رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی دەنیزلی و مێرسینـی تورکیا لە سێ رووداوی هاتووچۆدا 7 کەس گیانیان لەدەستدا و 13ـی دیکەش بریندار بوون، چوار لە بریندارەکان منداڵن.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025، پاسێک کە ژمارەیەک کرێکاری لە شارۆچکەی پاموککالەوە دەگواستەوە بۆ ناوەندی شاری دەنیزلی وەرگەڕا. لە رووداوەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 6ـی دیکەش بریندار بوون.
پاسەکە ژمارەیەک لە کرێکارانی کارگەیەکی شووشەی هەڵگرتبوو و لە گەڕەکی ئیرلیگانلی خۆی کێشا بە زبڵدانێک و ستوونێکی کارەبا، بەو هۆیەوە وەرگەڕا. دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی تەندروستی و بەرگری شارستانی و جەندرمە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
لە پارێزگای مێرسینیش لە دوو رووداوی هاتووچۆدا سێ کەس گیانیان لەدەستداو و 7ـی دیکەش برینداربوون، چوار لە بریندارەکان منداڵن.
رووداوی یەکەم بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شارۆچکەی تۆرۆسڵار روویدا. لە ئەنجامی پێکدادانی بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسکیلێکدا، ماتۆڕسوارەکە گیانی لەدەستدا و شۆفێری دوو ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش بریندار بوون.
شەوی رابردووش لە شارۆچکەی تارسووس ئۆتۆمبێلێک خۆی بە دیوارێکدا کێشا. لە رووداوەکەدا کەسێكی تەمەن 75 ساڵ گیانی لەدەستدا. چوار منداڵ و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە پیاوێكی تەمەن 70 ساڵە بریندار بوون.
بریندارەکان گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەگوێرەی زانیارییەکان تەندروستیی یەکێک لە منداڵە بریندارەکان ناجێگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ