فەرەنسا: بەرەو کۆشکی ماتینیۆ!

01-07-2024
عادل باخەوان
A+ A-
 
سەرەتا
 
لە کۆتاییدا گردبوونەوەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی جۆردان باردێلای تەمەن 28 ساڵان کە لە تەمەنی 17 ساڵییەوە لە قوتابخانەی مارین لوپێندا پەروەردە دەکرێت، توانی دەنگی 10 ملیۆن و نیو فەرەنسی بەدەستبهێنێت. لێرە بەدواوە ئیدی هەموو شتێک لە کێڵگەی سیاسی فەرەنسیدا ئاڵۆز دەبێت، چونکە بە درێژایی مێژووی جمهوریەتی پێنجەم کە لە ساڵی 1958ـەوە دامەزراوە، ئەمە یەکەم جارە راستی رادیکاڵ، بە رێژەی 33,1% پلەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەدەستبهێنێت و سەرۆکی حیزبەکەش، گردبوونەوەی نیشتمانی، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی حکومەت ئامادە بکات و گریمانەی گەیشتن بە کۆشکی ماتینیۆ، کە کۆشکی سەرۆکایەتیی وەزیرانە، چی دیکە بە موستەحیل نەزانێت.
 
دوو ساڵ لەمەوپێش لە 2022 دا، کە هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا، گردبوونەوەی نیشتمانی لە خولی یەکەمدا تەنیا 18,7%ـی بەدەستهێنا، بەڵام تەنیا دوو ساڵ دواتر و لە خولی یەکەمدا، ئەم رێژەیە دەگەیێنێتە 33,1%، بە هەموو پێوەرەکانیش ئەمە ئەو فاکتەیە کە لە سۆسیۆلۆژیای هەڵبژاردندا ناوی دەنێین: شەپۆلی بەهێز. شەپۆلی بەهێز کە دێت، هەرچی لە رێگەیدابێت رایدەماڵێت. کێڵگەی سیاسیی ئێستای فەرەنسا لە بەردەم ئەم شەپۆلەدایە، چونکە لە 2022 دا گردبوونەوەی نیشتمانی تەنیا 88 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا دەیەوێت 289 کورسی بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی جۆردان باردێلا بگەیێنێتە کۆشکی ماتینیۆ.
 
رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کە 7ـی مانگ دەکات، خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانە، رۆژی تاقیکردنەوە گەورەکەیە، ئەو ساتەوەختەیە کە ئیدی زۆر شت یەکلایی دەبنەوە، چونکە بەپێی هەموو ژمارەکان و ئاماژەکان، گردبوونەوەی نیشتمانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە:
 
چ زۆرینەیەک؟ زۆرینەیەکی رەها کە دەکاتە 289 کورسی یان زۆرینەیەکی رێژەیی کە لە خوار ئەم ژمارەیەوە بێت؟ ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، چونکە جۆردان باردێلا بە فەرمی رایگەیاندووە کە بێ زۆرینەی رەها ئامادە نییە رێگەی کۆشکی ماتینیۆ بگرێتەبەر و ببێتە سەرۆکوەزیرانێکی دەستەمۆکراو لەلایەن ئەوانی دیکەوە. هەر ئەمەشە کە لە دوێنێ ئێوارەوە داوا لە فەرەنسییەکان دەکات متمانەی پێبکەن و زۆرینەی رەهای پێببەخشن و دەڵێت: ئەمە تەنیا بژارەیەکە بۆ ئەوەی حیکایەتی ماکرۆنیزم کۆتایی پێبهێنین. بەڵام ئایا ئەمە ئاسانە؟
 
بێگومان نەخێر. گرفتەکانی بەردەم گردبوونەوەی نیشتمانی ئێجگار زۆرن. یەکێک لەوانە رێژەی بەشدارییەکی زۆری دەنگدەران کە بە قازانجی بەرەی گەلی چەپ کۆتاییپێدێت. 66,7% فەرەنسییەکان لە خولی یەکەمدا دەنگیانداوە و لە خولی دووەمیشدا گریمانەی ئەوە هەیە کە زیاد بکات. خولی دووەم بۆ گردبوونەوەی نیشتمانی ئاسان نابێت، چونکە لە 305 بازنەی هەڵبژاردندا، سێ بەربژێر رێژەی 12,5% بەدەستهێناوە و بەشداریی خولی دووەم دەکەن. ئەوەی یارییەکە لە گردبوونەوەی نیشتمانی ئاڵۆز دەکات، رێککەوتنی ماکرۆنیستەکان و چەپەکانن لەسەر ئەم پرەنسیپەی خوارەوە:
 
لە هەر بازنەیەکدا، چەپێک یان ماکرۆنیستێک بە پلەی یەکەم یان دووەم هاتبێت لە بەرامبەر بەربژێرێکی گردبوونەوەی نیشتمانیدا، ئەوە بەربژێری پلە سێ، ماکرۆنیست بێت یان چەپ، دەبێت بکشێتەوە و کۆی دەنگەکانی بۆ ئەو بەربژێرە بچێت کە رکابەری یەکەم یان دووەمی بەربژێرەکەی گردبوونەوەی نیشتمانییە. واتە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، لە 305 بازنەدا، بەربژێرەکانی گردبوونەوەی نیشتمانی، رووبەڕووی هاوپەیمانییەکی نوێی نێوان چەپەکان و ماکرۆنیستەکان دەبنەوە و ئەمەش دەکرێت گرفتی زۆر گەورەیان بۆ دروستبکات و هەر ئەمەش وادەکات کە زۆر ئەستەم بێت دەزگاکانی راپرسی، بە دروستی بتوانن نەخشەی دەنگەکانی رۆژی یەکشەممەی داهاتوومان پێبڵێن.
 
بەڵام رێککەوتنی ماکرۆنیستەکان و چەپەکانیش هێندە ئاسان نییە، چونکە بەشێکی گرنگی ماکرۆنیستەکان، دەنگ بە هەموو چەپێک نادەن و جیاوازی دەخەنە نێوان چەپێکی ئاسایی و چەپێکی رادیکاڵەوە! بە دیوێکی دیکەشدا لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا، جەنگێکی میدیایی زۆر سەخت لەنێوان چەپەکان و ماکرۆنیستەکاندا لە ئارادابووە و ئەوەی توانیویانە و لەدەستیان هاتووە بە یەکدییان کردووە، ئێستاش کە دەبێت لە بەرامبەر راستی رادیکاڵدا یەکبگرن، ئەو برینانە هەر خوێنیان لێ دەچۆڕێ و بەئاسانی بیرناچنەوە. بۆ نموونە، بەربژێرێکی چەپ بە زمانێکی زۆر تووند، سەرۆک ماکرۆنی وەک شێت پێناسە کردووە، بەڵام ئێستا هەمان بەربژێر پێویستی بە دەنگی ماکرۆنیستەکانە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر بەربژێری گردبوونەوەی نیشتمانیدا بیباتەوە!
 
وەرزێکی نوێی چەپ لە فەرەنسادا 
 
یەکێک لەو فاکتانەی کە تایبەتمەندانی دۆخی فەرەنسای تووشی سەرسوڕمان کرد بریتیبوو لە کۆبوونەوەی خێرای هەر چوار بزووتنەوەکەی چەپ لە دەوری مێزێک و پاشان دروستکردنی بلۆکێک لە 24 کاژێردا بەناوی بەرەی گەل. ئەم فاکتە بۆ هەموو لایەک، بە سەرۆک ماکرۆنیشەوە، جێگەی شۆک بوو. چۆن ئەم چوار بزووتنەوە لێکدژ و رکابەرە، توانییان بەو خێراییە بلۆکێکی لەم جۆرە دروستبکەن و پاشان بە پلەی دووەم خۆیان فەرز بکەن و رێژەی 28%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنن، لەکاتێکدا دوو ساڵ پێش ئێستا تەنیا 25,7% بەدەستهێنابوو. لەوەش زیاتر، سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیالیست، لە خولی یەکەمدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پێویستی بەوە نییە بچێتە خولی دووەمەوە، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا ئەم بلۆکە، پاش هەڵبژاردنەکانی رۆژی یەکشەممە بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە یان چەند بەشێک لە چەپ جیادەبنەوە و هاوپەیمانییەکی نوێ لەگەڵ حیزبەکەی سەرۆک ماکرۆندا بۆ پێکهێنانی حکومەت دروست دەکەن؟ بەڵام ئەگەر گردبوونەوەی نیشتمانی حکومەت دروستبکات، ئایا بلۆکی چەپ، وەک هێزێکی یەکگرتووی بەرەنگاری، بە یەک میتۆد و میکانیزمەوە دەمێنێتەوە یان دیسان دابەش دەبن بەسەر چەپی عاقڵ و چەپی دەوڵەت و چەپی رادیکاڵدا؟ ئایا دیسانەوە هەڵوێست لە بەرامبەر حەماس و ئیسرائیلدا نایانکاتە چەندین بەشەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارانەن کە ئێستا کەس ناتوانێت وەڵامیان بداتەوە. 
 
کۆتایی
 
سێ بلۆک و سێ پرۆگرام و سێ جیهانبینی جیاواز: بلۆکی راستی رادیکاڵی مارین لوپێن (33,1 %)، بلۆکی چەپی بێ سەرکردە (28%) و لەنێوان ئەو دووانەشدا بلۆکی ماکرۆنیستەکانی سەرۆک ماکرۆن (20 %). ئەمە نەخشەی سیاسیی ئێستا و ئێرەی فەرەنسایە. ئەو هێزەی چەندین ساڵە جمهووریەتی پێنجەمی دەبرد، واتە راستی نۆرماڵ کە پێیشیان دەگوترێت جمهوورییەکان، هەرەسیان هێناوە و کەوتوونەتە ژێر بیلدۆزەرەکەی راستی رادیکاڵەوە. 
 
بەپێی گریمانەی من، زۆر ئەستەمە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، یەکێک لەم سێ بلۆکە، زۆرینەی رەها، واتە 289 کورسی بەدەستبهێنێت و حکومەت دروستبکات و سەرۆکوەزیرانێک بنێرێت بۆ کۆشکی ماتینیۆ. هەروەها زۆر ئەستەمە پاش هەڵبژاردنەکان، دوو بلۆک، چەپ و ماکرۆنیستەکان پێکەوە حکومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی دروستبکەن، چونکە لەسەر هەموو شتەکان ناکۆکن و تاکە شتێک کە کۆیان دەکاتەوە تەنیا رەتکردنەوەی گردبوونەوەی نیشتمانییە. 
 
لە دۆخێکی واشدا کە سەرۆک ماکرۆن مافی ئەوەی نییە تا ساڵی داهاتوو داوای هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت بکات، تاکە بژارە دەبێت بە دروستکردنی حکومەتێکی تەکنۆکرات بۆ ئیدارەکردنی فەرەنسا. واتە ساڵێک لە چاوەڕوانیدا، ساڵێک بۆ دروستکردنەوەی بلۆکەکان و بنکە جەماوەرییەکان و بیناکردنی قەناعەت و پرۆگرام و هاوپەیمانی نوێ. رەنگە ئەمە بۆ رێکخستنەوەی هێزە سیاسییەکانی فەرەنسا باش بێت، بەڵام هیچ بۆ پرسی سەقامگیری فەرەنسا و یەکێتیی ئەورووپا باش نییە، بەتایبەتی لە ساتەوەختێکدا کە جەنگێکی گەورە لەسەر خاکی ئەورووپادا، لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا بەڕێوەیە، لە ئەمریکا گریمانەی گەڕانەوەی ترەمپێکی دژە ئەورووپا زۆر بەهێزە، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا مەترسی تەقینەوەیەکی فراوان لە ئارادایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.