شۆڕشی نوێی تەکنەلۆژیا؛ خێرایی مانای نامێنێت

02-06-2022
باوەڕ کەمال
A+ A-
 
کوانتم کۆمپیوتەر توانایەکی لە رادەبەدەری ژمێریاریی هەیە و کۆمپیوتەرەکانی ئەمڕۆ وەکو بژمێرێکی (حاسیبەیەکی) سادە دەردەکەون لە ئاستیدا. ئەو کۆمپیوتەرە بە پشتبەستن بە بنەماکانی فیزیای کوانتم دروستدەکرێت. 
 
کۆمپیوتەرەکانی ئەمڕۆ چەندین تریلیۆن ترانزستەر لەخۆدەگرن بۆ ئەوەی بتوانن کار بکەن، بەڵام کۆمپیوتەرێکی کوانتم بە هەزار ترانزستەر دەتوانێت کارێک بکات کە کۆمپیوتەرەکانی ئەمڕۆ بەو چەند تریلیۆنە ناتوانن بیکەن.
 
پرسیارەکە ئەوەیە، ئینتەرنێت و نێتوۆرکەکان چۆن دەبن کاتێک ئەو کۆمپیوتەرە بەهێزانە دەکەونە کار؟
 
بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە، پێویستە کۆمەڵێک زانیاریمان هەبێت لەسەر بابەتێک کە نیوتن و ئەنشتاینیش وەڵامیان بۆی نەبوو.
 
شارەزایانی فیزیا بڕوایان وایە کە نیوتن خۆی لە یاسای کێشکردنەکەی خۆی رازی نەبوو، لەبەر ئەم دوو هۆکارە:
 
1. نیوتن بۆی دەرکەوت هەمان ئەو هێزەی سێوێک رادەکێشێ بۆ زەوی، هەمان ئەو هێزەیە مانگ بە دەوری زەوییەوە دەهێڵێتەوە. نیوتن بۆی دەردەکەوێت کە کاتێک مانگ لە شوێنی خۆی دەجوڵێت، زەوی راستەوخۆ دەزانێت کە مانگ لە شوێنی خۆی نەماوە!
نیوتن دەبێت بە پرسیار بۆی کە چۆن زەوی دەزانێت مانگ لە شوێنی خۆی نەماوە؟!
 
2. چۆن زەوی لە دوورەوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر مانگ دروست بکات؟
 
نیوتن وەڵامی ئەم دوو پرسیارە نازانێت و، هیچ روونکردنەوەیەک لەسەریان نادات، چونکە دەزانێت زانستی ئەو رۆژە توانای ئەو وەڵامەی نابێت.
 
ئەم پرسیارە بە کراوەیی دەمێنێتەوە تاوەکو سەردەمی ئەنشتاین و دۆزەرەوەکانی کوانتم وەکو شرۆدینگەر و دیراک و ئەوانی دیکە.
ئەنشتاین بە کۆمەڵێک بیرۆکەی سادە، بەڵام بیرکارییەکی زۆر ئاڵۆز، یاسای نیوتن بۆ کێشکردن دووبارە دادەڕێژێتەوە. 
 
دەیسەلمێنێت کێشکردن بەهۆی قەوسبوونەوەیە لە بۆشایی ئاسمان کاتێک ماددە تێیدا دەبێت و، ئەو قەوسیەش رێگەی جووڵە بۆ ماددە دروستدەکات. 
 
بەمەش ئەنشتاین وەڵامی پرسیاری دووەمی نیوتن دەداتەوە، کە چۆن زەوی لە دوورەوە کاریگەری لەسەر مانگ دروستدەکات، بەڵام پرسیاری یەکەم وەڵامەکەی هێشتا دیارنابێت.
 
زاناکانی کوانتم لە ساڵەکانی 1920 کاتێک تەماشای جوڵەی ئەلیکترۆن دەکەن لە دەوری ناوکی ئەتۆم، رووداوێکی سەیر دەبینن. 
زاناکان دەبینن کە لە دەوری ناوکی ئەتۆم چەندین خولگە دەبینن و، هەر خولگەیەک دوو ئەلیکترۆن لەخۆ دەگرێت و هەر ئەلیکترۆنێکیش بە جۆرێک دەسوورێتەوە کە دژی ئەلیکترۆنەکەی دیکە بێت.
 
ئەوەی سەیرە، هەرکاتێک یەکێک لەو دوو ئەلیکترۆنە سووڕانەکەی بگۆڕێت، ئەوی دیکە دەستبەجێ پێی دەزانێت و ئەویش خۆی دەگۆڕێت. هەمان پرسیار دووبارە دەبێتەوە، چۆن ئەلیکترۆنی دووەم یەکسەر بە گۆڕانکارییەکەی زانیوە.
 
زاناکان هەوڵدەدەن دوو ئەلیکترۆن کە ئاوان لەیەکدی دووربخەنەوە، بە دووری چەندین کیلۆمەتر، بە ئومێدی ئەوەی ئەلیکترۆنەکان ئاگایان لەیەکدی نەبێت، بەڵام دووبارە شۆک دەبن کە دەبینن هێشتا دوو ئەلیکترۆنەکە دەستبەجێ ئاگایان لەیەکدییە.
 
ئەنشتاین لە ساڵی 1935 لەگەڵ دوو قوتابی، پۆڵدۆسکی و رۆزن، پەیپەرێک بڵاودەکەنەوە و باس لە ئەنجامەکانی بابەتی دوو ئەلیکترۆنەکە دەکەن و دەیانەوێت بیسەلمێنن کە ناکرێت راست بێت و دەبێت هەڵەیەک لە پێوانەکردن هەبێت. هۆکارێکی دیکە ئەوەیە ئەنشتاین لە بیردۆزەکەی ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ زانیارییەک ناتوانێت لە خێرایی 300 هەزار کیلۆمەتر لە چرکەیەک خێراتر بگوازرێتەوە، چۆن ئەلیکترۆنێک دەتوانێت دەستبەجێ ئاگای لەوەی دیکە بێت، ئەمە مانای ئەوەیە ئەنشتاین بەشێکی بیردۆزەکەی هەڵە دەبوو.
 
دوای چەندین تاقیکردنەوە دەردەکەوێت هیچ هەڵەیەک نییە و بگرە ئەوە راستییەکە کە دەبێت قبووڵ بکرێت.
 
تاوەکو ئەمڕۆ ئەم وەڵامە نەزانراوە. بەڵام پێدەچێت پێش دۆزینەوەی وەڵامەکەی، مرۆڤەکان بتوانن بەکاریبێنن. ئەم بابەتی دوو ئەلیکترۆنە ناسراوە بە Quantum Entanglement.
 
ئێستا کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا سەرقاڵی ئەوەن سوود لە جووت ئەلیکترۆن ببینن بۆ گواستنەوەی زانیاری، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەبەر ئەوەی زانیاری ناگوازرێتەوە و بەڵکو بەسوودبینین لە ئاگاداربوونی ئەلیکترۆنەکان لە یەکدی لە دوورییەکی زۆرەوە، ئێمە دەتوانین زانیاری بگوازینەوە بەبێ ئەوەی کات تێپەڕبووبێت.
 

کۆمپیتەرێکی کوانتم

سوودەکانی نێتوۆرکێک کە بەو رێگە دروست بووبێت چی دەبێت، بۆ نموونە:
 
1. خێرایی لە هێڵی ئینتەرنێت نامێنێت، چونکە زانیاری دەستبەجێ دەگات. بۆ نموونە سەیری پەیامنێرێک دەکەیت بە راستەخۆ قسە دەکات، ئیدی قسەکانی دواناکەوێت لە پێشکێشکارەکە. مێسی گۆڵێک دەکات، دەزانیت یەکسەر گۆڵی کردووە، چەند چرکەیەک لەمەو پێش نەبووە.
 
2. ئەمانە لەوانەیە زۆر گرنگ نەبن، بەڵام بەکارهێنانێک هەیە ئەگەر رووبدات کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت. ئەویش گواستنەوەی وێنەیە، ئێستا بەرزترین تەکنەلۆژیای ناسا کاتێک تەماشای گەردوون دەکەن وێنەی رابردوو دەبینن، بەڵام ئەگەر ئەم تەکنەلۆژیایە بگاتە بەرهەم، مرۆڤ دەتوانێت تەماشای زۆر دوور لە زەوی بکات و راستەوخۆ بیبینێت، نەک وێنەیەک ببینێت کە وێنەی ملیۆنەها ساڵ لەمەوپێش بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی.

تەڵەى سەرژمێری بە پێى کورد دا دەتەقێت

کورد سەرقاڵکراوە بە هەندێ پرس و بابەتى لابەلا و ناپێویستەوە ئاگاى لەم هاوکێشانە نەماوە، بەڵام لە سەرژمێریدا و دواى پرۆسەکە دەردەکەوێت چى پرۆژەیەکى مەترسیدارى تەشەیوع و تەعریب بەسەر کورد دا سەپێندراوە.