دۆڕان و دیموکراسیەتی سەرۆک

01-04-2024
عادل باخەوان
A+ A-
 
دوێنێ، 31ی مارس، دوا هەڵبژاردن لە مێژووی سەرۆککۆماری تورکیادا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامدرا. گەر پەشیمان نەبێتەوە، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی دوێنێ، بە گفتی خۆی، ئیتر دوا هەڵبژاردنی مێژووی سیاسی ئەوە و دوای زیاتر لە 20 ساڵ لە دەسەڵاتدا، سەرۆککۆمار بە شکستێکی مێژوویی خۆی و حیزبەکەیەوە، پاش چوار ساڵی دیکە، دەسەڵات بەجێدەهێڵێت و ماڵئاوایی لە کێڵگەی سیاسی دەکات.
 
لەسەر ئاستی نیشتمانی حیزبەکەی بە 35,49% لە پلەی دووەمدایە و پارتی گەلی کۆماری، کە ئەندامە لە رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال و سەدەیەک لەمەوپێش لەلایەن کەمال ئەتاتورکەوە دامەزراوە، 37,74% بەدەستدەهێنێت و پلەی یەکەم دەبات.
 
حیزبەکەی سەرۆککۆکار، لە کۆی شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، بۆرسا، ئەنتالیا رووبەڕووی شکستی گەورە دەبێتەوە. لە ئیستەنبووڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو گورزی جەرگبڕ لە بەربژێرەکەی ئەردۆغان، موراد کوڕوم دەدات و بە یەک ملیۆن دەنگ پێشی دەکەوێت، بەجۆرێک کە چیدی کەس نەتوانێت گومان لەسەر دۆڕانی سەرۆک و بەربژێرەکەی دروستبکات. ئەم هاوکێشەیە لە ئەنقەرەش وەک خۆیەتی، بگرە خراپترە بۆ بەربژێرەکەی سەرۆککۆمار، چونکە مەنسور یاڤاش، 60%ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، واتە دوو ئەوەندەی بەربژێرەکەی داد و گەشەپێدان.
 
کۆمەڵگەیەکی ماندوو بەدەست بەڵێنە هەمیشە دواخراوەکانی سەرۆکێکی شەکەتەوە، چیتر نایەوێت بەدوای سەرابێکی بێدەرەنجامدا رابکات، بەتایبەتی لە بواری ئابوورییەکدا کە رۆژ لەدوای رۆژ خراپ و خراپتر دەبێت. چینی ناوەندی خوارەوە، چینی ناوەندی ناوەند و چینی ناوەندی سەرەوە، ئاسۆیەکی نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ گرفتەکانیاندا دەوێت و هەر ئەمەش وایکرد کە دەنگەکانی 20 ساڵی رابردووی لە داد و گەشەپێدان بسەنێتەوە و بیبەخشێت بە رکابەرەکەی. گرنگی ئەم دۆڕانە بۆ ئەردۆغان لەوەدایە کە 78%ی دەنگدەران بەشدارییان کردووە، واتە چیتر ناتوانێت لە بواری بەشداریکردنیشدا، گومان لەسەر کۆی پرۆسەکە دروستبکات.
 
هەر ئەمەش بوو وایکرد کە بۆ یەکەمجار و لەبەردەم جەماوەرە مات و مەلوولەکەی داد و گەشەپێداندا، سەرۆکە بریندارەکەی کۆشک، دان بەشکستی خۆی و پارتەکەیدا بنێ و بڵێت: بڕیاری گەلمان قبووڵە و گرفتی بۆ دروستناکەین و ئەوەی گرنگە بردنەوەی دیموکراسیە! لێرەوە، سەرۆککۆمار دەیەوێت کارایی دۆڕانە مێژووییەکە لەسەر دەروونی جەماوەرە خەمگینەکەی کەمبکاتەوە و بڵێت: راستە ئێمە دۆڕاندوومانە، بەڵام ئەوەش راستە لە سایەی حوکمی ئێمەدا دیموکراسی بەرقەرارە و بردوویەتیەوە و ئەمەش لە هەمووشت گرنگترە! بەڵام خودی سەرۆککۆمار دەزانێت کە جەماوەرەکەی داد و گەشەپێدان و هەموو دنیاش دەزانن کە لێرە بەدواوە، تورکیا لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی خۆی دەکاتەوە.
 
لەنێو ئەم لاپەڕە نوێیەدا، بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2028 زۆرن، هەر لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ تا دەگاتە مەسنور یاڤاش، سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە، چەندین کەس سەرەیان گرتووە بۆ پەڕینەوە بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی و ئەمەش بەدڵنیاییەوە یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆن و ئەگەر بێت و لە داهاتوودا تاکە بەربژێرێک کە بتوانێت کۆدەنگی لەسەر بکرێت، نەخاتە سەر شانۆی سیاسی، بەدڵنیاییەوە گرفتی گەورەی بۆ دروستدەبێت. 
 
بەدیوێکی دیکەشدا، من هاوڕا نیم لەگەڵ ئەوانەدا کە باس لە شکستی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەکەن. بەپێچەوانەوە، لە کوردستانی تورکیادا، سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و سەرەڕای هەموو ئەو گورزانەی لێی دراوە و ئەو هەموو گرفتانەی بۆی دروستکراوە، دەم پارتی توانیویەتی 64%ی دەنگەکانی دیاربەکر (ئامەد) ببات و زۆربەی هەرە زۆری شارەوانییەکانی کوردستان بباتەوە، بەجۆرێک کە هیچ حیزبێک نەتوانێت کێبڕکێی لەگەڵدا بکات.
 
راستە دەسەڵات دەتوانێت لە رێگەی چەندین میکانیزمەوە گرفت بۆ ئەم شارەوانیانە دروستبکات و تەنانەت دەتوانێت رێگەش نەدات کە براوەکان دەستبەکاربن، بەڵام ئەوەش راستە کە جەماوەری دەم پارتی وەک هێزێکی دەنگدانی هەمیشە سازدراو لێرەیە و دەبێت حسابی بۆبکرێت.
 
ئەم مانگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان دوو سەردانی گرنگی هەیە، یەکەمیان بۆ واشنتن و دووەمیشیان بۆ بەغدا و هەولێر. سەرۆککۆمار خەونی بەوەوە دەبینی کە بە سەرکەوتنێکی گەورەوە، سەردانی ئەم پایتەختانەی بکردایە و بە کیبریائی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانەوە مامەڵەی لەگەڵ جۆ بایدن و محەممەد شیاع سودانی و نێچیرڤان بارزانیدا بکردایە، بەڵام تازە مێژوو خۆی دووبارە ناکاتەوە و ئەوانەش کە لە ئەلف و بێی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان تێدەگەن، دەزانن کە سەرۆکێکی دۆڕاو لە هەڵبژاردنەکاندا، هەمان قورسایی و سەنگ و میسداقیەتی سەرۆکێکی براوەی هەڵبژاردنەکانی نییە، با ئەو هەڵبژاردنانەش لە ئاستی شارەوانیەکاندا بن.
 
لێرەوە بە دووری نازانم، بۆ شاردنەوەی ئەم شکستانە، لە واشنتن و بەغدا و هەولێریش، سەرۆککۆماری تورکیا، دیسانەوە باس لە حیکایەتی بردنەوەی دیموکراسی لە تورکیادا بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.