رووداو دیجیتاڵ
بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی هاوپەیمانییەکان لە چوارچێوەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن، سەرۆکی جەهەپە سەردانی سەرۆکی ئیی پارتی دەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-11-2023، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە سەردانی مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی بکات و تاوتوێی پرسی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن، کە بڕیارە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەبچێت.
پێشتر لەبارەی ئەو دیدارە مەرال ئاکشەنەر بە میدیای تورکیای گوت، سەرۆکی جەهەپە داوای دیداری کردووە و ئەویش قبووڵی کردووە.
سەردانەکەی ئۆزگور ئۆزەل، یەکەمین سەردانی فەرمیی دەبێت دوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی جەهەپە و باس لە چارەنووس و هەڵوێستی ئیی پارتی لەبارەی هاوپەیمانیی میللەت دەکرێت، کە لە هەڵبژاردنەکەی رابردوودا توانیبوویان گەورەشارەوانییەکانی ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ و چەند شارێکی دیکە لە دەست ئاکپارتی دەربهێنن.
هەرچەندە، مەرال ئاکشەنەر بڕیاریداوە بەتەنیا بەشداری هەڵبژاردنەکانی شارەوانی بکەن و لە تەواوی 81 پارێزگاکەدا بەربژێریان هەبێت، بەڵام گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە پرسێکی زۆر گرنگە بۆ تورکیا و جەهەپە دەیەوێت هەرچۆنێک بێت، دووبارە ئەو شارەوانیانە ببەنەوە.
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئاکپارتی 44.33% و جەهەپە 30.12%ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. لەو هەڵبژاردنەدا هەدەپە بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانیی میللەت (جەهەپە و ئیی پارتی) کرد کە بەو پشتیوانییە هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئەدەنە، مێرسین، ئەنتاڵیا، کڕشەهیر، ئارتڤین، ئەردەخان، بۆڵو و چەند شوێنێکی دیکەی گرنگی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ