رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاماری تورکیا رایگەیاند، لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا ئابووریی وڵاتەکە 2.1٪ گەشەی کردووە. لە کاتێکدا گەشەکە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ 2.4٪ بووە.
لەدوای سەردەمی کۆرۆنا لە 2020ـەوە یەکەمجارە گەشەی ئابووری لە تورکیا دادەبەزێت. هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە بەرزیی رێژەی سوود و هەڵاوسانە؛ رێژەی سوود 50٪ـیە و هەڵاوسانیش 48.5٪.
کەمبوونەوەی گەشەی ئابووریی بووەتە هۆی زیادبوونی پێشبینییەکان بەوەی لە مانگی داهاتوودا تورکیا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەکات.
کەمبوونەوەی چالاکییەکانی خزمەتگوزاری و خواست لەسەری، هۆکاری سەرەکین بۆ کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری.
نیکۆڵاس فار، ئابووریناس لە دامەزراوەی کاپیتاڵ ئیکۆنۆمیکس دەڵێت، کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری نیشانەی ئەوەیە کە هەوڵی سیاسەتداڕێژەران لە کەمکردنەوەی خواست و دابەزاندنی هەڵاوسان، خەریکە کاریگەرییەکەی بەدیار دەکەوێت.
بانکی ناوەندیی تورکیاش دەڵێت ئەم سیاسەتە ئابوورییە تووندە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی هاوسەنگی بۆ خواستی بەکاربەرانی تورکیا بگەڕێتەوە.
حکومەتی تورکیا پێشبینی دەکات ئەم ساڵ گەشەی ئابووریی تورکیا 5٪ بێت و ساڵی داهاتووش 4٪ بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ