بەزاندنی هێڵە سوورەکان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو کوێ دەبات؟

01-08-2024
عادل باخەوان
A+ A-
 
سەرەتا
 
بۆ یەکەمجار کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاڵای سووری هەڵکرد، ئەو ساتەوەختە بوو کە جەنەراڵ قاسم سولەیمانی لە 3ی کانوونی دووەمی 2020دا و لە بەغدا و لەلایەن ئەمریکاوە تیرۆر کرا. لە خەیاڵدانی سیاسیی ئێرانیدا، هەڵکردنی ئاڵای سوور واتە گەیشتن بە لووتکەی دۆخێکی مەترسیدار، کە دەبێت تەواوی جەستەی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی و ئەمنیی وڵات خۆی بخاتە دۆخی ئامادەباشییەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 31ی تەممووزی 2024 کاژێر 02:00ی سەرلەبەیانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیدا لەلایەن ئیسرائیلەوە تیرۆر دەکرێت. لە هەمان رۆژدا و بە فەرمانی رابەری گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دیسانەوە ئاڵای سوور بەرز دەکرێتەوە. تەنها بۆ بیرهێنانەوە، کاتێک لە مانگی نیسانی ئەم ساڵدا، ئیسرائیل پەلاماری باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق دەدات و چەندین ئەفسەری باڵایان تیرۆر دەکات، ئاڵای سوور هەڵناکرێت!
 
گەر ئێمە ئەمە وەکو ئاماژەیەک (ئانیدکاتۆر) وەربگرین، بە دڵنیاییەوە تێدەگەین لەوەی کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێت بە هەموولایەک رابگەیێنێت، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی دەرەوە، کە دۆخەکە یەکجار ترسناکە و هێڵی سوور بەزێندراوە و کەرامەتی نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی روشێنراوە و بێدەنگبوون بە هیچ شێوەیەک بژاردەیەکی سەر مێزی گفتوگۆی نێوان رابەر و ژەنەراڵەکانی نییە. ئاماژەیەکی دیکەی دراماتیکبوونی دۆخەکە لەوەدایە کە خودی رابەری کۆماری ئیسلامی سەرپەرشتیی وەڵامدانەوەیەک دەکات کە ناوی دەنێت: تۆڵەکردنەوە!
 
هاواری تۆڵەکردنەوەی هەنیەی تیرۆرکراو لە خاکی کۆماری ئیسلامیدا، لە چەندین پایتەختی عەرەبی دەنگدانەوەی هەیە، هەر لە بەغدای حەشدی شەعبییەوە، تا دەگاتە بەیرووتی حیزبوڵڵا، دیمەشقی ئەسەد و سەنعای حوسییەکان، گرووپەکانی بەرەی موقاوەمە بە یەک دەنگ باس لە تۆڵەکردنەوە دەکەن و خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن. پرسیاری سەرەکی لێرەدا لەسەر فۆرم و ئامانج و شوێن و کاتی تۆڵەکردنەوەکەیە.
 
تۆڵەی کەرامەتی شکاو
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، ئیسرائیل بەپێی ستراتیژیەتێکی وردی سەربازی، هەوڵیدا گورزی بەهێز لە پێگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو هاوکێشەکانی هێز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بدات و لەمەشدا تا ئاستێکی یەکجار بەرز سەرکەوتوو بوو. لە یەمەن پەلاماری حوسییەکانی دا و سێ کەسی لێ کوشتن و 80 کەسیشی بریندار کرد، لە لوبنان پەلاماری حیزبوڵڵای دا و سەرکردەی هێزە سەربازییەکان، فوئاد شوكر، کە بەپێی هەرەمی حیزب کەسی دووەمە، تیرۆر کرد. دواتر لەسەر خاکی ئێران و لە تارانی پایتەختدا، گەورەترین کەسایەتیی حەماس، کە میوانی رابەر بوو، تیرۆری کرد. پەیامی ئیسرائیل روونە: ئێوە لە هەرکوێ بن، ئێمە دەستمان پێتان دەگات، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێوە چەند بەهێزبن، ئێمە کونیان تێدەکەین، پەرژینە ئەمنییەکانی ئێوە چەند پۆڵایین بن، ئێمە دەیانبەزێنین و بزانن هەژموونی ئێمە و ئێوە بەراورد ناکرێن.
 
بەڵام لە هەمان کاتدا ئیسرائیل وشیارە بەوەی کە ئێران بێ وەڵام نابێت، چونکە گەر لە بەرامبەر پەلاماردانی باڵیۆزخانەکەیدا لە دیمەشق، سەدان درۆن و مووشەکی بالیستیکی بە ئیسرائیلەوە نابێت، بە دڵنییاییەوە وەڵامدانەوەی ئێران لە بەرامبەر پەلاماردانی تارانی پایتەختدا، لەسەر ئاستی عەقڵانیەت، دەبێت بەهێزتر بێت. راستە لە عورفی دیپلۆماسیدا، باڵیۆزخانە بەشێکە لە سەروەریی هەر وڵاتێک، بەڵام ئەوەش راستە کە لەسەر ئاستی رەمزیەت، هەرگیز خاکی تاران و خاکی باڵیۆزخانەیەک لە وڵاتێکی دیکەدا بۆ ئایەتوڵاکانی ئێران وەکو یەک نین.
 
لە مانگی نیساندا ئێران دەیتوانی بەشێک لە بەرپرسیارێتیی ئاسایشی باڵیۆزخانەکەی بخاتە سەر شانی دەوڵەتی سووریا و بەمەش، لەسەر ئاستی رەمزی، کارایی شکستەکەی کەم بکاتەوە، بەڵام لە تاران و لەنێو ماڵی خۆیدا و میوانێک بە قورسایی ئیسماعیل هەنییە تیرۆر بکرێت، بە دڵنیاییەوە ئێران ناتوانێت هیچ بیانوویەک بۆ شکستی خۆی و شکاندنی راستەوخۆی کەرامەتی بهێنێتەوە. ئەمە وامان لێدەکات پێمانوابێت وەڵامی کۆماری ئیسلامی دەبێت تووندتر بێت لە پەلامارەکانی 13ی نیسان.
 
تۆڵەکردنەوە بەبێ راگەیاندنی جەنگی سەرتاسەری
 
لە تەلئەڤیڤ، وەڵامی ئێران لە بەرامبەر بەزاندنی کۆی ئەم هێڵە سوورانەدا گومان لای کەس دروست ناکات. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئەمڕۆ بڵاوکرانەوە، هەر لە ئێستاوە تەلئەڤیڤ رووبەری ئاسمانی باکووری ئیسرائیلی داخستووە و هیچ جووڵەیەکی تیادا ئەنجام نادرێت و خراوەتە ژێر چاودێریی تووندەوە، بەڵام تاکەی ئەم رووبەرە بە داخراوی دەمێنێتەوە؟ تا کەی تەلئەڤیڤ دەتوانێت لەم دۆخە سایکۆلۆژیە مەترسیدارەدا بمێنێتەوە؟
 
راستییەکەی نەتەنیاهوو ناتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە و تەنانەت جۆ بایدنیش ناتوانێت وەڵامی بداتەوە. تاکە کەسێک کە دەتوانێت رووناکی بخاتە سەر وەڵامی ئەم پرسیارە، رابەری کۆماری ئیسلامییە و بەس. تەنها ئەو دەتوانێت پێمان بڵێت چوارچێوەی تۆڵەکردنەوەکە چۆنە؟ ئایا راستەخۆ لە ئێرانەوە دەبێت یان میلیشیاکانی بەرەی موقاوەمە؟ یان هەردووکیان پێکەوە؟
 
من پێموایە بەهێزترین بژاردە بریتییە لە وەڵامدانەوەی دوو جەمسەری، واتە لە یەک کاتدا ئێران و میلیشیاکانی پێکەوە پەلاماری ئیسرائیل دەدەن. رووداوەکە زۆر گرنگترە لەوەی کە ئێران بە تەنها وەڵام بداتەوە. هەروەها پێموایە ئەمجارە، بە پێچەوانەی 13ی نیسانەوە، تاران ئامادە نییە ئەمریکا لە ساتەوەختی تۆڵەکردنەوەی ئاگادار بکاتەوە. هەر وەکو چۆن ئیسرائیل هێڵی سووری بەزاندووە، ئاواش دەبێت باجی دەرەنجامەکانی بدات.
 
بەڵام ئەمە مانای ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی جەنگی سەرتاسەری لەگەڵ ئیسرائیلدا رادەگەیێنێت؟ ئایا فەلەستین و حەماس هێندە ستراتیژین بۆ ئایەتوڵاکانی ئێران تا جەنگی سەرتاسەری دژ بە تەلئەڤیڤ رابگەیێنن؟ بێگومان نەخێر. ئەوەی بۆ ئێران گرنگە، مردن و کوشتنی فەلەستینییەکان و تەختکردنی غەززە نییە، بەڵکو وەبەرهێنانی رەمزییە بەسەریانەوە و بەهێزکردنی پێگەی خۆیەتی لەنێو سیستمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، وەکو زلهێزێکی قبووڵکراو. کۆماری ئیسلامی تەواو وشیارە بەوەی کە بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندییدا نییە کە بچێتە هیچ جەنگێکەوە، بۆیە نە کوشتنی قاسم سولەیمانی، نە پەلاماردانی باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق، نە تیرۆر کردنی ئیسماعیل هەنییە، وای لێناکەن جەنگ لە دژی ئیسرائیل رابگەیێنێت. ئێرانییەکان دەزانن کە جەنگێکی لەم شێوەیە، واتە دەستێوەردانی ئەمریکا و ئەورووپا، واتە کۆتاییهێنان بە رژێمی کۆماری ئیسلامی، بۆیە هەرگیز بیر لەم بژاردەیە ناکەنەوە.
 
شانسی ئێران!
 
شانسی ئێران، بەلای کەمەوە تاوەکو مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، لەوەدایە کە ئیدارەکەی جۆ بایدن لەسەر هەمان هێڵی بیرکردنەوەیە و نایەوێت نە ئیسرائیل و نە ئێران بە ئاقاری فراوانکردنی جەنگدا بڕۆن. بایدن دەیەوێت جەنگی غەززە لە غەززەدا بمێنێتەوە و گەر لە پەراوێزیشدا هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی دیکە ئەنجامدرا، دەبێت تەنها لە پەراوێزدا وەڵام بدرێنەوە. واتە ئۆپەراسیۆن لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆندا، کوشتنێک لە بەرامبەر کوشتنێکدا، پەلامارێک لە بەرامبەر پەلامارێکدا، تۆڵەکردنەوەیەک لە بەرامبەر تۆڵەکردنەوەیەکدا.
 
هەر ئەمەشە وا لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکات کە، لە پەراوێزی تیرۆرکردنی هەنییەدا بڵێت: تائێستاش بێئومێد نەبووە لەوەی کە چەندین رێگەی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری گرفتەکان ماون و تائێستاش ئێمە باوەڕمان وایە کە جەنگەکە فراوان نابێت و بە سنوورداری دەمێنێتەوە. بەڵام ئایا تەقینەوەی جەنگ پرۆسێسە یان بڕیار؟
 
بەشێکی زۆر لەو زانایانەی کە توێژینەوەیان لەسەر جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم و تەنانەت جەنگی عێراق و ئێران و دواتر جەنگی کوێت کردووە، بە وردی باس لەوە دەکەن کە چۆن و بە چ پرۆسێسێکدا ئەم جەنگانە دروست بوون: هەنگاو بە هەنگاو، قۆناخ بە قۆناخ، رووداو لەدوای رووداو! واتە جەنگ بڕیارێک نییە لە ساتەوەختێکدا و لە ژوورێکی داخراودا بدرێت، بەڵکو زنجیرەیەک لە فاکتە کە دواتر جەنگ بەسەر ئەکتەرەکاندا فەرز دەکەن. ئایا ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا روودەدات هەمان ئەم پرۆسێسە نییە؟
 
کۆتایی
 
لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تائێستا و رۆژ لەدوای رۆژ، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو داهاتوویەکی یەکجار مەترسیدار هەنگاو دەنێت و رۆژ لەدوای رۆژ هێڵە سوورەکان زیاتر و زۆرتر دەبەزێندرێن. لەنێو ئەم دۆزەخە تاودراوەدا، هەرێمی کوردستان دەبێت وشیار بێت بەوەی کە بەشێکە لە هەموو رووداوەکان و راستەوخۆ دەکەوێتە ژێر دەرەنجامە تراژیدیاکانی هەموو ئەوەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا روودەدات. ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئابوورییەکەی، پێگە جیۆپۆلەتیکییەکەی، بوونە دەستوورییەکەی، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی، هەر هەموویان گرەوی نێو ئیدارەکردنی پەیوەندییەکانی هێزن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. لێرەوە، بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، هەولێر ناتوانێت تەنها تەماشاکار بێت، بەڵکو دەبێت ئەکتەرێکی زیندووی ئەم شانۆیە بێت و بەشدار بێت لە ئاراستەکردنی رۆڵەکاندا، با لە نزمترین ئاستیشدا بێت، گەرنا دواتر دەبێت وەکو قوربانییەکی بێکەس تەنها هاوارێک بکات کە کەس، هیچ کەس نایبیستێت!
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود نەجمەدین

دیسان بەیرووت دەکوڵێ

کارم بەسەر دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و عەرەبیشەوە نییە، ئەمما شەڕی عەرەب و ئیسرائیل کە دەوڵەتانی زلھێز سپۆنسەریی دەکەن، ماڵوێرانییەکەی بۆ خەڵکی سڤیلە. ئەوەی تێدادەچێ خەڵکە رەشوڕووتەکەیە. چ لە غەززە و چ لە تەلئەڤیڤ.