش ناگرێت. دواتر ئابووری عێراق تائێستاش پشت دەبەستێت بە پاڵپشتی ئەمریکا لە دراوی عێراقی لە رێگەی دۆلار و بانکی ناوەندیی ئەمریکا (Federal Reserve System)؛ لە ئەگەری هەر بەرکەوتنێک لەگەل ئیسرائیل، ئابووری عێراق نزیک دەبێتەوە لە داڕووخان، چونکە ئیسرائیل هیرشدەکاتە سەر جومگە سەرەکییەکانی ئابووری عێراق، وەک بەندەرەکان و پاڵاوگەکانی نەوت و تۆڕەکانی کارەبا و بنکەکانی حەشدی شەعبی . ئەمە وادەکات داهاتی رۆژانەی عێراق کە نزیکەی ٩٠% ی لە نەوت و سووتەمەنییەوە دەستدەکەوێت پەکی بکەوێت. بەتایبەت لە ئەگەری کشانەوە یان دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا کە هەمیشە چاوی میلیشکانیان لەسەرە، دۆخی ئابووری و سیاسی عێراق خراپتریش دەبێت.
رووخانی ئابووری عێراق واتە رووخانی ستوونی داهاتی مانگانەی هەرێمی کوردستانیش کە لە بەغداوە دابین دەکرێت، بەتایبەت مووچەی مانگانەی خەڵک کە دەماری سەرەکی سەقامگیری ئابووری ، کۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمی کوردستانە دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە. عێراق کە ئێستا بەو دۆخە بە دوای بەهانەدا دەگەرێت بۆ دواخستنی ناردنی داهاتی هەرێمی کوردستان، لەو دۆخە خراپەی ئاماژەمان پێدا قەت ئامادە نابێت مووچەی فەرمانبەران بنێرێت کە خۆی کێشەی دابینکردنی هەبێت، هەرێمی کوردستانیش بەداخەوە ناتوانێت بە داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوت بەقاچاخ مووچەی خەڵک دابین بکات.
پرسێکی دیکە کە لە ئەگەری تێوەگلانی عێراق لە جەنگی دژی ئیسرائیل تووشی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێرانە لە هەرێمی کوردستان، راستە بە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران جۆرێک لە متمانە دروستبووەتەوە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتەیە نایێت کە ئێران دووبارە لە فراوانبوونی شەڕدا هێرش نەکاتەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک. یەکەم ئێران پێویستی بە بوونی ئیسرائیلێکی دیکەی لاوازە کە هەرکات ویستی لەجیاتی ئیسرائیلی مەترسیدار بیکاتە ئامانج بۆ بەکارربردنی ناوەخۆیی و گەیاندنی پەیام بە لایەنگرانی کە ئێران ئیسرائیل دەکاتە ئامانج، ئەو شوێنەش بە ئەگەری زۆر هەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەتیش شاری هەولێر. خالی دووەم ئەوەیە بەهۆی مەترسی لەسەر هێزی ئاسمانی ئێران لەسەر ئیسرائیل کە ئێستا ئێران ناتوانێت یارمەتی سەربازی بگەیێنێتە لوبنان، ئێران بە ناچاری پێویستی بەهێلی وشکانی دەبێت، ئەم هێلەش لە رێگەی سنووری عێراق و سووریا دەبێت کە بەشێکی زۆری دەکەوێتە هەرێمی کوردستان، بۆیە ئێران بەردەوام دەبێت لە گوشار کردن لە هەرێمی کوردستان کە رێگری نەکەن، ئەمەش وا دەکات لە دوو لاوە مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بێت، لەلایەک لە ترسی هێرشی ئیسرائیل لەلایەکی دیکەش لە ترسی گوشاری ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان ئەگەر هاوکار بین، راستە لە سنووری ئەنباریش رێگە هەیە بۆ سووریا، بەڵام ئەو ناوچەیە چاوی زۆری لەسەرە لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیل. بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری تایمی ئەمریکی، چەند رۆژێک دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا ئێران خەریکی گواستنەوەی هەزاران سەربازە بۆ سنووری نێوان سووریا و لوبنان، ئەم سەربازانە بە زۆری لە عێراقەوە دەنێردرێن. ئەمەش واتە تێوەگلانی ئێران لە شەڕی بەرەی مقاوەمەو بوونی عێراق بە مەیدانی شەڕ.
تێوەگلانی عێراق لە شەڕی ئیسرائیل و بەرەی مقاوەمە لەوانەیە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش قووڵتر بکاتەوە، چونکە هەر یەکە لە یەکێتی و پارتە ئیسلامییەکان پەیوەندی جیاوازیان هەیە لەگەڵ ئێران، بەمانایەکی دیکە حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی یەکگرتووی نییە بەرامبەر تورکیا و ئێران، ئەمەش وادەکات لە ئەگەری هەر پرسێک کە پەیوەست بێت بەو دوو هێزە (تورکیا و ئێران) ناکۆکی بکەوێتە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش.
هەرێمی کوردستان هەرچەندە ئێستا دەلیڤەیەکی دیکەی نییە جگە لەکارکردن لەگەڵ بەغدا، وەک هەرێمێکی فیدراڵ، بەڵام هەرێمی کوردستان هەرگیز نابێت دڵنیابێت لەوەی دەتوانێت تاوەکو سەر پشتببەستێت بە بەغدا. عێراق ئەگەر ناچاریش بێت، بەڵام هەمیشە سەرچاوەی بەڵاو شەڕ دەبێت لە ئایندەدا، نەک بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکو بۆ شیعەکانیش، ئەم بەشە بودجەیەی هەرێمی کوردستان کە لە بەغدا دابین دەکرێت، کە تائێستاش وەک گوشار و کارت بەکاردێت بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، رۆژێک هەردێت بەهۆی هەڵوێستی عێراق لە سیاسەتی ناوچەکەو بوونی بە ئەکتەرێکی نوێی بەرەی مقاوەمە ببڕدرێت، بەتایبەت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە تەنیا ساڵیکیان لە عێراق ماوەو، دوور نییە عێراقیش وەک سەردەمی پێش ٢٠٠٣ دووبارە بکەوێتەوە ژێر سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا. بۆیە هەرێمی کوردستان دەبێت چاوی لەسەر گەشەپێدان و بونیاتنانی ئابووری ناوەخۆی خۆی بێت و سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی دابین بکات ، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگەی بوونی کەوتن و شکستی ئابووری و سیاسی بەغدا بگرێت، کە تاوەکو دێت ئاماژەکانی روونتر دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ